لە نووسینی دەقێکدا، سەرەڕای ڕەچاوکردنی کۆمەڵێ یاسا و ڕێسای نووسین، نووسەر دەبێ ڕەچاوی یاساکانی خاڵبەندییش بکات. دەقێک کە خاڵبەندی تێیدا ڕەچاو نەکرابێ، دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن لە خوێنەر و، لە ئەنجامیشدا، بەهەڵەتێگەیشتن لە نووسراوەکە.
- خاڵ، کە بەم شێوەیەیە: .
- جووتخاڵ، کە بەم شێوەیەیە: :
- بۆر، کە بەم شێوەیەیە: ،
- خاڵبۆر، کە بەم شێوەیەیە: ؛
- نیشانەی پرس، کە بەم شێوەیەیە: ؟
- نیشانەی سەرسوڕمان، کە بەم شێوەیەیە: !
- جووت کەوانەی بچووک، کە بەم شێوەیەیە: « »
- جووت کەوانەی گەورە، کە بەم شێوەیەیە: ( )
- هێڵ یان تەقەڵ، کە بەم شێوەیەیە: ـ
- سێ خاڵ، کە بەم شێوەیەیە: ...
- بۆشایی
- هێڵی لار /، \ و پیتی ر
خاڵ ( . )
خاڵ لەم شوێنانە دادەنرێت:
- لە کۆتاییی هەموو ڕستەیەکدا، جگە لە پرس و سەرسوڕمان، وەک:
- نەورۆز یەکەم مانگی کوردییە.
- دوێنێ نامەکەم نووسی.
- لە دوای یەکەم، یا یەکەم و دووەم پیتی ناوێک کە پێش ناوهێنانی پاشناوەکەی بکەوێت، وەک:
- ع. شەرەفکەندی.
- م. م. بەدرخان.
- بۆ کورتکردنەوەی هەندێ پیشە و نازناو و ڕێکەوت، دوای یەکەم پیت دادەنرێ، وەک:
- پێغەمبەر (د. خ.)؛ پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێ
- پ. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ؛ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ
- د. سۆران؛ دوکتۆر سۆران
- مادەکان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. (پێش زایین) سەریان هەڵدا.
- دوای سەردێڕ خاڵ دانانرێ، مەگەر لە چەند ڕستە پێک هاتبێت.
سەرنج: خاڵ، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.
جووت خاڵ ( : )
جووت خاڵ لەم شوێنانەدا بەکاردێت :
- لە پێش ئاخاوتنێکەوە کە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە، یان بگوترێت، وەک:
- ئاسۆ وتی: «من خەڵکی کوردستانم.»
- لە دوای وشەیەک یان باسێک، کە پێویستی بە تەفسیر و ڕاڤە و لێکدانەوە بێت، وەک:
- میرنشینە کوردییەکان بریتی بوون لە: ئەردەڵان، سۆران، بادینان، بابان، هەکاری و بۆتان.
- پێش هێنانەوەی نموونە، لە بری: «بۆ وێنە، وەکوو، بۆ نموونە...»؛ لەم دۆخەدا دەتوانرێت تەقەڵێکیش دوای جووتخاڵەکە دابنرێت، وەکوو:
- ئاسمانی ئەدەبی کوردی پڕە لە ئەستێرەی درەوشاوە:-نالی، مەحوی، گۆران، هێمن و هتد.
- زۆر جار لە نێوان کاتەکانی کاتژمێرێکدا هێمای جووتخاڵ بەکار دەچێ، وەکوو:
- ١:٢٨:٥٦ (کاتژمێر ١ و ٢٨ خولەک و ٥٦ چرکە)
سەرنج: جووتخاڵ، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.
بۆر ( ، )
بۆر نیشانەی پشوویەکی کورتە، لەو شوێنە دادەنرێ کە وا لە ڕستەکه بکات ئاسان بخوێنرێتەوە، ڕوون بێت و بەباشی تێ بگەیەنرێ. بۆر، چارەسەرێکی باشە بۆ ڕستەی دوورودرێژی پشووبڕ.
- لە دوای ناوی بانگکراوەوە، وەک:
- کچینە، هەوڵ بدەن، بە هەوڵدان دەگەنە ئامانج.
- لە نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وەک:
- مەستوورەی کوردستانی، هۆنەر و مێژوونووس، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەژیا.
- لەو شوێنانەی کە ژماردن و دووپاتبوونەوەی تێدایە، وەک:
- خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج هەموو ئەو شتانەیە کە پێویستن.
- زانیارییەکی باش، باشی هەبوو.
- بۆ جیاکردنەوەی وشەی سەرسوڕمان و وشەی بانگلێکراو لە ڕستەدا، وەک:
- ئۆف، چ هەوایەک!
- پێنووسەکەم بدەرێ، ئاسۆ.
- بۆ دابڕینی زنجیرە وشەیەک لە یەکتر، کە دوو دوو و پێکەوە بەکار هێنرابن، وەک:
- پێشمەرگە بە برسییەتی و تینوویەتی، بە هیلاکی و ماندوویەتی، کۆڵی لێ نادات.
- لە دوای گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بۆ نموونە ئەگەر قسەکەر، قسەیەکی کۆنی خۆی بگێڕێتەوە، وەک:
- خۆم وتم، "چێکردنی ماڵپەڕ زۆر ئەستەم نییە."
- لە پێش ئامرازی لێکدەری (وە، یا، یان)ەوە، بە مەرجێک نەکەوتبێتە سەرەتای ڕستەوە، وەک:
- نە تۆ هاتبووی بۆ کۆبوونەوەکە، وە نە ئاراسی هاوڕێت.
- یا نامەکە بنووسە، یان پەڕتووکەکە بخوێنەرەوە.
- لە دوای وشەی (بەڵێ، نە و نەخێر)ەوە، وەک:
- بەڵێ، نامەکەم نارد.
- نە، لەو کاتەدا ناتوانم بەشدار بم.
- لە جیاتی فرمانێک بۆ ئەوەی دووپات نەبێتەوە، وەک:
- من دەچم بۆ سلێمانی و ئەویش، بۆ هەولێر.
- لە ڕستەی لێکدراودا، دەتوانرێت لە بری ئامرازی لێکدەری (و) بەکار بهێنرێت، وەک:
- شنۆ ویستی بچێ بۆ شایی، جلی لەبەر کرد، خۆی ڕازاندەوە، تەلەفۆنی لە هاوڕێکانی کرد، یەکیان گرت، خۆیان گەیاندە شایییەکە.
- دەتوانرێ لە بری (کە)ی لێکدەر لە ڕستەدا بەکار بهێنرێت، وەک:
- پێم خۆشە، پێکەوە بچین بۆ سینەما.
- سوپاست لێ دەکەم، سەرت لێ دام.
سەرنج: بۆر، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.
خاڵ بۆر ( ؛ )
خاڵبۆر بۆ وچانگرتنێکی درێژتر لە بۆری ساده، بەکار دەهێنرێت. زۆر جار، لەو ڕستانەی کە زۆر لێک نزیکن لە باتیی خاڵ دادەنرێ، وەک:
- لەم ساڵانەی دوایییەدا، کوردێکی زۆر پەڕیوەی هەندەران بوون؛ کوردەکان دەتوانن سوودێکی زۆر بە
گەلەکەیان بگەیەنن.
نیشانەی پرس ( ؟ )
نیشانەی پرس، دەخرێتە کۆتاییی ئەو ڕستانەی کە پرسیاریان تێدایە، وەک:
- پێنووسەکەت چی لێ کرد؟
- ئایا دەزانی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی چ ساڵی دەر چوو؟
نیشانەی سەرسوڕمان ( ! )
ئەم نیشانەیە هەم بۆ سەرسوڕمانە، هەم بۆ ئەمرکردن یان داواکردنە.
- لە کۆتاییی ئەو وشانە، یان ئەو ڕستانەی کە سەرسوڕمان، یان پەژارەیی، یان هەستێکی دەروونیی
تێدایە،بەکار دەهێنرێت، وەک:
- چ هەستێکی بەسۆز!
- چەند دەنگت خۆشە!
- ئای! ئەوە لێرەیت!
- ئۆخەی! ئاڵای کورد هەڵکرا.
- ئای لەو مانگە! چ جوانە!
- هەندێ جار لە کۆتاییی ئەو ڕستانەی کە فرمانپێدان یان داواکردنیان تێدایە، بەکار دەبرێ، وەک:
- بڕۆ دەرەوە!
- دەرگاکە داخە!
- بەجێم مەهێڵە!
جووت کەوانەی بچووک « »
هەندێ جاریش هێمای " " لە جیاتیی جووت کەوانەی بچووک بەکار دەبەن. لەم شوێنانەدا بەکاردێت:١. کاتێ بمانەوێ گرنگیی تایبەتی بدەین بە وشەیەک، یان دەستەواژەیەک، یان ڕستەیەک، دەیخەینە ناو ئەو هێمایانەوە، وەکوو:
- زانایان «زمان» بە کۆڵەکەی نەتەوە دادەنێن.
- من "مێژوو" بە چرای تاریکستانی داهاتوو دەزانم.
- کاتێ بتوانین «ئەلفبێ جۆربەجۆرە کوردییەکان» بکەین بە «یەک ئەلفوبێ»، ئەو کاتە گەلێ کێشەمان چارەسەر دەبێ.
٢. وتەیەک کە ڕاستەوخۆ دەگێڕدرێتەوە و ناشکێنرێت و دەستکاری ناکرێ، دەخرێتە ئەو ناوەوە، وەک:
- پیاوە گەنجەکە وتی: "ڕاست دەکەی، ئێمە یارمەتیت دەدەین، من ڕابین هوودم."
- قازی موحەممەد، چاونەترس ڕووی تێ کردن: «ئێوە ئەمڕۆ قازی موحەممەدێک دەکوژن، سبەینێ لە هەر دڵۆپە خوێنێکی من، سەدان قازی موحەممەدی تر سەر هەڵدەدەن.»
سەرنج: ئەگەر ڕستەکە بە خاڵ، بۆر، هێمای پرسیار، هێمای سەرسوڕمان و هتد کۆتاییی هات، ئەوانەش دەخرێنە ناو کەوانەکانەوە.
جووتە کەوانەی گەورە ( )
جووت کەوانە بۆ ئەم مەبەستانە بە کار دێ:
١. وشەیەک، یان ڕستەیەک دەخرێتە نێوانی، کە واتایەکی تایبەتیی تری هەبێت، وەک:
- پیرەمێرد (حاجی تۆفیق) لە وەرگێڕانی هۆنراوەدا، دەستێکی باڵای هەبوو.
- شاری سلێمانی (کە کەوتۆتە دامێنی چیای ئەزمەڕ) سلێمان پاشای بابان بنیادی ناوە.
٢. وشەی بێگانە، وەک:
- ئاگرەدیوار (firewall) پێش بە خۆترنجێنەران دەگرێ بۆ ناو کۆمپیۆتەرەکەت.
- میری (حکومت) فرمانی کاولکردنی ناوچەکەی زوو دەرکردبوو.
- بۆ نووسین بە کوردی پێویستە تەختەکلیل (keyboard)ێکی کوردی دامەزرێنی.
٣. ساڵی دەستپێک و کۆتاییی ڕووداوێ، یان ساڵی لەدایکبوون و کۆچکردنی کەسێ، وەک:
- سنووری دەوڵەتی حەسنەوی (٩٤١ ـ ١٠١٤) که پارە و پوولیشیان هەڵکەندبوو، هەمەدان، مەهاباد، کرماشان و شارەزوور بوو.
- حەمە پاشا (١٧٨٣ ـ ١٨٤٦)، کە بە پاشای کۆرە بەناوبانگە، توانیی لە ساڵی ١٨٢٠دا سەربەخۆییی کوردستان لە ڕەواندز ڕاگەیەنێ.
سەرنجی ١: کەوان کە دادەخرێ نابێ بکلێنرێ بە وشەکەی پاشیەوە، بەڵام ئەگەر وشەکە هێشتا تەواو نەبوو دەبێ بلکێت بە کەوانەوە، وەک:
- ئەمساڵ (حج)ێکی کرد.
- وشەی (file)یان لە کوردیدا کرد بە «پەڕگە».
سەرنجی ٢: وشەکانی ناو کەوانەکان نابێ لەگەڵ کەوانەکاندا بۆشایییان هەبێ.
هێڵ یان تەقەڵ ( ـ )
لەم شوێنانەدا بەکاردێ:
١. بۆ جیاکردنەوەی دوو کەسی گفتوگۆکەر، بۆ ئەوەی هێندە نەنووسرێ "وتی"، وەک: سۆز ڕووی کردە ئاکۆ و وتی:-ئاکۆ، گوێت لە سەربازەکانە؟-بەڵێ، دیارە هەر بە دوامان دەگەڕێن.-تۆ بڵێی بماندۆزنەوە؟خەمت نەبێ، ناتوانن.-ئەگەر کوژرام، دڵنیا بە لە گۆڕیشا هەر خۆشم دەوێی.
٢. دەتوانرێ لە بری ئەو کەوانە گەورەیە بەکار بهێنرێ کە لە خاڵی یەکەمی جووتە کەوانەی گەورەدا باسمان کرد، وەک:
- پیرەمێرد ـ حاجی تۆفیق ـ لە وەرگێڕانی هۆنراوەدا، دەستێکی باڵای هەبوو.
- دەتوانی هەرچەندە میوە ـ جگە لە مۆز ـ پێت خۆشه، بخۆی و، سەرەڕای ئەوەش کێشەکەت دابەزێ.
٣. لە نێوان ژمارە و ژمێرراودا، ئەگەر کەوتە سەرەتای ڕستەوە، هەر چەند دەکرێ خاڵیش دابنرێ، وەک:
- هەندێ لە مەرجەکانی بڵاوبوونەوەی بابەت بریتین لە:
- ١-بابەتەکە دەبێ سوودگەیەنەر بێت.
- ٢-ڕەچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
- ٣-ڕەچاوکردنی خاڵبەندی.
- ٤-سەرچاوەکان دەبێ دیاری کرێن.
وەک وتمان دەشکرێ خاڵ دانێین:
- ١.بابەتەکە دەبێ سوودگەیەنەر بێت.
- ٢.ڕەچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
- ٣.ڕەچاوکردنی خاڵبەندی.
٤. لە کۆتاییی دێڕێکدا ئەگەر هەموو وشەکە جێی نەبووەوە و ویستت بەشێک لە وشەکە هەر لەو دێڕە بنووسی تەقەڵ دادەنێی، وەک:
- .............................. ڕێباــ
زەکان ...........................
سەرنج: لەم شوێنانە تەقەڵەکە بێ بۆشایی دەنووسرێ:
- کاتی ئاوەڵابوون: ١٢ـ١٦.
- لە هەفتەیەکدا ٧ـ٨ میل ڕا دەکات.
سێ خاڵ ( ... )
سێ خاڵ لە بری وشە، یان ڕستەیەک کە قرتێنراوە، بە مەبەستی کورتکردنەوە بەکار دەبرێ، وەک:
- من سنە، کرماشان، مەهاباد، سلێمانی، کەرکووک و ...م چاو پێ کەوتووە.
- لە کوردستاندا نەوت، ئاسن، زێڕ، زیو، گۆگرد و ... دەست دەکەوێ.
- بیستووتە ...؟
- فریام کەون! فریام کەون! فر...
سەرنج: ئەگەر لە نیوەی وشەکەدا پێویست بە "سێ خاڵ" هەبوو ئەوە دەلکێ بە وشەکەوە ئەگینا دەبێ سەربەخۆ بنووسرێ.
بۆشایی ( space )
بە مەودای نێوان دوو وشەی سەربەخۆ دەڵێن «بۆشایی». ئەمە زیاتر لە نووسین بە کۆمپیۆتەر و کەرەستەی نووسین زۆر گرنگە. سەیری ئەم نموونەیە بکەن:
- (ئاڵای شەکاوە ـ ئاڵایشەکاوە)
- لە یەکەمدا بۆشایی هەیە، لە دووەمدا بۆشایی نییە. دیارە ئەوەی یەکەم ڕاستە.
یان هەندێ جار لەو شوێنانەی کە پێویست بە «بۆشایی» ناکات، بۆشایی دادەنێن، وەکوو:
- "لە گە ڵ" کە دەبێ بنووسرێ "لەگەڵ".
نووسەر دەبێ بزانێ لە چ شوێنێکدا "بۆشایی" پێویستە، یان پێویست نییە، ئەگینا وشەکان واتای هەڵە دەدەنە دەستەوە و تێگەیشتنیان قورس دەبێت. سەیری چەند نموونەیەک بکەن:
- (باسکرا) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (باس کرا).
- (وامەکە) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (وا مەکە).
- (جێیهێشت) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (جێی هێشت).
- (خۆشمدەوێی) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (خۆشم دەوێی).
سەرنج: (و)ی پەیوەندی، وشەیەکی سەربەخۆیە و دەبێ هەموو کاتێ لەگەڵ وشەکانی پێش و پاشیەوە بۆشاییی هەبێت:
- (کرێکارو وەرزێر) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (کرێکار و وەرزێر).
- (گڕو تین) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (گڕ و تین).
وشەی لێکدراو نابێ بۆشاییی هەبێ، وەک:
- (خۆل کێش) نابێ بۆشاییی هەبێ: (خۆڵکێش).
- (وێنە کێش) نابێ بۆشاییی هەبێ: (وێنەکێش).
- (سکاڵا نووس) نابێ بۆشاییی هەبێ: (سکاڵانووس).
- (لە گەڵ) نابێ بۆشاییی هەبێ: (لەگەڵ).
- (جێ ژوان) نابێ بۆشاییی هەبێ: (جێژوان).
- (باوک مردوو) نابێ بۆشاییی هەبێ: (باوکمردوو).
لەم هۆنراوەیەی مامۆستا هێمندا، دەبینن کە دانانی بۆشایی لە (کەماڵ)دا چەندە ماناکە دەگۆڕێ:
- کەماڵت بێ کەماڵت بۆ چییە لەو شارە وێرانە؟
- کەماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من
کە دیارە دەبێ ئاوا بنووسرێ:
- کە ماڵت بێ، کەماڵت بۆ چییە لەو شارە وێرانه؟
- کە ماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من
هێڵی لار ( / )
١.بۆ نووسینی ڕێکەوت کە بە ژمارە دەنووسرێ، کەڵک لە هێڵی لاری (/) وەردەگرین، وەک:
- شاری کەرکووک لە ١٠/٤/٢٠٠٣ ڕزگار کرا.
٢. بۆ نووسینی «دابەشکردن» لە ناو دەقێک کە پیتی تێدا بەکار چووە، کەڵک لە هێڵی لاری (\) وەردەگرین، وەک:
- خێراییی تێشک (٣٠٠ هەزار کم\چرکه)دایە.
٣. پیتی (ر) له ناو ژمارەدا لە جیاتیی (ممیز) بەکار دەچێ، وەک:
ڕەچاوکردنی خاڵبەندی دەبێتە هۆی ئەوەی کە نووسەر مەبەستەکەی بەباشی بگەیەنێتە خوێنەر و خوێنەریش بە هەڵە لە مەبەستەکە تێ نەگات.