ئەحمەدی موفتیزادە (١٩٣٣ لە سنە – ٩ی شوباتی ١٩٩٣ لە تاران)، ناسراوە بە کاکە ئەحمەدی موفتی زادە، زانای دینی، ئیسلامناس، موجتەھیدی سوننی و شاعیر و چالاکی کوردی ڕۆژھەلاتی کوردستان بوو.
موفتیزادە لە ڕێبەرانی بەناوبانگی ئایینی - نەتەوەیی ئێران بوو کە ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەکانی ھەر دوو ڕژێمی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران بەند کرا. بەرچاوترین داخوازییەکانی بریتی بوون لە:
لەدایکبوون | ١٩٣٣ |
---|---|
مەرگ | ٩ی شوباتی ١٩٩٣ نەخۆشخانەی ئاسیای تاران |
شوێنی گۆڕ | تەپەی شێخ حەمە باقری سنە |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | موجتەھید |
پیشە | مامۆستا، حاکم شەرعی سنە، ڕێبەری بزاڤی مەکتەب قورئان |
ئایین | ئیسلام |
ھاوسەر | خەجیج خانمی موھتەدی کچی حاجی ڕەحمان ئاغای موھتەدی بۆکان |
مناڵ(ەکان) | حەمەژیان |
باوان |
|
خزمەکان | ماجد مەردۆخ ڕۆحانی |
وێبگە | ماڵپەڕی مەکتەبی قورئان |
ئەحمەدی موفتی زادە لە ڕێبەندانی ١٣١١ کۆچی ھەتاوی (بەرانبەر بە ١٩٣٣زایینی)، لە بنەماڵەیەکی ناسراو بە "بنەماڵەی موفتی" لە شاری سنە، لەدایکبوو. ناوی باوکی "مەلا مەحموودی موفتی"ی کوڕی "عەللامە عەبدوڵای دشەیی"، خەڵکی دشەی لای پاوە، بوو کە دواتر کۆچیان کردووە بۆ شاری سنە.
ئەحمەدی موفتی زادە لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانی ئێران و عیراق (وەک سنە، سلێمانی، بیارە، مەریوان و چەندین شاری تر) خوێندوویە. ماوەیەک لە زانستگای تاران لە بەشی زانستە دینییەکاندا دەرسی گوتووە. ئەندامی چالاکی ڕۆژنامەی کوردستان (تاران) و ڕادیۆی کوردی تاران و ھەروەھا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ھەر بەم بۆنەشەوە لە ساڵی ١٣٤١ دەگیرێت و بەم تاوانانەوە لە بەند دەخرێت:
لە بەندیخانەدا تووشی گۆڕانکارییەکی دەروونی قووڵ دەبێت، کە خۆی بە ئەزموونێکی تایبەتیی عیرفانی دادەنێ و دەبێتە سەرچاوەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بیر و بۆچوونەکانیدا. بۆ خؤی لە ھۆنراوەیەکی فارسیدا بە ناوی "دیسان پێم دەڵێنەوە" (بە فارسی: به من باز گویند) ئاوا باس لەم ئەزموونە دەکات:
لەوێ بوو کە دەرسێکم وەرگرت | کە لێی دنیایەک فامم ھەڵگرت | |
بووم بە بارودۆخی جەھان، ئاشنا | بە سەدان نھێنی گران، ئاشنا | |
تێگەییم نەخۆشی ئەم خەڵکە چییە | خڵەتێنەری خەڵکی سادە کییە |
لە ئاکامدا بەم ئەنجامە دەگا کە ئیمان تاکە ڕێگای ئازادی و ڕزگاری مرۆڤە و گەورەترین دەردی مرۆڤیش: دوور کەوتنەوەیە لە قورئان و سوننەت. دوای ماوەیەک لە زیندان بەر دەبێ و چالاکی دینی خۆی لە ساڵی ١٣٤٢ (ک. ھ.) لە مزگەوتی سەید مستەفای شاری سنە دەست پێدەکا، بۆ خۆی ئاوا دەڵێت:
«دوای ئەم ساڵانە ھەلومەرجێک ڕەخسا کە لە بێ ناوەرۆکی و سەرسەری بوونی کار و ھەوڵەکانی ڕابردووم تێ گەییم و لە ١٣٤٢ بەملاوە بڕیارم دا کە ھێڵی سەوزی سەرەکی ئینقلابی ئیسلامی کە پێغەمبەری گەورە، حەزرەتی موحەممەد، دایداوە، بگرمە بەر و لێی لا نەدەم»
پاش خەلەستن لە بەند، لە ساڵی ١٣٤٣ دەگەڕێتەوە بۆ شاری سنە. لە سنەدا دەکەوێتە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسی دەزگای ئەمنی ئەوکاتی ئیران واتە ساواک. لەم سەروبەندەدا خاتوو خەدیجەی خێزانی نەخۆش ئەکەوێت و بۆ دەرمان دەچنە تاران، لەوێ خانم کۆچی دوایی دەکات و موفتیزادە بۆ ھەمیشە دەگەڕێتەوە سنە.
لە ساڵی ١٣٥٦ ک. ە. مەدرەسەی قورئان، کە دواتر گۆڕا بۆ مەکتەبی قورئان، دادەمەرزێنێت، بەم شێوە بزاڤی دینی خۆی دەست پێ دەکات. لە گەڵ ھەڵبوونی ئاگری شۆڕشی گەلانی ئێران، بە مەبەستی یەکخستنی ئەھلی سوننەتی ئێران و بەرگری لە سەرھەڵدانی دووبەرەکی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، کاری سەرەکی خۆی ھەڵدەسپێرێ و تا سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی١٣٥٧، ڕێبەرایەتی ئەھلی سوننەی ئێران و ئەستۆ دەگرێت. چەن مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، گۆڕەپانی سیاسەت بەجێ دێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەر کاری سەرەکی خۆی لە مەکتەبی قورئاندا.
لە ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی کە بڵێسەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستان گەشە دەستێنێ، بە مەبەستی تێوە نەتلان بە شەڕی ناوخۆ، وێڕای ھاوڕێیانی کۆچ دەکا بۆ کرماشان و زۆری پێ ناچێ لەوێوە دەڕوا بۆ تاران. لە خاکەلێوەی ٦٠دا بە مەبەستی بەرگری لە مافەکانی ئەھلی سوننەی ئێران «شووررای مەرکەزی سوننەت» (شەمس) پێک دێنێ. لە مانگی گەلاوێژی ٦١دا، شەپۆلی قۆڵبەست کردن و لە بەند خستنی لایەنگرانی، لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست پێ دەکا. سەرئەنجام لە گەلاوێژی ١٣٦٩، ئەحمەدی موفتیزادەش قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. موفتی زادە پاش کێشانی دە ساڵ زیندان و ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی «کۆمیتەی موشترەک»، «قزڵ حەسار» و «ئێڤین»ی تاران، لە گەلاوێژی ١٣٧١ بە دۆخێکی تەندروستی خراپەوە ئازاد دەکرێت. دوای سێ مانگ کەوتن لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران، لە ڕۆژی ٢٠ ڕێبەندانی ١٣٧١، کۆچی دوایی دەکات. تەرمەکەی پاش گەڕانەوە بۆ سنە، لە سەر تەپەی شێخ حەمەباقر ئەسپەردەدەکەن.
ئەحمەدی موفتی زادە چەندین باسی لە سەر دین، حکوومەتی دینی و ڕوانگەی نوێ بە دین ھەیە کە ئەمانەن:
پێدەچێ کەسانێک وەک ئەبولئەعلا مەودوودی، سەید قوتب، دکتۆر عەلی شەریعەتی لە پێکھاتنی بیر و ھزری موفتی زادەدا کاریگەرییان ھەبووبێ.
□ دزە کردن و زاڵ بوونی سیاسەت و ئارەزووگەلی دژە ئیسلامی، حکوومەتی ئیسلامیی تووشی وەرچەرخان و گۆڕانێکی کۆنە پەرستانە کرد و لەو ڕۆژەوە کە حکوومەتی ملھوڕانەی پاشایەتی، جێگای بە حکوومەتی شوورا و دەوڵەتی خەلافەت لەق کرد، بوار بۆ پرشوبڵاوی و دووبەرەکی خۆش بوو، لە ئاکامدا ھەم دین بوو بە مەزھەب و ھەم ئومەتی واحیدە دابەش بوو.
□ ھەرمەزھەبێک پێکھاتووە لە ھەندێک پێودانی دینی و ھەندێک بابەتی زیادە، واتە:
ئەمڕۆ کەسێکی موسڵمانی شوێنکەوتووی یەکێ لە مەزھەبەکان، شوێنکەوتووی کۆمەڵێک شتە کە بەشێکی لە ئیسلامە و بەشێکی تری لە دەرەوەی ئیسلام. ھەروەھا وتوومانە کە: ھەڵێنجانی ئەحکامی جۆراوجۆر لە ھەر سەردەمێکدا، دەبێ بەرھەمی کردوکۆش و ئیجتەھادی خاوەن ڕایان بە شێوەی شوورایی بێ، تەنیا بەم شێوەیە کە خودا ئەو حوکمە بە حوکمێکی ئیسلامی دەناسێت و وەری دەگرێت.
□ ئیسلامی شوبھە و موسوڵمانی شوبھە؛ شوبھە بریتییە لە: ھەر ڕووداو، بابەت و چەمکێک کە ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە پەسەندی مەکتەبی ئیسلام نەبێ، بڵام لە بەر ناچاری، ھەڵە و شتی وا موسوڵمانێک لە جیاتی ئیسلام وەری دەگرێت.
□ لەم باسە بەم ئەنجامە دەگەین کە: تەکفیری بیرو باوڕێ لە لقە ئیسلامییەکان کە بڕوایان بە بنەماکانی ئیسلام (ھەر چەند ئاڵۆز) ھەیە، پێچەوانەی دەستووری ئیسلامە. تەنانەت ئەگەر موسڵمانێکیش لە ڕووی نەزانییەوە، تەوحیدەکەی ئالوودە بە کۆمەڵێک بیر و بۆچوونی شیرکاوی بێ، حەق نییە بیر و بڕوای بە کفر دابنەین و خۆی بە کافر بزانین.
□ تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین کەسێک بە کافر دانین کە سوور بزانین ھیچ حوجەت و بەڵگەیەکی لە سەر نەماوە؛ واتە بە تەواوەتی لە ڕاستی و دروستی ئیسلام تێگەیشتووە و نادروستی بیر و بۆچوونی دژ بە ئیسلامیشی بۆ دەرکەوتووە، ھەر وەھا نموونە و وێنەی زیندووی دینیشی دیوە، بەڵام دڵ لە وەرگرتنی نووری ئیمان دەقونجێنێ. (بۆچوونی کەسی لە بابەتی کاکە ئەحمەد، سەبارەت بە کفر و ئیمان)
□(ڕۆڵەی ھاوڕاز و ھاو گرفتاریم/پێم وایە: تەواو دەرس و مۆچیاریم/گشتی ھاوقیمەت ھەر یەک کەلیمەس/یانێ: «محبت»، ئەرزش گشتی ھەس/و... /جا بۆ ئەوە ئەو خۆشەویسییە/ببێتە گیانی، وەسیلە چییە؟/1. یەکەم وەسیلە «ڕێ جۆر کردنە»/ژیان، بەرەو بار ھەژار بردنە/و... /2. خۆ لەتەک چینی ھەژاران، جۆر کە/دۆسی و ھات و چوو، لەتەکیان زۆر کە/3. وەسیلەی سیەم: لە شەرح حاڵی/پێغەمبەران و خاسان بی حاڵی)
موفتی زادە یەکێک لەو کەسانە بوو کە پەیوەست بوون بە بێداری/سەحوە/نەھزەی ئیسلامی یان بە ئیسلامی کردنی ئیسلام (ئیسلامی سیاسی) و ھەوڵێکی زۆری دەدا کە لە ژێر کاریگەری خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێرانە بۆ ئیسلامی سوننی، ئیسلام لە دۆخی کولتور بۆ دۆخی ئیدئۆلۆژی بگۆزێتەوە، دیارە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ھاوکاریی نیزیکی لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا کرد بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆرش وەکوو ھەموو شۆڕشەکانی جیھان لە پاکتاوکردنی دژبەرانی دوای شۆڕش بوو بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی ویلایەتی فەقێ و لە گلاوێژی ١٣٦١ لە تاران قۆڵبەست کرا و ٥ ساڵ زیندانی بەسەر داسپێنراو دواتر ٥ ساڵی تریش لە گرتووخانە و لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا توند کرا و سەرەنجام دوای ١٠ سال زیندان و تووشبوون بە چەندەھا نەخۆشی لە گلاوێژی ١٣٧١ ئازاد کرا و لە ٢١ی رێبەندانی ١٣٧١ی ھەتاوی لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران کۆچی دوایی کرد.
لە ئاخرو ئۆخری دەیەی ٥٠ی ھەتاویدا ئەحمەدی موفتیزادە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی ئیسلامی جیھانی ئیسلامی بەگشتیو ھەروەھا گوتاری شۆڕشگێڕی ئیسلامیی ئەو سەردەمە لە ئێران، "مەدرەسەی قورئان"ی - کە دواتر بە ناوی مەکتەب قورئان ناوزەد کرا - پێشتر لە مەریوان و دواتر لە سنە بە ھاوکاری چەند کەس لە مامۆستایانی ئیخوانی دامەزراند و داوای ئیسلاحی لە بواری فێرکاری و ڕاھێنانی دینیدا پێشکەش کرد کە وا وێدەچێ ئەحمەد دەیھەویست لەو مەدرەسانە دا بەرەیەکی شۆڕشگێڕ بە تێڕوانینێکی شۆڕشگێڕانەی رادیکاڵ لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا، بەرھەم بێنێ، چونکە ئەو لە دوای لادانی شۆڕش لە ئامانجەکانی سەرەکی خۆی دەیگووت کە ئینقلاب زۆر خێرا بە بێ زەمینەسازێکی درێژخایەن دەستی پێکرد، ھەر بۆیەش بە لاڕێو ئینحرافدا ڕۆیی. لەلایەکیترەوە ڕەھەندێکی دیکەی، بەرنامەی کاک ئەحمەد، ھەر لە سەر ئەو ھێڵە گشتییە دەرویشت کە رابوونی سەلەفیگەری (گەرانەوە بۆ ئیسلامە پاکە بێگەردەکەی سەرەتای ئیسلامو خیلافەتی راشیدە) لە سەدەی نۆزدەو بیست دا تەرحی کردبوو.
لە ئەحمەدی موفتیزادە کۆمەڵێک بەرھەمی نووسراو و تۆمارکراو بەجێ ماوە. نووسراوەکانی بریتین لە کۆمەڵێک کتێب، نامە و چەندین دەفتەری شیعر. پتر لە ٣٠٠کاسێتی دەنگ بە زمانی کوردی و فارسی لە بواری تەفسیری قورئان، بیر و باوڕ، عیبادات و فەلسەفەکانی، سیستەمە فکرییەکان، ئابووری و سیاسی ئیسلام و زانستە ئیسلامییەکانی وەک: زانستە قورئانییەکان، پەروەردە و خێزان بە یادگار ماونەتەوە. بەڵام گرنگترین بەرھەمی کاکە ئەحمەدی موفتیزادە، بزاڤێکی دینی جیاوازە لە کوردستان، کە سەرەتا بە ناوی "مەدرەسەی قورئان" و دواتر بە ناوی مەکتەب قورئان ناوی دەرکرد. ئێستاکە خوێندنەوەی جیاواز لە ڕوانگە و بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەدی موفتیزادە لە لایەن لایەنگرانی، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی چەن لقی جیاواز لە مەکتەب قورئان.
ئەحمەدی موفتیزادە لە بەندیخانەوە کۆمەڵێک نامە و ئامۆژگاری بۆ شاگردانی دەنووسێ و بە نھێنی ڕەوانەی دەرەوەیان دەکا. بەشێک لەم نامانە بۆ شوورای ڕێبەری مەکتەبی قورئانە و لەخۆگری کۆمەڵە بابەتی گرنگ لە سەر دۆز و بزاڤی مەکتەب قورئانە. زۆربەی نامەکانی ئەحمەدی موفتیزادە، ئامۆژگاری دینین بۆ شوێنکەوتووانی.
ئەمە بەشێکە لە نامەی ژمارە یەک لە دەفتەری نامەکان، کە لە ڕێکەوتی ٥/٨/١٣٦٧ (ک. ە) نووسراوە و لە ڕیگای بەڕێز ھادی مورادییەوە گەیشتۆتە دەست شاگردانی:
ئەگەرچی باری ئەدەبی و ھۆنەری ئەحمەدی موفتیزادە کەمتر ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام بەرھەمە ئەدەبییەکانی ئاماژە بە سەرھەڵدانی شێوازێکی نوێی «ئەدەبی دینی کوردی» یان «ئەدەبی پەروەردەیی» دەکا، کە شوێن و پێگەیەکی بەرزی بۆ ڕچاو دەکرێت. ئەم بەرھەمانە، نەختە نەختە سنووری لایەنگرانی تێدەپەڕێنێ و دەریای ئەدەب و وێژەی کوردی دەدۆزێتەوە. بەرھەمە شیعرییەکانی ئەحمەدی موفتیزادە بریتین لە:
چەن نموونە لە شیعرەکانی ئەحمەد موفتیزادە:
خوەم و تاقانەم و یارانی گیانی | فدات ماندووی کرێکاری و شوانی | |
چەنین قەڕنە لە دەنگی گیان گەشێنت | بە کامی دژمنانی ڕێ و شوێنت | |
نەزانی خۆیی و زانای درۆزن | پەراوێز و پیارزگ ھەڵ ئەبەستن | |
شنەی ودمی شەماڵ شانای ھەناسەت | بە مردووی تۆفی تووشی نەفس و عەزرەت | |
دڵی شێران ئەدا و گیانی بەھاران | لە وشکارۆی تەکانە، بەختەباران |
ئاخ موحەممەد گیان! بە گیانت قەسەم | باپیرت گڕی بەردا لە جەسەم | |
بۆ ژینی تاڵت، تاقە گوڵەکەم! | منیش، گڕی سەند کوورەی دڵەکەم | |
موحەممەد! قوربان داخی دڵت بم، | دڵی بچکۆلەی پڕ لە کوڵت بم | |
قوربان مناڵیی پڕ ڕەنج و تاڵت! | قوربان دەس و پای پڕدڕک و داڵت! | |
پەردەی چەم، پینەی سیپاڵی شڕت | سەرم بە سەرگرد دڵی پڕ گڕت | |
دڵم بەردەباز، پا بێ پاڵاکەت | گیانم بە فدای قەو و باڵاکەت |
دڵێ بۆ دڵت، بە دڵ، ژانی بێ | ھەزار جار دڵم، بە قوربانی بێ | |
کێ، گڕی حەببت، بەر بێتە گیانی | ڕۆح و گیانەکەم، بەڵا گەردانی |
ڕۆجیاری ڕۆژگاری نەجاتی لێوبەباران | . | |
ئازیزی خواو بەننە، ھەتاوی ڕۆژی ڕۆژڕەش | ھەڵپێچی بەزمی خاوەن دەماران |
تا پێکەنێ گوڵێ بە فووی شنەی بەیانان | لە کاوی کۆساڵان و عەوواڵان و شاھۆ | |
سەڵواتێ دڵسێنتر لە قاسپەی حەفتەوانان | لە بۆی ھەناسەی وەرکەمەر، بۆ پێشکەشی تۆ: | |
ئەی گیانی ئینسان، بەندی دڵی گیان |
دوای خەلەستن لە بەندیخانە لە ساڵی ١٣٤٢، خەباتی ئیسلامی خۆی دەست پێدەکا، سەرەتا لە بۆنەکانی دینی، شایی و شین، مەولوویی، جێژنەکان و... بزاڤی ڕۆشنبیری ئیسلامی خۆی بە بانگھێشتنی خەڵک بەرەو دینی ڕاستەقینە دەس پێدەکا. لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٦ (ک. ە) دا لە شاری مەریوان، مەدرەسەی قورئان دادەمەرزێنێ و پاشان لە شارەکانی سنە، سەقز و بۆکاندا لق دەکاتەوە. دواتر لە سالی ١٣٥٩ (ک. ە) دا، ناوی مەدرەسەی قورئان دەگۆڕێ بۆ مەکتەب قورئان. سەرەکیترین دۆز و ئامانجی بزاڤی مەکتەبی قورئان بریتی بوو لە: پەروەردە کردنی تاک و کۆمەڵ لە سەر بنەماکانی ئەخلاقی دینی و ڕێخۆش کردن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئیسلامی.
ئەگەرچی لەگەڵ ھەڵسانی بڵێسەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەحمەدی موفتیزادە-بۆ ھاوڕێ بوون لەگەڵ شۆڕش- کاری سەرەکی بزاڤی مەکتەبی قورئان ھەڵدەسپێرێ، بەڵام دوای نووسرانی دەستووری ئێران - کە تێیدا مافەکانی نەتەوەیی، مەزھەبی و چینایەتی ڕچاو نەکرابوو- لە نامەی (١٣٥٩/٤/٢١) ڕوو لە ھاوڕێیانی دەکاو، ڕادەگەیێنێ: کە دەسبەرداری کاری سیاسی دەبن و ھەڵدەگەڕێنەوە سەر کاری سەرەکی خۆیان لە مەکتەب قورئاندا، واتە:بارھێنان و فێرکردنی لە سەر بنەماکانی دین و بانگەوازی ئیسلامی.
□ لە ئەندامانی دانەری دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە دوای نووسران و پەسندکرانی لە حسێنیەی ئیرشادی تاراندا ڕایگەیاند:"دەست و قەڵەمتان بشکێ بۆ دەستوور پەسند کردنتان".
□ ئاغاکان بەم ڕێوشوێنەتان ماوەیێک زەبر لە ئیسلام دەدەن، بەڵام دوایی وا لە شیعە دەکەن، تا دنیا دنیا بێ، پشت ڕاست نەکاتەوە.
□ لەو موجتەھدانە بوو کە فتوای ئیرتیداد و ڕەجم (بەردەباران) ی قبوڵ نەبوو.
□ درێژترین ماوەی بەندی ئینفرادی لە بەندیخانەی ئێڤین، بۆ ماوەی ۶ساڵ و ۳مانگ، داوەتە سەر.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئەحمەد موفتیزادە تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ئەحمەد موفتیزادە, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.