بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ یان مافنامەی جیھانیی مرۆڤ پەیمانێکی نێونەتەوەیییە کە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی ھەر مرۆڤێک پەسەند کرا.
ئەم بانگنامەیە ئاکامی ڕووداوەکانی شەڕی جیھانیی دووەم بوو و بۆ یەکەم جار باسی لە تەواوی ئەو مافانە دەکرد کە ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێکی جیھان خاوەنیەتی.
ههموو مرۆڤهکان به ئازادی له دایک بوون و له باری ئابڕوو و کهرامهت و مافهکانیانهوه لهگهڵ یهک بهرابهرن . ههموویان خاوهنی عهقل و ویژدانن و دهبێ به گیانێکی برایانه لهگهڵ یهکدا بجووڵێنهوە.
ئەم ئازادی و مافانەی لەم بانگنامەیە باسیان ھاتووە، ھەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە بێ ھیچ جۆرە جیاوازییەکی وەک، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، زایەند، زمان، دین، بیروڕای سیاسی، یان ھی دیکە، ڕیشەی میللی یان جڤاکی، موڵکایەتی، ڕەچەڵەک، یان ھەر پێگەیەکی دیکە بێ. ئەوجا، نابێت ھیچ جیاوازییەک بکرێت لەسەر بنەمای ھەڵوێستێکی سیاسی، قانوونی یان نێودەوڵەتی، کە وڵات یان ناوچەی ئەو مرۆڤە دەیگرێتەوە، جا ئەو وڵات یان ناوچەیە سەربەخۆ بێت، ژێر چاودێری بێت، خۆفەرمان نەبێت، یان ھەر لایەنێکی دیکەی سەروەریی خۆی دۆڕاندبێت.
ھەموو مرۆڤێک مافی ژیان، ئازادی و ئاساییشی ھەیە.
نابێت ھیچ مرۆڤێک بە کۆیلە و نۆکەر بگیرێت. ھەموو جۆرێکی کۆیلایەتی قەدەغەیە.
نابێت ھیچ مرۆڤێک بخرێتە ژێر ئەشکەنجە یان ھەڵسوکەوت و سزای دڕی، نامرۆیانەی ڕووشکێنەوە.
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە ھەموو بارێکدا وەک مرۆڤ بە واتای یاسایی بسەلمێنرێت.
ھەموو کەس یەکسانە لە ئاست قانوون، و ھەموو کەس بێ جیاوازی، مافی یەکسانیی پاراستنی ھەیە لەلایەن یاساوە. ھەموو کەسێک مافی یەکسانی ھەیە بپارێزرێت لە ھەموو جیاوازییەکی دژ بەم مافنامەیە و ھەروەھا دژ بە ھەر سازکردنێکی جیاوازیی لەو بابەتە.
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لەلایەن دادگای دەسەڵاتدارەوە یارمەتی کارا بکرێت بەرامبەر ھەر کردارێک دژی مافی بنەڕەتی بێت کە دەستوور و قانوون دەیسەلمێنن.
نابێت ھەر لەخۆڕا مرۆڤ بگیرێت، زیندانی بکرێت یان وەڵاتبەدەر بکرێت.
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بە ئەوپەڕی یەکسانییەوە لە دادگای سەربەخۆ و بێلایەن دۆزەکەی بە ئاشکرا و دادپەروەرانە یەکلا بکرێتەوە، چ ماف و ئەرکی بێت، چ تاوانێکی ئاڕاستە کرابێت.
ھیچ مرۆڤیک نابێت لەخۆڕا تووشی دەستتێوەردانی ژیانی کەسی، خێزان، ماڵ و پەیوەندی بێت، یان پەلاماردانی شەڕەف و ناوبانگ بێت. ھەموو کەسێک مافی پاراستنی قانوونیی ھەیە لە دەستتێوەردان و پەلاماردانی لەو بابەتە.
ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیر، ویژدان و ئایینی ھەیە. واتە مرۆڤ ئازادە لە گۆڕینی ئایین و گۆڕینی باوەڕ، ھەروەھا دەربڕین لە ئایین و باوەڕ بە تاک یان بە کۆمەڵ، ئاشکرا یان نھێنێ، لە ڕێی خوێندنەوە، پەرستنەوە، پەیڕەوی و ڕێز گرتنی ڕێوڕەسمەوە.
ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی ھەیە. بە گوێرەی ئەم مافە ھەموو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنی بیروڕا، گەڕان بەدوای زانیاری، وەرگرتن و پەخشی زانیاری و بیروڕا بە ھەموو دەستاوێژێکی دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.
ھەموو مرۆڤێک چونکە ئەندامی جڤاتە مافی ئاسوودەییی جڤاکیی ھەیە کە دەبێت بڕاستێنرێت (تەحقیق بکرێت) لەڕێی خەباتی میللی و ھاریکاریی نێودەوڵەتییەوە، بە ڕەچاوگرتنی سازمان و دەرامەدی ھەر دەوڵەتێک، بۆ دابینکردنی مافگەلی ئابووری، جڤاکی و فەرھەنگیی کە پێویستن بۆ پاراستنی سەروەریی مرۆڤ و بۆ فراژووتنی ئازادانەی کەسایەتیی مرۆڤ.
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە کاتی سەربەست (کاری ئازادی بێکاری) و پشووی ھەبێ، کە دەکاتەوە دیاریکردنی سنوورێکی گونجاو بۆ کاتی کار و ماوەی وچان (ماوەی بێکاری)ی مووچەدار.
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەشێک بێت لە ھەر شیرازەیەکی جڤاکی و نێودەوڵەتی کە تێیدا ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بە تەواوی بڕاستێنێت.
ھیچ نییە لەم مافنامەیەدا بە شێوەیەک لێک بدرێتەوە کە ماف بداتە دەوڵەتێک، گرووپێک یان تاکەکەسێک خەریکی چالاکییەک بێ یان کارێک بکات مەبەست لێی ھەڵوەشاندنەوەی ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بێت.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.