گابۆڕ ڕۆمانێکی کوردییە لە نووسینی سەید قادر ھیدایەتی.
ئەم ڕۆمانە یەک لە باشترین ڕۆمانە کوردییەکان و بەرھەمێکی گرینگی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و قسەی زۆری لەسەر کراوە. کتێبەکە ساڵی ٢٠١٥ نووسراوە و تا ئێستا (2023)، شەش جار چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی کوردییە. لە سی و یەکەمین پێشانگای نێونەتەوەیی کتێبی تاران یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبی کوردی بووە؛ لە پێشانگاکانی کتێبی باشووری کوردستانیش ھەر زوو تەواو دەبێت. دە بەشی لەخۆ گرتووە و دوو چیرۆک ھاوتەریبی یەک دەچنە پێشێ کە پێکەوە لە پەیوەندیدان و لە کۆتاییدا ئاکامێکی ھاوشێوەیان دەبێت.
نووسەر | سەید قادر ھیدایەتی |
---|---|
وڵات | کوردستان |
زمان | کوردیی ناوەندی، موکریانی |
بابەت | ڕۆمان |
جۆری کتێب | چاپ ئەلکترۆنی دەنگی |
گابۆڕ ژیانی چەند مێرمنداڵێک، بەتایبەت دوو پێرسۆناژی سەرەکیی عەبدولموتەلیب و کەریم لە سەردەمی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و گوشاری ھێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خەڵکی شاری بۆکانە، کە بۆ کڕینی تۆپێک خەریکن پارە کۆ دەکەنەوە و ھاوکات خەمی ئەوەیانە کە ئەگەر تۆپیان کڕی شەوانە لای کێ بێت و کێ ببێتە کاپیتان. ئەو دوو مێرمنداڵە شاھیدی ئەوەن چۆن چەکدارانی ناو پاسگای سەری کووچە تەنانەت لە نێوەڕاستی ڕۆژدا دەستڕێژی دەکەنە سەر خەڵکی بێتاوان. بە ھەڵکەوت کەریم و عەبدولموتەلیب لە کوتە کاغەزێکدا، لاپەڕەیەکی گۆڤاری سروە کە چیرۆکی «پاڵەوان فس فس»ی تێدا گێڕدراوەتەوە، دەبینن و دەزانن کە دەتوانن بە زمانی خۆیان بیخوێننەوە، بەرە بە بەرە لەگەل ھونراوەکانی ھەژار و ھێمن و ھتدیش ئاشنا دەبن و بەم شێوەیە چەمکی شوناس لەبەر دەمیان قوت دەبێتەوە، ھەستی نەتەوایەتی لە مێشکیاندا بنج داکوتێت و پاشان سەربەخۆ دەست دەدەنە چەند چالاکی و پاش ماوەیەک بە دزی ڕێگای سەر سنوور دەگرنە بەر تاوەکوو بچنە نێو یەکێک لە حیزبە کوردییەکان.
گابۆڕ ئەدەبی بەرەنگاری و پرسی ناسنامەی پارچەیەکی کوردستانە کە تێیدا دوو کوڕ کە لە ڕاستید نوێنەری کۆمەڵگان، بە شوێن کلتوور و زمانی خۆیانن. کۆمەڵگایەک کە تا سەر ئێسقان لەژێر چاوەدێریی پۆلیسدان؛ تەنانەت یاریی تۆپێنیش لەسەر مۆڵەت و ئیجازەی بەرپرسانی پازگایە. لە ڕۆمانەکەدا دیالۆگ زۆر گرینگە، لە ڕێگەی دیالۆگەکانەوە کەسایەتییەکان دەناسرێن و فەزاکان وەسف دەکرێن؛ بگێڕەوە و بکەری کار جێ دەگۆڕن و ئەوە بەرچاوترین تایبەتمەندییە؛ زمانی کتێبەکە کورت و پوختە و ڕستەی زیادی تێدا بەدی ناکرێت، ھەروەھا ڕووداوەکانیش زۆر خێرا ڕوو دەدەن. شیوازی نووسینی ڕۆمانەکە مۆدێرنە، واتە قارەمانی نییە و ھەموو کەسایەتییەکان قسان دەکەن و بەقەد یەک سەرنجیان خراوەتە سەر.
وەختایەک بە لەقەلەق و پتەپت کەلیمەیەکی ساغ دەکردەوە، شیرناییەکی سەیر لە دەمارەکانی گەڕا؛ ڕووناکاییەک لە چاوەکانییەوە ئاوقای مێشک و دڵی بوو. شیرنایی و ڕووناکایی. کوتم زۆر دواتر زانیم کە ئەوە شیرنایی و ڕووناکایی زمانی خۆم بوو لە دەروونمدا ئاوێتەی یەک دەبوون. ئەوە یەکەم جار بوو بە چاو زمانی خۆی دەدیت. ئەو تا ئەودەم تەنیا بە گوێ زمانی خۆی بیستبوو. کوتم ئەوە یەکەم جار بوو زمانی خۆم دەدیت. زمانی خۆی چەندە ئاسان بوو، زمانی خۆی چەندە پێ خۆش بوو!
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article گابۆڕ, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.