ناحیەی بازیان یەکێکە لە سێ ناحیەی قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق.
ناوەندەکەی شارەدێی بازیانە.
ناحیەی ناوەندی قەزای بازیان | |
---|---|
بە عەرەبی: ناحیة مرکز قضاء بازیان بە ئینگلیزی: Central Bazyan County Sub-District | |
پۆتانەکان: 35°35′32″N 45°08′38″E / 35.59235°N 45.14387°E 45°08′38″E / 35.59235°N 45.14387°E | |
وڵات | عێراق |
ھەرێمی فێدراڵ | کوردستان (ھەرێمی کوردستان) |
پارێزگا | سلێمانی |
قەزا | قەزای بازیان |
مەڵبەند | بازیان |
ژمارەی گوندەکان | ٥٩ |
بوون بە ناحیە | ١٩٢٧ |
دەسەڵات | |
• بەڕێوەبەر | ئیسماعیل محەممەد |
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ٣٦٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٤٢ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ٨١٣ مەتر (٢٬٦٦٧ پێ) |
بەرزترین بەرزایی | ١٣٣٤ مەتر (٤٬٣٧٧ پێ) |
نزمترین بەرزایی | ٦٧٨ مەتر (٢٬٢٢٤ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٠) | |
• سەرجەم | ٥٠٨٣٣ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلام(سوننە) |
• ب پ م(٢٠١٧) | ٠٫٧٠٦ بەرز · ٢ەم بۆ ١٧ |
ناوچەی کاتی | UTC+٣ (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+٣ (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٩٦٤+ |
وێبگە | http://www.slemani.gov.krd/ku/ |
ناحیەی بازیان دەکەوێتە باکووری خۆرھەڵاتی "عێراق"ەوە، ھەروەھا ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان و باشووری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی، ھەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژھەڵاتی بە زنجیرە (چیای تاسڵوجە) و بەشی خۆرئاوای بە (زنجیرە چیای ھەنجیرە) دەورە دراوە، لە باکوورەوە (چیای توکمە)، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- کەرکووک) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتوانەوە.
ئەگەر زیاتر وردی بکەینەوە ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت حەوزی بازیان، لەبەرئەوەی بە زنجیرە شاخێک دەورە دراوە، (شاخی بەرانان) کە لە بەرانانەوە دەست پێدەکات لە (شاخی تۆکمە) کۆتایی دێت، لێرەشەوە بۆ (دەربەند بازیان) بەرەوە خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە، پێی دەوترێت زنجیرە (شاخی کوونە گورگ و خەربەنەلوو)، لە دەربەندی بازیانەوە کە ناسراوە بە بەردە قارەمان تاسەر بەندەری باسەڕە کە پێکەوە ناسراون بە زنجیرە (شاخی ھەنجیرە و دەربەندی بازیان) لەوێشەوە بە (زنجیرە شاخی قەڵای پەخش و ڕێحانە)، زنجیرە شاخێکە کە دەشتی بازیان دەکات بە دووبەشەوە ، دەشتی ھەیاس، دەشتی کۆیک.
ناحیەی بازیان لە باکورەوە ھاوسنورە لەگەڵ ناحیەی پیرەمەگروون لە باشورەوە لەگەڵ ناحیەی سەنگاو و لەڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ناحیەی بەکرەجۆ و لەڕۆژاواوە لەگەڵ ناحیەی تەکیەی کاکەمەند .
ڕووبەری ئەم ناحیەیە پێکھاتووە لە (١٤٧١٤٧) دۆنم کە دەکاتە (٣٦٨)کم٢، ھەروەھا بەرزیەکەی بە تێکڕا (٥٥٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە.
دووان لە پێکھاتانەی خاکی ناوچەکە زۆرگرنگن کە بریتین لە پێکھاتەی سنجار، کە ئەم پێکھاتەیە بەسەرچاوەی گرنگی بەردی چەو دادەنرێت، بەشە سەرەکیەکەی ئەم پێکھاتەیە لەدەروبەری شاری سلێمانی دەردەکەوێت، کە ئەم پێکھاتەیە لە ئەستوریەکەی لە بازیان (٤٠٠ -١٠٠٠ )م٣، کە ئەم پێکھاتەیە لە دورگەی مەرجانی و قەوزییەکاندا نیشتووە پاشماوەی بە بەرد بووی زۆر لە ناویدا دەبینرێت و بەردەکەی لە ڕووی ئابووریەوە سوودی ھەیە بۆ چەندین کارگەی چیمەنتۆ کە لەناوچەکە دروستکراوە، ھەروەھا خاکی نیشتەنیە نوێیەکان کە ئەم پێکھاتانە ناوچەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی دەگرێتەوە لە باکووری ناوچەکە.
ئاو ھەوای ناوچەکە تاڕادەیەک ھاوشێوەی پارێزگای سلێمانیە، لەگەڵ ئەوەی تابەرە و باکوور بڕۆین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، پلەی گەرما لەمانگەکانی ھاویندا لەناوچەکە بەرزدەبێتەوە، مانگەکانی بەگەرمترین مانگ دادەنرێن ھەردوو وەرزی بەھار و پایز بە ڕاگوزەر نادەبرین کە پلەی گەرما تاڕادەیەک ھاوسەنگە، مانگەکانی زستانیش نزمترین پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت. ھەروھا شێ و دابارین لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پیدەکات تا سەرەتای ئایار، خێرای با بە بڕی جیاواز و بە پیی جیاوازی وەرزەکان لە ناوچەکە بوونی ھەیە.
لەسنوری ناحیەی بازیان سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی پێکدێت لە چەندین چەم کە ئەوانیش بریتین لە (چەمی لازیان، چەمی گۆپاڵە، چەمی دەرگەزێنی بابە علی و ھەمەوەند، چەمی تەیناڵ، چەمی ھەیاس، چەمی خاڵدان، چەمی ھۆرمزیار و چەمی ھەرکین).
ئەم دەشتە کەوتۆتە کەوتۆتە نزمایی بازیانەوە، کە لەوڕگا و کێڵگەی بەپیتی تێدایە، ھەرچەندە لەبەشی خۆرئاواوە ڕێرەوە ئاوە سەرەکیەکان زەلکاوی دروستبووە، بەڵام بەشە بەرزیەکەی خاکی بەپیتی ھەیە، درێژی دەشتی بازیان نزیکە(١٥)کم و پانیەکەی (١٠)کم، ئاوی بازیان و سەرچاوەکانی تر ئاودێری دەکەن.
بازیان نزیکەی (٢٣٨٣٩)دۆنم کە دەکاتە (١١٪)ی رووبەری دارستانی قەزای سلێمانی، بەڵام ئەم ڕێژەیە کەمی کردووە بۆ (١٨٦٦٣) لەساڵی (٢٠١٠)دا کە ئەمەش ھۆکاری سەرەکی دەگرێتەوە بۆ ساڵانی دوای راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان کە بەھۆی دۆخی خراپی ئابوری خەڵک دارستانەکانی دەبڕیەوە بەمەبەستی خۆپارێزی لە سەرما یاخود بۆ فرۆشتن، کە دارستانەکانیش پێیان دەگوترێت (دارستانە کراوەکان، دارستانە مامناوەندە کەم چڕەکان، دارستانە چرەکان).
پشتێنەی گژوگیای کورت ( لەوڕگا) گژوگیای ئەم ناوچەیە بە ئەستێپسی شێدار دادەنرێت، کە پشت دەبەستێت بە ڕادەی باران بارین ساڵانە لە نێوان (٤٠٠-١٠٠٠)ملم دایە، وە ئەم ناوچەیە زیاتر لەوەڕگای سروشتی بەکاردەھێنێت بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن، تێکڕای ڕووبەری گژوگیای گەرمەسیر لەناوچەکەدا بریتیە لە (٦٢٦٩٨) دۆنم، کە لە کاتەکانی پایزدا دەڕوێت و لەکاتەکانی ھاویندا لەکاتی نەمانی باران وشک دەکات.
ناحیەی بازیان بەھۆی بوونی لەوەڕگای زۆر و کێڵگەی بەپیتەوە دانیشتوانی گوندەکانی بەردەوامن لەسەر ئاژەڵداری لەناوچەکە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠١٤ دا (٢٧) کێڵگەی پەلەوەر و (٤١) ھۆڵ بوونی ھەبووە، ھەروەھا ھەر لە ھەمان ساڵدا (٤٥٨٥٣)سەر مەڕ (٧٨١٤)سەر بزن (٧٤٠٠)مانگا بوونی ھەبووە، ئەمە جگە لە بوونی (١٠١) ھەنگەوان و کۆلی کۆن (٤٨٤)بوونی ھەیە.
ئەم ناحیەیە سەر بە پارێزگای سلێمانیە، لە ئێستادا ناحیەکە لە (٥٩) گوندی بوونی ھەیە کە (٤٦) گوندیان ئاوەدانە (١٣) گوندیش چۆڵە ناحیەکە لە(٥) شارەدێ پێکھاتووە، کە ئەمانەن (گۆپاڵە، بەردەقارەمان، ئەڵایی، تەیناڵی تازە، بازیان) کە لە ڕێگای سێ دەربەندەوە بەناوچەکانی ترەوە دەبەسترێنەوە کەوانیش (دەربەندی تاسڵوجە لە خۆرھەڵات ، بازیان لە خۆرئاوا و باسەڕە لەباشوری خۆرھەڵات) کە ئەمەی کۆتایی بازیان بە ناوچەی گەرمیان دەبەستێتەوە.
لەساڵی ١٨٠٥ بەدواوە، (عەبدولڕەحمان پاشای بابانە، کاتێک سلێمان پاشای مەمالیک لە بەغدا دێتە سەر تەخت و دەسەڵات دەگرێتە دەست، عەبدولڕەحمان پاشای بابان پیرۆزبایی لێناکات، بۆیە ئەویش بە سوپاوە ھێرش دەکاتە سەری، لەبەر ئەوە پاشای بابان بڕیاری دروستکردنی ئەو دیوارە دەدات لەنێو دەربەندی بازیان، بەڵام بەھۆی ئەوەی سوپای مەمالیک زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھێزی بابانییەکان ٢٠٠ ھەزار چەکدار دەبن، ھەرچەندە لەسەرەتاوە سوپای مەمالیک تێک دەشکێت، بەڵام دواجار بەھۆی چاوساغی خەڵکی ناوچەکەوە، سوپای بابانییەکان تێکدەشکێن و عەبدولڕەحمان پاشای بابان پەنا دەباتە بەر ئێران.
لە ١٧ی مایسی ساڵی ١٩١٩ کاتێک (ژەنەراڵ فرایزەری ئینگلیز) پەلاماری شێخ مەحموودی حەفیدیان داوە و شەڕێک لەنێوانیان ڕوودەدات، شێخ بە دیلی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و شێخ ڕەوانەی ھیندستان دەکرێت، ئەوەش بەھۆی نابەرانبەری ھێز و چەک و ژمارەی سوپا لەلایەک و ناکۆکی لە نێوانی سەرۆک ھۆزەکان بۆ نموونە (بابەکر ئاغای پشدەری) لە ناوچەی پشدەر و عادیلە خانمی جاف لە ھەڵەبجە و تاڵەبانیەکان لە لیوای کەرکووک و تەنانەت کەسایەتی دیاری ھۆزی ھەمەوەند (مشیر حەمەی سڵیمان) کە لە نەیارەکانی شێخ مەحموود ھەژمار دەکرا ھۆکاربووە بۆ بەدەستەوەدانی شێخ مەحموود، ئەمەش واتای ھەڵەی ئەوکەسانە نیە بەڵکو ھەریەکەیان خاوەنی پێگەی خۆی بووە لە ناو ھۆزەکەیدا، بەڵام ناکۆکیان لەگەڵ شێخ مەحموود ھەبووە لەسەر دەسەڵاتداری باشووری کوردستان، جیاوازیان ھەبووە بۆ سیاسەت و تێروانینیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئینگلیزەکان.
لە ساڵی ٢٠١٣ دەربەندی بازیان نوێ کرایەوە کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە و بە سێ قوناغ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بنیادنرا و دروستکرایەوە وەک شوێنێکی گەشتیاری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانین بڵیین میژوویەکی دێرینی ھەیە و تەنانەت لەلایەنی کارگێڕیەوە لە ساڵی ١٩٢٦وە بووەتە ناحیە و سەرەتا شارەدێی تەیناڵی کۆن ناوەندی ناحیەی سنورەکە بووە، بەڵام ھەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە مێژووی بوون بە ناحیەی بازیان لەوە کۆنترە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بابانەکان و دواتر لە سەردەمی شیخ مەحمودیشدا ھەر ناحیە بووە و سەر بە قەزای سلێمانی بووە و پاشان لەسالی ١٩٢٨ دا بەڕیوەبەرایەتی ناحیە لە گوندی مۆرتکەی نزیک تەیناڵی کۆن دانرا و ( محمود فەقێ محمد ھەمەوەندی) کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیە و بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی ناحیە لە تەیناڵدا دامەزراوە وبەردەوام بووە دواتر کاتێک کە ڕژێمی بەعس لە نیوان ساڵانی (١٩٨٧- ١٩٨٨)دا چەند کۆمەڵگایەکی زۆرەملێی لە سنوری بازیاندا دروست کرد و دانیشتوانی گوندەکانی لەچەند شوێنێکی جیاوازەوە ڕاگوێزا بۆ ئەو کۆمەڵگایانە، ئیتر گۆڕانکاری بەسەر یەکەی ئیداری ناوچەکەدا ھات و لە سالی (١٩٨٨) بە فەرمانی حکومەتی عێراق شارۆچکەی بازیان کراوە بە مەرکەزی ناحیە بۆ سنورەکە و تائیستاش ھەر بەو شێوەیە.
خەڵکی ناحیەی بازیان لە ٦/٣/١٩٩١ وەک دووەم شوێن دوای قەزای ڕانیە راپەڕینی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری حیزبی بەعس و سەددام حوسێنی دیکتاتۆر ئەنجامدا و ناوچەکەیان بەیارمەتی ھێزی پێشمەرگە لە ھێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کردنەوە و ناوچەکەیان ئازادکرد.
بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دانیشتوانەکەی بریتیبووە لە (٥٤٧٩) کەس لەساڵی ١٩٦٥ دانیشتوانەکەی گەشەی کردووە بۆ (٨٤٤٧) لەساڵی ١٩٧٧ دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١٠٦٠٦)کەس، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە بە (١١٥٤٦) کە مەش نیشانەی کەمی گەشەکردنی دانیشتوانە بەراورد بەسەرژمێری دە ساڵی پێشوو تر کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری سیاسی وەک شەڕی ئێران و عێراق، ھەروەھا سیاسەتی ڕەگەز پەرستی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن دژی گەلی کورد کەوای کردبوو چەندین کەس بێ سەروشوێن بن.
بەڵام بە گوێرەی ئەو خەمڵاندانەی کە لەساڵی ٢٠٠٩ کراوە ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە بووە (٣٦٧٢٣) کەس، بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی کردویەتی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بازیان(ھەر پێنج شارۆچکەکەی) دەکاتە (٤٩٩١٥)کەس ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی دەکاتە (٥٠٨٣٣) کەس.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە ناوچەی بازیان بەتەواوەی سیمای گۆڕاوە و بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی کە لە ئێستادا ڕێژەی (٣٠٪)پیشەسازی عێراق لەم ناوچەیە کە خۆی لەدامەزراندنی چەندین کارگە دەبینێتەوە کە بەھۆی بوونی کەرەستەی خاو و ئاو و ھەوای گونجاو شوێنی جوگرافی لەبار وپاڵپشتی حکومەت بۆ سەرمایەدارەکان بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەم ناوچەیە و سەرمایە گوزاری بکەن چەندین پرۆژەی پیشەسازی لە ناوچەکەدا بنیات بنێن، لە ئیستادا نزیکەی (٢٠٠)پرۆژەی ئابووری جۆراو جۆر لە سنوری بازیاندا ھەیە، کە ھەندێکیان پرۆژەی عیملاقی گەورەن و شایەنی ئەوەن تیشکیان بخریتە سەر لەوانەش زیاتر لە (٣٠)کارگەی جۆراو جۆرن وەک:
ئەمانە لەگرنگترینەکانن بەڵام جگە لەمانە ژمارەیەکی زۆری کارگە و پرۆژەی بچووک لە سنوری بازیاندا خەریکی بەرھەمھێنان بەشێکی کەمی ئەم کارگەو پرۆژانە پرۆژەیی حکومین و بەشی ھەرە زۆیان سەربەکەرتی تایبەتن. کە لەم کارگانەدا زیاتر لە ٥٠٠٠ھەزار کەس وەک کارمەند لە کارگەکانی سنورەکە کاردەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ھەزار کەسی دانیشتووی سنووری بازیانە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ناحیەی ناوەندی قەزای بازیان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.