کات پێشڕەویی بێبڕانەوە و بێسنووری ڕووداوەکانە کە وا دیارە لە ڕابردووەوە دێت و بە ئێستادا تێ دەپەڕێت و بەرەو داھاتوو دەڕوات و، ناشگەڕێتەوە.
لە کاری پێواندا وەکوو چەندایەتییەک چاوی لێ دەکرێت کە بۆ دیاریکردنی بەر و دوای ڕووداوەکان و، پێکگرتنی ماوەی خایاندنیان و مەودای نێوانیان بەکار دێت. ھەروەھا، بۆ بەھەندکردنی خێراییی گۆڕانی چەندایەتییەکان لە واقیعی ماددیشدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. زۆربەی جارەکان وەکوو ڕەھەندی چوارەم ناوی لێ دەبرێت، لە پاڵ سێ ڕەھەندەکەی تر لە بۆشاییدا، واتە بەرزی و درێژی و پانی.
کات لە مێژە کە لە بوارەکانی دین و فەلسەفە و زانستدا بابەتێکی گرنگی تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ناساندنی بە شێوەیەک کە «بە دەور خۆ سووڕانەوە» ی تێدا نەبێت و وەبەردڵ ھەموو بوارەکانیش بکەوێت، شتێکە کە تاکوو ئێستا بەردەوام خۆی لە زانایان دزیوەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، بوارگەلی جۆربەجۆری وەک کاسبی، پیشەسازی، وەرزش، زانست و، ھونەر، گشت لە ڕوانگەی خۆیانەوە کاتیان تێکەڵ بە سیستمی پێوانیان کردووە.
لە فیزیکدا، کات ئەوەیە کە کاتژمێر دەیڵێت.
کات لە سیستمی نێونەتەوەییی یەکەکان ناسراو بە «ئێس ئای» و، سیستمی نێونەتەوەییی چەندایەتییەکاندا، یەکێک لە چەندایەتییە بنەڕەتییەکانە. یەکەی کات لە ئێس ئای چرکەیە. مەبەست لە بنەڕەتیبوونی کات ئەوەیە کە بۆ ناساندنی چەندایەتییەکانی تر، وەک خێرایی و تاو، بەکار دەبرێت و، بەم بۆنەوە ناساندنی خۆی لە ڕێگەی ئەم چەندایەتییانەوە نەگونجاوە و، پێناسەیەک کە بەم شێوەیە بە دەست بێت پێناسەیەکی بازنەیی دەبێت. پێناسەی کرداریی کات ھەم لە کاروباری ژیانی ڕۆژانە و ھەم لە تاقیکردنەوەگەلی پێشکەتوودا کەڵکی زۆری ھەیە. لەم پێناسەیەیدا، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگای چاوەدێریکردنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە دووپاتبوونەوەی ڕووداوێک کە سووڕی تێدایە (وەک ھاتوچووی ئاونگێک کە ئازادانە دەلەرێتەوە) یەکەیەکی ستاندارد وەکوو چرکە بە دەست بێنێت.
ئەم فیزیک وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article کات, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.