باوکی حامد محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی محەممەد کوڕی ئەحمەدی تووسی شافعی غەززالی (بە عەرەبی: أبو حامد محمد ابن محمد ابن محمد ابن أحمد الطوسي الشافعي الغزَّالي) یەکێکە لە دیارترین بیرمەند و خواناس و زانایانی ئیسلام، فەلسەفە و، سۆفیگەریی سەدەی پێنجەمی کۆچی: سەدەکانی ناوەڕاست.
لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لە شاری (تووس) لەدایک بووە. نازناوی "حجة الإسلام/بەڵگەی ئیسلام"ی پێ دراوە لەلایەن چەند زانایەک، ھەروەھا جەلالەدینی سیوتی بە یەکێک لە نوێکەرەوەکانی ئایینی ھەژمار کردووە، خاوەنی چەندەھا نووسین و پەرتووکە، لە بەناوبانگترین پەرتووکەکانی ژیاندنەوەی زانستەکانی ئایین (احیاء علوم الدین)ـە.
مێژووناسانی دوایی موسڵمانان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەڵێن محەممەدی غەزالی لە ساڵی ١٠٥٨ یان ١٠٥٩ز بەرامبەر ٤٥٠ یان ٤٥١ی کۆچی لەدایک بووە لە تەبەڕان - تووس (کە شارێکە ١٥ میل لە باکوری شاری مەشھەدی ئێستا لە ئێران). سەرەتا لە شارەکەی خۆی ھەر لە تەمەنی بچووکییەوە بنەما و یاساکانی ئیسلامی وەرگرت، پاشان چوو بۆ گورگان (یان جورجان) ئینجا چوو بۆ نەیشابوور لەگەڵ چەند قوتابییەک، لای جوەینی مایەوە و بە ماوەیەکی کەم شارەزا بوو لە فیقھ و کەلام و گفتوگۆ، پاش مردنی مامۆستاکەی (جوەینی)، لە ساڵی ١٠٨٥ز چوو بەرەو ئیسفەھان بۆ دادگای نیزامولمولک (وەزیری بەناوبانگی سوڵتانی سەلجوقی) کە ناسراو بوو بە کارەکانی لە دامەزراندنی ناوەندی فێربوون و زانست، ئەمیش بە بوونی ئەو دڵخۆش بوو، لای ئەو چاوپێکەوتنی لەگەڵ گەورە زانایان کرد، ئەویش پێی سەرسام بوو، غەزالیی کرد بە مامۆستایەکی سەرەکی لە قوتابخانەی نیزامییە لە بەغدا ساڵی ١٠٩١.
لە ساڵی ١٠٩٥ غەزالی بەرەنگاری تەنگەژەیەکی دەروونی بوویەوە و دەستی بە گومانکردن کرد لە نیەتەکانی لە وانە وتنەوە، ھەروەھا لە ژیاننامەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی «بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە پاکی بۆ خودا نەبوو، بەڵکو ھاندرا و پاڵنەرەکەی ناوبانگ و پلەی فراوان بوو.» جا وەک دڵنیایییەک بۆ ئەمە، وازی لە پۆستەکەی ھێنا لە نیزامییە و چوو بۆ دیمەشق و قودس و سەردانی بەیتولمەقدیسیشی کرد، ھەروەھا حیجاز، لە کاتی گەشتەکانی دا خۆی خەریک کرد بە (تەزکیە) و پاککردنەوەی ڕۆحی و نووسینی پەرتووکی (ئیحیا) و (القسطاس) و (الأربعین) و (محك النظر). لە کۆتاییدا ھاتەوە بۆ بەغدا ساڵی ١١٠٦ز و دەستی کردەوە بە وانەوتنەوە، گەشتەکانی و گەڕانەکانی بەدوای ڕێگاکانی پاککردنەوەی دەروون کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر ڕۆڵە گشتییەکەی، ھەندێکجاریش دەگەیشتە گفتووگۆ و مشت و مڕ لە کاتی نیشتەجێبوونی لە بەغدا. پاش ئەنجامدانی فەریزەی حەج غەززالی لەڕێگەی دیمەشق و بەغداوە گەڕایەوە بۆ شوێنی لەدایک بوونی بۆ شاری تووس و لەوێ قوتابخانەیەکی بچووکی (خانەقا )یەکی دامەزراند، پاشان چوو بۆ قوتابخانەی نیزامییەی نەیشابوور، و لە ساڵی ٥٠٥کـ/١١١١ز کۆچی دواییی کرد.
غەززالی بەرھەم و دانراوی زۆری ھەیە، لەوانە:
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە غەزالی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article غەزالی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.