فەرھاد پیرباڵ (لەدایکبووی ٢٠ی ئابی ١٩٦١ لە ھەولێر، عێراق) نووسەر، لێکۆڵەر، و مامۆستایەکی زانکۆی کوردە، خەڵکی باشووری کوردستانە و لە ھەولێر دادەنیشێت.
فەرھاد پیرباڵ | |
---|---|
لەدایکبوون | |
پەروەردە | زانکۆی سۆربۆن (دکتۆرا لەسەر مێژووی چیرۆکی کوردی) |
پیشە |
|
ھاوسەر |
|
مناڵ(ەکان) | تنۆک و ڕۆدان |
فەرھاد پیرباڵ ساڵی ١٩٨٤ زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، ھەمان ساڵ چووەتە ڕیزی یەکێتیی نووسەرانی شاخ، ھەر لەناو یەکێتیی نووسەرانی شاخیش یەکەم کتێبی چاپ کردووە، کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی «ماڵاوا ئەی وڵاتەکەم» بۆ ئەوەی خزمەتی سەربازی نەکات چووەتە ئێران، ھەشت مانگ لەوێ ماوەتەوە، دوایی چووەتە ئەڵمانیا ئینجا دانمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە و بە زەمالەی حکوومەتی فەڕەنسا کە لەلایەن ئینستیتیوتی کوردیی پاریسەوە دابەش دەکرا چووەتە فەڕەنسا.
پیرباڵ مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٤ گەڕاوەتەوە کوردستان، ھەفتەیەک دوای تەواوکردنی دکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری «مێژووی ئەدەبی نوێی کوردی» لە ساڵی ١٩٩٤ لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزراوە.
فەرھاد زۆرجار ڕەخنەی لە تێنەگەیشتنی کورد ھەبووە لەبەرامبەر کارەکانی، لە بەرنامەی کەوانەی سوور لە کەناڵی ڕووداو گوتی: «قەرەج شێتەکانی خۆیان فڕێ نادەن، بەڵام ئەنگۆ ئەمنتان فڕێ دایە». لە ١٤ی تەممووزی ٢٠١٩، فەرھاد پیرباڵ ئاگری بەردایە ماڵی وەفایی، کە دەزگایەکی کتێبە، لەسەر قسەی خۆی ئەم کارەی کردووە لەبەر ئەوەی مافی بەرھەمەکانی پێ نەدراوە. بەھۆی ئەم کارەیەوە دەستگیر کرا و دواتر لە دادگا ئازاد کرا و لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، داوای لێبوردنی لە دەزگاکە کرد. دواى ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە زانکۆ دەرکرابوو، بەپێی فەرمانێکى ئەنجومەنى وەزیران لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دووبارە لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرێندرایەوە.
فەرھاد پیرباڵ سەرەتا لەگەڵ تەرزە جاف ھاوسەرگیریی کرد، لەگەڵ ئەودا کچ و کوڕێکیان بوو بەناوەکانی ڕۆدان و تنۆک. دواتر لە تەرزە جیا بوویەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ ھاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ ئالا دڵشاد کرد، کە دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی حەیاتە. ھەر لە ھەمان ساڵدا، لەگەڵ ئالا جیابوونەوە.
پیرباڵ کاتێک کە لە دانیمارک و ئەڵمانیا بووە، سەرپەرشتیاری بەشی ئەدەب بووە، ھەروەھا وەکوو پەیامنێر و ئەندامی دەستەی نووسەران لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی وەکوو خەرمانە و نودەم لە ستۆکھۆڵم، یەکگرتن و دەروازە لە دانمارک، ھیوا لە پاریس، ھەروەھا گەلێک گۆڤاری دیکەش وەکوو دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکان کاری کردووە، لە ١٩٩٤ کە ھاتووەتەوە کوردستان لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بەرپرسی لاپەڕە بووە، لە «گۆڤاری وەرگێڕان» سەرنووسەر بووە کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەردەچوو، ھەروەھا لە زۆر گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکە وەکوو نووسەر یان سەرنووسەر بەشدار بووە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە فەرھاد پیرباڵ تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article فەرھاد پیرباڵ, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.