مەم و زین چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە کە ئەحمەدی خانی شاعیری کورد لە ساڵی ١٦٩٢ لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستیدا بە شێوەزاری کورمانجی کردوویەتی بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ.
خانی ڕوداوەکانی ناو داستانەکەی سەر لەنوو بەزیاتر لە (٢٥٥٠) دێر ھۆنراوە داڕشتەوە. مەم و زینی ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی کلاسیکی زمانی کوردییە. یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە. ھەژار شاعیر و نووسەری کورد، ھەر بە ھۆنراوە وەریگێڕاوەتەوە بۆ زاری موکریانی.
نووسەر | ئەحمەدی خانی |
---|---|
زمان | کوردی |
چەشن | مێژوویی، ڕۆمانسی، تراژیدی |
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە | ١٦٩٢ |
جۆری کتێب | چاپ (ھاردباک و پەیپەرباک) و کتێبی دەنگی |
لە ئێستادا گۆڕ و مەزارگەی مەم و زین لە بۆتان بۆتە شوێنێکی دیاری گەشتیاری لەو شارە.
ساڵی ١٩٩١ لە تورکیا فیلمێک لەم چیرۆکە دروست کرا کە دەرھێنەری Ümit Elçi بوو و بەھۆی قەدەغە بوونی بەکارھێنانی کوردی لەو سەردەمەدا بە زمانی تورکی دروستکرا. ئەم فیلمە بە نیشاندانی ئێوارەیەکی نەورۆزەوە دەست پێدەکات کە پیرەپیاوێکی کورد خەریکە چیرۆکی مەم و زین دەگێڕێتەوە بۆ لاوانی گوندەکە. پاشان فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕوودانی چیرۆکەکە. ئەم فیلمە لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداریی کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٢، لە کەناڵی کوردستان تیڤی زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی مەمی ئالان پەخشکرا کە لە چیرۆکی مەم و زین وەرگیرابوو، زنجیرەکە لەلایەن ناسر حەسەن کاری دەرھێنانی بۆ کرا.
لە ساڵی ٢٠٢١ تیمی ئەنیمەیشن هێڵی بەرهەمهێنانی فیلمی سێ ڕەهەندی مەم و زەین لەژێر دەرهێنانی: فەردین زارعی _ دەرهێنەری هونەر: دەلیر مەلەکی _ بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان: خێ بات کەریمی بە کەڵک وەرگرتن لە بەرزترین تەکنەلۆجیای جیهان لە شاری سنە (سانێ) دەخەنە بازاڕەوە. ، پایتەختی پارێزگای کوردستان ئێران دەستی کردووە بە ناساندن و ناردنی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە مەزنەی کوردی بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان.
زینەدین، میری بۆتان، دوو خوشکی ھەیە بە ناوەکانی «زین» و «ستی» (Sitî) کە لە جوانیدا بەناوبانگن. «تاجدین» یەکێک لە پیاوانی ژێردەستی میرە کە زۆر لایدا خۆشەویستە. تاجدین برادەرێکی ھەیە کە لە برا نزیکترە پێی و ناوی «مەم» ە. ئێوارەیەکی نەورۆز کە ھەموو خەڵکی گوندەکە لە دەرن و خەریکی جەژن و گۆبەندن مەم و تاجدین جلی کچانە لەبەر دەکەن.
ئیللا کو تەنێ مەمۆ و تاجدین | وان دانە خوە دوختەرانە تەزیین | |
یەعنی د دەما کو بوویە تەحویل | ئەو هەردو برا د جامە تەبدیل | |
ئستەبرەق و سوندسن د بەردا | چەند معجەر و مەقرەمە ب سەردا | |
کاکول کربوونە توررە هەرسوو | پەرچەم کربوونە زولف و گیسوو | |
وان لەو کربوو لباس تەسریف | دا قەت نەبتن ل وان چو تەکلیف |
زین و ستیش جلی کوڕان لە بەردەکەن و…
ئەو هەردو پوسەر وەکی دو پەیکەر | تابەندە ب شەکلێ شاهێ ئەختەر | |
یەک هەیئەت و شەکل و یەک لباسن | ئەمما د وی شەهری ڕەنگ نەناسن | |
سیرەت مەلەکن سوەر پەرینە | نە بائعن ئەو نە موشتەرینە | |
ڤان هەردو بران کو ئەو دو ئۆباش | دیتن دل و جان وە دان ب شاباش | |
ئەو ڕەنگ گەڕیان جونوون و والەھ | ئێدی قە نەبوون ژ عەقلی ئاگەھ | |
نە فەهم و خرەد نە عەقل و نە هۆش | ..گێڕبوونە ل سەر زەمینێ مەدهووش | |
في الجمله ژ عەقل و جانی تێر بوون | في الحالی ژ دوورڤە هەردو گێڕ بوون | |
وان هەردو فریشتەئێ د کوببار | دلدارەنە لێ جگەر کەبابن |
تاجدین و مەم دەیانەوێ پێکەوە بڕۆنە داوای ستی و زین، بەڵام پێیان دەڵێن کە بەیەک جار دوو کچی ماڵێ بە شوو نادرێن. مەم و تاجدین بڕیار دەدەن کە سەرەتا تاجدین بڕواتە خوازبێنیی و پاشان مەم. میری بۆتان لە خوازبێنیی تاجدین خۆشحاڵ دەبێ و ستی و تاجدین زەماوەند دەکەن.
دوای دەمێک ڕۆژێک میر دەچێ بۆ ڕاو و بە ھەموو خەڵکی گوندەکە دەڵێ لەگەڵیدا بێنە دەرەوە. مەم و زینیش کە ماوەیەکە لە یەک دوور کەوتوون و لە عیشقی یەکدا دەسووتن، لە باخی میردا یەکتر دەبینن. ئێوارە کە میر و ڕاوکەران دێنەوە، بەسەریاندا دێن، کە بە ھێژایی تاجدینەوە، میر ئاگادار نابێ. بەڵام پاش ماوەیەک «بەکۆ» (بەکر) وەزیری زاڵم و دڵپیسی میر، ڕازەکە لای میر ئاشکرا دەکات.
میر ڕابوو و دەست وپ ێ مەمێ بەست | تاجدین مرنا خوە وی دەمی خوەست | |
أما چ بکەت ژ بۆ نە عارە | جەللاد ئەمیرە خوندکارە | |
مەم گرت و شهاندە پێش سەرهەنگ | گۆ: حەبس بکن د قوللەیا تەنگ | |
دیوانی و مەجلسی بەلاڤ بوون | بالجمله ژ بۆ مەمێ د مەحزوون | |
دیوانە سفەت ب ئاھ و فەریاد | هەمیان دکرن ژ بۆ مەمێ داد |
ماوەیەک مەم لە گرتووخانە دەبێ. تاجدین و براکانی بۆ شفاعەت دەچن بۆ لای میر. میر دەڵێت:
ئەو رۆستەم و گێوە لەندەهایە | گەنجینەمە ئەز ئەو ئە ژدەهایە | |
بێژێ ب دلێ خوە من مەم و زین | هەردو ب حەلالی دانە تاجدین |
بەڵام پێش ئەوەی ھەواڵی بەخشینی میر بگات بە مەم، بەکۆ ژارئاوی پێدەدات. کاتێک زین ھەواڵەکە دێنێت بۆ مەم، مەم گیانی تیا نەماوە.
زینێ وهە گۆتە وی بەدیهی: | قم یا جسداً نفخت فیە | |
شەوقا خەبەرێ د ڤێ شەپالێ | بەربوویە سەرێ د وێ شەمالێ | |
وێ دوویێ قەبەس ژ شەوقێ ڕاگرت | قەندیلێ قەفەس قەبەس کو داگرت |
مەم ئەوەندە نامێنێت و لە ئامێزی زیندا دەمرێ. زین بەزەیی بە بەکۆدا دێ و ئازاوی دەکات. زین لە شینی مەمدا خۆی دەکوژێ و تاجدینیش بەکۆ دەکوژێ. مەم و زین لەپاڵ یەکدا و بەکۆش لە خواری ئەواندا دەنێژن.
وەکو چۆن دەڵێت:
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article مەم و زین, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.