کەمال مەزھەر ئەحمەد (١٤ی شوباتی ١٩٣٧ لە کەرکووک، عێراق – ١٦ی ئازاری ٢٠٢١) نووسەر، مێژوونووس، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ بوو.
لەدایکبوون | ١٤ی شوباتی ١٩٣٧ گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک |
---|---|
مەرگ | ١٦ی ئازاری ٢٠٢١ | (٨٤ ساڵ ژیاوە)
شوێنی گۆڕ | گردی سەیوان، سلێمانی |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | دوکتۆرای مێژوو لە ئەنستیتۆتی زانستەکانی سۆڤیەت |
پیشە | مامۆستای زانکۆ |
کەمال مەزھەر ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت. کەمال مەزھەر ئەحمەد لە سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە ئەنستیتۆتی ڕۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٨١ بە پایەی مامۆستایی لە مێژوو گەیشت. کەمال مەزھەر ئەحمەد دیسانەوە چوو بۆ عێراق و لە ساڵانی ١٩٧١ ھەتا ١٩٧٥ی زایینی سکرتێر و ھاوکاری سەرۆک لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردی بەغدا بوو. کەمال مەزھەر ئەحمەد لە زانکۆی بەغدا لە ئەنستیتۆتی گەلانی ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوو، ئەنستیتۆتی باڵای لێکۆلینەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەرییە و ھەروەھا ئەنستیتۆتی لێکۆلینەکانی عەرەبی وانەی داوە. ئەو ھەروەھا ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بوو.
ڕۆژی سێشەمە ١٦ی ئازاری ٢٠٢١ بنەماڵەی کەماڵ مەزھەر لە ڕێگای پەیامێکەوە خەلکی کوردستانیان لە کۆچی دوای کەمال مەزھەر لە تەمەنی ٨٤ ساڵی لە وڵاتی ئەلمانیا ئاگادارکردەوە. ھۆکاری مردنەکەی بۆ بوونی نەخۆشی درێژخایەن گێردرایەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجی گەڕانەوەی تەرمی کەمال مەزهەر لە ولاتی ئەڵمانیاوە بۆ عێراق لە سەر ئەرکی حکومەتدا.ڕۆژی سێشەمە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢١ تەرمەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لە لایەن وەزیری ڕۆشنیری و پارێزگاری ھەولێر پێشوازی لێکرا. ڕۆژی چوارشەمە مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ ئەنجامدرا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. دوایی نیوەرۆى ڕۆژی چوارشەممە تەرمەکەى گەیشتەوە شارى سلێمانى و لەلایەن پارێزگار و ژمارەیەک بەرپرسانى باڵاى حزبى و حکومیەوە پێشوازى لێکرا، دواى ئەوەى نوێژى مردوو لەسەر تەرمەکەى کرا لە رێورەسمێکدا لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article کەمال مەزھەر, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.