ئاڵای کوردستان (بە کوردیی باکووری: Ala Kurdistanê، یان Ala rengîn، ئاڵا ڕەنگین) ئاڵای فەرمیی ھەرێمی کوردستانە.
لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان، لە دامودەزگا حکوومییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان شەکاوەیە. ئەم ئاڵایە زۆر جار وەک ئاڵای کوردستانی گەورە دەبیندرێت.
Name | ئاڵای کوردستان |
---|---|
ڕێژە | ٢:٣ |
بەکارھاتوو | دەیەی ١٩٢٠ لەلایەن خۆیبوون ١٩٢٧–١٩٣٠ لەلایەن کۆماری ئارارات ١٧ی کانوونی دووەم لەلایەن کۆماری مەھاباد ١٩٩٢ لەلایەن کۆماری کوردیی لاچین ١٩٩٢ لەلایەن ھەرێمی کوردستان |
دیزایین | سێ ڕەنگی سوور، سپی و سەوز لەگەڵ ڕۆژێکی زەرد بە ٢١ تیشک لە ناوەڕاستی ئاڵاکە (ڕۆژی کوردی) |
ئاڵای نەتەوەیی کوردی، بۆ یەکەمجار لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی خۆییبوونەوە ھەڵبژێردرا بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو کوردانەی کە لە دژی دەوڵەتی عوسمانی خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکەن.
ئاڵای کوردی لە ساڵی ١٩٣٢ بە ژمارە ١١ (١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٢) لەسەر ھەردوو بەرگی گۆڤاری ھاوار بە ڕەنگی چاپ بڵاوکرایەوە. ڕەنگەکانی ئاڵاکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە سوور، سپی و سەوز بوون و خۆرێکی زێڕین بە ١٨ تیشکەوە لە ناوەڕاستیدا بوو.
کۆماری مەھاباد دووەم دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بوو لەدوای کۆماری ئارارات، کە لە ساڵی ١٩٢٧ ڕاگەیەندرا و دواتر لە ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن سوپای تورکیاوە شکستی پێ ھێندرا. کۆماری کوردیی مەھاباد لە ٢٢ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ و پێنج مانگ دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانیی دووەم لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دامەزرا، وەک دەوڵەتێکی بووکەڵەیی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەم کۆمارە کەمتر لە ساڵێک توانی بەرگە بگرێت. بەڵام ئاڵاکەی ھێشتا وەک ھێمایەک بۆ سەربەخۆیی کورد سەیر دەکرێت.
لە ساڵی ١٩٤٥، کاتێک کچێکی ١٤ ساڵان بە ناوی فاتیمە ئەسەد شاھین، لە شارۆچکەیەکی بچووکی باشووری کوردستان لەگەڵ نەھمان عیسا ھاوسەرگیری دەکات، لە ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی بەشداری دەکات. لەو کاتەدا مستەفا بارزانی لە پلانیدا بوو بەشداری شۆڕشیی کوردانی ڕۆژھەڵات بکات و پشتگیری لە قازی محەممەد، سەرکردەی شۆڕشەکە بکات. لە ئاھەنگەکەدا مەلا مستەفا پرسیار لە نەھمان عیسا دەکات کە «ئایا ھاوسەرەکەی دەتوانێت ئاڵایەک دروست بکات؟» فاتیمە بە داواکارییەکە ڕازی دەبێت، و داوا لە مەلا مستەفا دەکات کە شێوە و ڕەنگەکانی پێ بدات.
دەمزانی ئەمە ئاڵایەکە بۆ کوردەکان، بەڵام نەمدەزانی ئەوەندە گرنگ دەبێت بۆیان. من ئێستا باشتر لەمە تێدەگەم.
— فاتیمە ئەسەد
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا کۆماری مەھاباد ڕاگەیەنرا و قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشان کرا.
کاتێک قازی چووە سەربانەکە و وتاری پێشکەش کرد، بینیم ئەو ئاڵایەی کە من دروستم کردبوو بەدەستییەوەیەتی، ھەمووان چەپڵەیان لێدەدا و سروودی نەتەوەیی کوردیان دەوتەوە.
— فاتیمە
ئاڵاکەی فاتیمە جیاواز بوو لەگەڵ ئەو ئاڵایەی کە ئێستا بە ئاڵای کۆماری مەھاباد دادەنرێت، تەنیا ڕۆژێکی کوردی ١٨ تیشکی لە ناوەندیدا بوو، بە پشتبەندێکی سێ ڕەنگیی ئاسۆیی سوور، سپی و سەوز.
لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک ھەوڵی دووبارە دامەزراندنەوەی ئیدارەی کوردستانی سوور دەدرا، ئاڵاکەی خۆییبوون دیاریکرا وەک ئاڵای کۆماری کوردیی لاچین.
ئاڵای کوردستان پێک ھاتووە لە سێ ڕەنگی سوور، سپی، سەوز و دروشمێک لە ناوەندی.
ئاڵای کوردستان لە لاکێشەیەکی ئاسۆیی پێکھاتووە، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ناوەند ڕەنگی سپییە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێ درێژییەکەیەتی.
دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ تیشکی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە کە ڕێکەوتی ٢١ی ئازار دەگەیەنێت کە نەورۆز و سەرەتای ساڵی ڕۆژژمێری کوردییە.
بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێیەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە تیشکەکانیەوە یەک پێوەرە و بەبێ تیشکەکان نیو پێوەر، ئەم تیشکانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خاڵێکی تیژ دروست دەکەن. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە ناوەندی ئاڵای کورستان جێگیر بێت. خۆر بەشێوەیەک جێگیر کراوە کە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین تیشک تێدەپەڕێت.
ڕەنگ | واتا |
---|---|
سوور RGB: (235,35,35) HEX: #ED2024 | خوێنی شەھیدانی ئازادیی نیشتمان |
سەوز RGB: (39,138,65) HEX: #278E43 | ھێمای سروشت و ژینگەی کوردستان |
زەرد RGB: (250,185,20) HEX: #FEBD11 | ئاماژەیە بۆ ڕۆژی کوردی |
سپی RGB: (255,255,255) HEX: #FFFFFF | ئاشتی و پێکەوەژیان |
لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئاڵای کوردستان تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ئاڵای کوردستان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.