عوسمان کوڕی عەفان،سێیەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی موژدەی بەھەشتیان پێدراوە، و ئەوانەی لە سەرەتاوە چوونە ئیسلامەوە، و نازناوی زو لنورەینە (واتە خاوەنی دوو ڕووناکی) ئەمەش لەبەر ئەوەی ھاوسەری دووان لە کچەکانی پێغەمبەر محەممەد بووە، ڕوقییە ھاوسەری یەکەمی بوو پاشان لەدوای مردنی ئەو ئوم کەلسوم بووەتە ھاوسەری.
عوسمان کوڕی عەفان | |
---|---|
خەلیفەی سێ ڕاشدین | |
خەلافەتی عوسمانی کوڕی عەفان لە فراوانترین ئاستیدا، ساڵی ٦٥٥ک | |
ماوەی حوکم | (٢٣–٣٥)ک بەرامبەر (٦٤٤–٦٥٦)ز |
لە دایکبوون | ٥٧٩ز |
شوێنی لە دایکبوون | مەککە |
وەفات | ساڵی ٣٥ ک بەرامبەر ٦٥٦ز |
شوێنی وەفات | مەدینە |
شوێنی نێژران | بەقیع |
جێگر | عەلی کوڕی ئەبوتالیب |
باوک | ئەبوعاس کوڕی ئومەیە |
دایک | ئەروا کچی کریز |
ئایین | ئیسلام |
عوسمان کوڕی عەفان کوڕی ئەبوعاس کوڕی ئومەیە کوڕی عەبد شەمس کوڕی عەبد مەنافە، لە نەوەی بەنی ئومەیە و لە پێشەوا و بەڕیزەکانیان بووە و ھەروەک زۆر دارا بووە، و کوڕی مامی ئەبوسوفیانی کوڕی حەرب بووە کە جەنگا لەگەڵ پێغەمبەر پێش ئیسلام بوونی لە فەتحی مەککەدا، لە دایک بووە لە مەککە شەش ساڵ پێش ساڵی فیل، لە سەردەمی نەفامیدا لە بەڕێز و دەوڵەمەندەکان بووە، بەڕێزترین کەسی تیرەکەی خۆی بووە، ناوبانگێکی بەرزی ھەبووە، و ھۆزەکەی ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و خۆشیان ویستووە.
عوسمانی کوڕی عەفان ئیسلام بوو لە سەرەتای ئیسلامدا، کاتێک تەمەنی سی وچوار ساڵ بوو کاتێک ئەبوبەکری سدیق بانگی کرد بۆ ئیسلام بێ ھیچ سستی و دوودڵییەک وەڵامی داواکەی ئەبووبەکری دایەوە، و ئەبوئیسحاق لەمبارەیەوە ئەڵێت؛ بە عوسمانەوە ژمارەی پیاوە موسڵمانەکان بووە چوار کەس. عوسمان یەکەم کۆچکردوو بوو بۆ حەبەشە بۆ پاراستنی ئیسلام پاشان کۆچکردووەکانی تر ڕۆیشتن لە دوای ئەو بۆ حەبەشە، پاشان کۆچی دووەمی کرد بۆ مەدینە، عوسمان ڕوقییەی کچی پێغەمبەری ھێناوە و لەگەڵیا کۆچی کردووە بۆ حەبەشە و مەدینە، و دەڵێن باشترین ھاوسەر کە مرۆڤ بینیونی ڕوقییە و عوسمان بوون، پاشان ڕوقییە نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد ساڵی ٢ی کۆچی لە کاتی شەڕی بەدردا، عوسمان زۆر خەفەتبار بوو بۆی و پێغەمبەر کچەکەی تری (ئوم کەلسوم)ی کردە ھاوسەری عوسمان، لەبەر ئەوە عوسمان ناونرا بە (زو لنورەین) لەبەر ئەوەی دوو کچی پێغەمبەری ھێناوە، و پیغەمبەری ئیسلام متمانەی پێی بووە و خۆشی ویستووە و ڕێزی لێگرتووە بۆ جوانی ڕەوشت و ھەڵس وکەوتی و بۆ خەرجکردنی ماڵەکەی لە سەرخستنی ئیسلامدا، و مژدەی بەھەشتی پێداو وەک ئەبوبەکر و عومەر و عەلی و ئەوانی تر لە دە کەسە مژدە پێدراوەکە؛ و ھەواڵی پێداوە کە بە شەھیدی دەمرێت، زۆر کەسێکی خۆشەویست بووە لە قوڕەیش و لەسەر خۆ و ھەست ناسک بووە و زۆر چاکەکار بووە، و پەیوەندی لەگەڵ ئەبوبەکر و عومەر و عەلی زۆر باش بووە، و قورئانی لەبەربووە.
جێگەی عوسمان وەک جێگەی زۆربەی ئەو ھاوەڵانە بوو کە مژدەی بەھەشتیان پێدرابوو، کە ھەردوو خەلیفەکە نەیانناردنە سوپاوە بۆ پێویستیان بە ڕاوێژیان لە مەدینە؛ و ڕۆڵی ھەبوو لە ھەڵبژاردنی عومەری کوڕی خەتاب بە جێنشینی ئەبوبەکر، کاتێک ئەبوبەکر ڕاوێژی پێکرد لە ھەڵبژاردنی عومەر، عوسمان وتی؛ (ئەو پیاوێکە نھێنییەکەی بەرزترە لە ئاشکراکانی)، و وەسیەتەکەی ئەبوبەکری نوسیوە.
عوسمان خەلافەتی گرتە دەست کاتێک لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا، و خەلافەتی گرتە دەست لە دوای شەھید بوونی عومەری کوڕی خەتاب، لە ھەڵبژاردنی بۆ خەلافەت بەسەرھاتێک ھەیە کە ناسراوە بە بەسەرھاتی شورا (ڕاوێژ)، ئەمەش کاتێک کە عومەری کوڕی خەتاب بریندار بوو شەشە لە ھاوەڵەکانی بانگ کرد کە ئەوانیش، عەلی کوڕی ئەبوتالیب و عوسمانی کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس و زوبێری کوڕی عەوام و تەڵحەی کوڕی عوبەیدولڵا بوون، تا لە نێوانیاندا خەلیفە ھەڵببژێررێت، ھەموو بانگکردووەکان ھاتن بۆ دیداری عومەر بێجگە لە تەڵحە کە لە سەفەردا بوو، و عومەر داوای لێکردن کە خەلیفەیەک ھەڵبژێرن لە نێوانیاندا لە ماوە سێ ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە کۆچی دوایی عومەر بۆ پاراستنی یەک ڕیزی موسڵمانان، وبە چەند ھۆکارێکی جیاواز دوو کەس پاڵێوران بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمیان عەلی کوڕی ئەبوتالیب بوو کە نزیکایەتی ھەبوو لەگەڵ پێغەمبەر، و دووەمیان عوسمانی کوڕی عەفان بوو کە شوێنێکی بەڕێزی ھەبوو لای کۆچکردووەکان و لە نێو قوڕەیشدا، لە کۆتاییدا عوسمان ھەڵبژێردرا و موسڵمانان موبایەعەیان پێدا لە مزگەوتی بەیعە لە ساڵی ٢٣ی کۆچی، وبووە سێیەم خەلیفەی ڕاشدین.
خەلیفە عوسمان زۆربەی نزیکەکانی خۆی کردە والی شوێنەکان و گرنگی نەدا بەو ھاوەڵانەی کە شیاو بوون، کە ئەمەش گرنگترین ھۆکار بوو بۆ شەھیدبوونی عوسمان، ئەو والیانەی کە عوسمان دای نان لە نزیکەکانی خۆی بوون، ئەمانەن؛
لە گرنگترین ئەو ئیشانەی لە سەردەمی عوسماندا کران فەتحی مەرو و تورکیا و فروان بوونی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، و لە ڕۆژانی خەلافەتی عوسماندا فەتحی ئەسکەندەرییە و ئەرمینیا و قەوقاز و خۆراسان و کرمان و سجستان و قوبرس کرا، ھەروەھا لە سەردەمی ئەودا مزگەوتی پێغەمبەر فراوان کرا، و یەکەم کەشتی دەریایی ئیسلامی دروست کرا بۆ پارێزگاری کەنارە ئیسلامییەکان لە ھێرشی بیزەنتییەکان، و لە گرنگترین ئیشەکانی کۆکردنەوەی قورئان بوو لە یەک کتێبدا دوای ئەوەی کە لە سەردەمی ئەبوبەکردا دەستکرا بە کۆکردنەوەی.
لە سەردەمی فراوانبوونی ئیسلام و بڵاو بوونەوەی لە زۆر وڵاتدا، ھاوەڵەکان جیابوونەوە، ئەمەش بووە ھۆی دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز بۆ قورئان و لە ترسی جیاوازی لە نووسینەوەی قورئان، و گۆڕینی زمانەکەی، عوسمان ھەموو موسڵمانانی کۆکردەوە لەسەر زمانی قوڕەیش یان دیالێکتی قوڕەیش کە ئەویش دیالێکتی عەرەبە، و قورئانی نوسیوە بە زمانی عەرەبی، و ناونرا (قورئانی عوسمان)یان قورئانی ئیمام.
عوسمانی کوڕی عەفان شەھیدکرا لە ساڵی ٣٥ی کۆچی و بە شێوەیەکی ناشیرینانە، لە کاتێکا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا بوو و شەھیدبوونی لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە ناڕازییەکان بوو لە دەسەڵاتی، ئەوانی کە دواتر لە ئایین لایان دا و دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕێککەوتن، و لە بەقیع نێژرا؛ و شەھیدبوونی عوسمان پێشەکییەک بوو بۆ ڕووداوە دیارەکانی مێژووی موسڵمانان وەک شەڕی جەمەل و شەری سەفین.
لە ئیبن عومەرەوە، ئەڵیت، پێغەمبەر فەرموویەتی ئاژاوەیەک ڕوو دەدات، پیاوێک ڕۆیشت لەبەردەماندا، وتی؛ ئەم پیاوەی تیا دەکوژرێت بە زوڵم لێکراوی، کە سەیرم کرد پیاوەکە عوسمانی کوڕی عەفان بوو.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە عوسمان کوڕی عەفان تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عوسمان کوڕی عەفان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.