کۆمەڵکوژیی قۆنیە ھێرشێکی ڕەگەزپەرستانە لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢١ لە ناوچەی مێرامی قۆنیە، تورکیا بوو کە لە لایەن کەسێکی تورک بۆ سەر بنەماڵەیەکی کورد ئەنجامدرا.
لە ئەنجامی ھێرشەکەدا، خانووەکە و ئەو شوێنەی خێزانەکە تێیدا دەژیا، سووتێنران، و ھەر حەوت ئەندامی خێزانەکە، کە لە چوار پیاو و سێ ژن پێکھاتبوون بە دەستڕێژی گوللە کوژران. ناوی ئەم خێزانە کوردە دەدەئۆغوڵڵاری بوو کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ بوو لە قۆنیە دەژیان. ھەروەھا ئەم کارەساتە وەکوو «کۆمەڵکوژی» ناوی لێدەبرێت. ١٢ی تەممووزی ٢٠٢١ گرووپێکی تووندڕەو هێرشیان کردە سەر ھەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە تووندڕەوە دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران. ئەو گرووپە لە دوای ھێرش و کوشتنی ئەو بنەماڵە کوردە، ئاگریان لە تەرم و خانووەکەیان بەردا.
ھێرشی سەر خێزانی کورد لە قۆنیە | |
---|---|
شوێن | ناوچەی مێرام، قۆنیە، تورکیا |
ڕێکەوت | ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢١ |
ئامانج | کوشتنی خێزانێکی حەوت کەسەی کورد |
جۆری ھێرش | کۆمەڵکوژی |
چەکوچۆڵ(ەکان) | دەمانچە |
قوربانی | ٧ کەس |
ھەنگاونەر(انی) تۆمەتبار | محەممەد ئاڵتوون |
ژمارەی بەشداربووان | ١ کەسی چەکدار |
بەپێی ئەو ھێرشە حەوت کەس لە خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری، بە ناوەکانی یاشار، باڕش، سەرپیل، سێراپ، ئیپەک، مەتین و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری گیانیان لەدەستدا. ئەو خێزانە کوردە ٢٤ ساڵ بوو لەو ناوچەیەی قۆنیە دەژیان و ئەو ماڵەی ئەوکات ھێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون.
بەرپرسانی تورکیا گەرچی پێیان وابوو کە ئەم ھێرشە لەبەر ھۆکاری نەژادی ڕووینەداوە، بەڵام ڕایانگەیاند کە ١٠ کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون و خراونە ناو بەندیخانە. چەند ڕۆژ دوای ڕووداوەکە دادگای کۆماری لە کۆنیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوژرانی خێزانێکی حەوت کەسی، بکوژی خێزانەکە کە کەسێکە بە ناوی محەممەد ئاڵتوون، لە نزیک گوندی ئووچپنارلەری سەر بە ناوچەی بۆزکر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. دواتر محمەممەد ئاڵتوون لە ٥ی ئابی ٢٠٢١ لە دادگای قۆنیەدا دادگایی کرا و خرایە ناو بەندیخانە.
لە دوای تەواوبوونی کاری توێکاری بۆ تەرمەکان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢١ تەرمەکان وەرگیرانەوە و ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە. بە ئامادەبوونی سەدان کەسیش، نوێژی مردوویان لەسەرکرا و سەرئەنجام تەرمی ھەر حەوتیان لە گۆڕستانی سەراجئۆغڵووی قۆنیا ناشتران. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ھەدەپە، جەھەپە و ژمارەیەک لایەنی سیاسی و خەڵکی ناوچەکە بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنیان.
لە ھەندێک شار و ناوچەی تورکیا و کوردستان وەکوو مەخموور، وان، ئێلح، ڕحا، ئەنتاکیا، ئەسکەندەروون و ئادانا خەڵکی کورد خۆپیشاندانیان لە دژی ئەم کارەساتە ئەنجامدا.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article کۆمەڵکوژیی قۆنیە (٢٠٢١), which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.