عومەرئاغا عەلییار، نووسەری کورد له ساڵی ١٩٢٠دا له شاری بۆکان له دایک بووه.
عومەرئاغا عەلییار | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٢٠ ئاختەتەر ، بۆکان |
مەرگ | ٢٠٠٧ |
نەتەوە | کورد |
ئایین | ئیسلام ، سوننی |
مناڵ(ەکان) | عەبدوڵڵا |
بنەماڵەی عەلییار لە عەشیرەتی دێبوکرین. عومەرئاغا عەلییار خوێندنی سەرەتایی لە شاری بۆکان و هەمان خوێندنگەی شاپوور، تەواو کرد و لە ڕەزبەری ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی بۆ خوێندنی ناوەندی ڕووی کردە تەورێز. پلەی ناوەندیی عەسکەری لە خوێندنگەی ڕوشدییە گوزەراند و ساڵی ١٣٢٠ دیپلۆمی ڕییازی وەرگرت، بەڵام رووداوەکانی گەلاوێژی ١٣٢٠ی ئێران بوونە هۆی تێکچوونی بارودۆخی وڵات و ئیتر ئەو نەیتوانی لەوە پتر درێژە بە خوێندن بدا. ئەوە بوو کە گەڕایەوە لای باوکی و ئەرکی مونشیگەریی ئەوی وەئەستۆ گرت. بەو بۆنەوە زۆربەی نامە و پێوەندییەکانی کاروباری عەشایر و ڕووداوەکانی ئەو سەردەم، لە ژێر ئاگاداریی عومەرئاغادا بوو. ئێستا سەدان لاپەڕە دەستنووس و قەباڵە و بەڵگەنامەی مێژوویی، لە پەڕتووکخانەکەی ئەودا، ئاڕشیوێکی گەورە و هێژایان پێکهێناوە کە بۆ ساغکردنەوەی مێژووی کوردستان بە گشتی و موکریان بە تایبەتی، گەلێک گرینگ و پڕ بایەخن.
عومەرئاغا لە ساڵی ١٣١٥ەوە تا ١٣٨١، بە ماوەی ٦٦ ساڵ، لەگەڵ کتێب ژیا. کتێبخانە گەورە و بچووکەکانی وڵاتی پشکنین و سەرچاوەیەکی مەزنی کوردناسی و ئێرانناسی و مێژوویی لە ماڵی خۆیدا پێکهێنا کە هەڵبژاردەی گرینگترین و نایابترین سەرچاوەکانن لەم مەیدانەدا.
لە ساڵی ١٣٦٥ەوە تا دوایی تەمەنی، بە ماوەی ١٦ ساڵ، بەرهەمی موتاڵا و ئەزموونەکانی خستە چوارچێوەی پەڕتووکێکی مێژوویی بە زمانی فارسی، بە ناوی "مهاباد بر قلەی تاریخ"، کە دەستنووسێکی باییدار و خۆشخەتە و لە هاتنی میرسێوەدینی موکری(ساڵی ٨٧٧ی مانگی) ڕا هەتا ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی گرتووەتەخۆ و باسی ٥١٩ ساڵ مێژووی موکریان بە گشتی و مەهاباد بە تایبەتی دەکا.
دەستنووسەکە بە خەتی عومەرئاغا خۆیەتی و ٣١٥ لاپەڕەیە و بریتییە لە دوو بەش. بەشی هەوەڵ کە ٢٢٢ لاپەڕەیە، لە مێژووی موکریان دەدوێ و بەشی دووهەم کە ٩٣ لاپەڕەیە، کورتەیەکی مێژووی کوردستان و ڕووداوەکانی باشوور باس دەکا. پێشەکیی کتێبەکە زۆر گرینگە و هەروەها سەدان وێنە و قەباڵە و بەڵگەنامەش لە پاشکۆدا، نرخی کتێبەکەیان تا ڕادەی ئینسکلۆپێدیایەکی مێژووی موکریان بردووەتە سەر. یەک لەو بەڵگەنامانە، شەجەرەنامەیەکی ئێلی دێبوکرییە، کە لە قەوارەی ٣×٥/١ میتر دا، پشتاوپشت و بە بێ لە قەڵەم خستنی تاکە کەسێک، لە دوایین ڕۆژی ژیانی خۆیەوە تا سەردەمی نادرشای هەوشار، سەرجەم بەرەی بەیرەمئاغای گرتووەتەوە و هەر تیرە و تایفەیەک بە ڕەنگێکی جیاواز دیاری کراوە.
هیوای گەلی ئێمە ئەوەیە کە ئەم پەڕتووکخانە بە نرخە و ئەم دەستنووسە هێژایە، کە لە ڕاستیدا سامانێکی نەتەوەیییە، بە هەوڵ و دڵسۆزیی کاک عەبدوڵڵای کوڕی عومەرئاغا و بنەماڵەی بەڕێزی عەلییار، بپارێزرێن و هەر بە دابی گەورەماڵی کوردەواری، جێگەی ڕووناکی بەخشین و کەڵکوەرگرتنی هۆگران و سەوداسەرانی فەرهەنگ و مێژووی کوردستان بێ.
عومەرئاغا عەلیار، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممۆ، ٢ی ڕەشەمەی ١٣٨٥ی هەتاوی، ڕێکەوتی ٢١ی فێورییهی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عومەرئاغا عەلییار, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.