دونبەلی یا دۆنبۆلی، عەشیرەتێکی بە ڕەچەڵەک کوردن(کورمانج)، کە دانیشتووی ناوچەکانی خاناتی خۆی لە پارێزگای ورمێ و خاناتی تەورێز بوون و بە زمانی تورکی ئازەری قسە دەکەن.
دونبەلی لە بۆتانەوە هاتوون، کە ناوچەیەکی کوردیی لە نێوان سێرت و جزیرە لە باکووری کوردستان. یەکەم باپیریان عیسا بەگ بوو، ساڵی ١٣٧٨ بوو بە میری سەکماناوا(ماکۆ). ئەو کوڕەزای شێخ ئەحمەد بەگە کە لە خزمەت تورکمانانی ئاق قۆیونلوو بوو، و هەروەها ئەم بنەماڵە چەندین پۆستیان لە دەوڵەتی فارس بە دەستەوە بوو. ئەحمەد بەگ کوڕی حەجی بەگ(حەجی سوڵتان) لە سەردەمی تاماسپی یەکەمی سەفەوی لە وڵاتی عەجەم، میری سۆکماناوا و خۆی بوو. ساڵی ١٥٣٠ بنەماڵەی دونبەلی توانی میرنشینێکی نیمچە سەربەخۆ لە ناوچەکە دابمەزرێنێ کە هەرێمی چورس و سەڵماسی دەگرتەوە. لە سەردەمی شا عەبباسی یەکەم ئەم بنەماڵە میرنشینەکەیان بۆ چورس و خۆی پەرە پێدا و هەندێکجار بۆ دەسەڵاتی زۆرتر شەڕیان دەکرد. پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سەفەوییەکان، میرانی دونبەلی لە ساڵی ١٧٣٦ەوە، بوون بە خانی میراتی خۆی و تەورێز. خێڵی دونبەلی وەک حاکمانی نیمچە-سەربەخۆ بۆ نزیکەی پەنجا ساڵ لە نێوان مەرگی نادرشای ئەفشار لە ساڵی١٧٤٧ تا بە پادشا بوونی ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ لە ساڵی١٧٩٦، حکومەتی خاناتی خۆی و هەروەها تەورێزیشیان دەکرد. ئەوان هەروەها هاوپەیمانی سێ خانەدانی حاکمی ئەفشار(خانەدانی ئەفشاری)، زەند(زەندییەکان) و قاجار(قاجاڕەکان) لە وڵاتی عەجەم بوون.
یەکەم میری هەڵکەوتوو و دیاری ئەم کاتە نەجەف قولی خان بوو. پاش کوشتی شاباز خانی یەکەمی بابی نەجەف قولی خان بە دەستی خاڵی، ئەیووب خانی چورس، بوو بە جێنشینی ئەو وەک میری چوورس و سەڵماس. ساڵی١٧٣٤ نەجەف قولی وەک سەردەستەی چەکداران چووە خزمەتی نادرشای ئەفشار و لە داگیرکردنی هیند(ھیندستان) لەگەڵی بوو و نازناوی بە ئەمیر ئەلئومەرای(میری میرانی) پێ بەخشرا و بووەوە بە میری خۆی. ساڵی ١٧٤٢ بوو بە بەگلەربەگی(حاکمی حاکمان) تەورێز. ساڵی ١٧٤٧ بوو بە خانی حاکمی تەورێز و هەروەها لە سەردەمی جێنشینانی نادرشایش هەر لەم پۆستەی مایەوە. لە شەڕی جێنشینی نێوان چەندین داواکاری پادشایی وڵاتی عەجەم، نەجەف قولی خان و شاباز خانی دووهەمی برازای ساڵی١٧٥٠ چوونە پاڵ فەتح عەلی خانی ئەفشاری-ئەرەشلووی ورمێ. حکومەتی خۆی و سەڵماس بە شاباز خانی دووهەم بەخشرا و نەجەف قولی خان تەورێز و چوورسی بە دەستەوە بوو. پاش مەرگی فەتح عەلی خان، ساڵی ١٧٥٧، خانەکانی دونبەلی بەڵێنی سۆز و وەفاداری خۆیان بە محەمەد حەسەن خانی قاجار دا. ساڵی١٧٦٢ بەڵێن و پەیمانیان بە کەریم خانی زەند دا. ئەو ساڵی ١٧٦٣ عەبدولڕەزاق بەگی کوڕی وەک بارمتە نارد بۆ شیراز. ئەگەرچی نەجەف قولی خان وەک میری ئارام لە خاناتی خۆی مایەوە و شەهباز خان وەک حاکمی خۆی مایەوە لە شیراز، دەسەڵاتی ڕاستەقینێی دونبەلی بە دەستی ئەمیر ئەحمەد خان برای شەهباز بوو، کە لە ١٧٦٣ تا کاتی مەرگی لە ١٧٨٦ وەک بەهێزترین میری دونبەلی و ڕکەبەری ئاغا موحەمەد خان بۆ سەرۆکایەتی وڵاتی عەجەم بوو . لە ئەنجامدا ساڵی ١٧٨٦ ئەحمەد خان لەگەڵ کوڕە گەورەکەی بە دەستی کوڕەکانی شەهباز کوژران،کە ڕەنگەبە ئەمری شای قاجار کردبێتیان. کوڕی دووهەمی ئەحمەد خان واتە حوسەین قولی خان ساڵی ١٧٨٦ بوو بە جێنشینی باوکی. ساڵی ١٧٩١ ئەو لەگەڵ ئاغا موحەمەد خان و خانەدانی قاجار پەیمانی بەست و بوو بە میری تەورێز، خۆی و ئەردەبیل. ساڵی ١٧٩٢ حوسەین قولی خان بوو بە ئەمیر ئەلئومەرا و بەگلەربەگی ئازەرباینجان. ئەو هەروەها لە بۆنەی تاج لەسەرنانی پاشایەتی ئاغا موحەمەد خان لە دەشتی موغان بەشدار بوو، لەوێ بوو ئاغا موحەمەد خان خۆی وەک شاهەنشا و ئیمپراتۆری سەرانسەری ئێران ناساند. ساڵی ١٧٩٣ کاتێک بوو بە هاوپەیمانی ئیبراهیم خالی خانی جەوانشیر حاکمی قەرەباغ، و کچی ئەوی خواست، لەبەر چاوان کەوت. پاش مەرگی حوسەین قولی خان لە ساڵی ١٧٩٨ برای جەوانتری واتە جەعفەر قولی خان بوو بە جێنشینی. هەروەها لەگەڵ دوو شەڕی ڕووس و عەجەم، میرایەتی و حکومەتی دونبەلییەکان لە ساڵی ١٨٠٩ کۆتایی پێ هات و دەسەڵاتی ناوچەیی ئەوان لە ساڵی ١٨٢٧ تەواو بوو. بەڵام ئەندامانی بنەماڵە چەندین پۆستی حکومەتییان لە ئازەرباینجان و پارێزگاکانی تری وڵاتی عەجەم بەدەستەوە بوو .
لقێکی تر لە دونبەلییەکان چووبوونە کاشان، و ئەندامی بەرچاو و بەناوبانگی ئەوان فەتح عەلی خانی سەبای دونبەلی " مەلەک ئەلشوعەرا" ، شاعیر و شێوەکاری فەتح عەلی شای قاجار بوو.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article دونبەلی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.