لەیلا قاسم (لەدایکبووی ١٩٥٢ لە خانەقین، کوردستان–مردووی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لە بەغدا، عێراق) چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو، کە ڕژێمی بەعسی عێراق لە بەغدا لە سێدارەی دا.
لەیلا قاسم وەک یەکەم کچی شەھیدی خەباتی کورد وە زۆر جاریش بە بووکی کوردستان ناوی دەھێنرێت.
لەیلا قاسم | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٥٣ |
مەرگ | ١٢ی ئازاری ١٩٧٤ | (٢٠–٢١ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | لە سێدارەدان |
پیشە | چالاکوانی سیاسی |
کار | بووکی کوردستان |
لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە، لەیلا سێ برا و خووشکێکی ھەبووە بەناوەکانی سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح. قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین کراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. ھەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریکی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەکەیان لەپای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە.
لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.
لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی ١٩٧٠ بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کردستان. لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان. لە کاتێکدا کە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.
لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو. لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.
لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا لەپێناو سەرکەوتنی دۆزی گەلەکەیاندا. لەیلا بە خەبات و تێکۆشانی خۆی سەلماندی کە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەڕێوەببەن.
لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان. ھەروەھا لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕێژیمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرابوو.
لە ئازاری ١٩٧٤دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشکردنەوەی ڕێژیمی عێراق بۆسەر ناوچەکانی کوردستان، ڕێژیمی بەعس دەستیکرد بە کۆچبەرکردنی ھەزاران کورد و بۆردومان کردنی ھەر دوو شاری قەڵادزێ و ھەڵەبجە و ڕاوەدوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد. ھەر لەو کاتەدا ھەزاران کەسیش لە تاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان ڕوویان لە شاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان ھەڵگرت. لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناخەیە، بۆیە ڕوویان نەکردە شاخەکان و لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان مانەوە.
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەکبەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران.ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.
لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: «بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.» ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.
ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف شاردرایەوە. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوساکەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە.
دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و ھێمن و زۆری تر. ھەروەک ھێمن لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:
کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من | لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من | |
برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە | کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من | |
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری! | بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم | |
ئەوە پەت نییە میدالی ئیفتخارە | کە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم |
چەندین خێزانی کورد بەھۆی لەیلا قاسمەوە ناوی منداڵەکانیان ناوە لەیلا. ھەموو ساڵێک یادی مردنەکەی لەلایەن کوردەوە دەکرێتەوە. لە کەلار پاڕکێک بەناوی لەیلا قاسم کراوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە لەیلا قاسم تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article لەیلا قاسم, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.