زەمبیلفرۆش ناوی بەیتێکی کۆنی کوردییە و وەک زۆرێک لە بەیتەکانی تر بە زارەکی و سینە بە سینە ھاتووە.
یەکەم جار فەقێی تەیران نووسیویەتەوە. چیرۆکەکە بە چەندین شێواز گێڕدراوەتەوە و چەندین ڕەوایەتی ھەیە. لە زۆرێک لەم ڕەوایەتانەدا دەروێشێکی دەستپاک کە زەمبیل دەفرۆشێت کاراکتەری سەرەکیی داستانەکەیە. ژنی پادشای شارەکە دەیبینیت و ئەوینداری دەبێت. زەمبیلفرۆش داوای ژنی پاشا ڕەد دەکاتەوە، چون ژن و مناڵی ھەیە و پیاوێکی لەخوداترسە. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا زەمبیلفرۆش خۆی لەسەر قەڵای پاشاوە فڕێ دەداتە خوارەوە کە تووشی خەیانەت نەبێت. خودا نزای لێ قەبوڵ دەکات و یارمەتیی دەدات و جیبریل دەنێرێت کە نەھێڵێت بکەوێتە خوارەوە و بمرێت. بەھۆی ئەوەی کە ژنی پادشا ئیدی ڕێ نادات زەمبیلفرۆش ژن و منداڵی خۆی ببینیت. ئەم ڕەوایەتە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی ترەوە جیاوازیی ھەیە.
ناوی زەمبیلفرۆش میر سەعید کوڕی میر حەسەن پاشای دیاربەکر بووە. میر سەعید لاوێکی زۆر شۆخ و شەنگ و جوان بووە و ھەر کەسێک چاوی پێ کەوتبا، دڵی دەبرژا. میر سەعید زۆر حەزی لە ڕاو و نێچیر کردووە و ژیانێکی خۆشی ڕابردووە، ھەتا ڕۆژێک، کاتێک بۆ ڕاو دەچیتە دەرەوەی زاخۆیە، لە نزیک گۆڕستانێک دەبینێت کۆمەڵێک خەڵک، خەریکن مردوویێکی دەنێژن. میر سەعید دەپرسێت ئەوە کێیە؟ دەبینێت جەوانێکی چاردە ساڵەیە و دەڵێت ئایا منیش دەمرم و بەم شێوەیە دەمنێژن؟
ئەم ڕووداوە کار دەکاتە سەر باری دەروونی میر سەعید و بەرەو ژیانی دەروێشی دەیبات. میرسەعید پاشایەتی وەلا دەنێت و دەست لە خۆشییەکانی دونیا ھەڵدەگرێت بەرەو عەبدایەتی و دەروێشی و خوداترسی دەڕوات. شاری دیاربەکر بەجێ دێڵیت و دەڕواتە مێردین و لەوێ دەبێتە زەمبیلفرۆش و ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەڕێی دروستکردنی زەمبیل و زەمبیل فرۆشتنەوە بەڕێ دەبات.
دەڵێت:
لە ڕیا خوەدێ دێ بم عەوداڵ
سەلکا دێگێرم ماڵ ب ماڵ
دا بخوە بکم ڕزقەک حەڵاڵ
پێ بژینم ژن و منداڵ
ڕۆژێک کە کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێت زەمبیلەکان (سەلکان) بفرۆشێت، خاتوونی پادشا چاوی پێ دەکەوێت و ئەوینداری دەبێت و بە نۆکەرەکەی دەڵێت بچێت و زەمبیلفرۆش بانگ بکات و بیھێنیت و کە ھاتە ناو قەسرەکە، دەرکەی لێ دادێخیت. بەڵام زەمبیلفرۆش مرۆڤێکی خوداناس و دەروێش بوو خۆی لە خاتوون دوور کردەوە و ناچار بوو خۆی لە سەربانی قەسرەوە فڕێ بداتە خوارەوە. خاتوون نۆکەرەکانی نارد بە شوێنییەوە ھەتا گەیشتنە کن ماڵی زەمبیلفرۆش. خاتوون ھاوژینی زەمبیلفرۆشی ڕازی کرد جلەکانیان لەگەڵ یەکتری بگۆڕنەوە، ھەتا بتوانیت زەمبیلفرۆش بخەڵەتێنیت، بەڵام نەیتوانی بەم ئامانجە بگات.
چەند بەیت لە وتووێژی زەمبیلفرۆش و خاتوون:
خاتوون دەڵێ:
ھەی لاوکێ جوان
دلێ من قەت ناچیت سەلکان
من ژ تە دڤێت کەیف و سەیران
زەمبیلفرۆش دەڵێت:
ھەی خاتوونا خۆش حەرمەتێ
ئاگرێ خوەدێ ب جانێ تە کەتێ
ما نە قیامەت یا ل دوو مە د تێ
ئەز لەو ناکەم ڤێ سۆحبەتێ
حەق! دڵ وەرە جارێک بەجۆش
جامێ جە ئەشقە مەی بنۆش
کین قەزیەتی زەمبیلفرۆش
فەسیح بکەم حیکایەتێ
دەست دە کورسی سەناعەتێ
دەست لە کورسی و فەرمانێ حەق بوو
ئاشق بە لیقا و شەوق بوو
سەنعەتێ زەمبیل لەکن بوو
ئەو پێ بدرێ کیفایەتێ
ئەو لاوێکی تازە ڕواڵ
تەرکی کرد شاھی و گەنج و ماڵ
لە ترسی مەوت، ماڵ کرد بەتاڵ
خۆی مەشغوڵ کرد بە تاعەتێ...
ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانیبێژانی کورد وەکوو محەممەد عارف جزیری، کاراپەتێ خاچۆ، شڤان پەروەر و … چیرۆکی زەمبیلفرۆشیان بە گۆرانی وتووەتەوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article زەمبیلفرۆش, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.