جەمیل ئەحمەدی ناسراو بە جەمیل نەوسوودی (بە کوردیی گۆرانی: جەمیل نەوسووڎی) (١٩٤٦ لە گوندی لھۆنی لە نەوسوود - ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە مەریوان) سیاچەمانەبێژی کورد بوو کە بە شێوەزاری ھەورامی سیاچەمانە دەگوت.
جەمیل ئەحمەدی | |
---|---|
زانیارییەکان | |
ھەروەھا ناسراوە بە | جەمیل نەوسوودی، جەمیل ھەورامی، جەمیلە |
لەدایکبووی | ١٩٤٦ لھۆنی، نەوسوود، پارێزگای کرماشان |
مردووی | ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ مەریوان |
جەمیل ئەحمەدی لە ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی لھۆنی لە نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بوو. لە تەمەنی لاوی و لە ساڵی ١٩٦٦دا دەستیکرد بە چڕینی سیاوچەمانە و لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم کاسێتی خۆی لەگەڵ عوسمان ھەورامی تۆمار کرد. ئەو لەگەڵ مامۆستاکانی دیکەی سیاوچەمانە وەکوو حەمە حسێن کێمنەیی و سەباح ھەورامی ھورکاریی کرد و بوو بە یەکێک ھونەرمەندە ھەرە ناسراوەکانی ئەو ئاوازە کوردیە.
بەپێی وتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانجەمیل ئەحمەدی لە سەردەمی سەرھەڵدانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەک پێشمەرگەی ئەو حیزبە و ئەندامی ھێزی شاھۆ بووە و ھەروەھا بەپێی وتەی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران برایەکی جەمیل ئەحمەدی بە ناوی مەحموود ئەحمەدی ناسراو بە مەحموود ھەورامی پێشمەرگەی کۆمەڵە و ئەندامی گوردانی شاھۆ بووە کە گیانی خۆی باختکردووەتەوە.
لە ڕۆژی ٢٤ی ئایاری ٢٠١٧ لەلایەن ئەنجومەن و فێرگەی مۆسیقای دەنگی پاوە و بە ئامادەبوونی ھونەرمەندان و ھۆنەرحەزان کۆڕێک بۆ ڕێزگرتن لە جەمیل ئەحمەدی لە ھۆڵی مەزرینگەی چاند و ئیرشادی ئیسلامیی شارستانی پاوە بەڕێوەچوو.
جەمیل ئەحمەدی لە ڕۆژی ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە مەریوان بەدوای ماوەیەک نەخۆشی کۆجی دواییی کرد. ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی جەمیل ئەحمەدی لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی ئازاری ٢٠٢٤ بە بەشداریی بەرینی خەڵک لە نەسوود بەڕێوەچوو.
پلاتفۆرمی ھۆرام، تەڤ-چاندی ئەورووپا، کومیتەی چاند و ھونەری بێستوون، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پرسە و کۆچی دواییی جەمیل ئەحمەدی سەرەخۆشیی خۆیانیان ئاراستەی بنەماڵە و کۆمەڵگای ھونەریی کوردستان کرد.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article جەمیل ئەحمەدی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.