پارێزگای کرماشان | |
---|---|
استان کرمانشاە - Kermanshah province | |
وڵات | کوردستان ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
پارێزگا | پارێزگای کرماشان |
ناوەند | کرماشان |
ژمارەی شارستانکان | ١٤ |
ژمارەی ناوچەکان | ٣٣ |
ژمارەی گوندەوارەکان | ٨٤ |
ژمارەی گوندەکان | ٣١٤٩ |
بوون بە پارێزگا | سەدەی چوارەمی زاینی |
دەسەڵات | |
• پارێزگار | بەھمەن ئەمیری موقەدەم |
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ٢٥٠٠٩ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٩٬٦٥٦ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ١٣٥٠ مەتر (٤٬٤٣٠ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• سەرجەم | ١٬٩٥٢٬٤٣٤ |
• چڕیی شاری | ٧٨ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٠٠ کەس لە میلی چوارگۆشە) |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (کەڵھوڕی، سۆرانی، لەکی و ھەورامی و لوڕی) |
• ئایین | ئیسلام(سوننە و شیعە)، یارسان، زەردەشتی، مەسیحی و جوو |
کۆدی تەلەفۆن | ٠٤٤ |
وێبگە | http://www.kermanshah.ir/ |
پارێزگای کرماشان (بە فارسی: استان کرمانشاە) پارێزگایەکە لە ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و ڕووبەرەکەی ٢٤ ھەزار و ٦٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ١٧ھەمین پارێزگای گەورەی ئێرانە. پارێزگای کرماشان کە ١٫٥٪ی رووبەری ئەم وڵاتە دەگرێتەوە، یەکێکە لەو پارێزگاکانی رۆژئاوایی کە ھاوسنووری لەگەڵ عێراقدا ھەیە. ئەم پارێزگایە لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگای کوردستان، لە باشوورەوە لەگەڵ پارێزگای لوڕستان و پارێزگای ئیلام، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ پارێزگای ھەمەدان، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ پارێزگای دیالە و پارێزگای ھەڵەبجە لە عێراقدا ھاوسنوورە. شاری کرماشان ناوەندی پارێزگای کرماشانە. بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٣، پارێزگای کرماشان لە ١٤ شارستان، ٣٥ شارۆچکە و شارەدێ، ٣١ ناوچە و ٨٤ گوندەوار پێکھاتووە.
پارێزگای کرماشان پڕ حەشیمەتترین پارێزگای کوردنشینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
ناوچەی ئێستای پارێزگای کرماشان لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا بە ناوی جیاوازەوە ناوزەد کراوە. پارێزگای ئێستای کرماشان لە سەردەمی مادەکاندا یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوون بووە. ناوی ئەم ناوچەیە کە لە سنوورەکانی ئێستای پارێزگاکە گەورەتر بوو، ھێشتا لە سەردەمی ھەخامەنی و ئەشکان و ساسانییەکاندا ویلایەتی ماد بوو. لە سەرچاوەکانی دوای ئیسلامدا، بۆ چەند سەدەیەک، ئەم ناوچەیە بە «ماھ» ناودەبرا، کە فۆرمێکی دەستکاریکراوی وشەی مادە. لە سەردەمی سەلجوقییەکانەوە تەواوی ناوچەی رۆژئاوای ئێران بە دەوڵەتی کوردستان ناودەبرا و شاری کرماشان یەکێک لە شارەکانی بوو. دەستەواژەی کرماشان تەنیا بۆ شاری کرماشان بەکاردەھات تا دەورووبەری ئەو کاتەی کە سەفەوییەکان ھاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام ھەموو ناوچەکە ناوی کوردستان بوو. بەڵام ھاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی سەفەوی، ناوی کرماشان بۆ ھەموو ناوچەکانی دراوسێی ئەو شارە درێژ کراوەتەوە. لە سەردەمی یەکەم پەھلەوی و لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٣٨ یاسای کارگێڕی وڵات ھەموار کرایەوە و ناوچەی کرماشان شارستانەکانی باوەندپوور (شاباد)، کرماشان، پوشتکوو(ئیلام)، کوردستان(سنە)، سەلاس (مەلایر، ناوەن و تووسرکان) و ھەمەدان ودوواتریش سەقز وبیجاڕ دەگرتەوە، وەک یەکێک لە ١٠ پارێزگاکانی ئێران وەک «پارێزگای پێنجەم» ناوزەد کران. لەگەڵ جیابوونەوەی پارێزگاکانی دیکە، شێوازی ناونانی پارێزگاکانیش گۆڕا و بە فەرمی ناوی کرماشان بۆ تەواوی پارێزگاکە جێبەجێ کرا.
لە میانی توێژینەوەیەکدا کە کۆمپانیای پارس پسپۆڕی توێژینەوە لەسەر داوای ئەنجومەنی ڕۆشنبیری گشتی لە ساڵی ٢٠٠٩ و بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەکی مەیدانی و ژمارەی دانیشتوانی ئاماری لە نێوان دانیشتوانی ٢٨٨ شار و نزیکەی ١٤٠٠ گوند لە سەرانسەری وڵات ئەنجامدراوە، ڕێژەی سەدی ئەو نەتەوەیانەی کە لەم ڕاپرسییەدا لە پارێزگای کرماشان نمونەیان لێوەرگیراوە بەم شێوەیە بووە: ٤٫٢٪ فارس، ٩٢٫٥٪ کورد، ٠٫٢٪ عەرەب، ٠٫٧٪ لوڕ، ٠٫٥٪ی دیکە و ١٫٩٪ بێ وەڵام.
کورد دانیشتوانی سەرەکی پارێزگای کرماشانن. پارێزگای کرماشان خاکی زێدی بەشێک لە گەورەترین ئێڵ و ھۆز و تیرە کوردە، وەک زەنگەنە، کەڵھوڕ، گۆران، جاف، لوڕ، سەنجابی، قەڵخانی، کولیایی، باجەلان، زولە، جەمیر و لەک، لەوانە: جەلالوند، کاکەوەند، عوسمانوەند، پایرۆند و بالوەند. تورکەکانی پارێزگای کرماشان لە تەنیشت کوردە کولیاییەکانی شاری سونقوڕ دەژین و بە زمانی تورکی سونقوڕی قسە دەکەن.
پارێزگای کرماشان لە ڕوانگەی ئایینییەوە فرەڕەنگییەکی زۆری ھەیە. پەیڕەوانی ئایینزاکانی شیعە، سوننە و یارسان و کەمینەکانی پەیڕەوانی خاکساریە، نعمەتوڵڵاھی، ئوەیسی، نەقشبەندی، قادری و ئایینەکانی جوو، مەسیحی (ئەرمەن و ئاشوری) و بەھایی لە پارێزگای کرماشان شان بە شانی یەک دەژین.
بەشێکی زۆر لە کوردانی کرماشان تا کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم پەیڕەوی لە ئایینی یارسان کرد. ھێنری بیندەر، گەشتیارێکی فەرەنسی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد، لە سەفەرنامەکەیدا بە ناونیشانی «لە کوردستان، لە میزۆپۆتامیا و فارس» کە لە ساڵی ١٨٨٧دا بڵاوکراوەتەوە، ئایینی باڵادەستی خەڵک بە یاساران دەزانێت. لە سەردانەکەیدا بۆ شارۆچکەی قەسری شیرین دەنووسێت:
زۆربەی کوردانی ئێران سەر بە مەزھەبی عەلیئوڵڵاھین. ئەگەر ئازاد بن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، ئەوا دەستێوەردان لە کاری کەسانی دیکە ناکەن. ھەستی ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی ئەوانی تر لە چاوی ئەواندا زۆر بەرزە.
ھەروەھا لە کاتی سەردانی شاری کرماشان دەنووسێت:
کوردانی پارێزگای کرماشان کەسانێکی ئارام و دۆستانەن. سەر بە مەزھەبی عەلیوڵاھین کە کۆنترین مەزھەبی ئایینییە. لە ھەندێک گونددا شوێنکەوتوانی ئەم مەزھەبە لەگەڵ مەسیحییەکان جووتبوون دەکەن، کە لێبوردەیییان کەمترە.
لە پارێزگای کرماشان زۆر مەزارگەلێک ھەیە کە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە ھەیە (شیعە و سوننە) و ئایینی یارسان. لە پارێزگای کرماشان ٤٥ گۆڕستان و مەزارگە ھەیە. گرنگترین مەزارگە شیعەکانی لە پارێزگای کرماشان بریتین لە ئیمام زادە باقر بێستون، ئیمام زادە ئەحمەد سنوقوڕ، ئیمام زادە ئیبراھیم کەنگاوەر و مەزارگەی ئەحمەد بن ئیسحاق سەرپێڵی زەھاو. ھەروەھا گۆڕی سەید عوبێدوڵڵا ناسراو بە کۆسەی ھەجیج لە شاری پاوە، گۆڕی خەلیفە حەیدەر حەیدەری باینگانی لە ناوچەی باینگان و گۆڕی ویس نەزەر لە ڕەوانسەر لە گرنگترین مەزارگە سوننەکانی کرماشانن. سەبارەت بە پەیڕەوانی ئایینی یارسانەکان، گرنگترین مەزارەکانیان وەک مەزارەکانی سوڵتان ئیسحاک، داوکەوسوار و خاتوون ڕۆزبار لە کۆمەڵگەی پێردیوەر لە شێخان، بابایادگار لە زەردە، پیر بنیامین و پیرموسا لە کەرەند، شا حەیاس لە جیھۆن ئاباد و ئەتاشبەگ ھەڵکەوتوون لە گەرھبان لە پارێزگای کرماشان، پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە ھەموو ئێران و عێراقەوە دێنە پارێزگای کرماشان بۆ سەردانیان.
لە پارێزگای کرماشان زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی قسەی پێدەکرێت. زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردیی باشووری وەک کرماشانی، کەڵھوڕی، زەنگنەیی، سەنجابی و کەلیایی لە شارەکانی کرماشان، شاباد، داڵاھۆ، گیەڵان، سەرپێڵی زەھاو، قەسری شیرین، سونقوڕ و بەشێک لە سەحنە و کەنگاوەر. زاراوە گورانیەکان لەوانە گۆرێجوی لە داڵاھۆ و ھۆرامی لە شاری پاوە و گوندەکانی قەندۆڵ و زەردە، زاراوەی مامناوەندی کوردی وەک ئەردەڵانی و جافی لە شارەکانی جۆانرۆ، ڕەوانسەر، سەڵاس باباجانی و بەشێک لە شارەکانی داڵاھۆ، سەرپوڵ زەھاب، قەسر شیرین و کرماشان. وە لەکی لە شاری ھەرسین و بەشی باشووری شاری کرماشان و بەشێک لە شارەکانی سەحنە و کەنگاوەر قسەی پێدەکرێت. لە بەشێکی دانیشتوانی شاری کەنگاوەردا، زاراوەی لوڕی قسەی پێدەکرێت. زمانی ئازەربایجانی لە شارۆچکەی سونقوڕ قسەی پێدەکرێت. لە ناوەندی پارێزگای کرماشان، جگە لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی، زاراوەی فارسی کرماشانی ھەروەھا بۆتە باو کە تایبەتە بە شاری کرماشان، وە دەگوترێ بە فراوانبوونی فەرمانگە ئیداریەکان لە سەردەمی قاجاڕەکانەوە و ھەروەھا لە ژێر کاریگەری کۆچبەرانی پارێزگاکانی تر و زیارەتکاران کە لە کرماشانەوە دەچوونە ئێتبات دروست بووە.
پارێزگای کرماشان بێشکەی یەکێک لە کۆنترێن شارستانییەتەکانە لە جیھان. کۆنترین گوند کە لە پارێزگای کرماشان و بگرە لە ھەموو کوردستان تا ئێستە دۆزراوەتەوە، گوندی شێخئاوا یە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠±٩٨١٠ پێش زایین یان نێزیکەی ٦٠±١١٨٢٥ ساڵ پێش ئێستا.
خەڵکی ئەم پارێزگایە پتر لە ٩٠ لە سەدی کورد زمانن کە بە چەندین شێوەزار و زاراوە دەپەیڤن. شێوەزاری سەردەست لە شاری کرماشان زاراوەی کرماشانییە. بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٣ ژمارەی دانیشتوانی شاری کرماشان زیادترە لە ١٠٥٧١٦٦ کەس کە زۆرتر لە سەدا ٥٣ی دانیشتوانی پارێزگاکە پێک دێنێ. ھەروەھا لە بەر گرنگی و کاریگەری شاری کرماشان بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری دەتوانین بڵێن شێوەزاری سەردەست لە کۆی پارێزگای کرماشان شێوەزاری کوردیی کرماشانییە.
شێوەزاری زمانی کوردی لە ھەر ١٤ شارستانەکەی پارێزگای کرماشان تەقریبەن بەم شێوەیە:
کرماشان خاوەنی شارستانیەتی مێژووییە، لە سەدساڵی بیستەمدا دەوڵەتانی ناوەندیی ئێران زۆر ھەوڵیان داوەتەوە تا بەشەکانی لەم پارێزگا جیا بکەن و بیانخەتە سەر پارێزگاکانی دیکەی ئێران.
ھەموو شارە لەکنشینەکان تا ساڵی ١٩٦٨ی زایینی سەر بە پارێزگای کرماشان بوون. لەو ساڵەدا دەوڵەتی ئەوکاتی ئێران ئەم ناوچانەی لە کرماشان دابڕی و خستیانە سەری فەرمانداریی تایبەتی لوڕستان کە لەو کاتە بەشێگ لە پارێزگای خووزستان بوو. ئەم ناوچانە لە ساڵی ١٩٧٣ی زایینیدا، بوون بە پارێزگایەکی نوێ بە ناوی پارێزگای لوڕستان، بەڵام شارە لەکنشینەکانی کەنگاوەر، ھەرسین، سەحنە و ھەروەھا ناوچەکانی جەلاڵەوەند و سەرفیرووزاوا ھێشتا بەشێک لە پارێزگاێ کرماشان ماونەتەوە.
ناوەندی پارێزگای کرماشان شاری کرماشانە و لە ١٤ شارستان پێکھاتووە کە ئەمانەن:
شارستان | ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) |
---|---|
شارستانی ئارووناوا | ١٤٠٨٧٦ |
شارستانی پاوە | ٦٠٤٣١ |
شارستانی سەلاسی باوەجانی | ٣٥٢١٩ |
شارستانی جوانڕۆ | ٧٥١٦٩ |
شارستانی داڵاھۆ | ٣٥٩٨٧ |
شارستانی ڕوانسەر | ٤٧٦٥٧ |
شارستانی سەرپێڵ | ٨٥٣٤٢ |
شارستانی سونقوڕ | ٨١٦٦١ |
شارستانی سەحنە | ٧٠٧٥٧ |
شارستانی قەسر | ٢٣٩٢٩ |
شارستانی کرماشان | ١٠٨٣٨٣٣ |
شارستانی کەنگاوەر | ٧٦٢١٦ |
شارستانی گیەڵان | ٥٧٠٠٧ |
شارستانی ھەرسین | ٧٨٣٥٠ |
شارە گەورەکانی ئەم پارێزگا بریتین لە کرماشان، شائاباد، ھەرسین، کەنگاوەر، سونقوڕ، جوانڕۆ، سەرپێڵ، سەحنە، ڕوانسەر.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پارێزگای کرماشان تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article پارێزگای کرماشان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.