گڵاوپێستی یان گڵاوی یان سەدەف (بە لاتینی: Psoriasis) نەخۆشییەکی خۆیییەبەرگری نەگوازراوەی درێژخایەنە، جیادەکرێتەوە بە بوونی پەڵەی پێستی نائاسایی.
ئەم ناوچانە سوور، پەمەیی، یان مۆرن، ھەروەھا وشک، خورشتاوی، و کڕێشین. توندییەکەی دەگۆڕێت بەپێی کەیسەکە لە پەڵەی بچووکی سنووردار تا دەگاتە داپۆشینی ھەموو لەش. زامداربوونی پێست دەکرێت ھاندەربێت بۆ بە سەدەفی بوونی پێست لەو خاڵەدا، کە بە دیاردەی کۆبنەر ناسراوە.
پێنج جۆرە سەرەکییەکەی سەدەف ئەمانەن؛ سەدەفی پەڵەیی، خاڵدار، ئاوەژوور، کێمی، و سوورپێستی. سەدەفی پەڵەیی یاخود باو، نزیکەی ٩٠٪ ی کەیسەکان پێکدەھێنێت. بە ئاسایی بە پەڵەی سوور لەگەڵ کڕێشی سپی لەسەرەوە دەستپێدەکات. باوترین ئەو ناوچانەی لەش کە کارتێکراو دەبن ئەمانەن؛ پشتەوەی ئانیشکەکان، قەڵەمەی پێیەکان، دەوری ناوک، و کەللەی سەر. سەدەفی خاڵدار برینی شێوە دڵۆپەیی ھەیە. سەدەفی کێمی بە بلۆقی پڕ زووخاوی نادرمی بچووک دەردەکەوێت. سەدەفی ئاوەژوور پەڵەی سوور دروستدەکات لە قەدەکانی پێستدا. سەدەفی سوورپێستی پەیادەبێت کاتێک لیرەکان زۆر بەربڵاو دەبن، و دەکرێت لە ھەر یەک لە جۆرەکانی ترەوە سەرھەڵبدات. نینۆکەکانی دەست و پێ کارتێکراو دەبن لە زۆربەی خەڵکی تووشبوو بە سەدەف لە ماوەیەک لە ماوەکاندا. ئەمەش دەکرێت قڵیشی نینۆک یاخود گۆڕانی ڕەنگەکەی بگرێتەوە.
بەگشتی وا بیردەکرێتەوە کە سەدەف نەخۆشیێکی بۆماوەیی بێت بەھۆی ھۆکاری ژینگەیییەوە سەرھەڵبدات. ئەگەر یەک لە دووانەیەک سەدەفی ھەبێت، ئەوا دانەکەی تر سێ ئەوەندە ئەگەری تووشبوونی زیاترە کاتێک دووانەی لێکچوون وەک لە دووانەی جیاواز. ئەمەش پێشنیازی ئەوەمان بۆ دەکات کە ھۆکارە بۆماوەیییەکان ڕێخۆشکەرن بۆ نەخۆشی سەدەف. نیشانەکان زۆرجار خراپتر دەبن لە زستاندا و لەگەڵ ھەندێک دەرمان دا، وەک بێتا بلۆکەرەکان یان دژە ھەوکردنە ناستیڕۆیدییەکان. تەشەناکان و فشاری دەروونیش دەکرێت ڕۆڵیان ھەبێت. میکانیزمە بنەڕەتییەکە کاردانەوەی کۆئەندامی بەرگری دەگرێتەوە بۆ خانەکانی پێست. دەستنیشانکردنی بەزۆری بەپێی ھێما و نیشانەکان دەبێت.
لە ئێستادا ھیچ چارەسەرییەکی ئەوتۆ نییە بۆ سەدەف، بەڵام دەرمانی جۆراوجۆر ھەنە کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نیشانەکان بکەن. ئەم دەرمانانەش ئەمانە دەگرێتەوە؛ کرێمی ستیڕۆیدی، کرێمی ڤیتامین دی٣، ڕووناکی سەرووبنەوشەیی، دەرمانە بەرگری کپکەرەکان، وەک مێتۆترێکسەیت، و چارەسەرە زیندەیییەکان کە چەند ڕێڕەوێکی تایبەتی بەرگری بەئامانج دەگرن. نزیکەی ٧٥٪ی تێوەگڵانی پێست باشتر دەبێت تەنیا بە بەکارھێنانی کرێمەکان. ئەم نەخۆشییە کاریگەری دەکاتە سەر ٢–٤٪ی دانیشتووان. ژنان و پیاوان کارتێکراون بە ھەمان ڕێژە. نەخۆشییەکە دەکرێت لە ھەر تەمەنێک دەستپێبکات، بەڵام بەزۆری لە تەمەنی پێگەشتووییدا دەردەکەوێت. سەدەف پەیوەندیدارە بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە ھەوکردنی جومگەیی سەدەفی، شێرپەنجەی لیمف (لیمفۆما)، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی کڕۆن، و ھەروەھا خەمۆکی. ھەوکردنی جومگەیی سەدەفی تووشی ئەوپەڕی ٣٠٪ ی کەسانی تووشبوو بە سەدەف دەبێت.
سەدەفی باو ( ناسراویشە بە سەدەفی درێژخایەنی جێگیر یاخود سەدەفی شێوە پەڵەیی) باوترین جۆری سەدەفە و کاردەکاتە سەر ٨٥-٩٠٪ی تووشبووانی سەدەف. سەدەفی پەڵەیی بە ئاسایی وەک ناوچەی بەرزەوەبووی ھەوکردووی پێست دەردەکەوێت کە داپۆشرابێت بە پێستێکی کڕێشیی سپی-زێوی. ئەم ناوچانە پێیان دەوترێت پەڵەکان و زۆرترین جار لە ئانیشکەکان، چۆکەکان، کەللەی سەر، و پشتدا دەبینرێن.
جۆرەکانی تری سەدەف بە نزیکەیی ١٠٪ی کۆی گشتی کەیسەکان پێکدەھێنن. کە ئەمانە دەگرێتەوە؛ سەدەفی کێمی، ئاوەژوور، دایبی، خاڵدار، دەم، و شێوە پیوی.
سەدەفی کێمی یان زووخاو دەردەکەوێت وەک بلۆقی بەرزەوەبوو، پڕ لە کێم بەڵام نادرم. پێستی دەور و ژێری پفکەکان سوور و ناسکە. سەدەفی کێمی دەکرێت چ ناوچەیی بێت یاخود زیاتر بەربڵاو بێت بە ھەموو لەشدا. دوو جۆرەکەی سەدەفی کێمیی ناوچەیی بریتین لە سەدەفی لەواسەیی (لە لەپی دەست و بنی پێیەکاندا دەردەکەوێت) و سەدەفی پەنجەیی (لە پەنجەکانی دەست و پێدا دەردەکەوێت)؛ کە ھەردوو جۆرەکەیان قەتیسدەبن لە دەست و پێدا.
سەدەفی ئاوەژوور دەردەکەوێت وەکو پەڵەی لوسی ھەوکردووی پێست. پەڵەکان بەزۆری تووشی قەد و لۆچەکانی پێست دەبن، بە تایبەتی لە دەوروبەری ئەندامانی زاوزێ (نێوان ڕان و بەرموسڵدان)، لە بنھەنگڵەکان، لە دەقەکانی پێستی ورگی کەسێکی کێشزیاد (ورگ شۆڕ)، نێوانی سمتەکان و کەلێنی سمت، و ھەروەھا لە ژێر مەمکەکان لە کەلێنی ژێر مەمکەوە. گەرمی، زەبر، و تەشەنا پێدەچێت ڕۆڵیان ھەبێت لە گەشەکردنی ئەم جۆرە ناباوەی سەدەف.
سەدەفی دایبی ژێرجۆرێکی سەدەفە کە باوە لە نێو منداڵانی ساوادا لە خوار تەمەنی دوو ساڵی. ئەم جۆرە جیادەکرێتەوە بە زیپکەی سوور و کڕێشی زیوی لە ناوچەی داپۆشینی دایبی کە لەوانەشە درێژببێتەوە بۆ قەد یان پەلەکان. سەدەفی دایبی زۆرجار بەھەڵە دەستنیشاندەکرێت وەک ئێکزیمای دایبی. بە گشتی دۆخەکە باشتر دەبێت لەگەڵ تەمەن بەڵام لەوانەشە دواتر وەکو جۆرە باوترەکان سەرھەڵبداتەوە وەک سەدەفی پەڵەیی یان سەدەفی ئاوەژوور.
سەدەفی خاڵدار بریتییە لە بارودۆخێکی ھەوکردن کە جیادەکرێتەوە بە بوونی ژمارەیەک لە برینی بچوکی، کڕێشی، سوور یان پەمەیی، شێوە دڵۆپی (زیپکەیی). ئەم ژمارە زیپکەیە دەردەکەون بە پانایی ناوچەیەکی فراوانی لەش، بە شێوەی سەرەکی لە قەد، پەلەکان، و کەللەی سەر، بەڵام بە ئاسایی دوور دەبێت لە لەپی دەست و قاچەکان. سەدەفی خاڵدار بەزۆری سەرھەڵدەدات پاش توشبوون بە بەکتریای تەسبیحی (ستریپتۆکۆکەس) و بە ئاسایی ١-٣ ھەفتە دوای تەشەناکە ڕوودەدات. ئەم نەخۆشییە زۆرترین جار لە منداڵان و تازە پێگەیشتوواندا دەبینرێت و دەستنیشانکردنەکەشی بە ئاسایی بەندە بە پێشینەی نەخۆش و پشکنینە کلینیکییەکان. ھەروەھا شانەکێشانی (بایۆپسی) پێست دەتوانرێت ئەنجامبدرێت کە بە ئاسایی کارلێکێکی سەدەفی پێشاندەدات؛ دەناسرێتەوە بە کەڵەکەبوونی سەرەچینی پێست و درێژبوونەوەی ڕەگەکان.
بە گشتی یەکەم ھێڵی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە لە بارە سوکەکاندا بریتییە لە کرێمە کۆڕتیکۆستیڕۆیدییەکان. چارەسەری ڕووناکی دەکرێت بەکاربێت بۆ بارە مامناوەند یان توندەکانی سەدەفی خاڵدار. دەرمانە زیندەییەکان ھێشتا بە تەواوی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە بۆ ئەم دۆخە. سەدەفی خاڵدار چاوەڕوانییەکی باشتری لێدەکرێت وەک لە سەدەفی پەڵەیی و بە ئاسایی ووندەبێت لەماوەی ١-٣ ھەفتەدا؛ ھەرچەندە، تا ئەوپەڕی ٤٠٪ ی نەخۆشەکانی سەدەفی خاڵدار لە ساتێکدا دەگۆڕێن بۆ سەدەفی پەڵەیی.
سەدەفی سوورپێستی ھەوکردن و توێژاڵبوونێکی فراوانی ڕووی پێست دەگرێتەوە، بەزۆری ڕووبەرێکی زیاتر لە ٩٠٪ی ڕووی پێست دەگرێتەوە. سەرباری ئەمانە دەکرێت وشکبوون، خوران، ئاوسان، و ئازارێکی توندی لەگەڵدا بێت. ئەم جۆرەی سەدەف دەکرێت لە ھەر یەک لە جۆرەکانی تری سەدەفەوە پەرەبسێنێت. بەزۆری لە ئاکامی خراپتربوونی سەدەفی پەڵەیی ناجێگرەوە ڕوودەدات، بە تایبەتی دوای دابڕینێکی لەناکاوی گلوکۆکۆڕتیکۆیدییە سیستمییەکان. ئەم جۆرەی سەدەف دەکرێت کوشندەبێت کاتێک ھەوکردن و کڕاندنی توندی پێست لەش پەکدەخات لە ڕێکخستنی گەرمی و ئەنجامدانی فرمانە پێویستەکان.
ڕوودانی سەدەف لە دەمدا زۆر دەگمەنە، بە پێچەوانەی لیکن پلانەس، کە تێکچوونێکی تری زیپکەپەڵەی باوە تووشی پێست و دەم دەبێت. کاتێک سەدەف ناوپۆشی دەم دەگرێتەوە، دەکرێت بێنیشانە بێت. بەڵام لەوانەیە وەک پەڵەیەکی سپی یان خۆڵەمێشی-زەرد دەربکەوێت. زمانی قڵیشاو باوترین دیمەنە لەو کەسانەی سەدەفی دەمیان ھەیە, ھەروەھا لەلایەن ٦.٥-٢٠٪ ی کەسانی توشبوو بە سەدەفی پێست ڕاگەیەندراوە. دەرکەوتنی ژێر مایکڕۆسکۆپیی ناوپۆشە شانەیەکی دەمی کەسێکی توشبوو بە زمانی جوگرافی زۆر لە ھی توشبووێکی سەدەف دەچێت. چەند توێژینەوەیەک بەم دوایییە پەیوەندییەک دەردەخەن لە نێوان ئەم دوو دۆخەدا، ھەروەھا ئەگەر ھەیە زمانی جوگرافی پێشھاتێک بێت بۆ دەرکەوتنی سەدەف.
جۆرێکی باوی سەدەفە، خەسڵەتە کلینیکییەکانی سەدەف و ھەم ئێکزیمای پیویشی تێدایە؛ لەوانەیە سەخت بێت جیاوازی پێبکەیت لەگەڵ ئەوەی دووەم. ئەم جۆرەی سەدەف بە ئاسایی دەردەکەوێت وەک پەڵەی سوور و کڕێشی چەوری (گریسی) لەو ناوچانەی پێست کە ڕێژەیەکی زیاتر چەوری بەرھەمدێنن بۆ نموونە کەللەی سەر، نێوچەوان، لاتەنیشتەکانی لوت، دەوروبەری دەم، پێستی سەروو کۆڵەی سنگ، و دەقەکانی پێست.
ھەوکردنی جومگەیی سەدەفی جۆرێکی ھەوکردنی جومگەیی درێژخایەنە کە دەرکەوتنی کلینیکیی جۆراوجۆری ھەیە و بە زۆری ڕوودەدات ھاوشان لەگەڵ سەدەفی پێست و نینۆک. بە گشتی ھەوکردنێکی بەئازاری جومگەکان و بەستەرەشانەی دەوروبەری لەگەڵدایە، و دەکرێت لەھەر جومگەیەکدا ڕووبدەن، بەڵام باوترینیان جومگەکانی پەنجەی دەست و پێن کە کارتێکراو دەبن. ئەمەش لە ئەنجامدا لەوانەیە ببێتە ئاوسانی شێوە سۆسج لە پەنجەکاندا کە ناسراوە بە دەکتیلایتس یان پەنجە-سۆسج. ھەوکردنی جومگەیی سەدەفی ھەروەھا دەکرێت کاربکاتە سەر جومگەی ڕانەکان، چۆکەکان، بڕبڕەکان، و کەمەر (نێوان سێبەندە و ئێسکی حەوز). نزیکەی ٣٠٪ی تووشبووانی سەدەف تووشی سەدەفی ھەوکردنی جومگە دەبن. نیشانەکانی پێست پێش نیشانەکانی جومگە دەکەون لە نزیکەی ٧٥٪ی کەیسەکانی سەدەفدا.
کاریگەری لەسەر نینۆکەکانی پەنجەی دەست و پێ ھەیە. کارگەری دەکاتە سەر درێژبوونی نینۆک و دەبێتە ھۆکاری تێکچوونی. ھەروەھا ئەگەری جیابوونەوەی نینۆک ھەیە لە شوێنی خۆی، و ھەندێک جار دەبێتە ھۆی شکان و پارچە بوونی نینۆک.
وا بیردەکرێتەوە کە نەخۆشی سەدەف تێکچوونی بەرگری لەش بێت کە ئەمەش ببێتە ھۆی ئەوەی پێست زۆر زیاتر چالاک ببێت. لە دیارترین نەخۆشییەکانی سەدەف کە (پەڵەی سەدەف)ە خانەکانی لەش زۆر بە خێرایی زیاد دەکەن کە دەبێتە ھۆی سوور بوونەوە و (إلتھاب)ی زۆر لەو شوێنە. ھەتا ئێستا ڕوون نییە کە چ دەبێتە ھۆکاری تێکچوونی بەرگری لەش بەڵام زانایان پێیان وایە کە فاکتەری بۆ ماوەیی و ژینگەیی ڕۆڵیان ھەیە. ھەروەھا نەخۆشییەکی نەگوازراوە.
کارابوونی نەخۆشی سەدەف
زۆر لەتوشبوانی نەخۆشی سەدەف بێ نیشانەن بۆ ماوەی چەند ساڵ پاشان ئەم نەخۆشییە کارا دەبێت بەھۆی چەند فاکتەرێکی ژینگەیی. دیارترین کارا بوونەکان ئەمانەن:
ھۆیە مەترسییەکان
لاوان زیاتر تووشدەبن و ھەموو کەسێک ١/٣ ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی سەدەف ھەیە، بەڵام ئەم چەند ھۆیەش کاریگەری مەترسیان ھەیە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە:
ئاڵۆزکاری
ئەگەر تووشبووی نەخۆشی سەدەفی، مەترسیت زیاترە لە کەسێکی تووشنەبوو بۆ ئەم نەخۆشیانە:
بەشێوەیەکی گشتی نەتوانڕاوە چارەسەری ئەم نەخۆشییە دیاری بکرێت ئەمیش لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە دەروونی مرۆڤەوە، ھەندێک لەنەخۆشەسەرەتایییەکان بەوەرگرتنی دەرمان چارەسەردەکرێن ئەوانەی لەقۆتاغێکی ناوەندی دان بەڕێگای تیشکی ڕووناکی چارەسەر وەردەگرن بەڵام ئەوانەی بە ئاستێکی بەرز تووشی ئەم نەخۆشییە بوون ئەوە بەکۆمەڵ چارەسەری وەردەگرن.
کۆرتیکۆستیرۆید دەرمانێکی زۆرسەرکەوتوە بۆ چارەسەری پێستی کەم تووشبوو بەھەوکردن، کە دەتوانێت لەماوەی ھەشت حەفتە چارەسەری پێستەکە بکات یان نیشانەکانی بەرەو باش بوون نیشان بدات ئەگەر نەخۆش بەردەوام بێت لە بەکارھێنانی، بەڵام ڕتێنۆیدات و دڵۆپدانی لووت تا ڕادەیەک سەرکەوتوە، بەڵام تێبینی کراوە کۆرتیکۆستیرۆیدی بەھێز لەھەموو دەرمانەکانی تر ئەنجامەکەی باشتربووە، بەتایبەت ئەگەر ھاتوو ڤیتامین دی لەگەڵ بەکارھات، لەگەڵ ھەموو ئەمانە زۆڕ بیرنەکردنەوە لە نەخۆشییەکە و خۆ سەرقاڵکردن بەشتی تر لە چارەسەرە مسۆگەر کراوەکان دادەنرێت.
ھێزی ڕووناکی بەتایبەت ڕووناکی خۆڕ بۆ ماوەیەکی زۆڕ لە چارەسەرە ھەرە باشەکانە بەتایبەت تیشکەکانی نێوان ئاڕاستەدرێژی ٣١٣–٣١١ نانۆمیتر لە ھەمووی سەرکەوتوو ترە.
دەرکەوتوە کە نەشتەرگەری گیرفانەی گەروو (ھێڵکە گەروو)(لەوزەتێن) ئەنجامی باشی ھەبوە و بووەتە ھۆی نەمانی گڵاوپێستی.
ڕێژەی تووشبوان لە کۆمەڵگەی خۆڕئاوایی لە نێوان ٢–٤ ٪ لە تەواوی ژمارەی دانیشتووانە، ئاستی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە بەگوێڕەی ڕەگەزەکانی مرۆڤ و نەتەوە و ژینگە گۆڕانکاری بەسەردادێت لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکە پەیوەستە بە بۆماوەیی و باری دەروونی مرۆڤ. ھەروەھا لەھەموو تەمەنێکی مرۆڤ سەرھەڵدەدات، زۆرینەی تووشبوان لەنێوان ساڵانی ١٥ بۆ ٢٥ ساڵی دان، سێ چارەکی تووشبوانی جیھان لەتەمەنی پێش بیست ساڵی دان.
ئەوکەسانەی ھەڵگری نەخۆشییەکانی ڕیخەکۆلەن وەک نەخۆشی ھەوکردنی کڕۆھەن و ھەوکردنی کۆلێتن لەھەرکەسێکی تر زۆرتر ئەگەری تووشبونیان بەم نەخۆشییە ھەیە. ڕێژەی تووشبوان لە دانیشتووانی دوور لە ھێڵی ناوەڕاستی زەوی بەرزە کەسە سپی پێستە بە ڕەسەن ئەورووپایییەکان لەھەرکەسێکی تر مەترسی تووشبونیان لێ دەکرێت، بەڵام کەسی ڕەش پێست یاخود ئەفریکایییەکان ڕێژەی تووشبونیان زۆڕکەمە مەگەر ئەو ڕەشپێستانە نەبن کە باوانی دوو ڕەگیان ھەیە لەگەڵ سپی پێستەکان، و ھیندییە سوورەکانی ئەمریکا تاکو ئێستا تووشی ئەم نەخۆشییە نەبوون، لەناو میللەتی کورد ئەم نەخۆشییە بەربڵاوە بەتایبەت ئەوانەی ھەرلەباوانەوە تەنھا لەگەڵ ھیندۆئەوروپایییەکان تێکەڵ بوون.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە گڵاوپێستی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article گڵاوپێستی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.