بەنداوی بێخمە بەنداوێکی تەواونەکراوی فرەمەبەستە لەسەر زێی گەورە، کەوتووەتە ناحیەی خەلیفان لە پارێزگای ھەولێر، لە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر.
بەنداوی بێخمە | |
---|---|
شوێن | پارێزگای ھەولێر |
پۆتان | 36°42′03″N 44°16′16″E / 36.70083°N 44.27111°E 44°16′16″E / 36.70083°N 44.27111°E |
ڕەوش | تەواونەکراو |
دەستپێکردنی سازکردن | ١٩٧٩ |
خەرجی سازکردن | US$ 1,400,000,000 (to date); US$ 2,600,000,000 (estimated total cost) |
کارگێڕ(ەکان) | وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق |
بەنداو و ساڕێژگە | |
Impounds | زێی گەورە |
بەرزایی | ٢٣٠ m (٧٥٠ پێ) (planned) |
درێژی | ٦٠٠ m (٢٬٠٠٠ پێ) (planned) |
ھەماری ئاو | |
سەرجەمی دەفرایەتی | ١٧ km3 (٤٫١ cu mi) (planned) |
ڕووبەر | ١٠٠ km2 (٣٩ sq mi) (planned) |
وێستگەی وزە | |
دەفرایەتیی دامەزراو | ١٥٠٠ مێگاوات (پلان بۆ دانراو) |
مەبەستە سەرەکییەکانی بەنداوەکە بریتین لە بەرھەمھێنانی ١٥٠٠ مێگاوات لە وزەی کارەبا، و ڕێخستن و ڕێگری لە دروستبوونی لافاو. بە تەواوبوونی بەنداوەکە، بەرزییەکەی دەگەیشتە ٢٣٠ مەتر (٧٥٠ پێ)، بەمەش دەبووە گەورەترین بەنداوی کوردستان و عێراق. لە ساڵی ١٩٧٩ دەست بە دروستکردنی کرا، لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق کارکردن تێیدا ڕاوەستێنرا. لە ١٩٨٨ دووبارە دەستکرا بە دروستکرنی تا ئەوەی لە ١٩٩١ جارێکی دیکە بەھۆی شەڕی کەنداو وەستا، تا ئەو کات ٣٥٪ی کارەکانی تەواو بووبوون. لە دوای ٢٠٠٣ ھەندێک ھەوڵ ھەبوون لەلایەن حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانەوەی، بەڵام ھەوڵەکان بێئەنجام بوون.
لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم ڕووپێوی بۆ دروستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە. یەکەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ئەگەری بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، ئەویش بە پێکھێنانی لیژنەیەک لە شارەزا و پسپۆڕانی بەریتانی و عێراقی لە بواری دروستکردنی بەنداو و دیاریکردنی شوێن و ئاست و قەبارەی گلدانەوەی ئاو، و جۆری بەرد و خاک و سیفاتە جیۆلۆجییەکانی. پاشان لە ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ئەندازیاری ھزرا (ئێم دەبڵیوو ئێچ)ی ئەمریکی دەستکرا بە توێژینەوەی کاری لیژنەکەی ساڵی ١٩٣٧ و پێشبینیکردن و ھەڵسەنگاندنی سیفاتی جیۆلۆجیی خاکەکەی و ڕادەی شیاوی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە. ئەم لێکۆڵینەوانە بەردەوام بوون تا لە ساڵی ١٩٧٩ دوا ڕاپۆڕت لەبارەی ھەڵسەنگاندنی و دیاریکردنی لایەنە ئەرێنی و شیاوی شوێنی جوگرافی و جیۆلۆجییەکەی ئامادەکرا و بڕیاری دانانی بناغەی بەنداوەکە درا.
لە ١٩٧٩ و سەرەتای ١٩٨٠کان پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئی پی دی سیی ژاپۆنی دیزاین کراویەوە. دروستکردنی پرۆژەکە واژۆکرا لەلایەن دوو کۆمپانیای تورکی و یووگۆسلاڤیایی (ئینکا و ئینێرجۆپرۆجێکت). بنیاتنان لە پرۆژەکە لە ١٩٨٧ دەستی پێ کرد بە دروستکردنی ڕێگا بۆ پڕۆژەکە، و کەمپی نیشتەجێبوون، و ھەڵکەندنی زەوی و شاخی شوێنەکە. دروستکردنی تونێلیش لە ١٩٨٨ دەستی پێ کرد. لە کۆتاییی ١٩٩٠ پرۆژەکە وەستێنرا بەھۆی سزای یوو ئێن لەسەر دەستێوەردانەکانی عێراق لە کوەیت، و لاوازبوونی ئاساییش لە ناوچەکە. لە حوزەیرانی ١٩٩٠ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواوبوو. وا بڕیاربوو پرۆژەکە لە ١٩٩٢ تەواو بکرێت، بە تەواوبوونی بەنداوەکە ئەمبارێکی ئاویی بە قەبارەی ١٧ کیلۆمەتری سێجا دروست دەکرد، کە ڕووبەری ڕووەکەی دەگەیشتە ١٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە.
دوای شەڕی کەنداو و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، بایی ١٧٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کەلوپەل لە پرۆژەکە دزرا، کە بە تاڵانی بێخمە ناو دەبرێت. بەشێک لە کەلوپەلەکانیش بە ئێران فرۆشران.
لە ٢٠٠٧ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان ھەیە، بە مەبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەھەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی ٢٠٠٨ی عێراق، حکوومەتی عێراق گلەیی دەربڕی و دروستکردنی بەنداوی بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری عێراق. سەرەڕای ئەمە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو بۆ ڕێگری لە دروستکردنی بەنداوەکە؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ کەس لە شوێنەکایان، و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە ئەشکەوتی شانەدەر. لە ٢٠٠٨ بڕی ٣٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکرا لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە. بڕی خەرجیی کۆتاییی پێشبینیکراوی بەنداوەکەش ٢.٦ ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
لەلایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای دروستبوونەوەی حکوومەتی عێراق لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٨ حکوومەتی عێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لەسەر پرۆژەکە و دەستپێکردنەوەی بەڵام حکوومەتی ھەرێم لەسەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، لە ئێستاش ھیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە نییە، و ئەگەری وازھێنان لەو پرۆژەیە ھەیە.
ئەم «بەنداو» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بەنداوی بێخمە تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article بەنداوی بێخمە, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.