حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١ – ١٢ی نیسانی ١٩٥٣) سیاسەتوان، چالاکوان، مامۆستا، چاکەکار و فێمینیستی کورد بوو.
یەکەمین قوتابخانەی ئافرەتانی لە کوردستان لە خانووەکەی خۆیدا کردەوە.
حەپسەخانی نەقیب | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٩١ سلێمانی، کورستان |
مەرگ | ١٢ی نیسانی ١٩٥٣ | (٦١–٦٢ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | شێرپەنجە |
نەتەوە | کورد |
پیشە |
|
ناسراوە بە | دامەزراندنی یەکەم قوتابخانەی ئافرەتان لە کوردستان |
ھاوسەر | شێخ قادری حەفید (ھاوسەرگیری ١٩٢٠؛ جیابوونەوە ١٩٥٣) |
مناڵ(ەکان) | شامیل (مردووە) |
باوان(ەکان) | شێخ مارف (باوک) سەلما خان (دایک) |
خزمەکان | ئایشە خان (خوشک) شێخ مەحموودی حەفید (ئامۆزا) |
حەپسەخان کچی مەعرووفی بەرزنجی و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ و لە ساڵی ١٨٩١دا لە سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. مەعرووف بەرزنجی باوکی «نەقیب» بووە. ئەم پلەی نەقیبیەشی لەلایەن حکوومەتی عوسمانییەوە پێبەخشراوە بەو ھۆیەوە کە نوێنەری سادات و شێخان بووە.
ساڵی ١٩٢٣دا، کە سمکۆی شکاک ھاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ کرا، ژنانی سلێمانی بە کاریگەریی حەپسەخان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠دا، یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد بە سەرۆکایەتیی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە. حەپسەخانی عیرفانەفەنی - خێزانی جەمیل سائیب - سکرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تەنانەت لەو ڕۆژگارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
ساڵی ١٩٣٠، نامەیەکی سیاسیی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێڤ نووسی و ڕاشکاوانە داوای مافی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان، کە دەنگێکی باشی دایەوە.
کاتێک کە کۆماری مەھاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد. قازی محەممەد سپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.
لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە شێرەپەنجە کۆچی دواییی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
حەپسەخان تەنیا کوڕێکی هەبوو، ئەویش لە تەمەنی یەک ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article حەپسەخانی نەقیب, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.