ئەڤێنجەرز: ئێندگەیم (بە کوردی: تۆڵەسێنەکان: کۆتا یاری، بە ئینگلیزی: Avengers: Endgame) فیلمێکی ئەمریکی سوپەڕھیرۆی ساڵی ٢٠١٩یە، کە وەرگیراوە لە کۆمیکەکانی ماڕڤڵ دەربارەی تۆڵەسێنەکان.
فیلمەکە بەرھەمھێنراوی ستۆدیۆکانی ماڕڤڵە و لە بڵاوکردنەوەی ستۆدیۆکانی واڵت دیزنیە. ئەم فیلمە تەواوکەری فیلمی تۆڵەسێنەکان (٢٠١٢)، تۆڵەسێنەکان:چاخی ئەڵتڕۆن (٢٠١٥) و تۆڵەسێنەکان: جەنگی بێکۆتا یە، و دەبێە ٢٢ەمین فیلم لە گەردوونی سینەمایی ماڕڤڵ. فیلمەکە لە دەرھێنانی جۆ ڕوسۆ و ئەنتۆنی ڕوسۆیە، لە نووسینی کریستۆفەر ماڕکس و ستێفن مکفلیە، و خاوەن کاستێکی پڕ ئەستێرەیە لە نێویاندا ڕۆبێرت داونی جونیەر، کریس ئێڤنس، ماڕک ڕوفەلۆ، کریس ھێمسوۆڕت، سکاڕلێت جۆھانسن، جێرمی ڕێنەر، دۆن چیدڵ، پۆڵ ڕوود، بری لاڕسن، کاڕن گیلیەن، دانای گوریرا، بڕادلی کووپەر و جۆش بڕۆلینە. چیڕۆکە فیلمەکە لەدوای ڕووداوەکانی جەنگی بێکۆتاوە دەست پێ دەکات و ئەندامە زیندووەکانی ئەڤێنجەرز نیشان دەدات کەوا ھەوڵی پێچەوانە کردنەوەی ئەو زیانانە دەدەن کە تانۆس لە زەویدا درووستیکردبوو.
تۆڵەستێنەکان: کۆتاییی یارییەکە | |
---|---|
دەرھێنەر |
|
بەرھەمھێنەر | کێڤن فایگی |
شانۆنامە |
|
لەسەر بنەمای | کۆمیکەکانی ئەڤێنجەرز لە لایەن ستان لی |
ئەکتەران |
|
مۆسیقا | ئالان سیلڤستری |
وێنەگری سینەمایی | ترینت ئۆپلاک |
مۆنتاژ |
|
کۆمپانیای بەرھەمھێنەر | |
بڵاوکردنەوە | واڵت دیزنی مۆشن پیکچە |
دەرچوون |
|
ماوەی فیلم | ١٨١ خولەک |
وڵات | ئەمریکا |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | $٣٥٦ میلیۆن دۆلار |
داھات | $١٫٢٠٩ میلیارد دۆلار |
فیلمەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ڕاگەیەندرا، و سەرەتا ناوی ئەڤێنجەرز: ئینفینیتی وۆڕ بەشی دووەم بوو. براکانی ڕوسۆ لە مانگی نیسانی ٢٠١٥دا وەک دەرھێنەر، ماڕکس و مکفیلی ش وەک نووسەر ڕاگەیەندران. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦دا، ستۆدۆیۆکانی ماڕڤڵ ناوی فیلمەکەی سڕیەوە و کرا بە "فیلمی بێ تایتڵی ئەڤێنجەرز". وێنەگرتنی فیلمەکە لە مانگی ھەشتی ٢٠١٧ دەستپێکرا لە ویلایەتی جۆرجیا، ھاوشانی ئینفینیتی وۆڕ کارەکانی وێنەگرتنی تەواوکرا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨. دواتر لە مانگی ١٢ی ٢٠١٨، بە فەرمی تایتڵی فیلمەکە ئاشکرا کرا.
بەھۆی پەرۆشی بینەران بۆ فیلمەکە، کۆمپانیای دیزنی زۆر بە وردی چاودێری شێوازی ڕیکلامکردنی فیلمەکەیان دەکرد. فیلمەکە لە لۆس ئەنجلس، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩دا بۆ یەکەمجار پەخشکرا، و لە ٢٦ی نیساندا کەوتە سینەماکانی ئەمەریکاوە بەشێوەی ئایماکس و سێ ڕەھەندی. ڕەخنەگران ستایشی دەرھێنان، نواندن، سۆزداری و بەھای چێژبەخشینی فیلمەکەیان کرد. ھەروەھا دەیان ڕیکۆردی بۆکس ئۆفیسی شکاند، و تاکو ئێستا نزیکەی ٦٤٣ میلیۆن دۆلار داھاتیەتی و سێیەم پڕداھاترین فیلمی ٢٠١٩یە.
سێ ھەفتە دوای ئەوەی تانۆس بە بەکارھێنانی بەردەکانی ئینفیتی زەوی نیوەی زەوی ڕاماڵی، تۆنی ستاڕک و نێبیولا بە تەنھا لە بۆشایی ئاسماندا ماونەتەوە و کاتەکانیان بەڕێدەکەن، تاکو کاڕۆڵ دێنڤەرس/کاپتن ماڕڤڵ دێ بە ھانایانەوە. ھەردووکیان بە یاوەری دێنڤەرس دەگەنەوە زەوی و پەیوەندی دەکەنەوە بە تاقمە زیندووەکەی ئەڤێنجەرز کە بریتین لە ناتاشا ڕۆمانۆف، بڕوس بانەر، ستیڤ ڕۆجەرز، ڕۆکێت، تۆڕ و جەیمس ڕۆدس. یەکەم شت کە تاقمەکە دەیەوێ بیکات ئەوەیە کە بەدوای تانۆسدا بڕۆن و لەناوی ببەن، و بۆیان دەردەکەوێ کە تانۆس لە ھەسارەیەکی دوورەپەرێزدا دەژی وەک جوتیارێک ژیان بەڕێدەکات. تۆڵەسێنەکان دەگەنە تانۆس و دەستبەسەری دەکەن. تانۆس ئەوەیان پێڕادەگەیێنێ کە بەردەکانی ئینفینیتی لەناوبردووە بەو مەبەستەی کە ھیچ کەسێک نەتوانێ ڕووداوەکان پێچەوانەوە بکاتەوە. لەم نێوەندەدا، تۆڕ ھەڵدەستێ بە کوشتنی تانۆس دوای ئەوەی سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
دوای پێنچ ساڵ لەم ڕووداوە، سکۆت لانگ لە جیھانی کوانتەم دەربازی دەبێت و بۆی دەردەکەوێت کە ھێشتا کچەکەی زیندووە بەر ڕاماڵینەکەی تانۆس نەکەوتووە. لانگ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ناتاشا و ڕۆجەرز دەکات لە مەڵبەندی سەرەکی ئەڤێنجەرز. لانگ ئەوەیان بۆ شی دەکاتەوە کە لەلای ئەو تەنھا پێنچ کاتژمێر تێپەڕیبوو لەجیاتی پێنچ ساڵ، و پێشنیاری گەشتکردن بەنێو کات دەکات لەڕێگەی جیھانی کوانتەم بە مەبەستی وەستاندنەوەی تانۆس. بۆ ئەم مەبەستە سەردانی تۆنی ستاڕک دەکەن، کەوا ئێستا بۆتە باوک و کچێکی بەناوی مۆرگن ھەیە. ستاڕک ئەم داواکاریە ڕەت دەکاتەوە لە ترسی ئەوەی کە زیان بە کچەکەی بگات. دوای ئەمە، تاقمەکە سەردانی بڕوس بانەر دەکەن (کەوا ئێستا لەنێو جەستەی ھوڵک دەژی) و ئەویش ڕازیدەبێت لەسەر یارمەتیندانیان لە درووستکردنی ئامێری گەشتکردن بەنێو کاتدا. لەکۆتاییدا، ستاڕکیش ڕازی دەبێت بە یارمەتیدانیان و یارمەتی بانەر دەدات لە تەواوکردنی پڕۆژەکە.
بەو ھیوایە نوێیەوە، بانەر و ڕۆکێت دەچنە نەرویژ، کە تێیدا ڕزگاربووانی ئاسگارد دوای لەناوچوونی جیھانەکەیان لێی نیشتەجێبوونە و کۆمەڵگایەکیان بۆخۆیان پێکھێناوە. لەوێدا دەگەنە تۆڕ، کە بۆتە کەسێکی قەڵەوی سەرخۆش، و لە پاڵ کۆڕگ یاری فۆرتنایت دەکەن. دوای گفتوگۆیەکی درێژ، تۆر بە یارمەتیدانیان ڕازی دەبێت. لە ھەمان کاتدا، ناتاشا دەگاتە یابان بە مەبستی دۆزینەوە کلینت باڕتن کە بۆتە بکوژی تاوانکارانی یاکوزا، و ئەویش ڕازیدەبێت بە یارمەتیدانیان کاتێک دەزانێت ھیوای گەڕانەوەی خێزانەکەی ھەیە.
تۆڵەسێنەکان دەبنە چەند گروپێکی جیاواز. بانەر، ڕۆجەرز، لانگ و ستاڕک دەگەڕێنەوە نیویۆڕکی ساڵی ٢٠١٢. بانەر سەردانی پەناگەی پیرۆز دەکات و دوا لە ئەنشنت وەن دەکات کە بیباتە لای دەکتەڕ سترەینج، بەڵام ئەو پێی ڕادەگەینێ کەوا پێنچ ساڵ زووتر لە وادەی خۆی گەیشتووە و ھێشتا ئەو نەبۆتە پارێزەری جیھان و ھێشتا ھەر دکتۆرێکی ئاساییە. دوای مشتومڕێکی زۆر، بانەر ئەنشنت وەن ڕازی دەکات بەوەی کە بەردەکەی پێبدات، بەڵام لەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە بەردەکە دەبێت بگەڕێندرێتەوە زەمەنی ئەسڵی خۆی، تاکو ڕاستیەتی جیھان تێکنەچێت. ڕۆجەرز بە سەرکەوتوویی گۆچانە سحراویەکەی لۆکی «تێسراکت» دەدزێ (کەوا بەردی مێشکی تیایە)، بەڵام لانگ و ستاڕک سەرکەوتوو نابن لە دزینی بەردی بۆشایی ئاسمان، کاتێک لۆکی بەردەکە دەدزێ. ڕۆجەرز و ستاڕک ھەڵدەستن بە بەکارھێنانی گەردیلەکانی پیم (کە درووستکراوی دکتۆر ھانک پیمە و دەتوانرێ لەڕێگەیەوە گەشتی کاتی پێبکرێت) دەگەڕێنەوە مەڵبەندی سەرەکی شیڵد لە ساڵی ١٩٧٠، بە مەبەستی دزینی گۆچانە سحراویەکە «تێسراکت» کە لەو ساڵەدا لەو مەڵبەندەدا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆنی بە باوکی خۆی شاد دەبێتەوە و بەیەکەوە باسی باوکایەتی دەکەن، لەولاشەوە ستیڤ ھەندێک گەردیلەی تری پیم لە تاقیگەکەی ھانک پیم دەدزێ تاکو بتوانن بگەڕێنەوە زەمەنی ئێستا.
ڕۆکێت و تۆڕ دەگەنە ئاسگاڕدی ساڵی ٢٠١٣ تاکو بەردی ڕاستی «ئەیتەر» لە جەستەی جەین فۆستەر دەربکەن (کەوا لە فیلمی «تۆڕ: جیھانی تاریکی» لە جەستەی ئەودا جێگیر کرابوو). لەوێدا تۆڕ بە دایکی خۆی شاد دەبێتەوە و دایکی باسی ئەوەی بۆ دەکات کە چۆن تۆڕ ھەمیشە چاوەڕوانی دەستکەوتنی بەرزی لێکراوە و ورەی بەرزدەکاتەوە. بەر لە گەڕانەوەیان بۆ زەمەنی ئێستا، تۆڕ چەکوشە ئەسڵەکەی خۆی «میۆنیر» دەبات و دەگەڕێنەوە. لە ھەسارەی ڤۆرمیر، ناتاشا و باڕتن دەگەنە ڕێد سکەڵ (کەوا لە فیلمی «کاپتن ئەمێریکا:یەکەم تۆڵەسێنەوە» دا، کەوتە سەر ئەم ھەسارەیە) و ئەو پێیانی ڕادەگەیێنێت کە بۆ بەدەستھێنانی بەردی ڕۆح، پێویستە یەکێکیان خۆی بکاتە قوربانی. دوای شەڕکردن لەنێوانیاندا، ناتاشا خۆی دەکاتە قوربانی و باڕتنیش بەردەکە لەگەڵ خۆی دەباتەوە. لەسەر ھەسارەی مۆڕاگی ساڵی ٢٠١٤، ڕۆدس و نێبیولا بەردی ھێز بەر لە پیتەر کویڵ دەدزن، ڕۆدس دەگەڕێتەوە زەمەنی ئێستا، بەڵام نێبیولا بەھۆی بەریەککەوتنی سیستەمەکەی لەگەڵ نێبیولای سەردەمی ڕابردوو ناتوانێ بگەڕێتەوە. دوای ئەوەی نێبیولا دەکەوێتە دەستی تانۆس، لەڕێگەی یادەوریەکانی تانۆس سەیری ڕووداوەکانی داھاتوو دەکات و پلانی تۆڵەسێنەکانی بۆ ئاشکرا دەبێت، و لە بڕی نێبیولای زەمەنی ئێستا، نێبیولای ٢٠١٤ دەنێرێتەوە داھاتوو.
دوای ئەوەی گشت بەردەکانی ئینفینیتی کۆدەکرێنەوە، بانەر ھەموو ئەوانەی بەر راماڵینەکەی تانۆس کەوتبوون دەگەڕێنتەوە. لەولاشەوە، نێبیولای ٢٠١٤ ئامێری گەشتکردنی بەنێو کاتەکە بەکاردەھێنێ و تانۆس و سەربەزەکانی دەھێنێتە زەمەنی ئێستا و ھێرشدەکەنە سەر مەڵبەندی تۆڵەسێنەکان. لەسەر کەشتیەکەدا، گامۆڕا نێبیولای زەمەنی ئێستا ڕزگار دەکات، و بەیەکەوە دەچنە لای نێبیولای ٢٠١٤، کە خەریکی دزینی دەستکێشە ئینفینتیەکەیە لە باڕتنەوە و دەیکوژن. تانۆس دەگاتە مەیدانی جەنگ و بە تۆڵەسێنەکان دەڵێت کەوا ئەمجارە بە دەستکێشە ئینفینیتیەکە گەردوونێکی نوێ و باشتر درووستدەکات و ئەمەی ئێستا لەناودەبات تاکو کەس لەیادی نەمێنێ کەوا گەردوونێکی لەمشێوەیە ھەبووە. تانۆس بەسەر تۆڵەسێنەکان زاڵدەبێ و سوپاکەی بانگھێشتی مەیدانەکە دەکات. لەوکاتەوە، ستێفن ستڕەینج، سپایدەرمان، بلاکن پانتەر و تەواوی سوپای واکاندا دەگەڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی تۆڵەسێنەکان. لەوێدا دژی سوپاکەی تانۆس دەجەنگن و تەنانەت کاڕۆڵ دێنڤەرسیش دەگاتە ئەوێ و یارمەتیان دەدات لە تێکشکاندنی کەشتیە ئاسمانیەکەی تانۆس. لە نێوەندی ئەمانەدا تانۆس دەستکێشەکەی پێدەگات و سەرەڕای ھەوڵی تۆڵەسێنەکان، ئەو دەستکێشەکەی لەلا دەمێنێتەوە. چەند چرکەیەک بەر لە داگرتنی پەنجەکانی، ستاڕک سەیری دەکتەڕ سترەینج دەکات کەوا ئاماژەی ژمارە یەکی پێدەدات (ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەو قسەی ستڕەینج کە گوتی لە ١٤ میلیۆن ئەگەر، تەنھا یەک ئەگەریان بە سەرکەوتنی ئەوان کۆتایی دێت) ھەربۆیەش ستاڕک لەگەڵ ئەم ئاماژەیە بەردەکان لە دەستکێشەکە دەکاتەوە و بەکاریاندەھێنێ بۆ لەناوبردنی تانۆس و سوپاکەی، بەڵام کاردانەوەی وزەیی بەردەکان بە سەختی برینداری دەکات و دەبێتە ھۆی مردنی.
دوای دانانی پرسەیەک بۆ ستاڕک، تۆڕ ڤالکایەر دەکاتە شاژنی ئاسگاڕد و خۆیشی دەچێتە پاڵ تاقمی پارێزەرانی گەردوون. ڕۆجەرز بە یارمەتی بانەر و ئامێرەکەی گەشتکردنی کات، تەواوی بەردەکان دەگەڕێنێتەوە جێگاکەی خۆیان، بەڵام لە ڕابردوودا دەمێنێتەوە بۆ بەسەربردنی ژیانی لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێگی کاڕتەر. لەگەڵ گەڕانەوە، ڕۆجەرزێکی بەساڵاچوو لەپاڵ ڕووبارێکەوە دانیشتووە، و کاتێک سام ویڵسن دەگاتە لای پێیدەڵێ کە قسەکەی تۆنی جێبەجێکرد و ژیانێکی باش بۆخۆی ژیا. لەکۆتاییدا، قەلغانەکەی خۆیشی دەبەخشێتە ویڵسن، کە ئەویش بەڵێنی پێدەدات بە باشترین شێوە بەکاریبێنی.
چەندین کارەکتەری جیاواز کەوا لەدوای ڕووداوەکانی ئینفینیتی ۆوڕ مردبوون، لەم بەشەدا دەگەڕێنەوە لەنێویاندا:
ھەروەھا کۆمەڵە ئاکتەرێکی تریش ڕۆڵەکانی خۆیان لەم بەشەدا دەگێڕنەوە:
بەدەر لەمانەش، ھیرۆیوکی سانادا رۆڵی ئاکھیکۆ دەگێڕێ، کە سەرکردەیەکی مافیای یاکوزایە لە تۆکیۆ و دژی باڕتن دەجەنگێ. ستان لی لەدوایین کامیۆی خۆیدا وەک شۆفێرێکی ئۆتۆمبێل لە ساڵانی حەفتاکاندا دەردەکەوێت. جۆ ڕوسۆ وەک ئامادەبووێک دەردەکەوێت لەپاڵ ڕۆجەرزدا.
فیلمەکە لە لۆس ئەنجلس لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ یەکەم پەخشی بۆکرا. لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩شدا، لە تەواوی جیھاندا دەستکرا بە پەخشکردنی.
لە کۆتاییەکانی ٢٠١٨، فیلمەکە وەک دووەم چاوەڕوانکراوترین فیلمی ٢٠١٩ دەستنیشانکرا لەدوای کاپتن ماڕڤڵ و زۆرترین فرۆشیار چاوەڕوانی بلیتەکانی ناوبراویان دەکرد.
دوای دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتەکان بەشێوەی ئۆنلاین، تەواوی سایتەکانی فرۆشتنی بلیت وەستان بەھۆی قەڵەبالغی سەر سێرڤەرەکان. دوای ٢٤ کاتژمێر، فیلمەکە بووە پڕفرۆشترین بلیتی ئۆنلاین و پێش فیلمی جەنگی ئەستێرەکان: بە ئاگا ھاتنەوەی ھێزەکە کەوت. فیلمەکە تەنھا بە فرۆشتنی بلیتەکانی پێشوەختە نزیکەی ١٤٠ میلیۆن دۆلاری دەستکەوت.
لە ھیندستان، فیلمەکە زیاتر لە یەک میلیۆن بلیتی فرۆشت، بەڕێژەی فرۆشتنی ١٨ بلیت بۆ ھەر چرکەیەک. لە چین، تەنھا لەماوەی ٦ کاتژمێردا زیاتر لە یەک میلیۆن بلیت فرۆشرا کە دەیکردە بای ١١٤ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی. لە ھەرێمی کوردستاندا، بۆ سێ ڕۆژی یەکەمی نمایشی فیلمەکە لە سینەماکانی ھەولێر و سلێمانی تەواوی بلیتەکان فرۆشرابوون. ستی سینەما یەکێک لەسینەماکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد لە سێ ڕۆژی یەکەمی نمایشکردنی فیلمەکە ٣٠٠٠ بلیت لەسینەماکەی ئەوان فرۆشراوە.
لە وێبسایتی ڕۆتن تۆمەیتۆس، فیلمەکە ڕێژەی ٩٦٪ی ھەیە بەپێی ٣٧٥ دەنگی جۆراوجۆر و ڕەیتینی ٨٫٣/١٠ یە. لە کۆکراوەی رای ڕەخنەگرانی وێبسایتەکە نووسراوە " پڕ جۆش و خرۆش، پڕ چێژ و بەشێوەیەکی سۆزداراە کاریگەر، ئێندگەیم فیلمێکە کە ھەمووشتێک لە توانایدایە دەیکات بە مەبەستی گەیاندنی کۆتاییەکی جوان بۆ ئەم بەشەی ئینفینیتی ماڕڤڵ". مێتاکریتیک نمرەی ٧٧ لە ١٠٠ی پێداوە. بینەران بەپێی دەنگدانی سیمەسکۆڕ نمرەی "ئەی پڵەس" یان پێداوە، کە دەبێتە سێیەم فیلمی ماڕڤڵ بەم نمرەیە بگات.
لە بابەتێکی بۆ NPR، گلێن وێڵدن ڕایەکی ئیجابی لەبارەی فیلمەکەوە ھەبوو و پێیوابوو کە فیلمەکە تەواوکەرێکی شایستەیە بۆ ئینفیتی وۆڕ و تەواوی بیست و دوو فیلمەکەی پێشوو لە گەردوونەکەدا و نووسیویەتی " بڕیاری براکانی ڕووسۆ بۆ تیشک خستنە سەر ھەست و سۆزی تۆڵەسێنەکان دوای ڕووداوەکانی بەشی یەکەم مایەی ستایشکردنە، و توانیویانە فیلمەکە بەشێوەیەک دابڕێژن کە تەواوی کارەکتەرەکانی دە ساڵی ڕابردوو دەربخەن و کاتی خۆیانی پێبدەن کە لەکۆتایی فانەکانی گەردوونەکە ڕازی دەکات.
پیتەر تراڤێرس لە بابەتێکی بۆ ڕۆڵینگ ستۆن، لە ٥ ئەستێرە ٤ی بە فیلمەکە داوە و نووسیویوتی «پێویست ناکات دەربارەی کڵێشەی گەشتکردن بەناو کاتەکە قسە بکەین، ئەم فیلمە ھەمیشە داھێنان و تازەگەری خۆی پێبووە و چێژەکەی نیشانداوە».
لە کاردانەوەیەکی نەرێنیدا، ئەنتنی لەین کە ڕەخنەگرێکی نیویۆڕک تایمزە پێیوابوو فیلمەکە جێڕۆکەکانی بەباشی درێژەپێنەدا و زۆر شتی پشتگوێ خست و نووسیویەتی: «لەم فیلمەدا شتەکان زۆر بە خاوی دەستپێدەکەن، تانۆس بۆتە جووتیاری گەنم و وازی لە ئامانجە گەورەکەی ھێناوە کە بریتی بوون لە کۆمەڵکوژی و لەولا بلاک ویدۆو خەریکی خواردنی ساندویچە و تۆڕیش بۆتە کەسێکی قەڵەوی بێکەڵک، تاکو ئەوکاتەی شتەکان دێنە سەر سکە، بینەر ئارامی نامێنێت».
لە مایۆی ٢٠١٨، بەڕێوبەری دیزنی بۆب ئایگەر دەربارەی پلانەکانی ماڕڤڵ دوای کۆتا یاریی ڕایگەیاند «پێموابێ کاتێ داھێنانی زنجیرە فیلمێکی تر دەبێ دوای ئەڤێنجەرز، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئیدی ھیچ بەشێکی لێ دەرناکەین، چونکە بەناوبانگی و خۆشەویستی کارەکتەرانی فیلمەکە لەلایەن ھەوادارانیەوە، وادەکات کە ئێمەش بیری لێبکەینەوە». دوای یەکەم پەخشی سینەمایی فیلمەکە، جۆ ڕوسۆ ڕایگەیاند «ھیچ بلانێکمان بۆ درووستکردنی فیلمی تری ماڕڤڵ نییە دوای ئێندگەیم، بەڵام ئەگەری گەڕانەوەمان بۆ مارڤڵ کراوەیە بەھۆی ئەو پەیوەندیە باشەی لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو ھەمانە».
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە تۆڵەستێنەکان: کۆتاییی یارییەکە تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article تۆڵەستێنەکان: کۆتاییی یارییەکە, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.