پڕۆژەی ڕووباری مەزنی دەستکرد (بە عەرەبی: النهر الصناعي العظيم، بە ئینگلیزی: Great Man-Made River) بریتییە لە گەورەترین پڕۆژەی گوستنەوەی ئاو لە جیھاندا، لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٨ موعەمەر قەزافی سەرۆکی شۆڕشی گەلی لیبیا بەردی بناغەکەی دانا وەک پێشگیرییەک لە ڕووبەرووبوونەوەی وشکە ساڵی و تێنوێتی خەڵکی لیبیا، بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە درێژەپێدەری ھەمان پڕۆژەی ڕووباری دەستکردی ناوچەی سەریرە لە شاری جالۆ کە موعەممەر قەزافی لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٤ جێبەجێی کرد.
پشت ئەستوور بە توێژینەوە ھونەری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ئەم پڕۆژەیە چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئاوی سازگاری دابین دەکرد بۆ ھەموو ئەو ناوچانەی کە زەوی کشتوکاڵیان ھەیە یان ئەو ھەرێمانەی کە زەوی شێداریان ھەیە و بەکاری کشتوکاڵ کردن دێن ئەگەر بێت و ئاویان پێ بگات، بەجۆرێک پڕۆژەکە لە توانایدایە ڕۆژانە ٦٫٥ میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاو بگوزێتەوە لە ناو جەرگەی بیابان و نشینگەی بیابان نشینان بۆ ناوچە کەناراویەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون.
پڕۆژەکە لە ڕێگای دامەزراندنی لولەی ئاوی مەزن ئاو لە مێرگەکانی بیابان دەگوازێتەوە بۆ ناوچە وشک و بێ ئاوەکانی ھەموو خاکی لیبیا کە لەژێڕ خاک شاردراونەتەوە دوور لە تیشکی خۆر، تیرەی ھەر لولەیەک چوارمەترە بە پێکبەستنی لولەکان ڕووبارێکی مەزن درووست بوون بەجۆرێک لە قۆناغی یەکەم چوارھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی بەراوکرد، کە لە مێرگەکانی ئابار و کفرە و سەریر لە خۆڕھەڵاتی باشوورەوە ئاوی دەگەیاندە مێرگەکانی فزان و جەبەل حەساونە لە باشووری خۆڕئاوا و لەوێشەوە بەرەو باکوور و شارە گەورەکان. دواتر ڕووبارەکە بوو بە دوو ڕووبار کە ئەوەی دووەم لە مێرگەکانی گەدامس و جەغبوبەوە ئاوی دەھێنا بۆ ڕووبارە سەرەکییەکە، ڕووبارەکە بە یەکێک لە ڕووبارەکانی ئەفریقا ھەژمارکرا و لەسەر نەخشە جێی بۆ کرایەوە. ڕووباری یەکەم لەباشوورەوە تا دەگەیشتە باکوور پێنج دەریاچەی دەستکردی پڕ ئاو دەکرد قەبارەی ھەر دەریاچەیەک چوار میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی دەگرت، کە ھەر پێنجیان بە درێژایی ساڵ پڕ ئاون، ئەم پڕۆژەیە لیبیای لە وشکە ساڵی دوورخستەوە بۆ چەندین سەدەی داھاتوو. کۆی درێژی ڕووبارەکە ١٦٠٠ کیلۆمەترە و پتر لە ٧٠٪ ئاوی خواردنەوەی سەرجەم لیبیا دابین دەکات، درێژترین تۆڕی ئاوە لەسەرانسەری جیھان. بڕی ٢٬٨٢٠کم درێژی لولەکانە کە لەژێڕ زەوی ڕاکێشراون. پتر لە ١٣٠٠ بیری ھەڵکۆلدراو لەخۆدەگرێت کە قوڵی ھەر بیرێک ٥٠٠ مەترە، ئەم ڕووبارە ڕۆژانە ٦٬٥٠٠٬٠٠٠ مەتری چوارگۆشە ئاو بۆ شاری بەنگازی و تەرابلس و سرت و ناوچەکانی نزیکیان دابین دەکات. سەرۆکی پێشووی لیبیا موعەمەر قەزافی بە «ھەشتەمیین سەرسوورھێنەری جیھان» ناوزەندی دەکرد.
لە ساڵی ١٩٥٣ لەکاتی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی نەوت لەباشووری لیبیا تێبینی ئەوەیان کرد کە ڕێژەیەکی زۆرئاوی سازگار لەژێڕ ئەم بیابانە وشکە ھەیە. بیرۆکەی پڕۆژەی ڕووباری مەزنی دەستکرد دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان بەڵام لە ١٩٨٤ پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە. درووستکردنی پڕۆژەکە بۆ پێنج قۆناغ دابەش کرا. قۆناغی یەکەم ٨٥ میلیۆن مەتری چوارگۆشە کاری ھەڵکۆڵین ئەنجام درا و لە ٢٨ی ئابی ١٩٩١ تەواو بوو. قۆناغی دووەم لەژێڕ ناوی (یەکەم ئاوی تەرابلوس)لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٦ تەواو بوو. خاوەنی پڕۆژەکە «دەستەی پڕۆژەی ڕووباری مەزن» بوو کە حکومەتی قەزافی پارەی بۆ دابین دەکرد. بەڵێندەری سەرەکی بۆ قۆناغی یەکەم ھاوبەشگای (Dong Ah Consortium) بوو، بەڵام بەڵێندەری ئێستا ھاوبەشگای (نەھر بۆ بازرگانی سنووردار). کەلوپەل و ئامرازەکان لە کۆریاوە ھاوردە کرابوون لە ڕێگای دەریاوە بۆ بەندەری سیدرە. کاری چاودێری و درووستکردنی لولەکان لەلایەن ھاوبەشگای (AMAC Corrosion Protection) ئوسترالی سەرپەرشتی دەکرا، کە لە مەلبۆرن ەوە بۆ بەندەری بەنگازی دەیگواستنەوە. ئەوانی تریش لە لیبیا درووست دەکران. بڕی بودجەی تێچوو ٢٥ میلیارد دۆلار بوو، کە حکومەتی لیبیا پارەکەی فەراھەم کرد بێئەوەی داوای یارمەتی لە وڵاتانی جیھان یان بەنکی نێودەولەتی بکات. لە ١٩٩٠ بەدواوە ڕێکخراوی یوونێسکۆ سەرپەرشتی و ڕاھێنان بۆ کارمەند و ئەندازیارانی پڕۆژەکە دەکات. کۆگا ھەڵکۆڵدراوەکان کە لەڕێگای ئەوانەوە ئاوی سازگار لە ناخی زەوی دەرھێنرا ئێستا پڕن لە ئاو بە پێی بەدواداچوونێکی ساڵی ٢٠٠٧ ئەم کۆگایانە تا ھەزار ساڵی تر ئاویان تێدا دەمینێت. ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لەماوەی ٦٠ تا ١٠٠ ساڵی تر ڕێژەی ئاوی سازگار لە کەمی بدات، ئابووری ناسان دەڵێن ئەو بڕە پارەی لە پڕۆژەکە بەکارھاتووە کە ٢٥ میلیارد دۆلارە دەکاتە نڕخی ١٠٪ ئەو ھەموو ئاوەی کە بەرھەم دێت. ھەروەھا لەپاڵ ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەی چاندنی ٥٠٬٠٠٠ دارخوورما بە بڕی ١٬٠٠٠ یۆرۆ بۆ ھەر دارخورمایەک لەلایەن ئەندازیاری ئیسپانی ئەنتۆنیۆ ئیبانیس. لە ٢٢ یۆلیۆی٢٠١١ لەکاتی جەنگی ناوەخۆی لیبیا، یەکێک لە دامەزراوەکانی پڕۆژەکە کەوتە ژێر مووشەکبارانی فڕۆکەکانی ناتۆ، ڕۆژێک دوای مووشەک بارانکردنەوە ھێزەکانی ناتۆ ڕایانگەیاند لەناو دامەزراوەکە مووشەک ئاراستەمان کراوە و دواتر چەندین کەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنی لە شوێنەکە دۆزرانەوە. بەھۆی بەردەوامی ناکۆکی و ململانێکانی لایەنەکانی شەڕی ناوەخۆی لیبیا ژێڕخانی پڕۆژەکە وێران بووە، تاوەکو یۆلیۆی ٢٠١٩ زیاتر لە ١١٠ بیر لەکۆی ٤٧٩ بیر دارووخاون و بەکار ناھێندرێن. لە ١٠ ئەپریلی ٢٠٢٠ لە ئاکامی ھێرشێکی تێکدەرانە بۆ سەر لولەکانی تەرابلوس و ناوچەکانی نزیکی زیاتر لە میلیۆنێک لە دانیشتوانی تەرابلوس بێ ئاو بوون، ھێرشەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرکۆنە کرا.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ڕووباری مەزنی دەستکرد تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ڕووباری مەزنی دەستکرد, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.