مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی (٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦ لە نەغەدە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان - ١٤ی شوباتی ١٩٩٨مەھاباد) لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بووە کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەورێکی گرنگیان گێڕاوە؛ شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بووە کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەبووە.
ئەم شاعیرە ھەستیارە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدەی ناوچەی سندووس لەدایک بووە و لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٦ بەھۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کردووە.
مارف ئاغایی | |
---|---|
لەدایکبوون | ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦ نەغەدە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
مردن | ١٤ی شوباتی ١٩٩٨ مەھاباد |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی بوداغ سوڵتان، مەھاباد |
پیشە | شاعیر |
نەتەوە | کورد |
کارە دیارەکان | زەوی سەخت و ئاسمان دوور |
ھاوسەر | ئازەر سەمسامی |
منداڵەکان | شەونم، پەیام |
مارف ئاغایی کوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی "پاشایی" بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا ساڵێک زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی ١٩٨٥ ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگیی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شیعر و بەرھەم کردووە و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەران. حەولەکانی بوونەتە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ "ئازەر سەمسامی" ژیانی ھاوبەشی دەست پێ کردووە و کچێک و کوڕێک بە ناوەکانی "شەونم" و "پەیام" بەرھەمی ئەم ژیانەیە. لە ساڵانی دواییدا بە تاسەوە ھەوڵی خۆ فێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی داوە و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بووە و ئاکامی ئەم تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی (ھەستی ناسیۆنالیستی کورد) بۆ سەر زمانی کوردی بووە کە بەداخەوە ئێستاکە دەستنووسی ئەم وەرگێڕانە دیار نییە. کتێبی «ڕازی مانەوەی خاک» لە نووسینی فەتاح ئەمیری و ھادی حەبیبی باسی ژیان و بەرھەمەکانی مارف ئاغایی دەکا.
پاش خزمەتێکی زۆر و ئەنجام دانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە وەک ڕێکخستنی کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و پێک ھێنانی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی؛ ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی" لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ڕەوتی پەنجا ساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری: (جەعفەر قازی) و (سەرتیپ مەنسووری) دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک ئەسپێردرا.
ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لە ژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێکدا ھەڵێگرم،
نە دەشتوانم ھەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە.
ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووریی ئەو
لە ئۆقیانووسی ھیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک بخۆمەوە
ناوی: خەڵکە.
من دەزانم دارستانی ھەموو شوێنێک
جریوەی گەرمی چۆلەکە و
ڕووباری ھەموو وڵاتێک
دەنگی تاڤگە و ڕەنگی کەف و پێچ و پەنای ڕێگەی
بەرەو دەریای ھەیە
بەڵام چ بکەم لێرە نەبێ
نە گوێم چاکیان دەبیسێت و
نە چاوم چاکیان دەبینێ و
نە گیانم چاکیان ھەست دەکا.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article مارف ئاغایی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.