ورمێ یان ئورمییە (بە فارسی: ارومییە، بە کوردیی باکووری: Ûrmiye، بە ئەرمەنی: Ուրմիա)یەکێکە لە گەورە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران، ناوەندی پارێزگای ورمێ و شارستانی ورمێیە، بەبەرزی (١٣٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، کەوتووەتە سەر چەمی بەردە سوور (چەمی شار) و دەشتی ورمێ، لەڕۆژھەڵاتییەوە دەریاچەی ورمێیە و لە ڕۆژاوایەوە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانە، ھەوای ھاوینانی کەمێک گەرمە و زستانی ساردە.
ورمێ Urmia | |
---|---|
ܐܘܪܡܝܐ - Ûrmiye - ارومییە - رضائییە - طبارما - Ուրմիա | |
| |
پۆتانەکان: 37°33′10″N 45°04′34″E / 37.55274°N 45.07605°E 45°04′34″E / 37.55274°N 45.07605°E | |
وڵات | ئێران ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
ھەرێم | ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
پارێزگا | ورمێ |
شارستان | ورمێ |
ناوچە | ناوەندی |
دەسەڵات | |
• جۆر | شارەوان–ئەنجومەن |
• سەرۆکی شارەوانی | مەجید ئاقازادە |
• پەرلەمانتار | نادر قازی پور، ھادی بەھادوری، ڕووحوڵڵا حەزرەت پور |
ڕووبەر | |
• شاری | ٤٢٫٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٦٫٥ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ١٣٣٢ مەتر (٤٬٣٧٠ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• شار | ٧٣٦٬٢٢٤ |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (کورمانجی و سۆرانی)، ئازەری، ئەرمەنی، ئاشووری |
• ئایین | ئیسلام (سوننە و شیعە)، مەسیحی، یارسان |
ناوچەی کاتی | UTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی) |
• ھاوین (DST) | UTC+٤:٣٠ (ھاوین) |
تەلەفۆن | ٠٤٤١ |
وێبگە | urmia.ir |
ورمێ لە ڕووی دانیشتووانەوە دەھەمین شاری ئێرانە لە ڕیزبەندیدا، دانیشتووانی ئەم شارە لە پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی کورد و ئازەری و ئاشووری و ئەرمەنی پێکھاتووە. ئەم شارە ناوەندەکی بازرگانی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە و بەتایبەتی (سێو و ترێ و …) ھەروەھا توتنیشی تیادا دەچێنرێت. زۆرینەی دانیشتووانی ئیسلامن و ھەروەھا ئەم ئایینانەی تیادایە مەسیحی و یارسان.
شارێکی گرنگ بوو لەرووی ئایینەکانەوە لە سەدەی نۆزدەدا، دانیشتووانی پێکھاتبوو لە ئیسلام(شیعە و سوننە)و مەسیحی (کاسۆلیکی و پرۆتێستانتی و سووریانی و ئەرسەدۆکسی) و یارسانی و جوو و بەھایی و سۆفیگەری لە ساڵی ١٩٠٠دا مەسیحییەکان لە (٤٠٪)ی دانیشتووانیان پێکدەھێنا بەڵام لە ساڵی ١٩١٨ ژمارەیان کەمی کرد، کاتێک ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە جەنگدا بوو لەگەڵ قاجاڕەکان شاری ورمێ داگیرکرا لەلایەن عوسمانییەکان، ئەرمەنی و ئاشوورییەکان کۆمەڵکوژ کران.
وتاری سەرەکی:شەڕی دمدم
لەگەڵ ھەڵایسانی شۆڕشدا عەرەبەکانی ویلایەتی بەغدایش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا، بە مەرجێ شێخ عوبەیدوڵڵا ویلایەتی مووسڵیان بۆ ڕزگار بکات. لەو کاتەدا زۆربەی ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان دایانە پاڵ بزووتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شێخ ئیدارەیەکی کاتیی پێکھێنا و توانیان ناوچەکانی مەھاباد و میاندواو و مەراغە ئازاد بکەن. بەھۆی نەبوونی دیسپلین لە ڕیزی جەنگاوەرەکاندا و نەبوونی شارەزایی سەربازی لە لای سەرکردەکان، جگە لەمە ھەر خێڵێک ھێزەکانی لەژێر سەرکردایەتیی ڕابەرەکانی خۆیدا ھێشتبووەوە و چەکی پێویستیان نەبوو، سەرباری ئەوە کە ئەو ھێزانە کەم مەشق بوون و خواردن و ئازوقەکەش ھەر عەشیرەتێک دەبوایە خۆی دابینی بکردایە، ھاوڕێ لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک خەڵکی نەفس نزم لە ھۆزەکان بە مەبەستی تاڵانی و زەوتکردن چووبوونە پاڵ بزووتنەوەکەی شێخ، ئەوان بارودۆخەکەیان بە ھەل زانیبوو، بۆ فەرھودی گوندە ئازەری و شیعەکان و سەروەت و سامانی گاور نەستورییەکانی ناوچەی ورمێ، کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کاتیی کوردەوە، ئەمەش خاڵی لاوازی دا بە دەست دوژمنانی کوردەوە. ھەرچۆنێک بێت شێخ عوبەیدوڵڵا کاتێک نزیکی شاری ورمێ بوویەوە، چەند نوێنەرێکی خۆی ناردە ناو شار بۆ دانوستان بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. حاکمی شاریش فەرمانی دا کە نمایندەکان بکوژرێن. ئەمەش ڕقی کوردی ورووژاند و چوونە شارەکە و بەپێی ھەندێ سەرژمێری نزیکەی (٣٠٠) کەسیان کوشت و گەورەترین ھەڵە بوو کە ھێزەکانی شێخ کردیان و حکوومەتی ئێرانیش خراپ سوودی لێ وەرگرت بۆ ناشرینکردنی جووڵانەوەکە لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا. بەڵام خەڵکی شار بە سەرۆکایەتیی ئیقبالوددەولە بەرگرییەکی سەختیان لە شارەکە کرد و نەیاندا بەدەستەوە. ھەر لەو کاتەدا دکتۆر جۆزێف کاکرن کە لە کۆمیسیۆنی موژدەبەرانی ئەمریکایی کاری دەکرد، چووە لای شێخ و تکای لێ کرد مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان ڕوون بکاتەوە و ئاگاداریی پێ دا کە نابێت ھیچ زیانێک بە مەسیحییەکان و گاورەکانی شار بگات. داوای لێ کرد پێویستە بۆ ماوەی (٢٤)کاتژمێر ھەڵمەتەکەیان بۆ سەر شارەکە ڕابگرن تا ماوەی خەڵک بدرێت لە شارەکە دەرچنە دەرەوە، بەڵام ئەمە پلانێکی نێوان دوکتۆر کاکرن و فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو. ئەوان دەیانزانی یارمەتیی ئێرانی بەڕێوەیە و ویستیان ئەم دەرفەتە وەربگرن، ھەتا لە ئازەربایجان ئەو ھێزە بۆ شکاندنی گەمارۆکەی سەر ورمێ، ئەمەش بە کردەوە ڕووی دا و شێخیش ئەو دەرفەتە مێژووییە گرنگەی لەدەست دا. دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، چونکە ھێزەکە گەیشت و چەکی بەسەر جەنگاوەراندا دابەش کرد. ئیتر بۆ ماوەی دە ڕۆژ شەڕِ قەوما بە بێ ئەوەی ھێزەکانی شێخ بتوانن سەرکەوتنی تێدا بەدەست بھێنن و بگرە بەپێچەوانەوە شێواوی و لێکترازان بەئاشکرا بە ھێزەکانیانەوە دیار بوو. ئەو ھێندەی کە ھاتبوو بۆ فریاکەوتنی شار ھێزە ئێرانییەکە لەسەر دەستی ئەفسەرانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا و نەمسا و ڕووسیا مەشقیان پێ کرابوو. بەم تەرزە سوپای ئێران توانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و بکەوێتە ڕاوەدوونانی شۆڕشگێڕانی کورد. چونکە ئەو ھێزانەی کە بۆ تاڵانی ھاتبوون، مەیدانی شەڕەکەیان بەجێ ھێشت، ئەمەش کاریگەریی مەعنەوی لەسەر ھێزەکان ھەبوو.
ورمێ کەوتووەتە شوێنێکی جوگرافیای شازەوە (ھەڤیاز)، بە دووری (٢٠کم) لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ھەڵکەوتووە، بەبەرزی (١٣٣٢م) لەئاستی ڕووی دەریا. ورمێ کەوتووەتە دەشتی ورمێوە و دەورەدراوە بە چیایەکانی (سیر و پەنجە عەلی و ناوسەر و کەمەر زەرد و گردەسەر و مەلا عەلی)، لەڕاستیدا ورمێ کەوتووەتە نێوان دەریاچەی ورمێ و ئەو زنجیرە چیایانەی کە وەک دیوارێک وەھان کەوتونەتە ڕۆژاوایەوە.
شاری ورمێ دەکەوێتە بازنەی (٣٧)پلە و (٣٢) خولەکی نیوەگۆی باکوور لە سەروو ھێڵی کەمەرەیی زەوی، ھەروەھا دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژی (٤٥)پلە و (٢) خولەکی ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویج.
پردی سوور (چەمی شار) ئەم ڕووبارە لە چیا سەختەکانی سنووری دەستکردی باکووری کوردستانەوە سەرچاوەدەگرێت و بە نێو دۆڵەکاندا دێتە خوار و لە نزیک گوندی نوشانا سەرێ بەنداوی (شارچای) لەسەر کراوە و دواتر بەناو شاری ورمێ دا تێپەڕ دەبێت و شار دەکات بە دوو بەشەوە، پاشان دەچێتە دەشتی ورمێ و ئەنجا دەڕژێتە دەریاچەی ورمێ.
ئاوھەوای ورمێ مامناوەندە بە پلەی (٩٬٨س) و ھاوینی نیمچە گەرمە و زستانی ساردە. وەرزی بارانبارینی لە کۆتای مانگی تیشرینی یەکەم و سەرەتای تیشرینی دووەم دەست پێ دەکات تاوەکو مانگی حوزەیران. نێوەندی دابارینی (٩٣) ڕۆژە و ڕێژەی (٣٦٠)مللی لیترە و زۆرترین نێوەندی دابارین (٢٣٨٬٢) مللیمەتر بووە. ڕۆژە بەستەڵەکەکان ورمێ لە تشرینی دووەم (١٩ڕۆژ)، لە کانوونی یەکەم (٢٧ڕۆژ)، لە کانوونی دووەم (٣٠ڕۆژ)، لە شوبات (٢٨ڕۆژ)، لە ئازار (١٤ڕۆژ)، لە مارت (٦ڕۆژ) کە کۆی گشتی ڕۆژەکانی بەستەڵەک (سەھۆڵبەندان) لە ساڵێکدا لە ورمێ دەکاتە (١٢٠ڕۆژ). ڕێژەی نەوەندی خێرای با لە ورمێ دەگاتە (١٠٬٥مەتر بۆ چرکە)، لەمانگەکانی (٣ بۆ ٥) خێرای با دەگاتە (١٦م\چرکە) و نزمترین خێرای با لەمانگەکانی (١ بۆ ٢) دەگاتە (٧م\چرکە).
زانیاریی کەشوھەوا بۆ «ورمێ» | |||||||||||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
مانگی زایینی | ١ | ٢ | ٣ | ٤ | ٥ | ٦ | ٧ | ٨ | ٩ | ١٠ | ١١ | ١٢ | ساڵ |
بەرزترین پلەی تۆمارکراو | ١٦٫٤ (٦٢) | ١٨ (٦٤) | ٢٦ (٧٩) | ٢٦ (٧٩) | ٣٠٫٦ (٨٧) | ٣٦ (٩٧) | ٣٨ (١٠٠) | ٣٨ (١٠٠) | ٣٥ (٩٥) | ٣٠ (٨٦) | ٢٢ (٧٢) | ١٧ (٦٣) | ٣٨ (١٠٠) |
نێونجی بەرزترین پلە | ٢٫٦ (٣٧) | ٤٫٨ (٤١) | ١٠٫٤ (٥١) | ١٦٫٨ (٦٢) | ٢٢٫٢ (٧٢) | ٢٧٫٥ (٨٢) | ٣١٫٢ (٨٨) | ٣١٫٠ (٨٨) | ٢٧٫١ (٨١) | ٢٠٫١ (٦٨) | ١٢٫٢ (٥٤) | ٥٫٧ (٤٢) | ١٧٫٦ (٦٣٫٧) |
نێونجی ڕۆژانە | −٣٫٣ (٢٦) | −١٫٥ (٢٩) | ٤٫٥ (٤٠) | ١٠٫٥ (٥١) | ١٥٫٥ (٦٠) | ٢٠٫٢ (٦٨) | ٢٣٫٨ (٧٥) | ٢٣٫١ (٧٤) | ١٩٫٠ (٦٦) | ١٢٫٥ (٥٥) | ٦٫١ (٤٣) | ٠٫٤ (٣٣) | ١٠٫٩ (٥١٫٧) |
نێونجی کەمترین پلە | −٦٫١ (٢١) | −٤٫٨ (٢٣) | −٠٫١ (٣٢) | ٥٫٢ (٤١) | ٩٫١ (٤٨) | ١٢٫٩ (٥٥) | ١٦٫٦ (٦٢) | ١٥٫٩ (٦١) | ١١٫٥ (٥٣) | ٦٫٦ (٤٤) | ١٫٤ (٣٥) | −٣٫٢ (٢٦) | ٥٫٤ (٤١٫٨) |
کەمترین پلەی تۆمارکراو | −٢٢٫٨ (−٩) | −٢٢ (−٨) | −١٩ (−٢) | −١٢ (١٠) | −١٫٦ (٢٩) | ٤ (٣٩) | ١٠ (٥٠) | ٨ (٤٦) | ٣٫٤ (٣٨) | −٥ (٢٣) | −١٣٫٤ (٨) | −٢٠ (−٤) | −٢٢٫٨ (−٩) |
نێونجی بارین میلیمەتر | ٣٠٫٢ (١٫١٩) | ٣٣٫٢ (١٫٣١) | ٥٢٫٣ (٢٫٠٦) | ٦٢٫٢ (٢٫٤٥) | ٤٥٫٦ (١٫٨) | ١٤٫٢ (٠٫٥٦) | ٥٫٥ (٠٫٢٢) | ٢٫١ (٠٫٠٨) | ٤٫٤ (٠٫١٧) | ٢١٫٨ (٠٫٨٦) | ٤٠٫٠ (١٫٥٧) | ٢٩٫٧ (١٫١٧) | ٣٤١٫٢ (١٣٫٤٣) |
نێونجی ژمارەی ڕۆژەکانی بارین | ٩٫٦ | ٩٫٤ | ١١٫٤ | ١٢٫٧ | ١٢٫٠ | ٥٫٠ | ٢٫٢ | ١٫٧ | ٢٫١ | ٧٫١ | ٨٫٣ | ٨٫٥ | ٩٠ |
نێونجی ژمارەی ڕۆژە بەفراوییەکان | ٨٫٥ | ٧٫٥ | ٣٫٧ | ٠٫٨ | ٠٫٠ | ٠٫٠ | ٠٫٠ | ٠٫٠ | ٠٫٠ | ٠٫٣ | ١٫٥ | ٥٫٥ | ٢٧٫٨ |
نێونجی شێی ڕێژەیی (٪) | ٧٦ | ٧٤ | ٦٥ | ٦٠ | ٥٨ | ٥١ | ٤٨ | ٤٨ | ٤٩ | ٦٠ | ٧٠ | ٧٤ | ٦١٫١ |
نێونجی مانگانەی سەعاتەکانی ھەتاوی بوون | ١١٤٫٠ | ١٣٢٫٩ | ١٦٩٫٦ | ١٩٧٫٩ | ٢٦٨٫٦ | ٣٤٤٫٣ | ٣٦٤٫٠ | ٣٤١٫٢ | ٢٩٣٫١ | ٢٢٢٫٣ | ١٦٦٫٤ | ١١٨٫٧ | ٢٬٧٣٣ |
سەرچاوەی یەکەم: worldweather.com | |||||||||||||
سەرچاوەی دووەم: NOAA (ئەوپەڕ, تێکڕا، بەفر، خۆر، شێ, ١٩٦١–١٩٩٠) |
پارێزگای ورمێ یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەیە، ھەرجەندە تاوەکو ئێستا بوومەلەرزەی بەھێز تێیدا ڕووی نەداوە. کۆتا بوومەلەرزە ڕوویدابێت لە ورمێ لە ساڵی (١٨٨٣ز) دا بووە و بوومەلەرزەی ساڵی (١٩٨٧ز) بە ھێزی (٤)پلەی ڕێختەر لە سلیڤانای داوە، بوومەلەرزەی ساڵی (٢٠١٢ز) کە لە ناوچەکانی ئاھر و ورزقان ڕوویدا کە ماوەی (١٠)خولەکیان بەین بوو، لە ساڵی (٢٠١٣ز) دا زەمین لەرزە لە ناوەندی سلیڤانای دا بە ھێزی (٤٬٦)پلەی ڕێختەر، لە ئەیلوولی (٢٠١٥)ە کۆتا بوومەلەرزە لە ناوچەکەیدا بە ھێزی(٤٬٢)پلەی ڕێختەر لە سێرۆ.
ئەم شارە پێکھاتەیەکی ئاڵۆزی دانیشتووانی ھەیە کە لەچەند نەتەوەیەک پێکھاتوون و ھەر نەتەوە بە زمانی دایکی خۆی دەدوێت بەڵام زمانی کارو باری میری و خوێندن بەفەرمی زمانی فارسیە، ھەرچەندە زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارە بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی و کەمێک سۆرانی دەدوێن. ئازەریەکان بە زمانی ئازەربایجانی شێوەزاری تەورێزی دەدوێن. ئاشوورییەکان کە بەزمانی سریانی یان ئاشووری دەدوێن. ئەرمەنییەکان بە زمانی ئەرمەنی دەدوێن.
کوردەکانی ئەم شارە زۆرینەیان سوننە مەزھەبن و ھەندێکیان یارسانین، کورەسوننییەکان سوننە مەزھەبن، ئازەرییەکان شیعە مەزھەبن، ئەرمەنی و ئاشورییەکان مەسیحین، ھەتاوەکو سڵی (١٩٠٠) نزیکی نیوەی دانیشتووانی شار مەسیحی بوون و بەڵام تاوەکو ساڵی (١٩١٨ز) ژمارییەن زۆر کەمی کرد بەھۆی شەڕ و کوشتار و کۆچپێکردنیان. لەسەردەمی (ڕەزا شای پەھلەوی) دا زۆرێک لە ئاشوورییەکان گەڕانەوە بۆ ئەم شارە.
لە کۆندا ورمێ، سەرەڕێی بازرگانی قەوقاس و میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچووک بووە، بووەتە شارێکی بازرگانی چاک. لەڕاستیدا ورمێ کەوتووەتە سەر ڕێگای بازرگانی ھەناردەکردنی شتومەک و ھاوردەکردنی شتومەک. ھەروەھا بازرگانیکردن بە بەرھەمی کشتوکاڵی و بەرھەمی ناوچەیی دەورووبەری.
ورمێ لە سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی (٢٠١١ز) دا (٦٦٧٤٩٩)کەس بووە لەو ژمارەیە (٣٣٤١٣٤)نێر و (٣٣٣٣٦٣)مێ بووە لە (١٩٧٧٤٩)خێزان پێکھاتووە. دووەمین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانە پاش شاری کرماشان لە ڕووی ئاپۆڕای دانیشتووانەوە، و دەیەمین شاری ئێرانە. ورمێ ھەرە شاری قەرەباڵەغی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە.
ئەمەش ژمارەی دانیشتووانی شاری ورمێ بەپێی ساڵی سەرژمێریان:
ساڵی سەرژمێری | دانیشتوان | پلەی لە ئێراندا |
---|---|---|
١٩٥٦ | ٦٧٬٦٠٥ | ١١ |
١٩٦٦ | ١١٠٬٧٤٩ | ١١ |
١٩٧٦ | ١٦٤٬٦١٩ | ١١ |
١٩٨٦ | ٣٠٤٬٨٢٣ | ٩ |
١٩٩١ | ٣٥٧٬٣٩٩ | ١١ |
١٩٩٦ | ٤٣٥٬٢٠٠ | ١٠ |
٢٠٠٦ | ٥٧٧٬٣٠٧ | ١٠ |
٢٠١١ | ٦٦٧٬٤٩٩ | ١٠ |
٢٠١٦ | ٧٣٦٬٢٢٦ | ١٠ |
ئەم شارە لەبەرئەوەی لە چەند نەتەوە و ئایینزا پێکھاتووە لەبەرئەوە لەڕووی نەریتەوە جیاوازە و لە جەندەھا نەریت پێکھاتووە یان تێکەڵی نەریتەکان بووەتە دروستبوونی نەریتێکی نوێ.
سەرەتای سینەما کە ھاتە ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٤٠)ەکان، لەئێستادا لە ورمێ (٥) سینەما و (٣) ھۆڵ ھەیە، بەردەوامیان ھەیە بەشێوەیەکی نا چالاک، سینەمای ئازادی کە لە پێشدا ناسرابوو بە پەرسیپۆلیس سینەما دامەزراوە لە ساڵی (١٩٤٠ز)، سینەما ئێران و سینەما ئینقلاب دامەزراوە لە ساڵ (١٩٦٥ز). ئێستا تەنھا یەک سینەما کاردەکات لە ورمێ.
(١٨٠٠٠) کەس ئەندامن لە (١٣) پەرتوکخانەی گشتی لە ورمێدا.
یەکەم شارەوانی کەدامەزرا بەناوی بەلەدییەی ڕەزائییە بوو، لەسەردەمی پەھلەویدا وشەی بەلەدییە گۆڕدرا بە شارەوانی، بەمەش بووە شارەوانی ڕەزائییە. شارەوانی ڕەزائییە ناوەکەی گۆڕا بە شارەوانی ورمێ لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ھەتا سەرەتای سەردەمی پەھلەوی شارەوانی ھەر لەگەڵ پارێزگای ئازەربیجانی ڕۆژاوا بەڕێوە دەچوون، پاش سەردانی ڕەزاشا بۆ ورمێ ئیتر باڵەخانەیەک بۆ شارەوانی کرایەوە، شارەوانی ورمێ لە ساڵی (١٩٦١ز) دا بەفەرمی کرایەوەو بووە (٢٢)ھەمین شارەوانی ئێران.
کونسوڵخانەی تورکیا لە ورمێ، بۆکارو باری دیبلۆماسی و ڕامیاری لە ورمێ کاردەکات لەژێر فەرمانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران، جگە لە ورمێ کونسوڵخانەی تورکیا لە شاری تەورێز ھەیە، (مەھمەت بۆلوت) لە ئێستادا سەرکونسوڵگەری ورمێیە.
ناوی وڵات | ڕەوشی کونسوڵگەری | |
---|---|---|
عێراق | عێراق | چالاک |
تورکیا | تورکیا | چالاک |
ڕووسیا | ڕووسیا | ناچالاک |
ئینگلتەرا | ئینگلتەرا | ناچالاک |
ویلایەتە یەکگرتووەکان | ئەمریکا | ناچالاک |
ڤاتیکان | ڤاتیکان | ناچالاک |
دەریاچەی ورمێ دەریاچەیەکی سوێڕی (خوێی یا شۆر) دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، ئەم دەریاچەیە بووەتە ھۆی جیا بوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی سوێری ڕۆژھەڵاتی ناوینە و دووەمین دەریاچەی سەر زەویە، ئەم دەریاچەیە بە بەرزی (٤١٨٣پێ) دەکەوێتە سەر ڕووی ئاستی دەریا، ئەوپەڕی درێژی لە باکوورەوە بۆ باشوور (١٤٠کم)ە و ئەوپەڕی پانی لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا (٨٥کم)ە، ڕووبەری ڕووی ئاوی ئەم دەریاچەیە (٥ھەزارکم٢) بۆ (٦ھەزارکم٢)ە. ئەو وێنەیەی کە لەلایەن ئاژانسی ناساوە گیراوە گۆڕانکاری جوگرافی دەریاچەکە ڕوون دەکاتەوە.
پارکی نەتەوەیی دەریاچەی ورمێ دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئێران یان باکووری ڕۆژھەڵاتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ئەم دەریاچەیە گەورەترین دەریاچەیە لە ئێران و کوردستاندا، ڕووبەرەکەی دەکاتە (٤٧٠٠٠٠)ھێکتار لە ساڵێکی پڕ باراندا، دەریاچەی ورمێ زۆر سوێرە یا پڕ خوێیە، ھەتاوەکو ئێستا ھیچ ماسییەکی تیا نەدۆزراوەتەوە، ئەوەی تێیدا دەژی لەم دەریاچەیەدا قەوزە و ڕۆبیانە، ئەم دەریاچەیە گەلێک خواردن بۆ زۆرێک قازوقوڵنگ دەستەبەردەکات، شوێنێکی لەبارە بۆ زاوزێی باڵندەی فلامینگۆ و قاز و پلیکانی سپی. (١٨٦) جۆر باڵندە تۆمار کراوە لەم پارکی نەتەوەیییە لە ساڵی حەفتاکاندا، ئەم دەریاچەیە (٤) دوورگەی گەورە و لەقەبارەدا نزیک بەیەک و (١٠٠) دوورگەی بچووک و شێوە بەردی تیادایە، شوێنێکی زۆر دەدات بە باڵندەکان بۆ ھەڵھێنانی ھێلکەکانیان. بەھۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو چەم و زێی و ڕووبارانەی دەڕژێنە ئەم دەریاچەیە و زۆرکردنی ئاودێری و کشتوکاڵکردنی ڕادەبەدەر وەھای لێکردووە کە ئاوی ئەم دەریاچەیە بەرەو وشک بوون بچێت و ببێتە کارەسات بۆ ناوچەکە.
پێش سەردەمی پەھلەوی، خوێندن بە شێوەیەکی گشتی دەچوو بەڕێوە لە خوێندنگاکاندا، خوێندنگاکان لە گەڕەکە گەورەکاندا ھەبوو، شارەکە قەرەباڵەغ بوو، زۆرینەی لە مزگەوت و تەکیەکان و ماڵەکاندا دەیان خوێند. یەکەم شێوازی تازەی خوێندنگە دامەزرا لە ورمێ لە ساڵی (١٩٣٢ز) دا و (١٧) شاڵ لەدوای ئەو ڕێکەوتە ئەکادیمیای ھونەریش دامەزرا.
یەکەم ناوەندی پەروەردە و فێرکردنی پزیشکی دامەزرا لە ئێراندا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ورمێ لە ساڵی (١٨٨٥ز)، چالاکی ئەم پەمانگایە بەردەوام بوو تا دامەزرێنەرەکەی لە ژیاندا بوو کە (جۆسێف کارکران) بوو. خوێندنی باڵا لە ساڵەکانی دواتردا پەرەی سەند وەک کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە ورمێ، و فراوان بوونی زانکۆی ورمێ بە کردنەوەی کۆلیژەکانی کە، لە ئێستادا (٢٢٠٠٠) خوێندکار ھەیە لە زانکۆی ورمێدا و (٤٦٠٠٠) خوێندکار ھەیە لە زانکۆی ورمێی ئازاددا و (١٨٠٠) خوێندکار دەخوێنن لە زانکۆی تەکنەلۆجی ورمێ.
یەکەم خوێندنگەی ئایینی دامەزراوە لە ساڵی (١٧٦٣ز) لە ورمێ، لە ئێستادا ئەم خوێندنگەیە ناسراوە بە خوێندنگەی ئیمام خومێنی لە ورمێ و (١٥٠) خوێندکار تێیدا دەخوێنن، و خوێندنگەی ئایینی سەلاحەدینی ئەیوبی لە ورمێ، خوێندنگەی ئایینی زەینەبی کوبرا کە تازە دامەزراوە تایبەتە بە ژنان لە ورمێ کە زانستە ئایینییەکانی تیادا دەخوێندرێت.
ورمێ بەھۆی زۆری ھاتوچۆ، بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، بەھۆی پشت گوێ خستنی دروستکردن و بەرھەمھێنانی یەکە پیشەسازییەکان شوێنەکەی بووەتە یەکێک لە شارە پیسبووەکانی وڵات. نیشانەی پیسبوون لە ورمێ بەھۆی ھاتنی خۆڵبارین لە عێراقەوە و بووەتە دیاردەی کەش و ھەوا کە (٩٠) ڕۆژ لە ساڵێکدا دەردەکەوێت. یەکێک لەو شتانەی کە لە داھاتوودا مەترسی دروست دەکات لەسەر ژینگەی ورمێ و ناوچەکە وشک بوونی دەریاچەی ورمێیە کە دەبێتە ھۆی دورست بوونی گەردەلولی خوێی. بەدروست کردنی کەمەربەندی سەوزی و زیادکردنی سەوزای لە ورمێدا یەکێکە لە چارەسەرەکانی ڕێگریکردن لە پیسبوونی کەش و ھەوای ورمێ.
لە ورمێدا بۆھەر (١٠٠٠) کەس (٨٠) ئۆتۆمبێل ھەیە، کە ئەمە زیاترە لە شاری تاران کە بۆ ھەر (١٠٠٠) کەسێک (٦٢) ئۆتۆمبێل ھەیە، دووەمین شاری قەرەباڵەغە لە ھاتوچۆدا دوای تاران لە ئێراندا. ڕۆژانە زیاتر لە (٢٥٠٠٠٠) ئۆتۆمبێل لە شاردا ڕێدەکەن کە ئەم ژمارە زۆرە کوچە و کۆڵان و شەقامی شار ھەڵی ناگرێت، زۆری ئاستەنگی ھاتوچۆ لە ناوەندی شار ڕوودەدات بەتایبەتی لە شەقامەکانی ئیمام و باکری و کاشانی و مەدەنی و مونتەزیری و مەتەری و تاڵقانی. زۆرترین ئاستەنگ بەھۆی ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی فەردی بەکاردەھێنرێت لەلایەن ھاووڵاتیانەوە، و وەستانی دووبەرامبەری ئۆتۆمبێل ئەو ئاستەنگە دروست دەکات؛ و زۆری دروستبوونی ئەو ئاستەنگە بەھۆی ئەوەیە کە فەرمانگەکان و شوێنە بازرگانی و پزیشکییەکان دەکەونە مەڵبەندی شارەوە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە شارەوانی ھەستاوە بە دانانی پلانێک کە لە چەند شەقامێکدا کە ئۆتۆمبێل بە تاک و جووت بچنە ناوەوە، و دروستکردنی ڕێگای پیادە ڕێ، دروستکردنی پشتێنەیەک بەدەوری شاردا تاوەکو ئەوەی دەچێتە دەرەوەی شار بە ناو شاردا تێپەڕنەبێت، و چارەسەری ئەم ئاستەنگە بەھۆی دانانی میترۆ و پاسەوە دەبێت تاوەکو زۆر ئۆتۆمبێل نەبرێتە ناو شار و دابەشکردنی خوێندنگە و کۆلیژەکان بە ھەموولایەکی شاردا، و دروستکردنی پرد و بەرزە پرد و ڕێگا یەکتر بڕەکان.
پەراوێزنشینەکان یەکێکن لە دژوارییەکانی ورمێ، کە ئیسلاماوا و زوراوایان بەناو کردون، ھەتا ئێستا (٢٥٠٠٠) کەسیان ڕێکخستووە لە ورمێدا بەپێی ماستەرپلانی پێنجەمی ورمێ، تەنھا لە (٧) مانگی ساڵی (٢٠١٤ز) دا شاری ورمێ زیادی کردووە بە پانتایی (٧٥٠) ھێکتار، ناوچەکانی ئیسلاماوا و حوسێناوا و حاجی پێرلۆ و عەلیاوا و وەکیلاوا و کوی لالەسالار و قەرەباغ و گوندەکانی ئەلواج و دیگالە لە پەراوێزنشینی ورمێن، لە باکووری ڕۆژاوای شاردا پەراوێزنشینەکان نزیکەی (١٥٠٠٠٠) کەس دەبن، ئەم پەراوێزنشینانە دەبنە ھۆی دروستبوونی پشێوی و کاری تاوانکاری لە شاردا و وێرانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کۆچکردن بەرەو شاری ورمێ لە زیاد بووندایە.
پێکھاتەی شاری ورمێ دابەشکرابوو بۆ سێ ناوچە لە کۆندا، چەقی شارەکە سەرەکیترین بەشی شارەکەیە، کە کۆنترین پێکھاتەی شارەکەیە، کۆنترین بازاڕ دەکەوێتە ئەم شوێنەی شارەوە. ھەرچەندە ئەم شارە تەمەنی چەند ھەزار ساڵێکە بەڵام تەمەنی گەڕەکە کۆنەکانی لە سەد ساڵ تێپەڕ ناکات. لە ھەمان کاتدا شاری ورمێ ناوەندی پارێزگای ورمێیە، شەقامەکانی باکری و خیام و عەسکەرئاباد بە ناوەندی شارەکەدا تێپەڕ دەبن، پێکھاتەی ناوەندی شارەکە بووەتە ھۆی ئەوەی کە چڕی دانیشتووان زۆر بێت. پێکھاتەی ئەندازیاری و بیناسازی ناوەندی شار لە پێکھاتە کۆنەکان پێکھاتووە. شێوەو نیشانەی شەقام و کۆڵانەکانی ئەم بەشەی شار ئەوە دەدا دەکەن کە ناوەندی شارن، پێکھاتەی بەشی سێیەمی شار ئەوە دەردەخات کە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران فراوان بووە و کۆچکردن زیادی کردووە بۆ شارەکە؛ و زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان گۆڕدراون بۆ شوێنی نیشتەجێ لە باکووری ڕۆژاوا و باشووری شاری ورمێ.
لەئێستادا شاری ورمێ دابەش کراوە بۆ چوار ناوچە لەلایەن شارەوانییەوە، بەڵام ڕووبەری شارەوانی ورمێ لە گەورەبووندایە و شارەوانی کارنامەی خۆی ھەیە بۆ فراوان بوون و گەورەبوونی ئەم شارە.
(٧٠) پارک و باخچە لەم شارەدا ھەیە و کە (٦٥٠) ھێکتار لە زەوی ئەم شارە پێکدەھێنن. بۆ ھەر نەفەرێک (٨)مەتری چوارگۆشەی بەردەکەوێت لە سەوزای، بڕیاروایە کە ئەم ڕێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ (١٢)مەتری چوارگۆشە لە چوار ساڵی ئاییندەدا.
دووری نێوان شاری ورمێ و ھەندێک شار و شارۆچکە و شارەدێی ئێران:
شار | دووری نێوانیان |
---|---|
ئەھواز | ١٠٦٤ کیلۆمەتر |
ئیلام | ٧٦٦ کیلۆمەتر |
بازەرگان | ٣١٤ کیلۆمەتر |
بەندەر عەباس | ٢٠٢٦ کیلۆمەتر |
تەورێز | ١٣٠ کیلۆمەتر |
تاران | ٧٨٠ کیلۆمەتر |
زەنگان | ٥٨٨ کیلۆمەتر |
ڕەشت | ٩١٤ کیلۆمەتر |
سێرۆ | ٥٣ کیلۆمەتر |
سنە | ٤٤٦ کیلۆمەتر |
کرماشان | ٥٨٢ کیلۆمەتر |
کرمان | ١٦٥٠ کیلۆمەتر |
مەشھەد | ١٨٠١ کیلۆمەتر |
ھەمەدان | ٦١٠ کیلۆمەتر |
بۆکان | ١٨٤ کیلۆمەتر |
لە شاری ورمێ فڕۆکەخانەیەکی چالاکی نێودەوڵەتی ھەیە، فڕۆکەخانی ورمێ، گەشتی ئاسمانی ناوخۆی ھەیە بۆ تاران و مەشھەد، و گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ وڵاتانی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان. کۆمپانیاکانی (ئاسمان و ئێران ئێر و ئاتا) بەر پرسیاری گەشتی ئاسمانین لە فڕۆکەخانەی ورمێ.
پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای ئاسنی نێوان میاندواو و مەراغە و مەھاباد و نەغەدە و ورمێ بە درێژی (١٨٤کم) لە ساڵی (٢٠٠١ز) دا دەستی پێکرد. بڕیار وەھابوو کە لە ساڵی (٢٠١٣ز) دا تەواو ببێت بەڵام تەواو نەکراوە. بەم پلانە شاری ورمێ دەبەسترایەوە بە تۆڕی ڕێگای ئاسانی نیشتمانییەوە.
گەراجی شەوانە و ڕۆژانەی شەھید کامیلی لە ورمێ ڕۆژانە (١٧٠٠٠) گەشتیاری ھەیە لە ورمێوە بۆ شارەکان و بەپێچەوانەوە. بەھۆی نەبوونی شارەزای تایبەت بۆ دروستکردنی تێرمی ناڵ، ئێستا لە دروستکردنی تێرمیناڵێکن بە ڕووبەری (١٨) ھێکتار لەسەر ڕێگای سێرۆ.
بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگی ھاتوچۆ و ڕێکخستنی ھاتوچۆی ڕێگا سەرەکییەکانی شاری ورمێ، شارەوانی ورمێ سیستەمێکی ئۆتۆبوسی دانا. ئەم پڕۆژەیە لە تەممووزی ساڵی (٢٠١٣)دا دەستی پێکرد. ئەم سیستەمە لە ورمێ پێکھاتووە لە دوو ھێڵی ئۆتۆبوس. ھێڵی یەکەم بەدرێژی (١٣کم) و لە (١٤) وێستگە پێکھاتووە و لە شارەوانی ئیسارەوە بۆ مەیدانی خاتم ئەنبیا. ناوچەی (٢ و٣)ی شارەوانی پێکەوە گرێدەدات. ئەم ھێڵە لە (٥٤٪) دانیشتووانی شاری ورمێ لە خۆدەگرێت. ھێڵی دووەم لە شارەوانی بەھداری بۆ گۆڕەپانی شوھەدا دەروات.
شاری ورمێ زیاتر لە (٧٠٠٠) تەکسی ھەیە، ئەم ژمارەیە دەکاتە (٣٥٪) بەشی گواستنەوە لە شارەکەدا. لەم ژمارەیە (١٧٢٦) تەکسی چالاک ھەڵگری تابلۆی سوورن و (٢٠٤٢) تەکسی ھەڵگری تابلۆی سپین و کە بەستراون بە سەندیکاکانەوە.
گرنگترین شوێنی وەرزشی لە ورمێدا کۆمەڵگەی وەرزشی تەختییە دەکەوێتە شەقامی کاشانی، کە دوو یاریگای تۆپی پێی لێیە لەگەڵ تێنسی سەرزەوی و ھۆڵی لەش جوانی و بۆکسێن و نیشانەشکاندن و جۆدۆ و تایکواندۆ و جومناستیکی لێیە. ھۆڵی وەرزشی غادیری (٦٠٠٠)کەسی، کە دامەزراوە لە ساڵی (٢٠٠٧ز) دا کە شوێنێکی گرنگی وەرزشییە لە ورمێدا.
لە ورمێدا تەنھا یەک تیمی تۆپی پێی ھەیە بەناوی بەرقی ورمێ لە یەکێتی تۆپی پێی ئێراندا، کە بەشداری دەکات لە ئاستی سێیەمدا.
لە ئێراندا ئابادان بە تۆپی پێ و مازندەران بە زۆرانبازی بەناوبانگن، ھەروەھا ورمێ لە یاری بالەدا بەناوبانگن. مێژووی ھاتنی یاری بالە بۆ ورمێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی دوو موژدەبەری ئایینی ھاتنە ورمێ، خەڵکی ورمێ یاریان دەکرد لەگەڵ موژدەبەرەکاندا لە حەوشەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ساڵی (١٩١٦ز) دا و ئەوان ئەم وەرزشەیان پێ ئاشناکردن و وەرزشی کۆنی خۆیان لە یاد بکەن و خۆیان بدەنە یاری بالە. تیمی ورمێ لە ساڵی (١٩٤٠ز) دا بەشداری یاری بالەی کرد. لە ئێستادا بە ورمێ دەوترێت ناوەندی بالەی ئێران یان پایتەختی بالەی ئاسیا. پاڵەوانی جامی یەکێتی بالەی ئاسیای ساڵی (١٠١٠ز) لە ھۆڵی غادیر لە ورمێ بەڕێوە چوو.
جامی تەممووزی ھەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت لە ھاویندا لە ورمێ بە بەشداریکردنی یاریزانان لە ئێران و کەمایەتی ئاشووری لە سووریا و عێراق.
ڕایەڵەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ورمێ وەک یەکەمین ڕایەڵەی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی (١٩٦٨ز) دا دەستی بە کاری خۆی کرد. کارکردنی ئەم ڕایەڵەیە ڕۆژانە (٣) کاتژمێر بوو تاوەکو ساڵی (١٩٧٢ز)، دواتر کارکردنی گەشتە (٧) کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. بەدانانی وێستگەی بەھێزکردنی شەپۆلەکان لە میاندواو و سێرۆ جگەلە پارێزگای ورمێ، شەپۆلەکانی ئەم ڕایەڵەیە دەگەشتە تورکیا و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات.
یەکەم گۆڤاری ناوخۆیی کە بڵاوکرابێتەوە لە شاری ورمێ، بەزمانی ئاشووری بڵاوکراوەتەوە بەناوی گۆڤاری (زاھیر یرادی باھرە) کە واتای تیشکی ڕووناکی، کە بڵاوکرایەوە لەلایەن (جەستن پرکینزی ئەمریکی) لە ساڵی (١٨٦٥ز) دا. ئەم گۆڤارە دووەم بڵاوکراوە بوو لە ئێراندا دوای بڵاوکراوەی کاغز ئەلئەخبار، لە ساڵی (١٩٠٧ز) ھەتاوەکوو سەردەمی شۆڕشی دەستووری ئێران لە ورمێ نزیکی (١٠٠) بڵاوکراوە دەردەچوون، لە سەردەمی شۆڕشی دەستووری ئێران لە ورمێ گۆڤاری فریاد دەردەچوو کە سەرنووسەرەکەی (میرزا حەبیبی ئاغازادە) و خاوەنی ئیمتیاز (مەحموود غەنی زادە) بوون کە بە ھەردوو زمانی فارسی و ئازەربایجانی دەردەچوو کە بۆ وریا کردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی خەڵک و پشتگیریکردنی شۆڕشی دەستووری ئێران بوو. کوردانی دانیشتووی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەم سەردەمەدا چەندین بڵاوکراوەیان بڵاودەکردەوە کە گرنگترینیان گۆڤاری کوردستان بوو کە لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٢–١٩١٤) بڵاودەکرایەوە کە خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە عەبدولڕەزاق بەدرخان بوو و بڕێوەبەرەکەشی سمکۆی شکاک بوو، کە بەزمانی کوردی و زمانی ئازەربایجانی دەردەچوو. کاتێک سمکۆ لە ساڵی (١٩١٩ز) دا ورمێی ڕزگارکرد، شایانی باسە شاری ورمێ ماوەی (چوار ساڵ) لەژێر دەسەلاتی کورددا بوو. لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ورمێ بەدەست کوردەوە بوو، ڕۆژنامەیەکی کوردی بەنێوی ڕۆژی کورد و شەوی عەجەم بڵاودەکرایەوە کە سەرنووسەرەکەی ناوی (محەممەدی تورجانیزادە) بوو. لەژێر چاودێری پۆلیس و خەفاندنی ڕادەربڕیندا لە سەردەمی پەھلەیدا لە ورمێ چوار بڵاوکراوە دەردەچوون، پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوکراوەکان کاریان دەکرد و پشتگیری سۆڕشیان دەکرد ھەتاوەکوو ئێستا دوو لەو بڵاوکراوانە بەردەوامیان ھەیە لە کارکردن. یەکەمین ڕۆژنامە لە ورمێدا دەردەچێت بەزمانی فارسی بە ناوی (ئازاری ئازەربایجان) لە ساڵی (٢٠١١ز)ەوە.
لە ورمێ چەندەھا تەلاری مێژووی ھەیە. وەکوو بینای پۆلیسی ورمێیە، کۆشکی سێ گومەز (سە گنبد)، مۆزەخانەی ورمێ، یەخچاڵی نۆ پلە، پردی باراندوز، خانی ورمێ(کاروان سەرا)، بازاڕی کۆنی ورمێ، گەرماوی مەلا، تەلاری زانکۆی جیھاد، تەلاری شارەوانی ورمێ .... چەندانی تر.
لە ورمێدا چەند مزگەوتێکی دێرین ھەیە، مزگەوتی گەورەی ورمێ کە لەسەر کەلاوەکانی پەرستگای ئاگرپەرستەکان دروست کراوە لە سەدەی (١٣ز) دا لەلایەن (ئیلیخانییەکان)ەوە کە سەر بە مەغۆلەکان بوون پاش ئەوەی بوون بە ئیسلام، مزگەوتی سەردار، مزگەوتی منارە، مزگەوتی سەید شوھەدا، و چەندان مزگەوتی دێرین لە شاری ورمێدا.
زۆرینەی کڵێساکانی ورمێ پەیوەستن بە ئاشوورییەکانەوە، ھەرچەندە کڵێسای پەیوەست بە ئەرمەنییەکانیشی لێیییە. ئەمەش دێرە گرنگەکانی ورمێیە، کڵێسای نەنە مریەم، کڵێسای ماریوخەنە، کڵێسای حەزرەتی مریەم.
کۆنترین خان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕەکان کە وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ورمێ دەژمێردرێن، کە ئەم خانانەن، خانی جەنەراڵ، خانی ئەنساری، خانی ئیتیحادی، خانی دیزج سیاوەش کە تۆمارکراوە لە لیستی شوێنە دێرینەکانی نەتەوەی ئێراندا.
شاری ورمێ کە لە کۆندا شوێنێکی ستراتیجی ھەبووە و ھەشت دەرگای ھەبووە، کەلەژێر دەستی سوپادا بوون، ئەمەش ناوی دەروازەکان، دەروازەی باڵو یا سەڵماس، دەروازەی تۆپراق قەڵا، دەروازەی سویق بوڵاق یا ھەزاران یا گازوران، دەروازەی بازاڕباش، دەروازەی ئارک، دەروازەی یوردشا، دەروازەی نۆچرینۆ.
لە ناوەندی نیشتەجێ بوونی ورمێدا ئەم چەند ھۆتێلە گرنگە ھەیە:
ناو | پلە (ژمارەی ئەستێرە) | ژمارەی ژوور |
---|---|---|
ئانا | ٥ | ٢٠٠ |
دەنیز | ٥ | ٥٤ |
ساحل | ٤ | ٧٠ |
پارک | ٤ | ٧٥ |
جیھانگردی | ٤ | ٧٤ |
دەریا | ٣ | ٤٥ |
مرواری | ٣ | ٣٤ |
ئاریا | ٣ | ٣٧ |
ئازران | ٢ | - |
خورەم | ٢ | - |
ڕەزا | ٢ | - |
جیھانگردی فانۆس | ٢ | - |
ئارگ | ١ | - |
تک ستارە | ١ | - |
خواردنی خۆماڵی ورمێ خۆی دەبینێتەوە لە چەندەھا خواردندا بەھۆی تێکەڵ بوونی کلتورەکان کە لەم شارەدا جەند نەتەوەیەکی جیاوازی تیادایە و شارێکی سنوورییە ئەمەش چەند نموونەیەکی خواردنەکان، یاپراخی گەڵامێو، کفتە، یەتمیچە، کەشک، دۆخوا (دۆکوڵیو)، چێشتی ئاماج.
نوقوڵ گرنگترین شیرینی شاری ورمێیە کە لەم جۆرانە پێکھاتووە: شابی، گوێزی، زەعفەرانی، بستەیی، بادامی. ھەروەھا نوقوڵی شابی بەناوبانگترین نوقوڵی ورمێیە، نوقوڵی شابی کە بە ئاوی شابی دروست دەکرێت لە ورمێ، و ئاوی یا عارەقی ڕیحانۆکە دروست دەکرێت و دەکرێتە شەربەت لە ورمێ، حەڵوای گوێز و گوێزەر دروست دەکرێت کە یەکێکە لە شیرینییە تایبەتەکانی ورمێ.
ئیشی دەستی دار و وردەکاری و ناسک و جوانکاری دار یەکێکە لە کارە جوانەکانی شاری ورمێ لە دارتاشیدا.
شاری ورمێ لەگەڵ سێ شاران لە جیھاندا دەستە خوشکە کە ئەوانیش ئەمانەن:
ئاڵا | ناوی وڵات | دەستە خوشک |
---|---|---|
تورکیا | ترابزۆن | |
بولگاریا | ڤارنا | |
باکووری کوردستان | ئەرزیڕۆم |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ورمێ تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ورمێ, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.