فەزیلەت (وەرگێڕانەکان: ڕەوشتبەرزی، ئاکارباشی، ڕەندی) چۆناوچۆنیی بەسەرداھەبوونە لە باری ئەخلاق یا زانایی یا تێگەیشتوویییەوە.
باوەڕ ئەوەیە کە داچاندنی فەزیلەتەکان و برەوپێدان و وەڕمێنخستنیان خێری بەشەر و قازانجی مرۆڤایەتیی تێدایە و، بەم بۆنەوە، وەکوو ئامانج و مەبەستی دوایین لە ژیاندا دەنرخێندرێن و، لە جێگای بنەڕەتیترین پرەنسیپەکانی بووندا دادەنرێن. لە ئەخلاقیاتی کرداریدا، فەزیلەت بە مانای خوو و خدەی ھەڵبژاردنی ئەو کردەوە و قسانەیە کە ستانداردی ئەخلاقیی بەرز بنوێنن، یانی کردنی ئەوەی دروست و ڕەوایە و نەکردنی ھەر چی ھەڵە و ناڕەوایە.
ئەدەب، ئازایەتی، لەکارزانی، بەبەزەییبوون، دڵاوابوون، عەداڵەت، وەفا، خاکەڕایی و بێدەماری، ڕاستبێژی، سادەیی، سنگفراوانی، پشوودرێژی و، قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتی، چەند نموونەیەک لە فەزیلەتەکانن.
وشەی فەزیلەت عەرەبییە و بە مانای بەرزبوونی پایە و بەسەرداھەبوونە. وشەی virtue کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە کار دێ لە بنەڕەتدا بە مانای پیاوەتی و جوامێری و مەردوڕەندییە. لە کوردیدا ھەندێ جار «ڕەوشتبەرزی» دەوترێ. عەلی نانەوازادەش لە وەرگێڕانی وەھای گوت زەردەشتدا وشەی «ئاکارباشی»ی وەک ھاوسەنگی کوردیی فەزیلەت بە کار بردووە. ھەروەھا، ئازاد بەرزنجی لە وەرگێڕانەکەی بۆ ھەمان کتێبی نیچە وشەی «ڕەندی»ی بە کار ھێناوە.
فەیلەسووفان ماناگەلی جیاوازیان بۆ فەزیلەت پێشکەش کردووە. سوقرات فەزیلەتی بە ھاوسەنگی مەعریفەت دەزانی، بەو مانایە کە کەسی ئاقڵ ئەوە دەکا کە دەزانێ ھەقە و دروستە. ئەفلاتوون دەیوت فەزیلەتی ھەر شتێ کەماڵی ئەو شتەیە. ئەرەستووش پێی وا بوو کە فەزیلەت دەبێ گرتنی «ڕادەی ناوەڕاست» دەستەبەر بکات. مەبەست لە ڕادەی ناوەڕاست یا ناوەڕاستی زێڕین ئەو ڕادەیەیە لە نێوان زۆر و کەمدا کە دڵخواز و پەسەندکراوە. بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە، نەترسی و ئازایەتی فەزیلەتە، بەڵام لە ڕادەی ناوەڕاستدا؛ ئەگەر زۆر بێ ئیتر ئازایەتیی پێ ناوترێ و ناوی ھەڵەشەیی و سەرەڕۆیی و تەنانەت گەوجییە، ئەگەریش کەم بێ ترسەنۆکی و نەوێرییە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە فەزیلەت تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article فەزیلەت, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.