جۆرێکە لە جیاکاری و بڕیاری پێشینەیی کە دەرئەنجامی مامەڵەکردنی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە لەگەڵ خەڵکی دا بەپێی ئەو واتا و گرنگیەی ھەر کۆمەڵگەیەک لکاندوویەتی بە ڕەنگێکی پێستی دیاریکراوەوە.
لە لێکۆڵینەوەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بەڵگەی بەھێز بە دەست گەیشتووە لەسەر جیاکاری ڕەنگی کە لە بوارەکانی وەک (دادوەری، بازرگانی، ئابووری، خانووبەرە، خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕاگەیاندن و سیاسەت) دا ئەنجام دەدرێت. ڕەنگە کاڵەکانی پێست بە پەسەندتر ھەژمار دەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و باشووری ئەمریکا.
کۆمەڵێک شیکاری قوڵ ئەو بەڵگانەیان بەدەست خستووە کە جیاکاری نەژادی و ڕەگەزی دەکرێت لە رێکاری دۆزینەوەی کار لە بازاری کاری ئەورووپا و باکووری ئەمریکادا. لە شیکارێکی وردی ساڵی ٢٠١٦ دا کە لەسەر ٧٣٨ بەژداربوو لە ٤٣ لێکۆڵینەوەی جیادا ئەنجام درابوو لەسەر ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە (رێکخراوی ھاوکاری و گەشەسەندنی ئابووری) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە جیاکرییەکی ڕەگەزی فراوان کراوە لە رێکاری دۆزینەوەی کار لە ئەورووپا و باکووری ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٥ دا. خوازیارەکانی کار کە سەر بە کەمینەیەکی کۆمەڵگەن دەبێت بە ڕێژەی لە ٥٠٪ زیاتر ھەوڵ بدەن و داواکاری کار پێشکەش بکەن بە بەراورد بە خوازیارە زۆرینەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بانگێشتی چاوپێکەوتن بکرێن یان کاریان پێ بدرێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەکسانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستی لە کەسانی ڕەش پێست دا بە رێژەیەکی زۆر زیاترە لە ئەنجامی جیاکاری ڕەنگی پێست.
لە ڕۆژھەڵات، باشور و باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا ڕەنگی پێستە کاڵەکان پەسەندتر و زاڵترە بەتایبەتی لە وڵاتانی چین، کۆریای باشور، ھیندستان و یابان.
مێژووی سپی کردنەوەی پێست لە رۆژھەڵاتی ئاسیادا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان. لە کۆن دا، سپی بوون لە ژینگەیەک دا کە تیشکی خۆرێکی بەتین و توندی ھەبووە واتای ئەوە بووە کە کەسەکە وەک خانەدان و دەوڵەمەند مامەڵەبکات، لە ژوورەوە بێت زۆربەی کاتەکانی و خزمەتکارەکانی لە دەرەوە لەبەردەم خۆردا کاری بۆ بکەن و پێویستییەکانی ئەنجام بدەن. لە کۆی ١٠ ئافرەت کە سەرژمێریان بۆ کرابوو ٤ ئافرەت کرێمی سپی کردنەوەی پێستیان بەکارھێناوە لە ھۆنگ کۆنگ، مالیزیا، فلیپین و کۆریای باشور. لە چەندەھا کلتوری ئاسیای دا، سپێتی ڕەنگی پێست لە چیرۆکە خەیاڵییەکان دا وەک خەسڵەتێکی نایاب و ویستراو بۆ منداڵان باس کراوە و شازادە و شاژنەکان سپین و کەسایەتییە ئەفسوناوییەکانیان لەسەر ئەو ڕەھەندە بنیاد نراون.
لە چەندەھا بەشی ئەفریقادا، ئافرەتانی خاوەن ڕەنگی کاڵ و سپی وا تەماشادەکرێن کە جوانترن و ئەگەری زۆری ھەیە سەرکەوتووتر بن بە بەروارد بە ئافرەتانی ڕەش پێست و تۆختر. بۆیە زۆرجار بەھۆی ئەم بەربەستەوە ئافرەتان پەنا دەبەنە بەر چارەسەرەکانی سپی کردنەوەی پێستیان کە لە زۆربەی بارەکان دا زیانبەخشە بۆ جەستەیان.
لە ڕووی مێژووییەوە، ھۆکاری سپی کردنەوەی پێست دەگەرێتەوە بۆ داگیرکاری ئەفریقا لەلایان وڵاتانی ئەوروپاوە، بەھۆی ئەوەی کە کەسانی سپی پێست خاوەنی سود و دەستکەوتێکی پتر بوون لە کەسانی ڕەش پێست. ھەموو ئەمانە بووە ڕێ خۆشکەر بۆ دروست بوونی چینایەتی و ڕیزبەندی لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست لە ناو نەتەوە داگیرکراوەکانی ئەفریقادا و بەجێھێشتنی کاریگەرییەکی دەروونی لەسەر تاکەکەسە ڕەنگ تۆخترەکان بەدرێژای چەندەھا دەیە.
داگیرکاری کاریگەری لە ھەردوو ڕەگەزی ژن و پیاویش کردووە لە وڵاتە ئەفریقییەکان دا، رێژەی ئافرەتان کە بەرھەمەکانی سپی کردنەوە بەکاردەھێنن ڕوو لە زیادبوونە لە وڵاتە ئەفریقییەکان دا. بەڕێژەی لە ٧٧٪ لە ئافرەتانی نەیجیریا، ٥٢٪ لە ئافرەتانی سێنیگال و ٢٥٪ لە ئافرەتانی مالی.
لێکۆڵینەوەکان پێشنیاریان کردووە کە چالاکییەکانی پۆلیس (وەک ھەبوونی زیاد لە پێویست بنکە و ڕێوشوێنی سەلامەتی و پۆلێنکردنی بە کۆمەڵی کەمایەتییەکان) بۆتە ھۆی بوونی ڕەگەزە کەمایەتییەکان لە دۆسییەکانی تاوانبارکردن دا بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر نایەکسان لە وڵاتانی سوید، ئیتاڵیا و بەڕیتانیا و وەیڵز. ھەروەھا ئەگەر ھەیە جیاکاری بکرێت لە ڕێی سیستەمی دادوەرییەوە کە بۆتە ھۆکاری رێژەیەکی زۆر لە تاوانبارکردنی کەمەیەتییەکان لە وڵاتانی ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، دانیمارک و فەڕەنسادا.
لە شیکارێکی ساڵی ٢٠١٤ دا بەڵگەی بەھێز ھاتە کایەوە کە جیاکاری ڕەگەزی و نەژادی دەکرێت لە بازاڕی خانوبەرە و بازاری کاردا لە وڵاتانی ئەوروپی دا بەرامبەر بە (کۆمەڵە کۆچبەرەکان لە فەڕەنسا، کۆچبەرە تورکەکان لە ئەڵمانیا، کۆچبەرەکانی ئیسپانیا کە ناوەکانیان ئیسپانی نییە و بەرامبەر بە ڕەش پێستەکان لە بەڕیتانیادا.)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە دووچاوەکی بەپێی ڕەنگی پێست تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article دووچاوەکی بەپێی ڕەنگی پێست, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.