لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پاکستان زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی و تۆپباران کردنی لە خاکی ئێران دەستپێکرد، و گرووپە جوداخوازە بەلوچەکانی کردە ئامانج؛ کۆد ناوی ئۆپراسیۆنەکە بە مەرگ بەر سەرمەچار داندراوە (بە ئوردو: آپریشن مرگ بر سرمچار؛ واتا: «مردن بۆ یاخیبووەکان»).
ئەم ھێرشە دوو ڕۆژ دوای ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران لە پاکستان ئەنجام دران، وەک کاردانەوەیەک بۆ دەست تێوەردانەکانی حکوومەتی ئێران.
ئۆپەراسیۆنی مردن بۆ سەرمەچار | |
---|---|
شوێن | سەراوان، پارێزگای سیستان و بەلۆچستان، ئێران |
ڕێکەوت | ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ٠٤:٠٥ |
ئامانج | سوپای ڕزگاریخوازیی بەلۆچستان، بەرەی ئازادیخوازانی بەلۆچ و گرووپە میلیشیاکان |
جۆری ھێرش | ھێرشی مووشەکی و درۆن |
مردن(ەکان) | ٩ کەس |
ھێرشبەران | سوپای پاکستان |
حکوومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە ھێرشەکەدا ٩ ھاووڵاتی کوژراون. سوپای ڕزگاریخوازیی بەلۆچستان پشتڕاستی کردەوە کە ئەندامەکانی لە نێو ئەو کەسانەدان کە کوژراون.
ئەم ھێرشە یەکەمین ھێرشی وڵاتێکی بیانییە بۆ سەر ئێران لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٨.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی پاکستان، ئەم ھێرشە لە کاردانەوەی ھێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووریی پارێزگای بەلوچستانی پاکستان دەستی پێکردووە. بە گووتەی میدیا ئێرانییەکان، ھێرشەکەی ئێران لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ گرووپی چەکداری جەیشولعەدلی کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو منداڵ کوژراون و سێ کەسی تریش برینداربوون، وەک ئەوەی پاکستان بڵاوی کردووەتەوە.
کاتژمێر ٤:٠٥ی بەرەبەیانی (UTC+03:30)، ھێزی ئاسمانی و سوپای پاکستان، بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و چەندین ئامێری مووشەک ھاوێژ، حەوت شوێنی جیاوازی گرووپە جوداخوازە بەلوچییەکانی لە ئێران، کردە ئامانج؛ دیارترینیان شارۆچکەی سەرەوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بوو. ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ٩ کەس کوژراون کە چوار منداڵ و سێ ژن و دوو پیاو بوون، کە ناسنامەیان ئێرانی نەبووە.
دواتر سوپای ڕزگاریخوازیی بەلۆچستان دانی بە کوژرانی خەڵکی بێتاوان و بەلۆچی نا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، و بەڵێنی «تۆڵەی»دا لە دژی حکوومەتی پاکستان.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ئۆپەراسیۆنی مردن بۆ سەرمەچار, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.