ناروتۆ: زنجیرە مانگای ژاپۆنی

ناروتۆ (بە ژاپۆنی: ナルト) زنجیرە مانگایەکی ژاپۆنییە کە لەلایەن ماساشی کیشیمۆتۆوە نووسراوە و کاری وێنەکێشانی بۆ کراوە.

چیرۆکەکە باس لە نینجایەکی ھەرزەکار دەکات بە ناوی ناروتۆ ئۆزۆماکی، کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ڕێز و دانپێدانانی ھاوڕێکان و دانیشتوانی گوندەکەی دەدات. ھەروەھا خەون بەوەوە دەبینێت کە بەرزترین پلەوپایەی گوندەکەی بەدەستبێنێت کە ئەویش نازناوی ھۆکاگێیە. چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، یەکەم کە باس لە ژیانی ناروتۆ دەکات لە تەمەنێکی تازەپێگەشتوودا، بەشی دووەمیش باس لە ژیانی دەکات لە تەمەنی ھەرزەکاریدا. کیشیمۆتۆ چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای مانگایەکی تری پێشووی خۆی داڕشتووە کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوی کردووەتەوە و بەھۆیەوە ساڵی دواتر وەک ڕێزلێنانێک ناوی لە خەڵاتی ھۆپستیپی مانگانەی شوەیشادا ھاتووە.

ناروتۆ
ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان
ناروتۆ ئۆزۆماکی لەسەر بەرگی یەکەم، پەرتووکی زنجیرە مانگای ناروتۆ
چەشنئەکشن، سەرکێشی، کۆمیدیای دراما، فەنتازیا
مانگا
نووسەرماساشی کیشیمۆتۆ
وێنەکێشماساشی کیشیمۆتۆ
بڵاوکەرەوەشوەیشا
دێمۆگرافیاشۆنن
چاپمەنجەمپ کۆمیکس
گۆڤارھەفتانەی شۆنن جەمپ
گۆڤاری ئینگلیزیشۆنن جەمپ (ئەمریکای باکوور)
وەشانی ڕەسەن٢١ی ئەیلوولی ١٩٩٩١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤
بەرگەکان٧٢ پەرتووک
ئەنیمێ
دەرھێنەرھایاتۆ دەیت
نووسەرکاتسویوکی سومیساوا (#١–١٣٢)
جونکی تاکێگامی (#١٣٣–٢٢٠)
ئاوازدانانتۆشیۆ ماسودا
ستودیۆپیرۆت
بڵاوبوونەوە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ ٨ی شوباتی ٢٠٠٧
ئەنیمێ
دەرھێنەرھایاتۆ دەیت
نووسەرکاتسویوکی سومیساوا (#١–١٣٢)
جونکی تاکاگامی (#١٣٣–٢٢٠)
ئاوازدانانتۆشیۆ ماسودا
ستودیۆپیرۆت
بڵاوبوونەوە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٧ ٢٣ی ئازاری ٢٠١٧
ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان دەروازەی ئەنیمێ و مانگا

گۆڤاری شۆنێن جەمپ لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناروتۆ کرد و ھەفتانە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤. سەرتاپای چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر ٧٢ پەرتووکی جۆری تانکۆبۆن. لە ساڵی ٢٠٠٢ ستۆدیۆی پیرۆت بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئانیپلێکس ھەستان بە بەرھەمھێنانی بەشی یەکەمی ئەنیمێی ناروتۆ کە ساڵی ٢٠٠٧ لە دوای ٢٢٠ ئەڵقە کۆتایی پێھات؛ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ دۆبلاژی زمانی ئینگلیزی لەلایەن کارتوون نێتۆرکەوە بۆ کراوە. دووەم ئەنیمێ و تەواوکەری بەشی یەکەم بە ناوی 'ناروتۆ: شیپوودین'ەوە لە ٢٠٠٧ پەخشی لە ژاپۆن دەستی پێکرد و دوای ٥٠٠ ئەڵقە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتای ھات. دۆبلاژی ئینگلیزی بۆ شیپوودین لەلایەن 'دیزنی ئێکس دی'یەوە لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ پەخشکرا، بەڵام کارتوون نێتۆرک لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا دووبارە مافی بڵاوکردنەوەی وەرگرتەوە و لە بەشی توونامی (ئەدۆڵت سویم) دا پەخشی کرد. ستۆدیۆ پیرۆت یازدە فیلم و یازدە ئۆ ڤی ئەی (OVA) بۆ زنجیرە مانگای ناروتۆ بەرھەمھێناوە. کەلوپەلی تایبەت بە ناروتۆ وەک کارتی گەمەکردن، یاری ڤیدیۆیی و کورتە ڕۆمان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروستکراون.

ڤیز میدیا لە ئەمریکای باکوور مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ئەنیمێ و مانگای ناروتۆی بەدەستە. ئەنیمێیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و لە شانشینی یەکگرتوو ٢٠٠٦ و لە ئوسترالیا ٢٠٠٧. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش لەلایەن ناوەندی زوھرەوە ١٣٠ زنجیرەی سەرەتای بەشی یەکەم دۆبلاژکران بۆ زمانی عەرەبی و لە ھەردوو کەناڵی ئاسمانیی سپەیستوون و سپەیسپاوەر پەخشکرا تا ساڵی ٢٠١٢ کە شەڕی ناوخۆیی سووریا و قەیرانی دارایی بوو بە ھۆکاری ڕاگرتنی. چیرۆکی ناروتۆ ئۆزۆماکی بەھۆی کوڕەکەیەوە بۆروتۆ ئۆزوماکی بەردەوامە لەڕێگەی مانگای بۆروتۆ:ناروتۆ نێکست جێنەرەیشن، کە تێیدا بۆروتۆ دەیەوێت ڕێگەی بە نینجابوونی تایبەت بە خۆی بگرێتەبەر و لەژێر سێبەری باوکی نەبێت.

ناروتۆ سێیەم پڕفرۆشترین مانگایە لە مێژوودا لە دوای وەن پیس و دراگۆن بۆڵ بە فرۆشتنی ٢٣٥ میلیۆن تیراژ لە سەرانسەری جیھاندا، یەکێکە لە سەرکەوتووترین مانگاکانی ڤیز میدیا؛ کە پەرتووکە وەرگێڕدراوەکانیان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی چەند جارێک لە لیستی پڕفرۆشترینەکانی دە نیویۆرک تایمز و یو ئێس ئەی تودەیدا دەرکەوتوون و پەرتووکی حەوتەمی لە ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی کویڵی بردەوە. ڕەخنەگران چەند لایەنێکی مانگاکە بەرز دەنرخێنن، لەوانەش بنیاتگەری کەسایەتییەکان، دیمەنی شەڕی سەرسووڕھێنەر و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و پتەو، ھەرچەندە ھەندێک لایان وابوو کە دیمەنە شەڕییەکان (جەنگییەکان) چیرۆکەکەیان ھێواشکردووەتەوە. ڕەخنەگران پێشیان وایە کە کڕۆکی چیرۆکەکە بابەتی 'پێگەشتن' یاخوود 'گەورەبوون' لەخۆ دەگرێت، کە ئەمەش بەھۆی بوونی کاریگەری میتۆلۆژی ژاپۆنی و کۆنفووشیزمە بەسەر مانگاکەوە.

چیرۆک

بەشی یەکەم

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی بەشی یەکەم، لە چەپەوە بۆ ڕاست: لی، گای، گارا، ھیناتا، ساکورا، کاکاشی، ناروتۆ، ئیروکا، ساسکێ، ئیتاچی، شیکاماروو، شینۆ و نێجی

ڕێویەکی ئەفسووناوی بەھێز کە ناسراوە بە کیوبی(بە ژاپۆنی: 九尾، واتە "نۆ کلک") ھێرش دەکاتە سەر کۆنۆھا (گوندی گەڵای شاراوە لە وڵاتی ئاگر، کە یەکێکە لە پێنج وڵاتە گەورەکەی جیھانی نینجا)، لە ئاکامدا، سەرکردەی کۆنۆھا ھۆکاگێی چوارەم ڕێویەکە لە ناو لاشەی کۆرپەکەی خۆیدا "ناروتۆ ئۆزۆماکی" بەند دەکات، بەمەش ناروتۆ دەبێت بە خانەخوێی کیوبی، بەڵام باوکی ناروتۆ لەبەرانبەر ئەمەدا گیان لەدەست دەدات. ئەمەش ھۆکاگێی سێیەم و پێشوو "ھایروزێن ساروتۆبی" ناچار دەکات کۆتایی بە خانەنشینییەکەی بھێنێت و دووبارە ببێتەوە بە سەرکردەی کۆنۆھا.

زۆرجار دانیشتوانی گوندەکە گاڵتە بە ناروتۆ دەکەن و ڕقیان لێی دەبێتەوە، چونکە ئەو ھەڵگری ڕێویە نۆ کلکەکەیە و بە دڕندە ناوی دەبەن، بەڵام لەبەر فرمانێکی ھۆکاگێی سێیەم کە باسکردنی ڕووداوەکانی سەر بە 'کیوبی' قەدەغە کردووە، ناروتۆ ھیچ شتێک لەبارەی کیوبی نازانێت و بێئاگایە لە بوونی لە جەستەیدا. تا ئەوکاتەی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا نینجایەکی یاخیبوو بەناوی "میزوکی" ڕاستییەکەی بۆ ئاشکرا دەکات، دواتر ناروتۆ میزوکی لە بەرەنگاربونەوەیەکدا دەبەزێنێت و ڕێزی مامۆستاکەی "ئیروکا ئۆمینۆ" بەدەست دێنێت.

دوای ماوەیەکی کەم، ناروتۆ دەبێت بە نینجا و لەگەڵ ساسکێ ئۆچیھا (کە زۆرجار ڕکابەری یەکتر دەکەن) و "ساکورا ھارونۆ"دا (کە تاکلایەنانە ناروتۆ شەیدایەتی) تیمی حەوت پێکدەھێنن بە چاودێری مامۆستایەکی بەئەزموون کاکاشی ھاتاکێ. "تیمی حەوت" بەشداری دەکات لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرک و داوایانەی لەلایەن گوندنشینەکانەوە پێیان دەسپێردرێت، ئەوانەش ھەر لە جێبەجێکردنی ئەرکی سووک و پاسەوانی تا تەنانەت کوشتنیش دەگرێتەوە.

دوای جێبەجێکردنی چەند ئەرک و سپاردەیەک، کە یەکێک لەوانە لە "وڵاتی شەپۆل" ئەنجامی دەدەن، کاکاشی ڕێگە بە تیمی حەوت دەدات کە بەشداری لە تاقیکردنەوی نینجا بکەن کە پێی دەوترێت "تاقیکردنەوی چوونین" بۆ ئەوەی پلەیان بەرزبێتەوە و بتوانن ئەرک و داوای سەختتر ئەنجام بدەن. لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا تاوانبارێکی گەورە بە ناوی ئۆرۆچیماروو ھێرش دەکاتە سەر کۆنۆھا بۆ تۆڵەسەندنەوە و ھۆکاگێی سێیەم دەکوژێت. بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنە جیرایا (یەکێک لە سێ نینجا ئەفسانەییەکە) ھەڵدەبژێردرێت وەک ھۆکاگێی پێنجەم بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە و "تسونادێ"ی ھاوڕێی پێشنیاز دەکات. ناروتۆ و جیرایا کۆنۆھا بەجێدێڵن بۆ گەڕان بەدوای تسونادێدا.

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
سێ جۆر چاو لە جیھانی ناروتۆدا، لە سەرەوە بۆ خوارەوە: ڕینێگان، بیاکوگان و شارینگان.

لەکاتی گەڕان بەدوای تسونادێدا، ڕوون دەبێتەوە کە "ئۆرۆچیماروو" دەیەوێت ساسکێ بکات بە قوتابی خۆی و ڕاھێنانی پێ بکات لەبەر ئەو جۆرە چاوە بەھێزەی کە ھەیەتی و پشتاوپشت لە خێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوە، کە پێی دەوترێت چاوی شارینگان. پاش ماوەیەک، "ئیتاچی ئۆچیھا"ی برا گەورەی ساسکێ دێتە ناو کۆنۆھا بۆ ڕفاندنی ناروتۆ (لەبەرئەوەی ھەڵگری کیوبییە)، ساسکێ کاتێک بەمە دەزانێت، ھەوڵی تۆڵەسەندنەوە لە 'ئیتاچی' دەدات (لەبەرئەوەی ئیتاچی ئەو کەسە بوو کە خێزانی ئۆچیھای؛ واتە خێزانەکەی خۆی کۆمەڵکوژ کرد لەبەر ھۆکارێکی نادیار، بەڵام تەنھا ساسکێی لە ژیاندا ھێشتەوە)، ساسکێ شکست دێنێت لە کوشتنی ئیتاچی و بڕیار دەدات کۆنۆھا بەجێبھێڵێت و بڕواتە ژێردەستی ئۆرۆچیماروو تا بەھێزتر ببێت و ئیتاچی لەناوبەرێت. کاتێک تسونادێ بەمە دەزانێت، ناروتۆ و کۆمەڵێک نینجای تر دەنێرێت بۆ گەڕاندنەوەی ساسکێ بەڵام ناروتۆ ناتوانێت ساسکێ ڕازی یان ناچار بکات کە بگەڕێتەوە. ھەردوو ناروتۆ و ساکورا ھێشتا ھیوایان بە گەڕانەوەی ساسکێ دەمێنێت و کۆڵنادەن، ناروتۆ کۆنۆھا بەجێدەھێڵێت و لەلای جیرایا ڕاھێنان دەکات بۆ ئەوەی بەھێزتر ببێت، ساکوراش دەبێت بە قوتابی تسونادێ.

بەشی دووەم

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی بەشی دووەم

دوو ساڵ و نیو دواتر، ناروتۆ لە ڕاھێنانەکانی لەگەڵ جیرایا دەگەڕێتەوە. گرووپی ئەکاتسوکی (کە گروپێکی تیرۆرستییە؛ ئیتاچیش یەکێکە لە ئەندامەکانی) دەست دەکەن بە ڕفاندنی ئەو کەسانەی کە خانەخوێن بۆ دڕندە ئەفسوناوییە کلکدارەکان. تیمی حەوت و نینجاکانی تری گوندی کۆنۆھا ڕووبەڕوویان دەبنەوە و لە ھەمان کاتدا بۆ ساسکێیش دەگەڕێن. «ئەکاتسوکی» سەرکەوتوو دەبن لە گرتن و دەرھێنانی دڕندە کلکدارەکان و کوشتنی ھەڵگرەکانیان جگە لە گارا (لە بەشی یەکەم گارا ڕکابەری ناروتۆ دەکات بەڵام دواتر دەبێت بە دۆست، ئەویش وەک ناروتۆ ھەڵگری دڕندەیەکی ئەفسووناوی یەک کلکە بەناوی «شوکاکوو» بەڵام لەلایەن ئەکاتسوکییەوە لێی دەبرێت)، «گارا» ئێستا کازێکاگێیە (سەرکردەی گوندی سوناگاکوری). لە ھەمان کاتدا ساسکێ ناپاکی لە ئۆرۆچیماروو دەکات و ڕووبەڕووی ئیتاچی دەبێتەوە، دوای ئەوەی ئیتاچی لە شەڕەکەدا دەمرێت، تۆبی (ئەندامێکی ئەکاتسوکی ماسکدارە) بۆ ساسکێ ڕوون دەکاتەوە کە ئیتاچی فەرمانێکی لە سەرکردەکانی کۆنۆھاوە وەرگرتبوو بۆ لەناوبردنی خێزانی/تیرەی ئۆچیھا (خێزانەکەی خۆی) بۆ ڕێگەگرتن لە کودەتای سەربازی و پلانگێڕی لە دژی کۆنۆھا. ئیتاچی تاکە مەرجی بۆ جێبەجێکردنی ئەو فرمانە ئەوە بوو کە ساسکێ برا بچووکی لە ژیاندا بمێنێتەوە. دوای زانینی ئەمە، ساسکێ خەم و پەشیمانییەکی گەورە دای دەگرێت و بڕیار دەدات ببێت بە بەشێک لە ئەکاتسوکی تا وەک تۆڵەیەک گوندی کۆنۆھا لەناوبەرێت. سەرەڕای ئەوەی نینجاکانی کۆنۆھا چەند ئەندامێکی ئەکاتسوکی دەبەزێنێت، ناگاتۆ (سەرکردەی ئەکاتسوکی) جیرایا دەکوژێت، ناروتۆش لە بەرەنگاربونەوەیەکدا دەیبەزێنێت و لێی خۆشدەبێت و ئازادی دەکات لەو گوناھانەی لە ڕابردوودا ئەنجامی داوە، بەمەش ڕێز و شانازی گوندەکە بەدەست دەھێنێت.

پاش مردنی ناگاتۆ، تۆبی خۆی وەک مادارا ئۆچیھا (یەکێک لە دامەزرێنەرانی گوندی کۆنۆھا) ڕادەگەیەنێت، جاڕی ئەوە دەدات کە گوایە دەیەوێت ئاشتی بەرقەرار بکات بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دڕندە کلکدارەکان و ئەنجامدانی جادوویەک کە سەرتاپای مرۆڤایەتی کۆنتڕۆڵ دەکات. سەرکردەی ھەر پێنج گوندی نینجا ڕەتیدەکەنەوە و یەکدەگرن لە دژی تۆبی و ھاوبەشەکانی. ئەم بڕیارە دەبێتە ھۆی بەرپاکردنی جەنگی شینۆبی جیھانی چوارەم لە نێوان ھێزی سەربازیی یەکگرتووی چوار وڵاتە گەورەکە (کە ناسراوە بە ھێزە یەکگرتووەکانی شینۆبی) و ھێزەکانی ئەکاتسوکی زۆمبی-ئاسا (نیمچە زیندوو). سەرکردەکانی پێنج وڵاتەکە ھەوڵدەدەن کە ناروتۆ بێئاگا بکەن لە جەنگەکە و لێی بشارنەوە، بۆیە دەینێرن بۆ دورگەی نھێنی کیسەڵ لە نزیک کۆمۆگاکوری (گوندی ھەوری شاراوە) بەڵام ناروتۆ بە ڕاستییەکە دەزانێت و لەگەڵ کیڵەر بی (ھەڵگری دڕندەی ھەشت کلک) ھەڵدێت، پاش ئەوەی ناروتۆ بە یارمەتی 'کیڵەر بی' کیوبی کۆنتڕۆڵ دەکات، بەرەو مەیدانی جەنگ ڕێدەکەون.

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
ھەوادارێک کە شێوازی جل و بەرگی ھاوشێوەی کۆنانە، کە یەکێکە لە ئەندامەکانی ئەکاتسوکی.

لەکاتی شەڕوپێکداداندا، دەردەکەوێت کە تۆبی لە ڕاستیدا مادارا ئۆچیھا نییە وەک ئەوەی کە دەیگووت، بەڵکوو ئەو ئۆبیتۆ ئۆچیھایە (ھاوڕێیەکی منداڵی کاکاشی کە وا دەزاندرا لە ژیاندا نەماوە)، و مادارای ڕاستەقینە لە ڕابردوودا ژیانی ئۆبیتۆی ڕزگارکردووە و لەو ساتەوە ھاوکاری یەکتربوون. لەلایەکی ترەوە ساسکێ مێژووی کۆنۆھا و ئەو بارودۆخەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بووە ھۆی لەناوچوونی خێزانەکەی، جارێکی دیکە پەشیمان دەبێتەوە و بڕیار دەدات کە گوندەکە بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ لای ناروتۆ و ساکورا بۆ ڕێگەگرتن لە پیلانەکانی ئۆبیتۆ و مادارا، بەڵام مادارا پێش ئەوەی بگات بە ئەنجام لاشەی دەستی بەسەردادەگیرێت لەلایەن کاگویا ئۆتسوتسوکییەوە (شازادەیەکی دێر زەمانە دەیەوێت ھەموو مرۆڤایەتی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە). ئۆبیتۆ بەھۆی کاکاشییەوە ڕق و کینە لە دڵی نامێنێت و خۆی دەکات بە قوربانی بۆ یارمەتیدانی تیمی حەوت لە وەستاندنی کاگویا و بەندی دەکەن، لەبەرئەمە ماداراش لەناو دەچێت. ساسکێ بارودۆخەکە دەقۆزێتەوە و کۆنتڕۆڵی ھەموو دڕندە کلکدارەکان دەکات و دەیەوێت سیستمی بەڕێوەبردنی گوندەکان خاپوور بکات، ناروتۆ ھانی دەدات واز لەو پلانە بھێنێت، بەڵام کەلەڕەقی ساسکێ دەبێتە ھۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوانیاندا و ھەردووکیان دەباتە سەر لێواری مەرگ، لە کۆتایی ساسکێ دان بە دۆڕاندا دەنێت، و پاشگەز دەبێتەوە لەو کینەیەی کە دڵی داگیرکردبوو. پاش کۆتاییھاتنی جەنگەکە کاکاشی دەبێت بە ھۆکاگێی شەشەم و لە تاوانەکانی ساسکێ خۆشدەبێت، ساڵانێک دوای ئەوە کاکاشی واز لەو نازناوە دەھێنێت و ناروتۆ دەبێت بە ھۆکاگێی حەوتەم؛ ھاوسەرگیری لەگەڵ ھیناتا ھیوگا (نینجایەکی سەر بە خێزانی ھیوگایە و ھەر لەسەرەتای چیرۆکەکەوە شەیدای ناروتۆیە) دەکات و کوڕ و کچێکیان دەبێت کە ناویان دەنێن بۆروتۆ و ھیماواری.

بەرھەمھێنان

پەرەپێدان

ماساشی کیشیمۆتۆ لە ساڵی ١٩٩٥ کورتە مانگای «کاراکوری» لەڕێگەی شوەیشاوە بڵاوکردەوە، بەھۆی ئەمەوە ناوھێنانی ڕێزلێنانی بەدەستھێنا لە خەڵاتی ھۆپستێپی ساڵی ١٩٩٦، کیشیمۆتۆ دڵخۆش نەبوو بەو ڕەشنووسەی بۆ بەردەوامی کاراکوری نووسیبووی، بۆیە بڕیاریدا کار لەسەر پرۆژەیەکی تر بکات. لە پرۆژە تازەکەدا ناروتۆ ڕۆڵێ شێفێکی دەگێڕا، بەڵام کیشیمۆتۆ ئەم بیرۆکەیەشی پووچەڵکردەوە. دواتر کیشیمۆتۆ بڕیاریدا چیرۆکێک دەربارەی منداڵێک بنووسێت کە لە توانایدا ھەیە شێوەی خۆی بگۆڕێت بۆ ڕێوی، ھەر بۆیە مانگایەکی کورتی لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیە نووسی و لە بەرگی ھاوینەی ساڵی ١٩٩٧ی ئاکاماروو جەمپ بڵاوی کردەوە. کیشیمۆتۆ بڕیاریدا دووبارە چیرۆکەکە بنووسێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە جیھانی نینجادا.

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
شێوازێک لە بەکارھێنانی چاکرا لە جیھانی ناروتۆ

ھەشت بەندی سەرەتای ناروتۆ لە پلاندا بوون پێش دەرکەوتنیان لە گۆڤاری ھەفتانەی شۆنێن جەمپ، کە کیشیمۆتۆ زۆربەی پەڕەکانی ئەم بەندانەی تەرخانکردبوو بۆ پیشاندانی دیمەنەکانی گوندی کۆنۆھا کە بە شێوەیەکی ورد نەخشێندرابوون، بەڵام لەکاتی بڵاوکردنەوەیاندا دیمەنەکانی نێو گوندی کۆنۆھا بەو جۆرە ورد نەبوون و زیاتر تیشکخرابووە سەر گەشەپێدانی کەسایەتییەکان. ھەرچەندە کیشیمۆتۆ بڕوای وابوو کە بوونی بابەتی چاکرا (ئەو وزەیەی کە نینجاکانی نێو چیرۆکی ناروتۆ بەکاریدێنن لە شەڕ و بەرەنگارییەکاندا) وای لە چیرۆکەکە کردووە کە زیاد لە پێویست سیمای کلتووری ژاپۆنی پێوە دیاربێت و ترسی ئەوەی ھەبوو لەبەر ئەم ھۆکارە خوێنەرانی دەرەوەی ژاپۆن ڕانەکێشێت بۆ خۆی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، کیشیمۆتۆ پێیوابوو کە ئەزموونێکی بەچێژ دەبەخشێت بە خوێنەر. لەبەرئەوەی کیشیمۆتۆ ھەوادارێکی گەورەی گۆدزیلایە، ھەر لە سەرەتاوە ئارەزووی ئەوەی دەکرد کە دڕندەی زەبەلاح لە چیرۆکەکەیدا ھەبێت، سەرئەنجام دڕندە کلکدارەکانی بەکارھێناوە وەک بەھانەک بۆ گەیشتن بەم مەبەستە. کیشیمۆتۆ پێیوایە باسی سەرەکی بەشی یەکەمی چیرۆکی ناروتۆ یەکترقبووڵکردنی نێوان تاکەکانە، و گەشەسەندنی کەسایەتی ناروتۆ بەدرێژاییی چیرۆکەکە وەک نموونەیەک دەھێنێتەوە.

بۆ بەشی دووەم کیشیمۆتۆ ھەوڵیدا کە شێوازی نووسین و داڕشتنی چیرۆکەکە سادەتر بنووسێت و لە ئاڵۆزی ناپێویست بیپارێزێت و خۆی دووربگرێت لە لاسایکردنەوەی شێوازی باو و دووبارەکراوەی نووسینی مانگا، بۆئەوەی خوێنەر ئاسانتر لێی تێبگات. ھەروەھا لای وایە کە شێوازی وێنەکێشانی بە ڕۆیشتنی کات لە شێوازێکی کلاسیکی سادەوە گۆڕاوە بۆ شێوازێکی نزیکتر لە ڕاستی. لەبەرئەوەی ئارەزووی وابوو کە چیرۆکی گەڕانی ساسکێ بەدوای ئیتاچی براگەورەیدا بەزووترین کات لە یەک پەرتووکدا تەواوبکات، کیشیمۆتۆ پێشنیاری کرد کە پەرتووکی ژمارە ٤٢ ژمارەیەکی زیاتر لە ئاسایی لە بەندی تێدابێت، ھەربۆیەش دوای بڵاوبوونەوەی، کیشیمۆتۆ داوای لێبووردنی لە ھەواداران کرد لەبەر گرانی پەرتووکی ٤٣ بە بەراورد بە پەرتووکەکانی پێش خۆی.

کەسایەتییەکان

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
نەخشێکی سەرەتاییی کەسایەتیی ناروتۆ بە دەستی کیشیمۆتۆ

کیشیمۆتۆ لەکاتی پەرەپێدانی ناروتۆ، سودی لە مانگاکانی دیکەی شۆنێن جەمپ وەرگرتووە و ھەوڵی ئەوەی داوە کە کەسایەتییەکانی سەرنجڕاکێش و بێھاوتا بن، و لە ھەمان کاتدا چیرۆکەکەی لە دەوروبەری شارستانییەتی ژاپۆنی بنیادناوە. جیاکردنەوەی کەسایەتییەکان بۆ گرووپی جیاجیا بە مەبەستی پێدانی تایبەتمەندی جیاواز بووە بە گرووپێک و ئەندامەکانی، کیشیمۆتۆ دەیویست ھەر نینجایەک سروشتییانە توانای ھەبێت لە بوارێکی نینجاییدا و لە بوارێکی دیکەدا بێ بەھرەبن. بەلایەوە سەختبوو لەسەر ئەوینداری بنووسێت، بەڵام لە بەشی دوودا و لە پەرتووکی ٢٨ەوە زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەم لایەنە. دروستکردنی دوژمنەکان و پیاوخراپەکان بەو مەبەستە بووە کە دژبەیەکییەک دروست بکات لەنێوان بەھا ڕەوشتییەکانی پاڵەوانەکان و دوژمنەکان، بۆ ئەوەی جیاوازی ئاکامی کردەوەکانیان بنەخشێنێت. لەدوای ڕووداوەکانی پەرتووکی ٢٧، بازدانێک لە کاتدا ڕوودەدات و چیرۆکەکە دوو ساڵ و نیو دەچێتە داھاتووەوە، کیشیمۆتۆ یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم بازدانەی لە کاتدا گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە بەھۆی کەمی تەمەنی پاڵەوانەکانی زنجیرەکە، نەیاندەتوانی ڕکابەری دوژمنەکان بکەن، ھەربۆیە دوای دوو ساڵ و نیو گەورەتر و بەھێزتربوون و تەرازووی ھێزیان تا ڕادەیەک یەکسانکردەوە.

شوێن و کاتی چیرۆک

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
نەخشەی جیھانی نینجا لە مانگای ناروتۆ.
  • - وڵاتی گڵ 土
  • - وڵاتی ھەورەبروسکە 雷
  • - وڵاتی با 風
  • - وڵاتی ڕووبار 川
  • - وڵاتی ئاو 水
  • - وڵاتی ئاگر 火
  • - وڵاتی گێژاو 渦

زۆربەی کات نینجاکان بۆ ئەنجامدانی تەکنیکێک، بە ھەردوو دەستیان (ھەندێک جار بە یەک دەست) چەند ھێمایەک دروست دەکەن، کیشیمۆتۆ ئەم ھێمایانەی لە داب و نەریتی بورجی سەر بە چینییەکانەوە وەرگرتووە کە ھەر نیشانەی بورجێک ئاماژە بە گیاندارێک دەکات. کیشیمۆتۆ دەڵێت بیرۆکەی کۆنۆھا ئەو شوێنەی چیرۆکەکەی تێدا ڕوودەدات «بێ ھیچ دوودڵییەک و زۆر بەخێرایی بۆی ھاتووە»، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە دیمەنە سروشتییەکانی کۆنۆھا لەژێر کاریگەری شارۆچکەی ناگا لە پارێزگای ئۆکایاما داڕشتووە کە قۆناغی منداڵی تێدا بەسەربردووە. لەبەرئەوەی ڕوون نییە چیرۆکی ناروتۆ لە چ سەردەمێکی ئاشنادا ڕوودەدات، کیشیمۆتۆ ئەمەی وەک ھەل قۆزتووەتەوە و ئامێری کامێرا و شاشەی تەلەڤیزیۆنی لە چیرۆکەکەدا بەکارھێناوە، ھەروەھا بیریشی لە بەکارھێنانی ئۆتۆمبیل و چەکی تەقەکردن کردووەتەوە، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە لە بەکارھێنانیان لەنێو زنجیرەکە.

کۆتاییی چیرۆک

کاتێک بڵاوکردنەوە و چاپکردنی زنجیرەی ناروتۆ دەستیپێکرد، کیشیمۆتۆ بڕیاریدابوو کە چیرۆکەکە بە ڕووبەڕووبوونەوەیەک کۆتایی پێبھێنێت لەنێوان دوو کەسایەتیی سەرەکی، ناروتۆ و ساسکێ، و ناروتۆ چۆن لە ناگاتۆ خۆشبوو، ئاوەھاش لە ساسکێ خۆشدەبێت لە کۆتاییی شەڕەکەدا. کیشیمۆتۆ ھەر لە قۆناغەکانی سەرەتای مانگاکەوە، ھیناتا ھیووگای وەک ئەوینداری ناروتۆ ھەڵبژاردبوو، لەبەرئەوەی ھیناتا ھەمووکات ڕێزی لە ناروتۆ گرتووە، تەنانەت لە پێش دەستپێکردنی زنجیرەکەوە و لە قۆناغێکی منداڵتریشدا سەرسامبووە پێی. بۆیە کیشیمۆتۆ پێیوابوو ھەموو ئەمانە پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی قوڵتر بنیادبنێن. ھاوسەرەکەی کیشیمۆتۆ ئەم بڕیارەی بەدڵ نەبوو چونکە ئەو دەیویست ناروتۆ ھاوسەرگیری لەگەڵ ساکورا ھارونۆ بکات، بەڵام کیشیمۆتۆ لای وابوو ساکورا تەنھا ھاوڕێی ناروتۆیە نەک ھاوسەری داھاتووی. کیشیمۆتۆ لەسەرەتاوە وەھا پلانی دانابوو کە لایەنی ئەوینداری دیارتربێت لە زنجیرەکەدا، بەڵام دواتر بڕیاریدا زیاتر تیشک بخاتە سەر لایەنی ئەکشن و شەڕکردن.

ناوەندە میدیایییەکان

مانگا

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
سێیەم پاکەتی کۆکراوەی پەرتووکەکان، کە ژمارە ٤٩ بۆ ٧٢ لەخۆدەگرێت و ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە.

ناروتۆ لەلایەن گۆڤاری شۆنن جەمپی سەر بە شوەیشاوە بڵاوکرایەوە و ماوەی پازدە ساڵ بەردەوام بوو (لە ٢١ی ئەیلوولی ١٩٩٩ بۆ ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤)، مانگای ناروتۆ بە شێوازی پەرتووک (تانکۆبۆن) لە ژاپۆن و وڵاتانی دیکە ھاتە چاپکردن، بەمشێوەیە چیرۆکی مانگاکە پێکدێت لە ٧٢ پەرتووک، ٢٧ بۆ بەشی یەکەمی چیرۆکەکە و ٤٥ بۆ بەشی دووەم و بە ھەمووی ٧٠٠ بەند لەخۆدەگرن، ٢٣٨ بەندی سەرتا بۆ بەشی یەکەم، بەندەکانی ٢٣٩ بۆ ٢٤٤ ژیان و ڕابردووی کاکاشی ھاتاکێ دەکەنە ناوەندی باسکردن، بەندەکانی ٢٤٥ بۆ ٧٠٠ بەشی شیپوودین و دووەمی چیرۆکەکە دەنەخشێنن. یەکەم پەرتووک لە ڕێکەوتی ٣ی ئازاری ٢٠٠٠ بڵاوکرایەوە لە ژاپۆن، ھەروەھا شوەیشا چەند کورتە مانگایەکی لەسەر فیلمەکانی ناروتۆ چاپکردووە. نیمچە زنجیرە مانگایەک بە ناوی ناروتۆ: ھۆکاگێی حەوتەم و بەھاری سوور لە ٢٠ی نیسانی ٢٠١٥ دەست بە بڵاوکردنەوەی کرا، چیرۆکەکە باس لە نەوە و منداڵەکانی کەسایەتییە سەرەکییەکان دەکات و دوای ١٠ بەند لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٥ کۆتایی پێھات.

مانگای ناروتۆ لەلایەن ھەوادارانی سەر ئینتەرنێت وەردەگێڕدرا بۆ زمانی ئینگلیزی و پێش بڵاوکردنەوەی تیراژی مۆڵەتپێدراو لە ئەمریکای باکوور بەردەست بوو؛ ڤیز میدیا کە خاوەنی لایسنسی ناروتۆیە، لە گۆڤاری کۆمیکسی سەر بەخۆی بە ناوی شۆنن جەمپ دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناروتۆ کرد، یەکەم بەندی وەرگێڕدراوی مۆڵەتپێدراو لە ٢٠٠٣ بڵاوکراویەوە. لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٠٧، ڤیز میدیا پرۆسەی وەرگێڕانی خێراکرد بە مەبەستی گەیشتنەوە بە وەشانی ژاپۆنی؛ جارێکی تر لە سەرەتاکانی ٢٠٠٩دا ھەمان پرۆسە بەکارھات و لە ئەنجامدا تەنھا لە ماوەی سێ مانگدا، یازدە پەرتووک (٣٤ بۆ ٤٥) بڵاوکرانەوە؛ ھەر ٢٧ پەرتووکی بەشی یەکەم لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ بە کۆکراوەیی لە پاکەتێکدا بڵاوکرانەوە و بەردەستبوون بۆ کڕین.

لە ٣١ی ئازاری ٢٠٠٨دا ڕاگەیەندرا کە ناروتۆ لە ٩٠ وڵات مۆڵەتی چاپکردنی پێدراوە لەلایەن بڵاوکراوەی جۆراوجۆر، و لە ٣٥ وڵات ھەفتانە بەردەستە. لە ئەڵمانیا و دانیمارک لەلایەن کارلسن کۆمیکس مۆڵەتی پێدراوە، بڵاوکراوەی کانا بە زمانی ھۆڵەندی و جاپۆنیکا پۆلۆنیکا فانتاستیکا بە زمانی پۆڵەندی، کۆمیکس ئارت بە زمانی ڕووسی، سانگاتسوو مانگا بە زمانی فینلەندی، بۆنییەر کارلسن بە زمانی سوێدی و ھەروەھا بە زمانی ئیتاڵی لەلایەن پەنینی کۆمیکس.

ئەنیمێ

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
لۆگۆی ناروتۆ لە ٢٠٠٢دا.

کاتێک ستۆدیۆ پیرۆت بڕیاریدا زنجیرە ئەنیمێیەک بۆ مانگای ناروتۆ بەرھەمبھێنێت، کیشیمۆتۆ داوای کرد کە "تێتسویا نیشینۆ" پیشەی سەرپەرشتیاری دیزاینی کەسایەتییەکانی پێبدرێت. ھایاتۆ دەیت کاری دەرھێنانی بۆ بەشی یەکەمی ئەنیمێ ناروتۆ کردووە کە لە تۆڕی میدیاییی تیڤی تۆکیۆ لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ دەستی بە پەخشکردووە و لە ٨ی شوباتی ٢٠١٧ دوای ٢٢٠ ئەڵقە کۆتاییپێھات. چیرۆکی ١٣٥ ئەڵقەی سەرەتا لەسەر بنەمای مانگاکەوە وەرگیراون، بەڵام ٨٥ ئەڵقەی کۆتایی تازەن و لە چیرۆکی مانگاکە لادەدەن. لە ئەمریکای باکوور ڤیز میدیا مۆڵەتی پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی لە لابوو. ناروتۆ لەکاتی پەخشکردنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، چەندین جار ڕووبەڕووی سانسۆر و دەستکاریکردن بووەتەوە، بۆ نموونە دیمەنی دەرکەووتنی خواردنەوە کھوولییەکان، کلتووری ژاپۆن و ئاماژە ناڕاستەوخۆکان بە بابەتی ڕەگەزی لەکاتی پەخشکردنی لابراون، ھەرچەندە لە دی-ڤی-دییە بڵاوکراوەکاندا وەکوو خۆیان ماونەتەوە و دەستکاری نەکراون. ھەندێک تۆڕی میدیایی دیکەی وەک جێت ئێکس توندتر ئەم سیاسەتەیان پەیڕەوکردووە و دیمەنی دەرکەوتنی خوێن، جگەرەکێشان و جنێودانیشیان سانسۆر کردووە.

ناروتۆ: شیپوودین (ناروتۆ: داستانی گەردەلوولەکان - ナルト: 疾風伝) لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٧ لەسەر تۆڕی تیڤی تۆکیۆ دەستی بە پەخشکرد و لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٧، دوای ٥٠٠ ئەڵقە گەیشتە کۆتایی. ئەمیش تەواوکەری بەشی پێش خۆیەتی و بەھەمان شێوە لەلایەن ستۆدیۆ پیرۆت بەرھەمھاتووە و لە دەرھێنانی ھایاتۆ دەیتە. دی-ڤی-دییە بڵاوکراوەکان یەکی ٤ بۆ ٥ ئەڵقە لەخۆدەگرن، لە ئەمریکای باکوور یەکەم دی-ڤی-دی لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٩ بڵاوکرایەوە. لە شانشینە یەکگرتووەکان ئەنیمێی ناروتۆ لەلایەن «مانگا ئینترتەینمنت» مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە، کە یەکەم دی-ڤی-دی لەو وڵاتە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٠ بڵاوکرایەوە.

میدیا پەیوەندیدارەکان

کۆمەڵێک ئەنیمێ و مانگای سەر بە ناروتۆ بەرھەمھاتوون، یەکێک لەوانە مانگایەکی کۆمێدییە بە ناوی ڕۆک لی و ھاوڕێ نینجاکانی کە لەلایەن مانگاکا کێنجی تایراوە کاری نووسین و وێنەکێشانی بۆ کراوە. مانگاکە باس لە ڕۆک لی دەکات، کە خەونی ئەوەیە ببێت بە نینجایەکی بەھێز، بەڵام بە پێچەوانەی ھاوڕێ نینجاکانی، توانای بەکارھێنانی ھیچ تەکنیکێکی نینجوتسوو یاخود گێنجوتسووی نییە. گۆڤاری سایکۆ جەمپ، سەر بە شوەیشا لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ تا ٤ی تەممووزی ٢٠١٤ ھەستا بە بڵاوکردنەوەی، ھەروەھا زنجیرە ئەنیمێیەکی لەلایەن ستۆدیۆ پیرۆت بۆ سازکرا کە لە ٣ی نیسانی ٢٠١٢ لەسەر کەناڵی تیڤی تۆکیۆ دەستی بە پەخشکرد. تایرا مانگایەکی تری بە ناوی ئەفسانەی شارینگانی ساسکێ ئۆچیھا نووسی کە سەر بە ھەمان گۆڤارە و لە ٣ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە و باس لە ژیانی ساسکێ دەکات لە ڕوویەکی دیکەوە.

لە سەرەتای ٢٠١٦دا زنجیرە مانگایەکی نوێ بە ناوی بۆروتۆ: ناروتۆ نێکست جێنەرەیشن لە گۆڤاری شۆنێن جەمپ بڵاوکرایەوە، "میکیۆ ئیکیمۆتۆ" کاری وێنەکێشانی بۆ ئەنجام دەدات و "ئوکیۆ ئۆداچی" نووسینەوەی چیرۆکەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە، ھەموو ئەمانەش لەژێر چاودێری کیشیمۆتۆ. لە بەشی یەکەمی مانگای ناروتۆ، ئیکیمۆتۆ یاریدەدەری یەکەمی کیشیمۆتۆ بووە، و کۆداچییش چیرۆکی فیلمی یازدەیەمی ناروتۆ (بۆروتۆ: فیلمی ناروتۆ)ی ھاوشانی کیشیمۆتۆ نووسیوە. دوای کۆتاییھاتنی ناروتۆ، ستاف و کاربەدەستانی شوەیشا داوای ئەوەیان لە کیشیمۆتۆ کرد کە مانگایەکی تر بنووسێت وەک تەواوکەرێک بۆ ناروتۆ، بەڵام کیشیمۆتۆ داواکەی ڕەتکردەوە و لە جیاتیدا ھەردوو یاریدەدەری خۆی (ئیکیمۆتۆ و کۆداچی) پێشنیارکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی مانگای بۆروتۆ.

ئۆ ڤی ئەی (کورتە فیلمی ئەنیمەیشن)

یازدە کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی (OVA) ناروتۆ بەرھەمھاتووە، کە پێکدێن لە:-

  1. دۆزینەوەی گوڵی سووری چوارپەڕ: باس لە تیمی حەوت دەکات لەکاتی یارمەتیدانی کۆنۆھاماروو (کوڕەزای ھۆکاگێی سێیەم و ھاوڕێی ناروتۆ) دەدەن بۆ دۆزینەوەی گوڵێکی چوارپەڕی سوور کە ئاواتێک بەدی دێنێت.
  2. ئەرکی پاراستنی گوندی تاڤگەکان: تیمی حەوت یارمەتی نینجایەکی شینۆبی دەدەن لە گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی.
  3. فیستیڤاڵی وەرزشی ساڵانەی کۆنۆھا: تیمی حەوت لەگەڵ چەند تیمێکی تر ڕکابەری دەکەن لە پێشبڕکێیەکی وەرزشی، کە خەڵاتی براوە پشوودانە بۆ ماوەی یەک ھەفتە لە جێبەجێکردنی ئەرک.
  4. لە کۆتادا بەرەنگارییەک! جۆنین دژ بە گێنین!! پاڵەوانییەتی گەورەی ھەڕەمەکی!!: تسونادێ، ھۆکاگێی پێنجەم پێشبڕکێیەک سازدەکات لەنێوان جۆنین (نینجا بە ئەزموونەکان) و گێنین (نینجا کەم ئەزموونەکان).
  5. شیپوو! "کۆنۆھا گاکوین" دێن: باسی لە ژیانی ناروتۆ و ھاوڕێکانی دەکات لەکاتی خوێندنی دواناوەندی.
  6. ناروتۆ: دووڕیانەکان: تیشک دەخاتە سەر تیمی حەوت لەکاتی بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ زابووزا و ھاکوودا (دوو نینجان کە لەسەرەتای بەشی یەکەمی چیرۆکەکە ڕووبەڕووی تیمی حەوت دەبنەوە)
  7. ناروتۆ: دێوەکە و سێ ئاواتەکە: تیمی حەوت لە کەناردەریا قوتویەک دەدۆزنەوە کە دێوێکی جادووی تێدایە سێ ئاوات دەھێنێتە دی.
  8. ناروتۆxیو تی: ناروتۆ لەلایەن ساسکێیەوە دەبەزێندرێت و بە مردوو لە قەڵەم دەدرێت، ڕووداوەکانی پێش ڕووبەڕووبوونەوەکە بە فلاش باک (لە بیری کەسایەتییەکاندا) نیشاندەدرێت.
  9. ناروتۆ دژ بە کۆنۆھاماروو، تاقیکردنەوەی چوونین گڕی گرتووە: ناروتۆ و کۆنۆھاماروو بەشداری تاقیکردنەوەکانی چوونین دەکەن و لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بەرامبەر یەک شەڕدەکەن.
  10. ناروتۆ شیپوودین: ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە ژێر تیشکی خۆردا: ساسکێ خەو بە ئیتاچی برایەوە دەبینێت، کە بە بەردەوامی نانی بەیانی بۆ ئامادەدەکات تا پەسەند دەبێت لەلای.
  11. ئەو ڕۆژەی ناروتۆ بوو بە ھۆکاگێ: ناروتۆ ئۆزۆماکی بە فەرمی دەبێت بە ھۆکاگێ، بەڵام فریای ناکەوێت لە ئاھەنگەکە ئامادەبێت.

فیلمەکان

ناروتۆ یازدە فیلمی ئەنیمەیشنی بۆ سازکراوە، لەوانەش سێ فیلمی سەرەتا سەر بە بەشی یەکەمی چیرۆکەکەن و ھەشت فیلمی دیکەش سەر بە بەشی دووەمی چیرۆکەکەن.

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
پۆستەری فیلمی یەکەمی ناروتۆ "پێکدادانی نینجا لە وڵاتی بەفر"
  1. پێکدادانی نینجا لە وڵاتی بەفر: تیمی حەوت گەشت دەکەن بۆ وڵاتی بەفر بۆ پاراستنی ئەو کەسایەتییانەی بەشداری دەکەن لە فیلمی «شازادە فوون».
  2. ئەفسانەی بەردی گێلێل: ناروتۆ لەگەڵ ساکورا و شیکاماروو دەچن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی نینجایی کە لە ئاکامدا تێوەدەگلێن لە شەڕێکی نێوان گوندی «سوناگا» و ھێزێکی زرێپۆشی گەورەی سەربازی.
  3. پاسەوانەکانی شانشینی مانگی سوور: ناروتۆ و ساکورا و ڕۆک لی لەگەڵ کاکاشی، ئەرکی پاراستنی شازادەی داھاتووی وڵاتی مانگیان پێدەدرێت.
  4. فیلمی ناروتۆ شیپوودین: ناروتۆ دەڕوات بۆ پاراستنی کاھینێک بە ناوی «شیۆن»، کە بەردەوام ساتی مردنی خۆی لە داھاتوودا دێتە پێش چاو.
  5. فیلمی ناروتۆ شیپوودین: پەیوەندییەکان: ناروتۆ و ساسکێ لەپاڵ یەکدا دەجەنگن بۆ پاراستنی کۆنۆھا لە نینجایەکی وڵاتی ئاسمان.
  6. فیلمی ناروتۆ شیپوودین: ویستی ئاگرین: تیمی حەوت پێکەوە کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە کاکاشی لە ھەوڵی خۆبەقوربانیدانی لە پێناو کۆتاییھێنان بە جەنگی جیھانی.
  7. فیلمی ناروتۆ شیپوودین: تەلاری ونبوو: ناروتۆ ٢٠ ساڵ دەگەڕێتەوە ڕابردوو بۆ لێکۆڵینەوە لە تەلارێکی ئەفسوناوی و دەستبەسەرکردنی نینجایەکی بەدکار. لە ھەمان کاتدا بۆی دەردەکەوێت کە باوکی (ھۆکاگێی چوارەم) لەو کاتەدا لە ژیاندایە.
  8. فیلمی ناروتۆ: بەندینخانەی خوێن: ناروتۆ بە ھەوڵی کوشتنی ڕایکاگێ تۆمەتباردەکرێت و دەنێردرێت بۆ بەندینخانەیەکی نامۆ، کاتێک ھەوڵی دەربازبوون دەدات، چەند نھێنییەکی ئەو شوێنە دەدۆزێتەوە.
ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
پۆستەری فیلمی «ناروتۆ:ڕێگای نینجا»، ڕیزی سەرەوە بۆ خوارەوە:
  • - تۆبی (ئۆبیتۆ ئۆچیھا)
  • - چەپ بۆ ڕاست: گای، شینۆ، کیبا، ھیناتا، ساکورا، ئینۆ، شیکاماروو، چۆجی، کاکاشی
  • - چەپ بۆ ڕاست: کوشینا، ناروتۆ، میناتۆ
  1. فیلمی ناروتۆ: ڕێگای نینجا: ناروتۆ و ساکورا لەلایەن تۆبییەوە ڕەوانەدەکرێن بۆ گەردوونێکی دیکە و لە مانای ھاوڕێیەتی و دایک و باوکایەتی تێدەگەن. داڕشتنی چیرۆکەکە و دیزاینی کەسایەتییەکان لەلایەن کیشیمۆتۆ خۆیەوە ئەنجامدراوە.
  2. فیلمی ناروتۆ: کۆتایی: ناروتۆ و ھاوڕێکانی ھەوڵدەدەن ڕێگەبگرن لە پێکدادانی مانگ و زەوی، فیلمەکە بەشێوەیەکی سادە چەند لایەنێکی میتۆلۆژی زنجیرەکە دەخاتەڕوو، و لە ھەمان کاتدا تیشک دەخاتەسەر پەیوەندی سۆزداریی نێوان ناروتۆ و ھیناتا. داڕشتنی چیرۆکەکە و دیزاینی کەسایەتییەکان لەلایەن کیشیمۆتۆ خۆیەوە ئەنجامدراوە.
  3. فیلمی ناروتۆ: بۆروتۆ: فیلمەکە باس لە منداڵی کەسایەتییە سەرەکییەکان دەکات، بە تایبەتی بۆروتۆ ئۆزۆماکی، کە لەگەڵ ساسکێ ڕکابەری باوکیدا ڕاھێنان دەکات بۆ ئەوەی لە باوکی بەھێزتر بێت، کیشیمۆتۆ کاری دیزاینی کەسایەتییەکان و داڕشتنی چیرۆکەکەی لە ئەسۆی خۆی دانا و لە ھەمان کاتیشدا بەڕێوبەری بەرھەمھێنانی فیلمکەشە.

ڕۆمانەکان

٢٦ سووکە ڕۆمانی ناروتۆ لە ژاپۆن بڵاوکراونەتەوە، کە لەوانە ٩ دانەی سەرەتایان لەلایەن "ماساتۆشی کوساکابێ"وە نووسراون. دوو سووکە ڕۆمانی سەرەتا بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراون و لە ئەمریکای باکوور بڵاوکراونەتەوە، یەکەم سووکە ڕۆمان کە بە ناوی ناروتۆ: دڵی بێتاوان، خوێنی ئەھریمەن، دووبارە باس لە ڕووداوەکانی نێوان زابووزا و ھاکوو، دووەم دانەش بە ناوی ناروتۆ: ئەرکی پاراستنی گوندی تاڤگەکان لەژێر کاریگەری دووەم کورتە فیلمی (OVA) نووسراوە. ڤیز میدیا شازدە پەرتووکی منداڵانی بڵاوکردووەتەوە، بە نووسینی «ترەیسی وێست» و وەرگرتنی وێنە لە مانگاکە، ئەم پەرتووکانە منداڵانی تەمەن ٧ ساڵ بۆ ١٠ ساڵ وەک خوێنەر دەکاتە ئامانج.

سیازدە ڕۆمان لە ژاپۆن بڵاوکراونەتەوە کە یازدەیان تەواوکەری یەکترن و دوو ڕۆمانی کۆتایش سەربەخۆن. یەکەم ڕۆمانی سەربەخۆ بە ناوی ناروتۆ: چیرۆکی نینجایەکی بوێر وا پیشاندەدرێت کە لەلایەن «جیرایا» ەوە نووسرابێت، باسی سەرکێشییەکانی نینجایەک دەکات بە ناوی ناروتۆ موساسابی، ئەوەی تریان بە ناوی جینرەیدێن: ئەو ڕۆژەی گورگەکە لووراندی باس لە ڕووداوەکانی دوابەدوای ڕووبەڕووبوونەوەکەی ساسکێ و ئیتاچی دەکات.

ئیتاچی شیندێن (پێکدێت لە دوو ڕۆمان) و ساسکێ شیندێن (تاکە ڕۆمانێکە) لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکراونەتەوە، ھەردووکیان لە ساڵی ٢٠١٦ بوون بە بەشێک لە ئەنیمێ ناروتۆ: شیپوودین. «ھیدێن» پێکدێت لە شەش سووکە ڕۆمان کە لە ٢٠١٥ بڵاوکراونەتەوە و باسی لە ژیانی کەسایەتییەکان دەکات دوای کۆتاییھاتنی مانگای ناروتۆ.

مۆسیقا

تۆشیۆ ماسودا کاری نووسینەوە و ڕێکخستنی ئاوازی بۆ بەشی یەکەمی زنجیرەی ئەنیمێی ناروتۆ کردووە. ئەلبوومی «ناروتۆ: ساوندتراکی ڕەسەن» کە ٢٢ تراک لەخۆدەگرێت، لە ٣ی نیسانی ٢٠٠٣ بڵاوکرایەوە. دووەم ئەلبووم "ناروتۆ: ساوندتراکی ڕەسەن ٢" لە ١٨ی ئازاری ٢٠٠٤ بڵاوکرایەوە و ١٩ تراک لەخۆ دەگرێت، ئەلبوومی سێیەم "ناروتۆ: ساوندتراکی ڕەسەن ٣" کە ھەڵگری ٢٣ تراکە، لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٥ بڵاوکرایەوە. دوو ساوندتراکی دیکە بە ناوی "کۆکراوەی باشترین ئاوازەکانی ناروتۆ"ی ١ و ٢ لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ و ٢ی ئابی ٢٠٠٦ بڵاوکرانەوە و ھەموو گۆرانییەکانی دەستپێک و کۆتاییی ئەڵقەکانی لەخۆگرتبوو. ھەشت تراک لە ئەنیمێیەکە ھەڵبژێردران و لەسەر سی-دییەک لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ بڵاوکرانەوە و ناوی لێنرا «ناروتۆ و ڕۆک - باشترین ئاوازە ئینسترومێنتاڵییەکان». ساوندتراکی سێ فیلمی یەکەم لەکاتی بڵاوکردەنەوەی فیلمەکاندا بەردەستبوون.

ساوندتراکی ناروتۆ: شیپوودین لەلایەن "یاسوھارو تاکاناشی" بەرھەمھێنراون و لە ساڵەکانی ٢٠٠٧، ٢٠٠٩ و ٢٠١٦ بڵاوکراونەتەوە بە ناوی "ناروتۆ: شیپوودین - ساوندتراکی ڕەسەن ١ و ٢ و ٣. سی-دی «ناروتۆ ئۆڵستارس» لە ٢٠٠٨ بڵاوکرایەوە و ١٠ گۆرانی ڕەسەنی سەر بە زنجیرەکە لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن کەسایەتییە دەنگییەکانەوە دووبارە وتراونەتەوە. ١٠ ئاوازی ھەڵبژێردراویش لە ھەردوو ئەنیمێیەکە لە یەک دی-ڤی-دیدا لەژێر ناوی "بەھێزترین ئاوازەکانی ناروتۆ ٢٠٠٦–٢٠٠٨" لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوکراونەتەوە. ھەروەھا ساوندتراکی فیلمەکانی شیپوودینیش بەردەستبوون و یەکەم دانە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە.

کایەی ڤیدیۆیی

کایە ڤیدیۆیییەکانی ناروتۆ لەسەر چەند ئامێرێکی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە وەک ئامێرە ڤیدیۆیییەکانی سەر بە نینتێندۆ، سۆنی، مایکرۆسۆفت. زۆربەیان کایەی شەڕکردنن، کە تێیدا کایەکەرەکە ڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکی ناروتۆ دەکات و بەرامبەر کەسایەتییەکی دیکە ڕکابەری دەکات کە لەلایەن ژیریی دەستکردی تایبەت بە کایەکە یان کایەکەرێکی ترەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئامانج ئەوەیە کە لاکێشەی ژیانی (خوێن) ی ڕکابەرەکەت لەڕێگەی ھێرشی جەستەیی و تەکنیکی نینجای تایبەت بە کەسایەتییەکان کەم بکاتەوە بۆ سفر کە لەسەر بنەمای مانگا و ئەنیمێی ناروتۆ وەرگیراون. ناروتۆ: کۆنۆھا نینپۆچۆ یەکەم کایەی ڤیدیۆیی ناروتۆیە، کە لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٠٣ بۆ ئامێری ڤیدیۆییی «وەندەرسوان کەڵەر» بڵاوکرایەوە. ژمارەیەکی زۆری کایە ڤیدیۆیییەکانی ناروتۆ تەنھا لە ژاپۆن بڵاوکراونەتەوە. یەکەم دوو کایەی ڤیدیۆیی کە لە دەرەوەی ژاپۆن بڵاوکرانەوە پێکدێن لە ناروتۆ: گێکیتۆ نینجا و ناروتۆ: سایکیۆ نینجا دایکێشوو، لە ئەمریکای باکوور لەژێر ناوی ناروتۆ: کڵاش ئۆڤ نینجا و ناروتۆ: نینجا کاونسڵ بڵاوکرانەوە. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢، کۆمپانیای گەشەپێدانی کایەی ڤیدیۆیی باندای نامکۆ ڕایگەیاند کە ١٠ میلیۆن یەکەیان لە زنجیرەی کایە ڤیدیۆیییەکانی ناروتۆ فرۆشتووە.

ناوبانگ و خەڵاتەکان

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
کۆمەڵێک ھەواداری ناروتۆ لە فیستیڤاڵی ئەنیمێی ئێکسپۆ

مانگای ناروتۆ ٢٣٥ میلیۆن تیراژی فرۆشتووە، لەوەش ١٤٠ میلیۆنی لەناو ژاپۆن و ٩٥ میلیۆنی لە دەرەوەی ژاپۆن. بەمەش لە پلەی سێیەمدایە لە پێڕستی پڕفرۆشترین مانگاکانی مێژوو. زیاد لە نیوەی فرۆشتنەکان لە ژاپۆندان و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە دابەش دەبێت بەسەر ٣٥ وڵات لە سەرانسەری جیھاندا. ناروتۆ یەکێکە لە پڕفرۆشترین بڵاوکراوەکانی ڤیز میدیا، کە پەرتووکە وەرگێڕدراوەکانیان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی چەند جارێک لە پێڕستی پڕفرۆشترینەکانی دە نیویۆرک تایمز و یو-ئێس-ئەی تودەیدا دەرکەوتوون. لە ساڵی ٢٠٠٦ پەرتووکی حەوتەمی ناروتۆ خەڵاتی کویڵ بۆ باشترین «ڕۆمانی وێنەدار» بردەوە. لە بەشی خەیاڵیی سایتی «تیچەر ڵایبرێریان»دا بەشێک بوو لە پێڕستی پەرتووکە پێشنیارکراوەکانی ساڵی ٢٠٠٨. ھەروەھا گۆڤاری «سکوڵ ڵایبرێری»، بوونی مانگای ناروتۆی لە پەرتووکخانەی قوتابخانەکاندا بە پێویست وەسف کرد. پەرتووکی ژمارە ٢٨ توانی لە یەکەم ھەفتەی بڵاوکردنەوەیدا بگاتە پلەی ١٧ لە پێڕستی پڕفرۆشترین پەرتووکەکانی گۆڤاری «یوو ئیس ئەی توودەی» بۆ مانگی ئازاری ٢٠٠٨، تەنھا دوو پلە کەمتر لە ژمارەی پێوانەی بۆ مانگا، کە بە ناوی مانگای فروتس باسکێتەوەیە، ھەمان پەرتووک بوو بە پڕفرۆشترین پەرتووکی مانگای ساڵی ٢٠٠٨ و دووەم پڕفرۆشترین پەرتووک لە ئەمریکای باکوور، دوای تێپەڕاندنی ٤٠ پەرتووک، بڵاوکراوەی ڤیز لە ساڵی ٢٠١٥ سەرسامی خۆیان دەربڕی بۆ دڵسۆزی خوێنەرانی ناروتۆ، کە بە بەردەوامی پشتگیری مانگاکەیان کردووە بە کڕینی پەرتووکەکانی.

لە نیسانی ٢٠٠٧، پەرتووکی ١٤، خەڵاتی باشترین بەرگی لەلایەن بڵاوکراوەی (دایمۆند کۆمیکس) ەوە وەرگرت. ساڵی ٢٠٠٩، مانگاکە یەکێک بوو لە پاڵێوراوان بۆ خەڵاتی باشترین مانگا لە گۆڤاری نیکۆلۆدییەن. لە شوباتی ٢٠١٥، ڕۆژنامەی «ئاساھی شیمبوون» ڕایگەیاند کە ناروتۆ یەکێکە لە نۆ بەربژێر بۆ خەڵاتی کلتووری ساڵانەی تێزوکو ئۆساموو، مانگی دواتر کیشیمۆتۆ وەک ئەندامێکی نوێ لە «دەزگای کاروباری کلتووری» سەر بە حکومەتی ژاپۆن ڕاگەیەندرا. کیشیمۆتۆ دەربارەی ناوبانگی ناروتۆ لە دەرەوەی ژاپۆن و بەتایبەتی ئەمریکای باکوور وتی «زۆر دڵخۆشم کە بینەرانی ئەمریکی بابەتی نینجایان پەسەندکردووە و لێی تێدەگەن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە بینەران لە ئەمریکا بیریان کراوەیە و ئامادەن حەز بە شتێک بکەن کە پێشتر لایان نامۆ بووە».

«ناروتۆ شیپوودین» بە بەردەوامی یەکێک بووە لە پڕبینەرترین زنجیرە ئەنیمێیەکانی ناو ژاپۆن. یەکەم کۆکراوەی دی-ڤی-دیی بڵاوکراوەی ڤیز میدیا پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی باشترین دیزایینی پاکەت (پاکێج).

پێشوازیکردن

مانگا

چەندین ڕەخنەگر لێدوانیان لەسەر ھاوسەنگی دیمەنە شەڕییەکان و گەشەسەندی چیرۆکەکە داوە؛ ئەی ئی سپارۆی سەر بە ئای جی ئێن و کەیسی بریانزای سەر بە تۆڕی ھەواڵی ئەنیمێ پێیان وایە کە ئەنجامی ئەم ھاوسەنگییەش چیرۆکەکە پتەو دەکات، بەڵام کارل کیمیلینگەر پێی وایە زۆری دیمەنە شەڕییەکان کاریگەری نەرێنی ھەیە لەسەر گەشەسەندنی چیرۆکەکە و بووەتە ھۆی ھێواشبوونەوەی. لە ھەمان کاتدا کیمیلینگەر دیزاینی کەسایەتییەکان ئێجگار بەرز دەنرخێنێت. ڕیک سپانجەر سەرنجڕاکێشی دیمەنەکانی ئەکشنی گەڕاندەوە بۆ لێھاتووییی کیشیمۆتۆ لە کێشانی ئەو جۆرە دیمەنانە، خافیەر لوگۆ ھاوڕایە و شێوازی وێنەکێشانی کیشیمۆتۆ بە گونجاو دەزانێت بۆ ئەو جۆرە چیرۆکەی دەیەوێت دایبڕێژێت.

گۆڤاری ئەنیمێ و مانگای نیۆ کەسایەتی ناروتۆ بە «بێزارکەر» وەسف دەکات، بەڵام دان بەوەشدا دەنێت کە سروشتی ئاڵوودەکاری چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی گەشەسەندن و داڕشتنی کەسایەتییەکان، بریانا لۆرەنسیش بۆچوونی وایە کە ئەم تایبەتمەندییە ھۆکارە بۆ ئەوەی لە بەشی دوودا بە ئاشکرا ھەست بە گەشەی کەسایەتییەکان دەکرێت، بە تایبەتی پەرتووکی ٢٨ کە بریانا بەرز دەینرخێنێت لە ڕووی چیرۆک و گەشەی کەسایەتییەکانەوە، ھەرچەندە برایانا لای وابوو کە ھەموو پەرتووکەکان ھەمان جۆرییەتیی بەرزیان نییە.

گۆ ئیتۆ، پرۆفیسۆر لە بەشی مانگای زانکۆی پۆلیتەکنیکیی تۆکیۆ، زنجیرەکە بەراورد دەکات بە مانگای دراگۆن بۆڵ، لەوەدا کە ھەردووکیان بە جۆرێکی نایاب جووڵەی جەستەی کەسایەتییەکان بە شێوەی سێدووری دەنەخشێنن و ھونەری جەنگی وێنا دەکەن. ھەروەھا گۆ وتیشی کە خوێنەرەکان زیاتر لە کەسایەتییەکان تێدەگەن بەھۆی پیشاندانی قسەکرجیھانن لەگەڵ خۆیاندا، بەتایبەتی لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەکاندا.

دیمەنەکانی ئەکشنی نێو ناروتۆ کاریگەرییان لەسەر فیلمی سکۆت پیڵگریم بەرامبەر جیھان ھەبووە، ئێدگار ڕایت، دەرھێنەری فیلمەکە، دەڵێت ئەو تایبەتمەندییەی ناروتۆ کاریتێکردووە کە لە دوای بەکارھێنانی ھەر تەکنیکێک لە مانگاکەدا باکگراوندەکە (وێنەی پشتەوە) ئەو پەڕەیە گۆڕانکاری تێیدا ڕوودەدات.

نوکتەیەک (میمێک) لە ئینتەرنێت ھەیە کە ناسراوە بە "ڕاکردنی ناروتۆ". ئاماژە بە ڕاکردنی کەسایەتییەکانی جیھانی نینجای ناروتۆ دەکات کە لەکاتی ڕاکردندا لاشەیان بەرەو پێشەوە دەچەمێننەوە و دەستیان بۆ دواوە درێژدەکەنەوە. کاتێک مانگای ناروتۆ کۆتایی ھات، چەندین ھاوپیشەی کیشیمۆتۆ دەستخۆشی تەواوکردنی ئەو کارە نایابەیان لێکرد. دیارترینیان ئییچیرۆ ئۆدای نووسەری وەن پیس بوو کە کیشیمۆتۆ بە ڕکابەری خۆی دادەنا، کاتێک ناروتۆ گەیشتە کۆتایی، ئۆدا نامەیەکی لە یەکێک لە پەرتووکەکانی وەن پیسیش نووسی کە پیرۆزبایی لە کیشیمۆتۆ دەکات و وەک ڕکابەری خۆی دان بەودا دەنێت، کیشیمۆتۆ لەم بارەیەوە وتی کە ئەو دانپێدانانە "تەواو دڵی خۆشکرد".

ئەنیمێ

ناروتۆ، بەشی یەکەم لە زنجیرەکە، لە پلەی ٣٨ دابوو لە پێڕستی «١٠٠ باشترین زنجیرە ئەنیمەیشن» ی ئای جی ئێن. لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٥، تۆڕی تەلەڤیزیۆنیی ئاساشی تیڤی ڕاپرسییەکی لەناو وڵاتی ژاپۆن بۆ باشترین ئەنیمێیەکان ئەنجامدا، ناروتۆ پلەی ١٧ی بەدەستھێنا. مایک ھەیڵ، نووسەری سەر بە گۆڤاری «نیو یۆرک تایمس»، ناروتۆی پێباشتربوو بە بەراورد بە زنجیرە ئەنیمەیشنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە زیاتر بۆ منداڵان دروست دەکرێن. ھەندێک ڕەخنەیان لە لە جۆرییەتیی ئەنیمەیشنی ناروتۆ گرت، لەوانەش کریستینا کارپنتەر کە پێی وابوو شێوازی وێنەکێشانی کیشیمۆتۆ باش نەگۆڕدراوە بۆ ئەنیمەیشن.

ناروتۆ: شیپوودین، بەشی دووەمی زنجیرەکە، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە باش نرخێندرا، دەیڤد سی جۆنس، سەر بە "ئاکتیڤ ئەنیمێ" ئاماژەی بەوەدا کە جۆرییەتیی ئەنیمەیشن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە بەشی یەکەم. "تۆڕی ھەواڵی ئەنیمێ پێی وابوو (ناروتۆ: شیپوودین) چیرۆکێکی جددیتر باسدەکات وەک لەوەی پێش خۆی، ھەروەھا ھاوسەنگییەکی زیاتر ھەیە لەنێوان دراما و کۆمێدی و چیرۆکەکە پەلدەھاوێت بۆ جێگای جیاوازتر و سەرنجڕاکێشتر. سەرەڕای ئەوەی ڕەخنە لە ھێواشی چەند ئەڵقەی یەکەم گیرا، پەرەسەندن و گەشەکردنی پەیوەندی نێوان کەسایەتییەکان بەرز نرخێندرا. چارڵز سۆلۆمۆن، نووسەری گۆڤاری لۆس ئەنجلس تایمس، بەشی شیپوودینی خستە پلەی سێیەم لە پێڕستی ١٠ باشترین ئەنیمێ.

سیماکان

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
ھێمای خێزانی ئۆچیھا کە کیشیمۆتۆ لەسەر بنەمای باوەشێنی ئۆچیھا دروستیکردووە.

«ئەیمی پڵەم» چەند سیما و بیرۆکەیەکی دیار دەخاتەڕوو کە لەلایەن کیشیمۆتۆوە تێکەڵ بە ناروتۆ کراون، لەوانەش بوونی بیرۆکەی میتۆلۆژی ژاپۆنی کە پڵەم پێی وایە بە مەبەستی زیادکردنی چەند چینێکی ھەمەجۆر بۆ چیرۆکی ناروتۆ بەکارھاتوون، کیشیمۆتۆ پێشبینی دەکات کە خوێنەران بە دوای سەرچاوەی بیرۆکە بەکارھاتووەکانی نێو مانگاکە بگەڕێن، ئەمەش ڕێی پێدەدات خۆی لە ڕوونکردنەوە دەربازبکات. بۆ نموونە ئیتاچی دەتوانێت سێ تەکنیک بەکاربھێنێت کە ھەمان ناوی خواوەندەکانی شینتۆیان ھەیە؛ تسوکیۆمی، ئەماتێراسوو و سووزانۆ. ھەروەھا پڵەم ھێمای خێزانی ئۆچیھا بە نموونەیەکی تر دەھێنێتەوە کە شێوەکەی و لە ھەمان کاتدا ناوەکەشی لەسەر بنەمای باوەشێنی ئۆچیوایە کە بەشێکە لە داب و نەریتی ژاپۆن و لە ئەفسانەکاندا بەکارھاتوون بۆ پاککردنەوەی لاشە لە خراپەکاری و شەڕەنگێزی؛ ساسکێ لە کۆتایییەکانی زنجیرەکەدا بۆی دەردەکەوێت کە توانای پاککردنەوەی لاشەی ناروتۆی ھەیە لە شەڕەنگێزی ڕێوییە نۆ کلکەکە. ڕێوی لە میتۆلۆژی ژاپۆنیدا فێڵباز و تەڵەکەباز دەردەکەوێت، لە ھەندێک چیرۆکدا دەست بەسەر لاشەی مرۆڤەکاندا دەگرن، پڵەم ئاماژە بەوە دەکات کە ناروتۆ بە ھەمان شێوە لە سەرەتای چیرۆکەکەوە گاڵتەوگەپانە فێڵی لە دانیشتوانەکانی تری گوندەکە دەکرد و گاڵتەی پێدەکردن.

«کریستۆفەر ئەی بۆرن» تێبینی ئەوە دەکات کە چیرۆکی ناروتۆ بەھاکانی کۆنفووشیزم لەخۆ دەگرێت، و پێشنیار دەکات کە ئەو خوێنەرانەی مانگای وەک ناروتۆ و بڵیچ بە وردی دەخوێننەوە زیاتر لە بەھاکانی کۆنفووشیزم تێدەگەن وەک لە خوێندنەوەی ڕاستەوخۆی بیرۆکە نابەرجەستەکانی کۆنفووشیزم. «نۆرمان مێلکۆر رۆبالیش جونیەر» خستنەڕووی ھەردوو بیرۆکەی ئەرێنی و نەرێنی لە مانگای ناروتۆدا ھەڵسەنگاند لەڕێگەی ژماردنی ئەو وشانەی ئەرێنی و ئاشتیخوازن بە بەراورد بەو وشانەی نەرێنی و توندوتیژن؛ دۆزییەوە کە ژمارەیەکی کەم وشەی توندوتیژ ھەن لەچاو وشە ئەرێنییەکان. وتیشی تەنانەت وێناکردنی توندوتیژی و شەڕەنگێزی لە مانگای ناروتۆدا بۆ دەرخستنی ئەو باوەڕەیە کە بەکارھێنانی ڕەفتاری ئەرێنی و ئاشتیخوازی (لەلایەن پاڵەوانی چیرۆکەکەوە) ھەردەم بەسەر ڕق و شەڕەنگێزیدا زاڵدەبێت. «شۆو ھوویگان» بۆچوونی وایە زنجیرەکە کۆمەڵێک «بەھای ڕەوشتی بنەڕەتی» لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا باسی دۆخی گۆشەگیری دەکات، کە ناروتۆ بەسەریدا سەردەکەوێت لەڕێگەی چوونە ناو کۆمەڵگاوە، بەپێچەوانەی ئاکیرا و نیۆن جێنیسس ئیڤانگێڵیۆن کە پاڵەوانی چیرۆکەکە بە گۆشەگیری دەمێنێتەوە.

ناروتۆ: چیرۆک, بەرھەمھێنان, ناوەندە میدیایییەکان 
ناروتۆ لە سێ قۆناغی ژیانیدا

ناروتۆ لەلایەن چەند ڕەخنەگرێکەوە بە چیرۆکێکی «گەورەبوون» یاخود «پێگەشتن» وەسف دەکرێت، لۆرنس سی ڕیوبینی دەروونناس پێشنیاری ئەوە دەکات کە چیرۆکی ناروتۆ سەرنجڕاکێش و کاریگەر دەبێت بۆ خوێنەری ھەر تەمەنێک کە کەسێکی ئازیزی لەدەست دابێت، یان ھاوڕێیان نییە و دۆزینەوەی ھاوڕێ سەختە بەلایانەوە، یاخود لە ھەر بارودۆخێکی تردان کە لە زنجیرەکەدا بەرجەستەدەکرێت. بە تێڕوانینی یوکاری فوجیمۆتۆ (لێکۆڵەرەوەی بواری مانگا و پرۆفیسۆری توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی ژاپۆن لە زانکۆی مێجی) کەسایەتییەکان دوای پێگەشتنیان، ڕێز و پێزانینی خۆیان ناشارنەوە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە فێریان کردوون، ئەمەش وای لێدەکات چیرۆکێکی پارێزگار بێت بە بەراورد بە مانگاکانی تری ھاوسەردەمی خۆی، وەک وەن پیس و ئێر گییەر. ڕیک سپانجەر چیرۆکی نێوان ناروتۆ (گەشبین) و ساسکێ (تەنیا) وەک تراژیدیا سەیردەکات، و ھەستدەکات دژییەکی نێوانیان لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چواردەوریاندا لایەنێکی سەرەکی چیرۆکەکەیە: ناروتۆ بەردەوام بەھێزتر دەبێت کە کەسە ئازیزەکانی زیاددەکەن و پێویستە بیان پارێزێت، لەکاتێکدا ساسکێ بە تەنیا دەمێنێتەوە و وردە وردە لە ئارەزووی تۆڵەسەندنەوەدا نوقم دەبێت. «ئۆمۆتۆ تۆمۆیوکی» لای وایە زۆر ساتی پێکەنین و کۆمێدی ھەیە سەرەڕای ئەو نەھامەتی و سەختییانەی ناروتۆ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام بە گەورەبوونی ناروتۆ لایەنی کۆمێدی چیرۆکەکە کەمدەبێتەوە، بەتایبەتی لەبەشی دووەمدا.

فوجیمۆتۆ پێداگری دەکات کە چیرۆکەکە دووبارەبوونەوەیەکی زیاد لە پێویستی تێدایە لە ڕووی ڕۆڵگێڕانی ڕەگەزی نێر و مێ و دەڵێت "لایەنی ڕۆڵگێڕانی ھەردوو ڕەگەزەکە سواو و لاسایییە، بەجۆرێک پیاوان پیاون و ژنانیش ژنن، ڕۆڵگێڕانیشیان لە شێوازی نەریتی لانادەن، ھەر لە زگماکییەوە جیاوازن لە ڕێژەی لێھاتووی جۆری پیشەوە"، بۆ نموونە، کچەکان لە سەرەتاوە لە ئەکادیمیای نینجا ئاستیان بەرزترە، بەڵام کاتێک "کوڕەکان جددیانە ھەوڵدەدەن، کچەکان ناتوانن ڕکابەرییان بکەن". و کاتێک کەسایەتییە مێیینەکان کەسایەتییان گەشەدەکات، دیسان ڕۆڵێکی دووبارەبووەوە و لاسایییان پێدەدرێت، بۆ نموونە "تسونادێ" کە ئافرەتێکی خاوەن تەمەنە، ڕۆڵێکی ھاوشێوەی دایکایەتی دەگێڕێت، و سنگێکی گەورە و دیمەنیکی وروژێنەری پێدراوە، کاتێک ساکوراش دەبێت بە قوتابی، فێری دەکات کە چۆن ببێت بە نینجایەکی پزیشکی، بۆ ئەمەش پێویستت بە چەند بەھرەیەک دەبێت کە تەنھا ئافرەتان ھەیانە، چیرۆکەکە دووبارە ئەو باوەڕە دووپاتدەکاتەوە کە ئافرەتان دەتوانن تەنھا ڕۆڵی چارەسەرکردن بگێڕن لە مەیدانی جەنگدا. فوجیمۆتۆ پێشنیاری ئەوەش دەکات کە شێوازی ڕۆڵگێڕانی ئافرەتان لەوانەیە ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ئەو کەسایەتییانەی ناپەسەندن و بە بەردەوامی بە بێزارکەر وەسف دەکرێن لەلای خوێنەران، زۆرجار کەسایەتییە مێیینەکانن.

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان

Tags:

ناروتۆ چیرۆکناروتۆ بەرھەمھێنانناروتۆ ناوەندە میدیایییەکانناروتۆ کایەی ڤیدیۆییناروتۆ ناوبانگ و خەڵاتەکانناروتۆ پێشوازیکردنناروتۆ سەرچاوەکانناروتۆ بەستەرە دەرەکییەکانناروتۆ

🔥 Trending searches on Wiki Soranî / کوردی:

پابلۆ پیکاسۆگرێبەستسیستمی بەکارخەریچیرۆکپاکستانبرابەنداوی چەقچەقمایەسیریئێمیلی دیکینسۆندەستدرێژیی سێکسیشێخ نووری شێخ ساڵحڤایرۆسی کۆمپیوتەرخۆرکۆچەر بیرکارشەکرەعەبدولڕەحمان داخلسەعید نوورسیئارام شەیدانیسان (مانگ)ئەردەڵانیبەردە ڕەشەکەژینا ئەمینیکوردە عوسمانییەکانئێکزیماوشترمۆسیقای کوردیکیشوەرگشتپرسیی سەربەخۆییی باشووری کوردستان (٢٠١٧)گۆرانیعوسمان کوڕی عەفانمەلای گەورەگوندکریستۆفەر کۆڵومبس١ (ژمارە)گڵاوپێستیعەبدوڵڵا گۆرانئیمام شافعیچینجگەرخوێنھەورامانسۆران مامە حەمەئەبوو حەسەنی ئەشعەریچەنگیزخاننەقشبەندیسەنگاوفەرھاد پیرباڵخۆشەویستیسایکۆپاتیڤایرۆسمۆبایلڕێکەوتننامەی جەزائیرگریگۆر مەندلئیخوان موسلمینپۆڕنباکووری کوردستانبیابانجیھانگەراییناسر سوبحانیبزنکوردیی ناوەندیورچیەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقائوسامە بن لادنمادمەسیحییەتمۆسیقاشێرکۆ بێکەسکاردۆخیشا ئیسماعیلی یەکەمفەقێ ئەحمەدی دارەشمانەمێژووی ماتماتیکپێڕستی پڕداھاتترین فیلمەکانزمانی عەرەبیبێخودعەلی کوڕی ئەبووتاڵیب🡆 More