حەمەڕەش : ( ١٩١٧ - ١٩٨٧) مامۆستا و نووسەر
محەمەد حەوێز کوڕی ئەحمەد کوڕی مەلا عەبدوڕڕەحمان کوڕی مەلا محەمەد کوڕٍی مەلا ساڵح کوڕی فەقێ حەوێز کوڕی مەلا بەھائەدین کوڕی مەلا شێخ تەییبە، ناسناوی "حەمەڕەش"ی لە لایەن مامۆستا "عەلی ئاگا"ی خەڵکی سلێمانییەوە بەسەردا بڕاوە.
١٩١٧ لە کۆیە لەدایک بووە. دایکی کچی مەلا ئیبراھیمی عەوداڵانییە. باپیرانی کاتی خۆی لە بازیانەوە چوونەتە کۆیە. بە منداڵی بابی مردووە، مەعرووفەسووری مامی بەخێوی کردووە، خستوویەتە حوجرەی مزگەوتی (حەتک)ی کۆیە، لای مەلا محەمەدی مەلا ئیبراھیمی خاڵی ("دلاوەر"ی شاعیر). ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانەی سەرەتاییی کۆیە، لەبەر زیرەکی لە پۆلی دووەم دانراوە. ١٩٣٥ براوەتە ھەولێر، ناوەندی و ئامادەییی لە ١٩٤٠دا بڕیوە.
ھەمان ساڵ ناوی لە کۆلێجی حقووقی زانکۆی بەغدا دەرچووە، بەڵام وەرنەگیراوە، بۆیە چووەتە خانەی بەرزی مامۆستایان (دار المعلمين العالية) و ١٩٤٤ تەواوی کردووە. ٢٠/١١/١٩٤٤ بۆ یەکەم جار بووە بە مامۆستا لە خانەی دێھاتیی مامۆستایان لە باقووبە و ئەمجا ناوەندیی ھەڵەبجە-١٩٤٩ و ناوەندیی کەرکووک-١٩٥٢ و ناوەندیی سلێمانی-١٩٥٣ و کەربەلا و کفری. ماوەیەک لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک سەرپەرشتی پەروەردەیی (مشرف تربوي) و ماوەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانە و ماوەیەکیش -دوای ١١/٣/١٩٧٠- بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەولێر و دھۆک بووە.
ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٦ ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان بووە. لە ٣١/١٢/١٩٨٠دا خانەنشین بووە.
ڕۆژی ٢٤/٧/١٩٨٧یش کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.
حەمەڕەش، ساڵی ١٩٣٥ لە ناوەندیی ھەولێر بە تۆمەتی بەشینەوەی بەیاننامە و بڵاوکراوە دژی حکوومەت گیراوە و بەردراوە. خورشید سەعیدی بەڕێوەبەری سانەوی دەری کردووە و وەزیری پەروەردە گێڕاویەتیەوە. لە بەغدا ھاتوچۆی (یانەی سەرکەوتنی کوردان)ی کردووە، پاشان وازی لێ ھێناوە. ئەندامی حیزبی (ھیوا) و ھاوڕێی دڵداری شاعیریش بووە، ١٩٥٩ و ١٩٦٠ بەشداریی ھەردوو کۆنگرەی مامۆستایانی کوردستانی کردووە. ١٩٦٧ چووەتە وڵاتی سعوودیە و وەکوو مامۆستا دەرسی مێژووی تێدا وتووەتەوە.
نووسینی لە گۆڤاری "بڵێسە"یشدا ھەیە .
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article حەمەڕەش, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.