جەلیل گادانی (لەدایکبووی ٣ی ئازاری ١٩٣٤ – مردووی ٦ی ئابی ٢٠٢٠) سیاسی و ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بوو کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تێکەڵ بە ژیانی سیاسی و حیزبی بوو و چەندین دەورە ئەندامی سەرکردایەتی و بۆ ماوەی ٨ ساڵ سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر بوو.
ناوبراو ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد. بەگوتەی زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، جەلیل گادانی ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە تایبەت لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەبووە.
جەلیل گادانی | |
---|---|
لەدایکبوون | ٣ی ئازاری ١٩٣٤ مەھاباد، ڕۆژھەڵاتی کوردستان، گەڕەکی قوڵەقەبران |
مەرگ | ٦ی ئابی ٢٠٢٠ |
ھۆکاری مەرگ | نەخۆشیی کۆڕۆنا |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی شەھیدانی حیزبی دێموکڕات، کۆیە |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | مام جەلیل، مامە گیان |
پەروەردە | بەکالۆریۆس (لیسانس)ی زمانی فەڕانسی |
چالاکبوون | ١٩٤٨–٢٠٢٠ |
حیزبی سیاسی | حیزبی دیموکراتی کوردستان |
جەلیل گادانی لە دایکبووی ساڵی ١٩٣٤ لە شاری مەھاباد لە رۆژھەڵاتی کوردستانە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دوا ناوەندی ھەر لەو شارە درێژە پێ داوە. ناوبراو ساڵی ١٩٤٣ بەھۆی ئەحمەد تۆفیقەوە بە ناوی نھێنی حەبیبزادە دەبێ بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە زۆربەی چالاکییەکانی حیزبی بەشدار دەبێ. ساڵی ١٩٥٣ بۆ یەکەمجار لە ماڵی سولەیمانی موعینی چاوی بە عەبدولڕەحمان قاسملوو دەکەوێ. گادانی لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتی ئێرانەوە چەند جار زیندانی دەکرێ. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٣ دەستگیر دەکرێ کە ئەو کات لە قۆناغی دواناوەندی بووە و بەھۆی ئەوەش لە خوێندن بێ بەش کرا. ساڵی ١٩٥٨ بە ١٢ ساڵ زیندان حوکم درا. گادانی چەند جاری دیکەش دەگیرێ کە سەرجەم بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە. ھەر لە ماوەی زینداندا درێژە بە خوێندنی زانکۆ دەدا و خۆی فێری زمانەکانی عەرەبی و ڕووسی و فەڕەنسی دەکا و ساڵی ١٩٧٢ دەتوانێ بەکالۆریۆس یان لیسانسی زمانی فەڕەنسی وەدەست بێنێ.
جەلیل گادانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، ڕێکخراوی «کوردەکانی دانیشتووی ناوەند» (کردھای مقیم مرکز) دادەمەزرێنێ. ساڵی ١٩٧٩ کە لە ئێران شۆڕش ڕوو دەدا، جەلیل گادانی وەکوو ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکرات ھەڵدەبژێردرێ. لە ساڵی ١٩٨٨ لە کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکرات بەھۆی کێشەی ناوخۆیی لەو حیزبە جیا دەبێتەوە و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر وەکوو سکرتێری ئەو حیزبە ھەڵدەبژێردرێ و بۆ ماوەی ٨ ساڵ کەسی یەکەمی ئەو حیزبە دەبێ و لە ساڵی ١٩٩٦ دووبارە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەک دەگرنەوە. لە ساڵی ٢٠٠٦ ماوەیەک دوای کۆنگرەی ١٣ دووبارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی لێکترازان دەبێ و جەلیل گادانی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەوێ و وەکوو ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاودێری دیاری دەکرێ. جەلیل گادانی خاوەنی چەندین کتێبی سیاسی و ئەدەبییە.
ساڵی ١٩٨٨، کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسترا. لەو کۆنگرەیەدا کێشە و ناکۆکی کەوتە نێوان ئەندامانی کۆنگرە، لایەنێک بە سەرۆکایەتیی عەبدولڕەحمان قاسملوو و لایەنێک بە سەرۆکایەتیی جەلیل گادانی. کێشەکە لەسەر ئەوە بوو کە عەبدولڕەحمان قاسملوو کە تا ئەو کات سکرتێری حیزبی دێموکرات بوو، لیستەیەکی پێشکەش بە کۆنگرە کرد بە ناوی لیستەی فیکس و داوای ئەوەی لە ئەندامانی کۆنگرە کرد کە دەبێ بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەنگ بەو لیستەیە بدەن و ھیچ کەسی دیکە لە دەرەوەی ئەو لیستەیە نابێ کاندید بکرێ. ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر ە ئەندامانی کۆنگرەی لێ کەوتەوە. دوای ئەوەی کێشە و ئاڵۆزی لە نێو کۆنگرەدا دروستبوو و ئەندامانی کۆنگرە بە سەر دوو بەرە دا دابەشبوون، لایەنی ناڕازی کە دژی لیستەی فیکس بوون، ڕیزی خۆیان جیا کردەوە و لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر درێژەیان بە کار و چالاکییەکانیان دا و جەلیل گادانی کە دوایین کەس بوو لەگەڵ نارازییەکان کەوت، وەکوو سکرتێری حیزبەکە دیاریکرا. ئەو لێک ترازانە تەنیا بە جیا بوونەوە کۆتایی نەھات، بەڵکوو شەڕی براکوژیشی لێ کەوتەوە کە بە ھەر دوولا نززیکەی ٢٥ کەس کوژراویان ھەبوو. ساڵی ١٩٩٦ ددوای زنجیرەیەک وتووێژ، ھەر دوو حیزب یەکیان گرتەوە. لە ماوەی ژیانی سیاسیدا، جەلیل گادانی چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەوڵی تێرۆر کردنی دراوە.
ساڵی ٢٠٠٦ و ماوەیەک دوای کۆنگرەی ١٣ی حیزبی دێموکرات کە تێیدا مستەفا ھیجری وەکوو سکرتێری ئەو حیزبە ھەڵبژێردرا، کێشە و ناکۆکی ناوخۆیی سەریان ھەڵدایەوە، بەڵام نەک لە نێوان دوو ڕەوتی پێشوو، بەڵکوو لە نێوان لایەنێک بە سەرۆکایەتی مستەفا ھیجری و لایەنێک بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حەسەن زادە سکرتێری پێشوو. ناکۆکی ئەمجارە لەسەر پەڕاوێز خران و دەرکرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بوو کە دواتر خۆیان لە باڵی عەبدوڵا حەسەن زادە دا بینییەوە. بە گوتەی ئەو لایەنە، باڵی مستەفا ھیجری لە ھەوڵی تەسفیە کردنی تەواوی حیزبەکە بووە لە ناڕازییەکان و ڕەخنە گرانی ئەو حیزبە. ھەر بۆیە ساڵی ٢٠٠٦، باڵی عەبدوڵڵا حەسەن زادە خۆیان وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان (بێ ناوی ئێران) ڕاگەیاند و ڕیزەکانی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیا کردەوە. جەلیل گادانی خۆی ڕیزی خۆی و کەسانی نزیک لە خۆی خستە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حەسەن زادە. لە کۆنگرەی ١٤ و یەکەم کۆنگرەی دوای لەت بوون، حەسەن زادە خۆی بۆ ھیچ پلەیەکی حیزبی کاندید نەکرد و خالید عەزیزی وەکوو سکرتێر ھەڵبژێردرا و جەلیل گادانی بوو بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی چاودێری بەرنامە و ئەساسنامە. لەو کاتەوە زنجیرەیەک وتوێژ لە ئارا دابووە کە ھەر دوو حیزبەکە تێکەڵ بنەوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article جەلیل گادانی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.