تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێران و تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١١، بریتییە لە بۆردومانی گوند و چیاکانی ھەرێمی کوردستان بە تۆپ و فرۆکەی جەنگییەوە بە بیانووی بوونی گەریلا و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان.
ئەم تۆپبارانە لە ڕێکەوتی ١٦ی تەمموزی ٢٠١١ لە لایەن ئێرانەوە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی پژاک دەستیپێکرد و دوای مانگێک لە ڕێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠١١، تورکیاش، بە فرۆکە جەنگییەکانییەوە پاش چەند کاتژمێر لە کوژرانی ٨ سەربازی تورک لە نزیک سنوورەکانی عێراق، دەستی بە بۆردوومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠١١ فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا، بە بیانووی بوونی گەریلا و بنکەکانی پەکەکە، دەستی بە بۆمبارانی چیای قەندیل و ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد. ئەم ھێرشانە بەدوای کوژرانی ٩ سەربازی تورک و برینداربوونی ١٤ سەربازیتر لە چالاکییە نیزامییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دژی ئەڕتەشی تورکیا ھاتە ئاراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١١، بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا لە قەزای پشدەر، ٧ ھاوڵاتی کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان، کە سەر بە بناری قەندیل بوون، دەبنە قووربانی. پاش ئەم ڕووداوە مەسعوود بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەم کارەی کرد.
لە بەرامبەر بۆردومانەکانی تورکیا، گەریلاکانی ھەپەگە (باڵی نیزامی پارتی کرێکارانی کوردستان) چەندین چالاکییان لە ناو خاکی تورکیا ئەنجامدا، کە بووە ھۆی کوژرانی و برینداربوونی چەندین سەربازی تورک و گەریلا.
ئەحمەد دەنیز وتەبێژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاش کوژرانی سێ ئەندامی ئەو حیزبە لە ناوچەی بادینانی سەر بە پارێزگای دھۆک، لە لێدوانێکدا ھۆشداریدا ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە ھێرشەکانی، شەڕ دەست پێدەکەنەوە، و سیاسەتی بەرگری کردن دەگۆڕن بۆ ھێرش کردن.
سلێمانی: لە دژی تۆپبارانەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠١١، لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا و ئاڵای تورکیا سوتێندرا.
دھۆک:پاش کوژرانی حەوت ھاوڵاتی مەدەنی، بە ھۆی تۆپبارانەکانی تورکیا، لە شاری دھۆک خۆپیشاندانێک ساز کرا و ئیدانە تۆپبارانەکانیان کرد.
ھەولێر: لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی ئابی ٢٠١١ لە شاری ھەولێر خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداری زیاتر لە ٥٠٠ کەس و بە نێونەرایەتی زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو، دژی بۆردومانەکانی تورکیا لە بەردەم کۆنسولخانەی ئەم وڵاتە ئەنجام درا.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیاوە (٢٠١١), which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.