ھەموومان مردووین (بە کۆری: 지금 우리 학교는) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ترسناکی کۆریای باشوورە، لەسەر ژانەری کارەساتی زۆمبی دروستکراوە، ئەستێرەکانی زنجیرەکە بریتییە لە: پارک جی-ھوو، کیم بیونگ-چول، یۆن چان-یۆنگ، چۆ یی-ھیون، لۆمۆن، یۆ ئین-سو، لی کیو-ھیونگ، جیۆن بای-سو.
زنجیرەکە زیاتر لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە کۆریای باشوور ڕوودەدات کە لەناکاو ڤایرۆسی زۆمبی دەردەچێت و مەترسی لەسەر سەلامەتی خوێندکارەکان دروست دەکات. لەسەر بنەمای کۆمیکی وێبتۆن لە پلاتفۆرمی Naver بە ھەمان ناو لەلایەن جو دونگ-گیون لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ دروست کراوە. ئەم زنجیرەیە لە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی سونجی لە شاری ئەندۆنگی کۆریای باشوور وێنەگیراوە. زنجیرەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە. دوای بڵاوبوونەوەی، زنجیرەکە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی یەکەمیدا لە خزمەتگوزارییەکەدا زیاتر لە ٤٧٤٫٢٦ ملیۆن کاتژمێر بینرابوو. لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ زنجیرەکە بۆ وەرزی دووەم نوێکرایەوە. دوای تاقیکردنەوەیەکی زانستی شکستخواردوو، قوتابخانەیەکی ئامادەیی ناوچەکە پڕ دەبێت لە زۆمبی و خوێندکارە گیریخواردووەکان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بژین. بەھۆی نەبوونی خواردن و ئاو، و پچڕانی پەیوەندی لەلایەن حکوومەتەوە، دەبێت ئامێرەکان لە دەوروبەری قوتابخانەکە بەکاربھێنن بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی شەڕدا خۆیان بپارێزن یان دەبنە بەشێک لە تووشبووەکان. زنجیرەکە بەھۆی دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە کۆریای باشور لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بەرھەمھێنانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا. ماڵپەڕی کۆکەرەوەی پێداچوونەوەکان ڕاتن تۆمەیتۆز بە پشتبەستن بە ٢٣ پێداچوونەوە، ڕیزبەندی پەسەندکردنی ٨٧٪ی ڕاگەیاندووە، بە تێکڕای ڕیزبەندی ٦٬٩٠/١٠. مێتاکریتیک بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەکانی ٥ ڕەخنەگر، تێکڕای نمرەی قورسایی ٦٧ لە کۆی ١٠٠ی پێبەخشیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ «پێداچوونەوەی بەگشتیی لەبار». ئای جی ئێن زنجیرەکەی بە ٧ لە کۆی ١٠ ھەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا کە زنجیرەکە «زیرەکی و ورووژێنەرە». ڤارایتی ستایشی زنجیرەکەی کردووە و ڕای گەیاندووە کە «زۆرترین سوود لە شوێنی ناوەندی کابوساوییەکەی وەردەگرێت بۆ کاریگەرییەکی جیھانی دیکە و سەرسووڕھێنەر». زنجیرەکە بەگشتی پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت بەھۆی نمایشەکانی و سیناریۆ و زنجیرە ئەکشنەکانی، ھەرچەندە ماوەی درێژخایەنی نمایشکردنی ڕەخنەی لێگیرا.
زنجیرەی ھەموومان مردووین لە یەک وەرز پێکھاتووە و دوازدە ئەڵقەی ھەیە و ماوەی نمایشکردنەکەی ٥٣ بۆ ٧٢ خولەکە. زنجیرە تەواوەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە سەرجەم بازاڕەکانی جیھانی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە. سەرەتایی ڕووداوەکان لەم زنجیرەیە لەوێوە ڕوودەدات، کە کۆمەڵێک خوێندکاری چەوسێنەر لەسەربانی قوتابخانەیەکەوە یەکێک لە خوێندکارەکانی فڕێ دەدەنە خوارەوە، پاشان کە دەبردرێت بۆ نەخۆشخانە، لەوێدا باوکی سەردانی دەکات، و پاشان پێی دەزانێت کە ڤایرۆسێک تووشی کوڕەکەی بووە، لەوێوە دوابەدوا ڕووداوەکان دەست پێدەکات و ڤایرۆسەکە ھەموو شارەکە دەگرێتەوە، و حکوومەت ھێڵی پەیوەندییەکان دەپچڕێنێت، و دەبێت خوێندکارەکان خۆیان لە قوتابخانەکە دەرباز بکەن، یان دەبێت ببنە زۆمبی.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەموومان مردووین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی) تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ھەموومان مردووین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی), which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.