شێخی سەنعان یەکێک لە بەرھەمەکانی فەقێ تەیرانە، کە بەسەرھاتی شێخێکی موسوڵمانی سۆفی بە شێوەی چیرۆکێکی شیعری دەگێڕێتەوە.
نووسەر | فەقێ تەیران |
---|---|
وڵات | کوردستان |
زمان | کورمانجی |
بابەت | شیعر |
شێخی سەنعان، کەسێکە ھەردەم خەریکی زیکر و تاعەتی خودایە و سەرداری پێنسەد سۆفییە. کار و خەباتی شێخ بە تەواوی بۆ ئاخیرەتێیە و دڵی لە خۆشییەکانی ئەم دونیایە بەرداوە. شێتەکان و ئاقل سووکەکان دەچنە لای شێخی سەنعان ھەتا شیفای پەیدا بکەن. فەقێ تەیران کەسایەتی شێخی سەنعان بەم شێوەیە وەسف دەکات.
شێخەک ھەبوو سەنعانیان
سەرداری پانسەد سۆفیان
چووبوو مەقامێ ئەولیان
تاعەت دکر دایم مەدام
گەھ ژ قوعوود گەھ ژ قیام
حەفتێ و حەفت ساڵان تەمام
وی ھەر زەوادە کار دکر
زکرەکی بێ ھەژمار دکر
ژ دنیایێ ئیستخفار دکر
تەمەنی شێخ ٧٧ ساڵ دەبێت. ڕۆژێک سۆفییەکان کۆ دەبنەوە و بڕیار دەدەن بچن بۆ حەج. ٥٠٠ سۆفی شێخی سەنعان بە بەڕێوبەریی ھەڵدەبژێرن و دەکەونە ڕێی حەج. کاروانی حاجییەکان لە نزیک شاری تیفلیس لە باغێک ماوەیەک پشوو دەدەن. ئەو باغە، باغی کچی حوکمداری گورجانە. لە باغەکە چاوی شێخ بە کچی گورجی دەکەوێت و ئەوینداری دەبێت. شێخی سەنعان دوای ئەوەی کچەکە دەبینیت بڕیار دەدا لەوێ بمێنیت و خزمەتی کچی گورجی بکات. سۆفییەکان ھەر چەند ھەوڵ دەدەن ناتوانن شێخی سەنعان لە بڕیارەکەی پاشگەز بکەنەوە و بە ناچار لە شێخ جیا دەبنەوە و بەبێ ڕێبەر وەڕێ دەکەون.
شێخ ل خوە ناکت ستاران
ئەشکەرە خوە گۆتە یاران
ئاخ ژ دەستێ دۆھتا کوفاران
بێ مەزھەب و بێ دین کرم
بێ خوەندن و یاسین کرم
ژ یار و بران شەرمین کرم
لەو نەسیم وەردان بخوونم
بەژنەکێ نزیک دبینم
دین دبم وەر دمینم
شەرم و ئەدەب چوو وێ دەمێ
نالی ژن تیرا سەرتەمێ
بوویە کەنینێ ئالەمێ
شێخی ٧٧ ساڵە، لە ڕێی حەجدا، بە ھیوای ئەوەی کچی مەسیحی ئیشارەتێکی پێ بکا واز لە ھەموو شت دێنێت. کاتێک شێخ ئەوینی خۆی لە کچی گورجی ئاشکرا دەکات، کچەکە دەڵێ، ئەگەر شێخ ببێتە مەسیحی ئەوا مەجال دەدات کە یەکتر ببینن. شێخ ھەموو مەرجەکان قەبوڵ دەکات. شێخی ٧٧ ساڵە، ڕێبەری کاروانی حاجییان، وای لێ دێت دەست بە خواردنی مەی بکات.
شێخ بەسەرھاتی خۆی ئەوا وەسف دەکات:
ھەم نۆ کرم، ھەم بەد کرم
کو ئەوێ ئەز ئیساوی کرم
ژ وێ تەریقێ دەر کرم
کافر کرم، مەیخور کرم
دیوانە و ئەپتەر کرم
بالەکێ ژ پێغەمبەر کرم
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article شێخی سەنعان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.