محەممەدی مەلا کەریم یان حەمەی مەلا کەریم (١٤ی ئابی ١٩٣١ بیارە، ھەڵەبجە — ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، سلێمانی) نووسەر، توێژەر، و وەرگێڕێکی کورد بوو.
کوڕی زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە. حەمەی مەلا کەریم ھەندێک دیوانی شیعری کوردی وەکوو دیوانی مەحوی، گۆران و بێخودی لێکداوەتەوە. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی. ھەژار لە کتێبی چێشتی مجێور حەمەی مەلا کەریم وەکوو کەسێکی شارەزا لە زمانی کوردیدا ناو دەبا.
محەممەدی مەلا کەریم | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٤ی ئابی ١٩٣١ |
مەرگ | ١٢ی ئازاری ٢٠١٧ | (٨٥ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | نەخۆشی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | نووسەر، توێژەر و وەرگێڕ |
باوان |
|
ناوی محەمەدی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە، لە ١٤ی ئابی ١٩٣١ لە شارۆچکەی بیارەی پارێزگای ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانەی منداڵە شێخەکانی بیارە خوێندنی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، و کوردی و فارسی لە حوجرە خوێندووە. تا ساڵی ١٩٥٢ ماڵیان لە بیارە بووە و دواتر چوونەتە سلێمانی. لە ١٩٥٤ خوێندنی مەلایەتی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە بیارە، لە تەمەنی لاوییەتی ئارەزووی چۆتە کاری ڕۆژنامەنووسی، چەندین نووسینی لە ڕۆژنامەکانی بەغدا بڵاو کردووەتەوە. ھاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ گۆران پەیدا کردووە. لە ڕۆژنامەی ژین چەندین پەخشان و شیعری بڵاوکردووەتەوە. پێشتریش ھەر لە بیارە، گۆڤارێکی ئایینیی سیاسی دەرکردووە. لە ١٩٤٨ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی شیوعی پەیدا کردووە و لە ١٩٥٣ بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە.
بەھۆی شارەزایییەوە توانی بووی پێداچوونەوە بە دیوانی «شیرین و خوسرەو»ی خانای قوبادی بکا، کە نزیکەی ٥٥٢٦ دێرەشیعرە و بە شێوەزاری ھەورامی نووسراوە، بەھۆی سەرکەوتنی لە پێداچوونەوەی ئەو دیوانە، لە ١٩٧٥ کۆمەڵەی زانستیی کوردی ئەو دیوانەیان چاپ کرد.
محەممەد ڕۆڵێکی دەستپێشخەری ھەبوو لە پێداچوونەوە بە دیوانی مەولەوی، بە لێکدانەوەی دیوانەکەی، ھەروەھا ماناکردنی زۆرێک لە وشە ھەورامی و بیانییەکان، بە ڕوونکردنەوە و بەپشتبەستن بە ھەندێک فەرھەنگ. ھەروەھا ھاوکاربووە لەگەڵ عەبدولکەریمی باوکی و فاتیحی برای لە لێکدانەوەی دیوانی نالی، دوای پێداچوونەوە ھەستاوە بە چاپکردنی دیوانەکە بە ھاوکاریی کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە ١٩٧٦. دیسان بە ھاوکاریی باوکی کاری کردووە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیوانی مەحوی و چاپکردنی دیوانەکەی لەلایەن کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە بەغدا، لە سەرەتای دیوانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سوودی لە چاپی ساڵی ١٩٢٢ی دیوانی مەحوی وەرگرتووە و لەگەڵ ھەندێک لە تێبینی و نووسینەکانی مەحوی کە لەلای خێزانەکەی مابوون، ھەروەھا ئاماژەی بە سوودوەرگرتن کردووە لە گۆران و کاکەی فەلاح بۆ پوختەکردنی ئەو چاپە نوێیە، دواتر لە ١٩٦٢ پێشکەشی باوکی کردووە.
لە ڕۆژنامەکانی «تەئاخی و برایەتی، فکر ئەلجەدید، شەفەق و ئیسلاحی زەراعی، و گۆڤار و ڕۆژنامەی تری کوردی و عەرەبی کاری کردووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبی جۆراوجۆرە، جگە لە کارکردن لە دیوانی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد بە ھاوکاریی باوکی «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس». زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی نووسین و توێژینەوە بووە، و چەند جارێک زیندانی کراوە، کتێبەکانی «جەنگاوەرێکی ڤێتنامی» و «لاوک و حەیران»ی لە زیندان نووسیون.
حەمەی مەلا کەریم لە چەند ساڵی کۆتاییی تەمەنی بەھۆی نەخۆشییەوە کەوتبووە سەرجێگا. لە بەرەبەیانی ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، لە گردی مامەیارە تەرمەکەی نێژرا.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article محەممەدی مەلا کەریم, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.