چێشتی مجێور ژیننامەی خۆنووسی مامۆستا ھەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی) یە کە تێیدا باسی سەرگوزشتەکانی ژیانی خۆی دەکات.
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
ئەمە یەکێکە لە پەڕتووکە دەگمەنەکانی ئۆتۆبیۆگرافی بە زمانی کوردی، کە مامۆستا ھەژار بە زمان و گێڕانەوەیەکی شیرین باسی خۆی و بەسەرھاتەکانی کردووە. ئەم کتێبە بەنرخە پاش کۆچی دوایی مامۆستا هەژار بڵاو بۆتەوە.
جاران مجێوری مزگەوت بەرماوەی خواردنی خەڵکی کۆدەکردەوە و لە مەنجەڵێکی ئەنا و تێکەڵی دەکردن کە پێیان دەگوت "چێشتی مجێور". مامۆستا ھەژار ئەڵێ چیڕۆکی ژیانی وەک چێشتی مجێور وایە. ھەروەھا ئەڵێ نە دەمی ڕوودانی بەسەرھاتەکانی لە بیر ماوە نە دەتوانێت یەک بە دوای یەکدا بە زنجیر بیانگێڕێتەوە کەواتە وەک چێشتی مجێور تێکەڵاو گێڕاونیەوە. ئەم بەسەرھاتانە و باسانەی ناو پەڕتووکەکە یان بەسەرھاتی مامۆستا ھەژار ھی خۆیەتی یان لە دەمی دۆستان و برادەرانی قۆزتۆتەوە. مامۆستا ھەژار سەرەتا ویستوویەتی ناوی بابەتەکەی بنێ "قانگ لاشک"، "با بردەڵە" یان "بۆت برێم" بەڵام دوای ناوی "چێشتی مجێور" ی داناوە کە بە وتەی خۆی: پڕ بە پێستیەتی.
ــ ئاخر بۆچی ئاخر زەمان نییە؟ ئەو سەگبابانە بە زمانی جوولەکان قسە دەکەن، دە بڵێ لە کوێی فێر بوون؟!(ل٦٣)
ــ چکارەی؟ ــ فەقیرم و لە خێر دەگەڕێم. برادەران کەوتنە تەحقیقات و نووسین. زۆریان گوت فایدەی نەبوو. شەو بە دەنگێکی وا کە گوێی لێ بێ گوتم: ــ ئەرێ بە شەو کێ دەتوانێت بە پێنج گوللە نیشان بپێکێت؟ ئەو کابرایە بێنن، دایکەین، بزانین کێ دەستی ڕاستە! کابرا کردیە ھاوار: ــ باوکم مەمکوژن، بە خوا من جاسووسی عەجەمانم. کۆتری نامەبەر دە باخەڵم دەنێم، خەبەریان بۆ بە کۆتردا دەنێرمەوە. ناردوویانم بزانم ئێوە چەند کەسن و لە کام خانوودا دەژین.
کابرامان ناردە سابڵاغ. (ل٧٦)
ــ بەڵێ ئاغا نەم ھەنگاوت، بەڵام وام ترساند کە تازە ڕووناکاتەوە ئەم گردە! (ل٧٦)
دەبێ لە دووھەزار میتر خاڵی ڕەشی ناو ھەدەف بپێکێ. ــ ئەو سەربازانە مەشقیان کردووە یان تازە ھاتوون؟ ــ ھیچیان لە چوار ساڵ کەمتر نییە کە لێرەن، لەبەر شەڕی ئێوە ھیشتووماننەوە. ــ دە وەرە با بچینە سەیری ئاودەست: کونیە ئاودست تا قوونی سەرباز بستێکە، زۆریش لە خاڵی ھەدەف گەورەترە، سەربازێک نەتوانێ ئەو کونە گەورە بپێکێ، مەشقی چی و فێربوونی چی؟! (ل٨٢)
ئەگەر نایناسن ئاغای ھەرووتە لە تەقەی کەوگیر، گوێی وەک کەر جووتە ڕۆژێ بە فیزێکەوە دەگەڵ مەحموود بەگەکەی (بی بی جەک) ھاتنە لام. گوتیان: «ئاغا گەورەترە یان بەگ؟» گوتم من نازانم. «محێدین چنارەیی»، درێژی لاواز، نۆکەری شێخ دەھات، عەوڵاغا بانگی کرد: ــ محە ڕەق تۆ خۆنگەواری، ئاغا گەورەترە، یان بەگ؟ ــ بەخوا ئەمانە وەک سەگ و تاژی وان، فەرقێکیان ناکەم! مەحموود بەگ گوتی: ساوەڵڵا دەڵێن تاژی بەگزادەی سەگانە، من نەجیبترم.
کابرایەکی وێڵی، بێ ماڵی، ڕووتەکە ھەبوو پەستەکێکی سەد پینەی درێژی تا سەر ئەژنۆی دەبەردابوو، سەر و بنی قسەشی «زالیکە» بوو. خۆی بە پێغمبەر دەزانی. شێخ گاڵتەی پێ دەکرد، گوتی: زالیکەی ماکەر! تۆ چۆن پێغەمبەرێکی؟ گوتی: پێغەمبەری کەرانم و خوا ناردوومیەتە سەر ئێوە! (ل١٠٨)
ــ عەولقادر ژوورەکە چاکەت دە، ــ یانی چی؟ ــ گزکمان نییە بە چاکەت ئەیماڵین. قانیع کرا بە موعەللیم لە (باڵانیش)، پاشان لە (کەلبە رەزاخان). کە لێیان دەپرسی چکارەی؟ دەیگوت: ھام لە (سەگی پێشەوا)! ئەم گوندە ناوی (کەلبەرەزاخان) بووە، (کەلب) سەگە و رەزاخانیش نەماوە. (١٠٩ و ١١٠)
ــ سەدساڵ. ــ چەند ساڵە ڕووخاوە و بە مردوو حەساوە؟ ــ چوزانم، پەنجا ساڵە. ــ خاسە، پازدە ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووە، ئەمێنێتەوە سی و پێنج ساڵ، خۆ ئیسقاتی بۆ نەکراوە!
بەرماڵ دەپێچێتەوە و سی و پێنج جار دەڵێ: «ئەو بەرماڵەم دا بە تۆ لە کەفارەتی ئەو تڕ و تسانە و درۆیانەی لادێیی لەم مزگەوتە کەندوویانە و کردوویانە. بڵێ قبوڵم کرد و دامەوە بە خۆت!». بەرماڵ لەت دەکەن و دەیکەنە کراس و دەرپێ. لە سەر ئەمەش لە دێ دەری دەکەن. (ل ١١١)
شێرکۆ هەژار، کە کوڕی هەژار موکریانیە نووسەری چەند پەرتووکێکە، لە پەرتووکی "هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک"دا کە سێ بەرگە، تیایدا باسی هەندیک لە نهێنیەکانی هەژار دەکات و شیکردنەوەیەکی بۆ چێشتی مجێور کردووەو و تیایدا هەندێک گێڕانەوەی ناو چێشتی مجێور بە ناڕاست دەداتە قەڵەم و شیکردنەوەیەک بۆ کەسایەتی هەژار بە گشتی و هەندێک لە بەرهەمەکانی و ڕاوەستان لەسەر هەندێک ڕەفتاری هەژار و زۆر باس و خواسی تر، بۆ وێنە:
"ناوبردنی هەموو بەرهەمی هەژاریش بە یەک نەفەس، بە هەمان شێوە بریتیە لە درشتکاری و گۆترەکاری و -وەک دەڵێن- تێکەڵکردنی ماست و دۆشاو.
ئەوانە هەموو لێکۆڵینەوەیان دەوێت، من لای خۆمەوە دەتوانم بڵێم:
- "بۆ کوردستان" شتی باشیشی تێدایە و شتی خراپیش.
- وەرگێڕانی شەرەفنامە زۆر پەڕپووتە.
- قانوون لە تیبدا، ئەوە فارسەکان دەبێت حوکم بدەن بزانن ئەو پارەیەی بۆ ئەو وەرگێڕانە داویانە بە هەژار لەجێی خۆیدا بووە یان نا...
.
- شەرحی دیوانی مەلای جزیری، من بە باشی دەبینم.
- 'مەم و زین'ەکەشی خراپ نیە.
- هەنبانە بۆرینە، وەک من تۆژیومە، یەکێک لە کەرەسە بەکەڵکەکانە بۆ کەسێک کە فەرهەنگێکی کوردی دابنێت."(ل٣٧٤-٣٧٥)
"وەرگێڕانەکەی قورئانم نەدیتووە، تەنیا لە "گووگڵ"دا لاپەڕەی یەکەم( سورة الفاتحة )ی ئەو وەرگێڕانەیم دیت کە وەرگێڕانی هەڵە بوو! "رب العالمین"ی کردووە بە "ڕاهێنەری جیهان"، لە کاتێکدا کە نە"رب" واتا"ڕاهێنەر" و نە"العالمین" واتا جیهان. ... ناکرێت لێرەدا وەکو "عبدالله بن سعد بن ابی سرح" بڵێیت دە یاڵڵا فەرقی چیە! بەڵام وا ئەوە بۆ هەژار لواوە، تەنانەت ئەگەر بیکردایە بە"ڕاهێنەری کورد و کوردستان"یش کەس نەدەبوو بڵێت لەل، مەسەلە"نور الإمان"ە بەهەژار، دە دڵی هەم خوێنەران و هەم ئەو کاربەدەستانەی ئێرانی کە پارەیان بەو وەرگێڕانە داوە. دیارە ڕێنووسەکەش لێرەدا هی تاقە یەک کەسە لەجیهاندا کە ئەویش هەژار خۆیەتی، نەفەرێکی دووەم لە جیهاندا نیە ئەو ڕێنووسە کوردییە بەکاربهێنێت، ئیتر"نور الإمان" لە سەرووی واتای وشەو ڕێنووس و ئەو شتانەیە و، هەژاریش ئەوەی باش دەزانی بۆخۆی زۆر بە ئارامی و بێ هیچ ترسێک تێدەکەوت." ل(٣٨٩)
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article چێشتی مجێور, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.