کتێبی ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بەرهەمی کامیل ئەحمەدی، مرۆڤناس و توێژەری کوردی دانیشتووی بەریتانیایە کە ساڵی 2009 چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم کتێبە لەسەر توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئەم نووسەرە کوردە و هاوکارانی لە کوردستانی باکوور نووسراوە. لە ڕاستیدا ئەم کتێبە وەک دەستپێک و سەرەتای توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی و یەک لە توێژینەوە سەرەتاییەکانی ناوبراوە. کامیل ئەحمەدی پاش چاپکردنی ئەم بەرهەمە و چەند توێژینەوەی مەیدانیی دیکە لە باکووری کوردستان لە لایەن بنکە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ناوچەوە چەند خەڵاتی پێ بەخشراوە.
توێژینەوەیەکی مرۆڤناسانە و ئەتنیکناسانەیە، بابەتی توێژینەوەکە ڕێنمای گەشت بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیایە و بە تێڕوانینێکی ئەتنیکناسانەوە ماوەی سێ ساڵ لەسەر 15 پارێزگا و گوندە کوردنشینەکانی باکووری کوردستانی توێژینەوەی کردووە و لە ئەنجامدا ساڵی 2009 ئەم بەرهەمە لە ئەستەمبوڵ بە سێ زمانی ئینگلیزی، کوردی (کورمانجی) و تورکی چاپ کراوە. ئەم کتێبە بە ڕواڵەت و ناوەکەیدا وەک ڕێنمای گەشتکردن بۆ ناوچە ئاماژەپێکراوەکانە، بەڵام پاش خوێندنەوەی قووڵتر بەردەنگ دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بەرهەمەکە شتێکی گەورەترە و لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات کە هزر و بیری خوێنەر لەو باوەڕانە دوور بخاتەوە کە پێیان وایە ئەو ناوچەیە دواکەوتووە و ئەو خەڵکە تەنیا بە ناکۆکی و شەڕی چەکدارانەوە دەناسن؛ و بە پێچەوانەوە کتێب دەیەوێ باسی کەلتووری مەزن و مێژووی دوور و درێژ و بەنرخی ئەو ناوچەیە بکات.
ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا وەک کتێبێکی گەشتیاری، هەڵگری زانیاری مرۆڤناسانەیە و کۆمەڵێک زانیاری نوێ و تایبەت لەسەر جێژن و بۆنەکان، دابونەریت، نەورزۆ، ئەفسانەکان، ئایینەکان، زمان، پۆشەن و جلوبەرگ، خواردن، مۆسیقا، ئارکیتەکت و ئاسەوارە مێژووییەکان دەخاتە ڕوو و هەوڵ دەدات ناوچە نەناسراوەکانی باکووری کوردستان، کە لەمێژە شەڕی تێدایە و پەکەکە و حکومەتی تورکیا بەردەوام لەو ناوچەیە شەڕیان کردووە و هەر بەم بۆنەشەوە هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە هەشتا و نەوەدەکاندا بەشێوەی زۆرەملی گواستراونەتەوە بۆ شارە گەورەکانی دیکە، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بخاتە بەر دەستی خوێنەران.
پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و ئاراستەکردنی گێڕانەوەیەکی جیاواز لە بیر و باوەڕە گشتییەکان لەسەر ئەو ناوچە و شارانەی تورکیا کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامە خۆماڵییەکانی ئەو ناوچەیە سەرنجێکی زۆریان خستە سەر ئەو توێژینەوەیە. هەروەها پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە ئەحمەدی خەڵاتی باشترین توێژینەوەی ساڵی 2009ی لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی مێزۆپۆتامیای شارەوانی گابەوە بۆ ئەو بەرهەمە وەرگرت.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژھەڵات و باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.