نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە (بە ئینگلیزی: Pavement Condition Index) کە زیاتر بە پی سی ئای (PCI) دەناسرێت، جۆرێک پێوەری ژمارەییە بۆ ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی سڵامەتیی ڕێگە.
خراپترین دۆخی ڕێگە بە پی سی ئایەکی سفر و باشترینیش بە سەد دیاری دەکرێت. ئەم پێوەرە لەلایەن ئەندازیارانی سپای ئەمریکاوە داھێنرا و دواتر ئەی ئێس تی ئێم (ASTM) پرۆسەکەی ستاندارد کرد. لە پرۆسەی دۆزینەوەی پی سی ئایدا سەرەتا ھەمووی ئەو قڵیش و برینانەی لە ڕووی ڕێگە کەوتووە کۆ دەکرێنەوە. ھەندێک لەم زەختانە بریتین لە قڵیشی قۆڕیانە (قڵیشی ماندوویی)، قڵیشی درێژایی، قڵیشی بلووکی، قڵیشی گوێی جادە و چاڵ. دوایی ژمارەیەک گراف و پرۆسەیەکی چەندپاتکراوە بە کار دێن کە ئەم قڵیشانە بگوێزرێنەوە بۆ ژمارەیەک لە نێوان ٠ و ١٠٠دا. بەم جۆرە ئەگەر ڕێگەیەک ھیچ قڵیشێکی تێدا نەبێت نیشانەی بارودۆخی ڕێگەکەی ١٠٠ دەکات.
بۆ بەدەستھێنانی PCI پێویستە سەرەتا ڕێگەکە بپشکنرێت. لەم پشکنینەدا ئەو برینانەی لەسەر ڕووی ڕێگەدایە دەنووسرێنەوە. واتە ژمارەی برینەکان، ئاستی قووڵاییان و جۆرەکەیان دەنووسرێتەوە. دواتر لە ڕێگەی ژمارەیەک گرافی تایبەتەوە ئەم دراوانە دەگۆڕێن بۆ ھەندێک ژمارەی تر. ئەو ژمارانە لە پرۆسەیەکی تیکراریدا چەندین جار بەسەرچوونەوەیان پێدا دەکرێت ھەتا PCIی ئەو ڕێگەیە دەدۆزرێتەوە.
ئەی ئێس تی ئێم بارودۆخی ڕێگە بەپێی PCI دەکات بە حەوت پۆلەوە وەک لەو خشتەی خوارەوەدا پیشان دراوە، بەڵام لە ڕاستیدا کاتێک PCI دەچێتە خوار ٤٠ەوە، ئیتر ڕێگەکە کەڵکی نامێنێت.
مەودای PCI | بارودۆخ |
---|---|
٨٥–١٠٠ | چاک |
٧٠–٨٥ | گونجاو |
٥٥–٧٠ | ئاسایی |
٤٠–٥٥ | لاواز |
٢٥–٤٠ | زۆر لاواز |
١٠–٢٥ | مەترسیدار |
٠–١٠ | وێران |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.