شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە دروست کراوە.
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە. زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێک کە زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری ئێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.
مێژووی پەیدابوونی چا لە کوردستاندا زۆرکۆن نییە. پێشتر قاوە ھەبووە، ھەر بۆیە شوێنێکی وەک قاوەخانەی سەرچیمەن پەیدا بووە. یەکەم جار چا لە ساڵی ١٨٩٥ دا ھێنرایە سلێمانی. بازرگانێک کە ناوی محەممەد ئەمین مەحموود بوو، و لە نێوان سلێمانی و ئێراندا کاری بازرگانی دەکرد لەو ساڵەدا چای وشکی ھێنایە سلێمانی. سەرەتا ماڵە دەوڵەمەندەکان (بەتایبەت ماڵی عیزەت بەگی وەسمان پاشا) لەو چایەیان دەکڕی و لە دیوەخانەکانیاندا بە لێنراوی پێشکەشی میوانەکانیان دەکرد. وردە وردە دیاردەکە بڵاوبووە و گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە ئێستا چا لە سلێمانی و کوردستاندا زۆربەی کات دەخورێتەوە، بە تایبەت دوای ژەمە سەرەکییەکانی خواردن. ھەروەھا شوێنی تایبەتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی چا کە بە چایخانەکان ناسراون بەشێکی دانەبڕاوی کەلتوور و مێژووی شاری سلێمانییە.
چایخانە کۆن و بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی ئەمانەن:
چایخانەی شەعب ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.
لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەھا گەورە نەبووە شوێنی کتێبخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەشی شوێنی خواردەمەنی بووە کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە.. دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و پاش کۆچی دوایی وەستا نەزەر حەوشەکە دەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەکان.. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەکە تەشەنەی سەندوەو گەورە کراوە.. و لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەکە نۆژەن کراوەتەوە جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان و دوا جاریش ساڵی ٢٠٠٦ بووە لەسەر دەستی حکوومەتی ھەرێم کە ئەو کات عومەر فەتاح سەرۆکی حکوومەت بووە،
سەبارەت بەوەی کە لە سەرەتادا کێ سەردانی چایخانەکەی کردووە کاک عومەر وتی: کۆمەلێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە ھەندێک لەوانە کە پێک ھاتبوون لە شاعیر و ھونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەکەیان کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد ھەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوھەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا چەند جارێک چایخانەی شەعب کەوتووەتە بەر ھێرشی ملازم موحسین و ئیھانەی بە نووسەران و ئەو گەنجانە کردووە کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبونەتەوە. یەکێک لە شتە سەرنج ڕاکێشەکانی تری ئەم چایخانەیە (دەفتەری بیروەرییەکان) ە، کە بیرەوەری ئەو نووسەر و ھونەرمەندانە دەگێڕیتەوە کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە لاپەڕەیەکی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات: (من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک دەبینم کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). و شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی کردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا شیعرێکی بۆ چایخانەکە نووسیوە کە دەڵێ: (چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێک دابھێنە، بکشێ و بەرینی زەوی زیاد بکە). وەک کۆمەڵێک نووسەری بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان کردوە وەک: ھینری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری ڕۆستەمی و ڕۆبێرت کلایتەر).
کە دەچیتە ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەلێکی زۆر لە وێنەی ھەڵواسراو دەکەوێت کە پێک ھاتوون لە وێنەی شاعیر و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان. لە بارەی ھەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەکەوە (عومەر شەریف) ی چایچی وتی: (ھەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەکاندا دیارە و ماندوبوون). ئێستا چایخانەکە کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان و ڕۆشنبیران ڕووی تێدەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد دەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و ھونەر و ڕۆژنامەوانییەوە دەکەن. یەکێکیان بۆبەسەربردنی کاتە و ئەوی دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لەدنیای ڕۆژانەی کوردستان، بۆ شیکارکردنی ئەو دۆخەی کە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیکر. چایخانەی شەعب وەک فۆڕم ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چایخانەکانی تردا نییە بەڵام ئەوەی کە جیاوازی پێ دەبەخشێ جۆری ئەو کەسانەن کە ڕووی لێدەکەن وەک ڕۆژنامەنوسان و ھونەرمەندان و شاعیران. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە کە ھەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی کەم تەنھا ئەوانە نەبێ کە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانی بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن و دێنە چایخانەکە.
لافاوە بەناوبانگەکەی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٧ دا زیانێکی گەورەی بەم قەیسەرییە گەیاندووە. ئەو سەردەمە لاوان و مامۆستایان و پیاوە ناودارەکانی کورد کۆمەکی ماددیان پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کردووە. ساڵی ١٩٨٨یش لە ڕووداوێکی تردا قەیسەرییەکە سوتا و خەڵکەکەی تووشی زیانێکی قورس بوون. دەیان پیاوی ناسراو و کاسبکار و بازرگان لە موسوڵمان و فەلە و جولەکە لەم قەیسەرییەدا کاسبییان کردووە. تۆفیق قەزاز و حاجی شێخ عەلی و حاجی مەلا سەعیدی مامە خەلانی و حاجی عەزیزی شەرعی و شەلەمۆ عەزیز حەکیم و موشێی عەتار و سیمانە و سەلیم بەگی کوتاڵفرۆش ھەندێک لە کاسبکارە ناسراوەکانی سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووی ناو قەیسەری نەقیب بوون.
ئەم گەڕەکە وەک دەگێڕنەوە لە سەردەمی کاک ئەحمەدی شێخدا دروست کراوە کاتێ ویستویانە خانوو دروست بکەن خەڵکی ئاینی شارەکە نەیھێشتووە، دواتر جولەکەکانی سلێمانی شکاتی خۆیان بردووەتە لای کاک ئەحمەدی شێخ و ئەویش پشتگیری کردون داوایی لێ کردون لەخوار شارەوە کە دەکاتە گەڕەکی جولەکانی ئێستا بۆ خۆیان ماڵا و خانوو دروست بکەن. دەگێڕنەوە کاک ئەحمەدی شێخ ھەم داری پێداون ھەم لە ناڕەزایی خەڵک پاراستونی.
یەکێک لەو سەرچاوانەی باسی جولەکەکانی سلێمانی کردبێت. گەشت نامەکەی (کلۆدیس جەیمس ڕیچ، ساڵی ١٨٢٠) کە لەبارەی شارەکەوە دەڵێت ژمارەی دانیشتووانی ١٠ ھەزار کەسێکەو ٢١٤٤ خانووشی تێدایە کە ١٣٠یان ھی جولەکەن. ئەگەر تێکڕایی ژمارەی دانیشتووانی ھەر خانوویەک وەربگرین ئەوا ھەر یەکەیان کەمو زۆر پێنج کەسی بەرئەکەوێ. بەو پێیە کۆی ژمارەی جوولەکەکان لەوساڵەدا دەوری ٧٥٠ کەس بووە.
«مێجەرسۆن» وەک لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردوە، دەڵێ شاری سلێمانی لە ساڵی ١٨٢٥دا ھەزار ماڵا بووە، لەوە ٨٠٠یان جوولەکە و مەسیحی و کلدان بوون. «لیک لامایش» ساڵی ١٨٦٨ نوسیویەتی سلێمانی شەش ھەزار ماڵا کورد و ٣٠ ماڵە کلدان و ١٥ ماڵە جولەکەیە. واتە ژمارەی جوولەکەکان بە دانانی تێکڕایییەکەی پێشوو ٧٥ کەس بووە. کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ھەروەک مامۆستا سدیق ساڵح لە کتێبی تۆمارێکی شاری سلێمانیدا دەڵێ وای بۆ دەچم ئەو ژمارە (١٥)یە لە نووسینەوەدا یا چاپدا ھەڵەی تێدا کرابێ لەڕاستیدا (١٥٠) ماڵا بووبێ، سەرجەم ١٥٠ ٥ = ٧٥٠ کەسێک بوون.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article مێژووی سلێمانی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.