عومەر حەسەن (١٩٢٢–١٩٩٨) مامۆستا و نووسەری کوردە.
عومەر کوڕی حەسەنئاغا کوڕی مەحموودئاغای بچکۆلە کوڕی حەمەئاغای کوڕی مستەفائاغای زەنگەنە و دایکی لە تیرەی سێتەبەسەری ھەمەوەند و بنەماڵەکەی ناسناوی دەوڵەتی ھەیە، ساڵی ١٩٢٢ لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. بە شەش ساڵی خراوەتە حوجرەی شێخ حسێنی شێخ مارفی بەرزنجی و فێری قورئان و خوێندنەوە و نووسین بووە. ١٩٣٠ چووەتە قوتابخانەی سەرەتاییی دووەم (پاشتر ئەیووبییە) و ١٩٣٨ تەواویکردووە.
١٩٤٢–١٩٤٣ کارمەندی دائیرەی پۆستە و تەلەفۆنی سلێمانی بووە. ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣یش کراوە بە کاتبی تەحریر لە قایمقامییەتی قەزای شارباژێڕ و لەپاڵ وەزیفەکەیدا درێژەی بە خوێندن داوە، ١٩٤٦ گەواھینامەی ناوەندیی لە ئامادەییی سلێمانیی ئێواران بەدەستھێناوە. ١٩٤٩ بە پلەی کاتب کارمەندی موتەسەڕیفێتیی لیوای سلێمانی بووە. ئەمجا بووەتە کاتبی تەحریری دووەم لە قایمقامێتیی مەرکەزی سلێمانی. ساڵانی ١٩٥٠–١٩٥٤ کاتب بووە لە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی تووتن. ١٩٤٣ خوێندنی ئامادەییشی تەواوکردووە. ١٩٥٤–١٩٥٦ کاتبی مودەقیق بووە لە بەڕێوەبەرێتیی تووتنی کەرکووک.
١٩٥٥ ڕەسمییەی مستەفای ئەحمەد ئاغای زازاکیی لە مووسڵ ھێناوە و ژیانی خێزانیی پێکەوەناوە.
ساڵانی ١٩٦٦–١٩٦٧ لە مووسڵ ژیاوە. لە ١٩٦٨یشەوە ھاتووەتەوە بۆ سلێمانی و پلەی وەزیفەکەی بووەتە سەرتێبینەر و تا ١٩٧٢ پشکنینی تووتنی لە ماوەت، قەڵادزێ و ڕانیە لە ئەستۆ بووە. ١٩٧٣ خۆی خانەنشینکردووە.
١ی تەمووزی ١٩٧٣ (کتێبخانەی زانستی)ی لەسەر شەقامی پیرەمێرد داناوە و پاشان گواستوویەتییەوە بۆ بەرامبەری ئامادەییی پیشەسازیی سلێمانی لە گەڕەکی عەقاری؛ بەڵام لەبەرئەوەی بەخێوکردنی خێزانێکی گەورەی لەسەر شان بووە، ١٠ی تەمووزی ١٩٨٠ جارێکیتر چووەتەوە سەر وەزیفە و بووە بە مولاحیزی بەشی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرێتیی بانکەکان
١٠ی شوباتی ١٩٨١ گواستراوەتەوە بۆ سەرنووسەریی بەشی ئەوراقی شارەوانیی سلێمانی. ١٩٨٢ بۆ یەکەمین جار بووە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییی زانا، پاشتر قوتابخانەی یادگار و قوتابخانەی نەخشینی تێکەڵ و ١٠ی ئازاری ١٩٨٦ لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا خانەنشینبووەتەوە
پێبەپێ درێژەی بە کتێبفرۆشی داوە، تا لە ڕۆژی ١٥ی ئابی ١٩٩٨دا کۆچیدواییی کردووە.
عومەر حەسەن، نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکەی وەک (ھیوا، ڕۆژی نوێ، ھاوکاری، کوردستانی نوێ، وڵات ..)دا بڵاوبووەتەوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عومەر حەسەن, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.