بەڵگەھێنانەوەی بازنەیی (circular argument) یا سووڕ لە ئیسپاتدا (بە لاتینی: circulus in probando) بە بەڵگەھێنانەوەیەک دەوترێ کە تێیدا ئەوەی دەبێ لە کۆتاییدا بسەلمێنرێ، لەبەرا وەکوو پێشەکی وەرگیرابێ.
واتە بەڵگەکە بە ھەمان شتەوە دەست پێ بکا کە دەیەوێ لە کۆتاییدا پێی بگا. ئەم شێوە بەڵگەھێنانەوەیە چەشنێک بەھەڵەبردنی لۆژیکییە: پێشەکی بە قەد ئاکام ئیسپاتی دەوێ، بۆیە لە پێسەلماندنا شکست دێنێ. بۆ وێنە، ئەمەی خوارەوە بەڵگەھێنانەوەی بازنەیییە:
ھیوا: دەزانم خوا ھەیە چونکە قورئان وا دەڵێ.
ھاوڕێ: جا چۆن دەزانی قورئان ڕاست دەکا؟
ھیوا: چونکە قورئان قسەی خوایە.
بۆ ئەوەی بازنەییبوون و خولانەوەی بەڵگەکە باشتر دەرکەوێ، دەکرێ بەم شێوەیە لە فۆرمی بەڵگەیەکی لۆژیکیی ستاندارددا دابڕێژرێتەوە:
پێشەکیی یەکەم: قورئان قسەی خوایە.
پێشەکیی دووەم: قورئان دەڵێ خوا ھەیە.
ئاکام: کەوابوو، خوا ھەیە.
ئاشکرایە کە ئاکامەکە (خوا ھەیە) لە پێشەکیی یەکەما (قورئان قسەی خوایە) وەرگیراوە و قبووڵ کراوە.
بەڵگەھێنانەوەیەکی باشتر دەتوانێ ئاوەھا بێ کە، سەرەتا، بەبێ پەنا بۆ خوا بردن، ئەوە تەسدیق بکرێ کە قورئان دەتوانێ بە گرۆڤ و دەلیلی کافی حیساب بکرێ. بۆ وێنە، لەبەر ئەوەی کە ھەموو ئیددیعاکانی تری ڕاست و دروستن، ئەم ئیددیعایەشی کە خوا ھەیە، زۆر ڕێی تێ دەچێ ڕاست و دروست بێ.
بەڵگەھێنانەوەی بازنەیی پەیوەندیی زۆر نزیکی ھەیە لەگەڵ ھەڵەوێژییەکی ترا کە پێی دەڵێن پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article بەڵگەھێنانەوەی بازنەیی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.