نەورۆز نەریتێکی کۆنە کە لەلایەن زۆر نەتەوە و گەلی جۆراوجۆرەوە (وەک کورد، فارس، ئەفغان و ئوزبەک) بە شێوەی جۆربەجۆر پیرۆز دەکرێت.
ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش لە مێژوو. سەردەمی دەستپێکی ڕەسمی نەورۆز بەتەواوی دیار نییە و مشتومڕی لەسەرە. زۆربەی لێکۆڵەران کۆکن کە بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە دێرینەکان.
ڕۆژی نەورۆز دەستپێکی ڕۆژژمێری کۆچیی ھەتاوییە کە ڕۆژژمێری فەرمیی وڵاتی ئێرانە و لە کۆماری کوردستانیشدا کەڵکی لێ وەرگیراوە. نەورۆز بە سەری ساڵی نوێی کوردیش دادەنرێت و لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژی پشوودانە.
نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردستاندا ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت. یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی کوردەواریدا ئاگر ڕۆشن کردنی نەورۆزە. یەکەمین نووسەری کورد کە بە کوردی باسی دابوونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە کە بە نەورۆزی گوتووە مەرسوومێ قەدیمێ کوردستانی یانی بۆنەی کۆنی کوردستانی. زۆرێک لە ھۆنەرانی تری کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە. ئاگر ھێمای نەورۆزە لەلای کوردەکان، ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە. لە ئایینی یارسانیشدا نەورۆز بۆنەیەکی گرنگە و تەنانەت دەفتەری نەورۆزیان ھەیە و دەروێش نەورۆز سۆرانی یەکێک لە پیرەکانیانە. لە سەدەی بیستەمدا کوردەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز و بڕێک جار نەورۆز لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە (واتە ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا) قەدەغە کراوە.
بڕێک بەڵگەی مێژوویی ھەن کە لە ئێرانی کۆندا یەکەم ڕۆژی بەھار وەک نەورۆز پیرۆز کراوە. بیروونی و فیردەوسی و سەعالەبی باسی مێژووی نەورۆزیان کردووە لە نێو خەڵکی ژێردەستی ئیمپراتۆریی ساسانیدا. فیردەوسی بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر جەمشید. لە وڵاتی ئێراندا نەورۆز جەژنێکی فەرمی و سەرساڵ بووە لە سەدەی بیستەمەوە. ھەرچەند ئێران ھیچکات بە فەرمی نەرۆزی قەدەغە نەکردووە بەڵام کوردەکانی تووشی بەربەستی زۆر کردووە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز بە دابونەریتی خۆیان.
لە تورکیا بۆنەی نەورۆز بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەدەی بیستەمدا قەدەغە بوو و کوردەکان بۆیان نەبوو نەورۆز پیرۆز بکەن، بەڵام لە ١٩٩٠ەکانەوە دەوڵەت پشوویەکی بە ناو نەڤرووز (nevruz) دانا. لەو کاتەدا نووسینی نەورۆز بە کوردی (وەک newroz) قەدەغە بوو. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٧ شارەدارێکی شارێکی کورد بۆ بەکارھێنانی وشەی newroz لەجێی nevruz حوکمی زیندانی بۆ دەرکرا. دوای ٢٠٠٠ەکان کە پیرۆزکردنی نەورۆز ئاسایی بووەوە، ھێشتاش ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی کورد لە بۆنەی نەورۆزدا دەگیرێن.
لە عێراق نەورۆز بۆنەیەکی فەرمی نەبووە و حکوومەتی بەغداد بڕێک جار ھەوڵی داوە کە نەورۆز قەدەغە بکات، بەڵام کوردەکانی ئەو وڵاتە بە درێژایی سەدەی بیستەم نەورۆزیان پیرۆز کردووە. ڕۆشنبیرانی کورد وەک پیرەمێرد ھەوڵیان داوە نەورۆز وەک ھێمایەکی نەتەوەیی زیندوو بکرێتەوە و بەرگێکی تازە بپۆشێ. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەورۆز بووە بە بۆنەیەکی فەرمی لە باشووری کوردستان.
نەورۆز لە سووریای سەدەی بیستەمدا بۆنەیەکی فەرمی نەبووە و تەنیا کەمینەکانی وڵاتەکە وەک کوردەکان پیرۆزیان کردووە و ھەمیشە لەژێر چاودێریی ھێزە ئەمنییەکاندا بووە. لە ٢٠٠٠ەکانەوە حکوومەتی بەشار ئەسەد ڕای گەیاند کە ڕێگە بە کوردەکان دەدات مەراسیمی نەورۆز بگرن بەو مەرجەی نەبێ بە کۆبوونەوەیەکی سیاسی، بەڵام ھەر لەو دەیەدا دەیان کەس لە سووریا لەسەر نەورۆز بریندار و زیندان کران.
لە وڵاتی ئازەربایجان نەورۆز ڕۆژی پشوودانە. بەر لە ڕووخانی شۆرەوی نەورۆز لە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقازدا ڕۆژی پشوو نەبوو، بەڵام دواتر وڵاتانی ئازەربایجان، تاجیکستان و تورکمانستان و وڵاتانی تری ئەو ناوچەیە نەورۆزیان خستە ناو ڕۆژژمێری خۆیانەوە.
نەورۆز لەلایەن زۆر دەوڵەت و نەتەوە و کۆمەڵی خەڵکی ترەوە پیرۆز دەکرێت. بۆ نموونە کازاخستان، قرغیزستان، تورکمانستان و گورجستان نەورۆز پیرۆز دەکەن. ھەروەھا بڕێک لە خەڵکی باڵکان وەکوو سۆفییەکان لە ئەلبانیا جەژنی نەورۆزیان ھەیە.
لە ھەر شوێنێک نەورۆز دابونەریتی خۆی ھەیە. بۆ نموونە لە ئێران سفرەی حەوت سین ڕادەخەن کە ڕەسمێکە کە لە سەدەی بیستەمدا دروست بووە. لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستاندا لە شەوی نەورۆزدا ئاگرکردنەوە، ھەڵپەڕکێ و سەیران ھەیە. ھەروەھا ڕەسمی شەوی شەوی بەراتێ (فەرقی لەگەڵ بەرات ھەیە) و کۆستە و میرەنەورۆزەش تۆمار کراون. لە ئەفغانستان ڕەسمی حەوت مێوە باوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە نەورۆز تێدایە. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە نەورۆز تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article نەورۆز, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.