ڕێکخراوەی ڕاسان: ڕێکخراوێکی مافی ژن و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە

ڕاسان ڕێکخراوێکی ناحکوومیی کوردیی مافەکانی مرۆڤە کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە پارێزگای سلێمانی، لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دامەزراوە، و ماوەی دوو دەیەیە چالاکە.

ڕاسان کار بۆ مافی ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەکات و چەندین پڕۆژەی ھاندان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو کردووە بە بەکارھێنانی ھونەر و سیمینار و وەرکشۆپ و ڕاھێنان و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، و ھەروەھا تێکەڵکردنی پێشڕەوەکانی گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە لە وتووێژ دەربارەی شووناسی جێندەری و یەکسانی و پێکەوەژیان. لە سەرەتادا لە ٢٠٠٤–٢٠١٢، ڕاسان تەنیا ڕێکخراوێکی فێمێنێستی مافی ژنان بوو، بەڵام لە ٢٠١٢ دوای ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بۆ ماوەیەک، بواری کارەکانیان فراوانتر کرد و دەستیان کرد بە کارکردنی لەسەر ئەو کێشانەی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە ڕووی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی دەبوونەوە، بەوەش بوونە یەکەم ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو لەعێراق کە کار بۆ مافی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بکات. ھەرچەندە ڕاسان بە شێوەیەکی گشتی بانگەشەی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ دەکات، زۆرینەی چالاکییەکانیان بۆ ھۆشیاری دانە لە بارەی مافەکانی ژنان و کەسانی ھاوڕەگەزخواز لەگەڵ ھەوڵی دیکە بۆ ھۆشیاری دان لە بارەی کێشەی توندوتیژی خێزانی و ھاوسەرگیریی مناڵان. نووسینگەی سەرەکیی ڕاسان لە پارێزگای سلێمانییە و زۆربەی چالاکییەکانیان سلێمانی و ناوچە نزیکەکانی دەگرێتەوە، بەڵام بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری زیاتر لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ھەوڵ دەدەن، ئەمەش لەڕێی بەکارھێنانی پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە. پەیامەکانی ڕاسان دەربڕینی پشتگیرییە بۆ ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، ھاوکات ھاندانی حکوومەت و دامەزراوە یاسادانەرەکانە بۆ پێدانی مافە سەرەتایی و یاسایییەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و مافی پاراستنیان لە سەرکوتکردن بۆ دابین بکەن.

ڕاسان
ڕێکخراوەی ڕاسان: مێژوو, سەرچاوەکان, بەستەرە دەرەکییەکان
ڕێکخراوەی ڕاسان: مێژوو, سەرچاوەکان, بەستەرە دەرەکییەکان
دروشم«شەڕکردن لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی»
دامەزران٢٠٠٤
جۆرناحکومی
ئامانجنەھێشتنی توندوتیژی و دووچاوەکی بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و ژنان.
شوێن
دەڤەری خزمەت
ھەرێمی کوردستان
زمانی فەرمی
کوردیی ناوەندی
بەڕێوەبەری جێبەجێکار
تانیا دەروێش
وێبگەrasanorg.com

ڕێکخراوەکە ھەستاون بە چەند ھەڵمەتێکی وریاکردنەوە و کردنەوەی چەند خولێک بۆ گەنجان لە کۆمەڵگەی کوردی دا بۆ ھەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی کێشەکانی گۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و ئەو جۆرە دیدگایەی ھەیە لەسەریان کە بە شێوازێکی خراپ سەیر دەکرێن لەلایەن کۆمەڵگەوە. یەکێک لە چالاکییەکانیان بریتی بوو لە نەخشاندنی چەند وێنەیەک لەسەر دیواری قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان کە پەیامی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەی لە خۆ گرتبوو، لە ھەوڵێکدا بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ بەرپاکردنی ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەکی نەرمتر بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگەکە. پڕۆژەکە لە ٢٠١٧ دەستی پێکرد لە دەرەنجامی پاڵپشتی کردنی ڕێکخراوی «ئۆڵ ئاوت»، لە کۆتایی پڕۆژەکەش دا چەند وێنەیەک تێکدرابوون، بە تایبەتی ئەو وێنانەی پەلکەزێڕینەیان لەسەر بوو کە بە ئاشکرا دیاربوو پاڵپشتی بۆ کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەردەبڕی؛ بەڵام ڕاسان ھەستا بە چارەسەرکردنی کێشەکە. لە چالاکییەکی تردا، ڕاسان یارمەتی ٩٠ ژنیان دا کە لە دەستی داعش ڕایانکردبوو یاخود ئازاد کرابوون؛ لە چالاکییەکەدا کاریان بۆ ئەو ژنانە دەکرد کە لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی توندوتیژی ببوونەوە، ھەندێکیان دەستدرێژیی سێکسیان کرابووە سەر لەلایەن ھەمان ئەو کەسانەوەی کە مێردەکانیان کوشتبوون. ڕاسان بەردەوامبوو لە کارکردن لەگەڵ ڕزگاربووانی دەستی داعش تا کۆتایی پڕۆژەکە. بەپێی سەرچاوەکان، ڕاسان ئێستاش لە ھەوڵدایە بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری زیاتر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ دابینکردنی یارمەتی و چارەسەری جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو ژن و منداڵانەی لە دەست داعش ڕزگار بوون.

لە عێراق ھیچ یاسایەک نییە کە پشگیری یاخود پارێزگاری لە کەسانی ھاوڕەگەزخواز بکات، ھەرچەندە لەژێر ھەڕەشە و ھێرشی بەردەوام دان و ھیچ میدیا و کەسایەتییەکیش بە ڕوونی پشگیری خۆیان دەرنابڕن لە ئاست چەندین ڕووداوی گەورە کە لە ھەرێم و عێراق ڕوودەدەن؛ بەڵام بە گشتی کوردستان و بە تایبەتیش سلێمانی بە شوێنێکی سەلامتتر دادەنرێن لەچاو شارەکانی دیکەی ھەرێم و عێراق. ئەگەر کێشەی پاراستن و ئاسایشیش نەبێت، کێشە دەربڕین و ئازادی یەخەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ھاوڕەگەزخوازانی گرتووە. بەھۆی ھەڵە وەرگێڕان لە یاسای سزادانی عێراقی، کە یاسای ٣٩٣ دەگرێتەوە، یاساکە بەکاردەھێندرێت بۆ گرتن و تۆمەت خستنە پاڵی کەسانی ھاوڕەگەزخواز، ھەرچەندە ھیچ یاسایەک نییە بۆ پشتگیری یاخود ڕێگریکردن لێیان. لە ٢٠٢٠ دا، ڕاسان پڕۆژەی پەرەپێدانی گەنجانی دەست پێکرد، و بەشێک لە پڕۆژەکە خولێکی ڕاھێنانی ٦ ڕۆژییە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و شوناس و ڕەگەز. بەشداربووانی پڕۆژەکە دەکرێت ببن بە خۆبەخش لە ڕێکخراوەکە تا پرۆژەی داھاتوو دێتە پێشەوە.

مێژوو

سەرەتاکان

ڕاسان لە ساڵی ٢٠٠٤ وەکوو ڕێکخراوێکی فێمینیست بۆ مافی ژنان دامەزرا، ئەمە تاکە پرسێک بوو کە تێیدا چالاک بوون. دوای وەستانیان بۆ ماوەی چەند ساڵێک، دووبارە لە٢٠١٢ دا چالاکبوونەوە و بێجگە لە کارکردن بۆ مافی ژنان بڕیاریاندا ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەیش بخەنە بەرنامەی کاریانەوە، کە بە بڕوای ڕاسان یەکێکن لە گەورەترین گرووپەکانی کۆمەڵگە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دووچاوەکی دەبنەوە. بە وتەی ئەیاز شەلال کادۆ، جێگری بەڕێوەبەری پێشووی ڕاسان، پێیان وابوو کە شتێک جیاواز لە مافی ژنان پشتگوێ خراوە، و بە بڕوای ئەوان پرسی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بوو، بۆیە کرایە ناو چالاکی و کارەکانی ڕێکخراوەکەوە. ئەمە ڕاسان ی کرد بە تاکە ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو لە عێراق کە کار بۆ کۆمەڵەی ڕەگەزخوازان بکات.

٢٠٠٥–٢٠١٢

لە ٢٠٠٥ پڕۆژەی ھۆشیارکردنەوەی دەستووری بۆ ژنان لە ھەولێر بەڕێوەچوو، کە ناوچەکانی بەرزین، عەنکاوە، بنەسڵاوە، دارەتوو، شاوەیس، قوشتەپە، مەلا عومەر و چەند شوێنێکی تری گرتەوە. پڕۆژەکە بۆ ماوەی ٢ مانگ لەلایەن ئای-سی-ئێس-پییەوە پشتگیری کرا. دواتر لە ٢٠٠٥، لە ماوەی سێ مانگدا کۆی ٣٥ کۆڕ بەڕێوەچوون، بابەتی کۆڕەکان خۆی لە پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ھەروەھا پرسی تەندروستی و کێشەکانی ژن دەگرتەوە. ئەم پرۆژەیەش بە ھەمان شێوە بە پشتگیری ئای-سی-ئێس-پی بوو. پێش کۆتایی ٢٠٠٦، ڕاسان چەندین کۆڕی گفتوگۆی بەڕێوەبرد. لە ٢٠٠٦–٢٠١٠ ڕێکخراوەکە کۆی ٨٥ ڕۆژنامەی ھەواڵی دەرکرد، بەڵام دوای ٢٠١٠ ڕۆژنامەکە وەستێندرا. ھەروەھا کتێبێکیان بە ناوی «ژنانی جیھانی سێیەم» بڵاوکردەوە، کە تیشک دەخاتە سەر توندوتیژی و ھەراسانکردنی ژنان. ڕێکخراوەکە بە ھەمان شێوە دیداری تەلەڤیزیۆنی ئەنجامداوە، کە لەسەر پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی و مافەکانی مرۆڤ و ھۆشیارکردنەوە بوون.

لە ٢٠٠٧ دا، ڕاسان فلیمێکی لە بارەی خەتەنەکردنی مێینە بەرھەمھێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەسەر بابەتەکە. بەرھەمەکە لەلایەن ھیومن ڕایتس وۆچەوە پشتگیری کرا و لە ھەولێر، دھۆک، کەرکووک، ڕانیە، و سەید سادق نمایش کرا. فلیمەکە لە کێبڕکێی باشترین فلیمی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان پاڵێورا، و بۆ نمایش لە ئەڵمانیا ھەڵبژێردرا. لە ٢٠٠٨ دا ڕێکخراوەکە کاری لەسەر ٥٥ کەیس و، لە ٢٠٠٩ دا ٦٢ کەیس، و لە ٢٠١٠ش ٦٠ کەیس کردووە کە بە سەرەکی کێشەی کۆمەڵایەتیی ژنان کە بەھۆی ھۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و باوەڕ و خێزانی بوون. ڕێکخراوەکە چەندین چالاکی میوانداری کردووە لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢، وەکوو کۆنفرانسی جیھانیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە واشینگتن و کۆنفرانسی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەمسا، وەرکشۆپی کەی-تیکەی لە عەممان و لوبنان، لوتکەی گەشەپێدەرانی کۆمەڵایەتیی لە ئیستەنبوڵ، لوتکەی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە تایلەند، و لوتکەی پارێزەرانی مافی ژنان لە باشووری ئەفریقا.

٢٠١٢–٢٠١٨

دوای وچانێک، ڕاسان لە ساڵی ٢٠١٢ دەستی کرد بە پلاندانان بۆ پرۆژەیەک کە پشتگیری بۆ کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە خۆ دەگرت، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەی سی-ئۆ-سیی ھۆڵەندی دەستی کرد بە پشتگیریکردنی پڕۆژەکە وەک بەشێک لە «بەرنامەی شانازی». پڕۆژەکە ناونرا «پەڕینەوە بەسەر پەلکەزێڕینەی عێراقی» و لە ٢٠١٦ەوە تاوەکوو کۆتایی ٢٠٢٠ درێژەی کێشا. ئامانجەکانی پڕۆژەکە بەپێی ساڵ جیاواز بوون، لە درێژایی کاتی پڕۆژەکە دا، ڕاسان توانی چەندین وەرکشۆپ و ڕاھێنان و سیمینار و گفتوگۆی بە کۆمەڵ ڕێک بخات. بەشداربووانی ئەم چالاکییانە بە زۆری کارمەندی حکومی و پەیمانگاکان و ئەندامانی وەزارەتی تەندروستی و ئاسایش و پۆلیس و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و گەنجان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی ئەمریکی و چەرمۆ و ھتد. بوون.

لە ٢٠١٦ دا ڕاسان چەند پڕۆژەیەکی یەک لە دوای یەکی گەورەی جێبەجێکرد، یەکێک لە پڕۆژەکان «١٦ ڕۆژ لە داکۆکیکاری» بوو، کە تێیدا پۆستەری دژی ھاوسەرگیری منداڵان بڵاوکرانەوە بە شاری سلێمانی دا و چەند کارێکی ھونەری لە بارەی یەکسانیی ڕەگەزی و ئاشتی و مافەکانی ژنان و پێکەوەژیان نەخشێنران لە چەند شوێنێکی شارەکە. پرۆژەیەکی تر بە ناوی «ئێمە گرنگیت پێ دەدەین» لە ١ی تەممووزی ٢٠١٦ تاوەکوو ٣٠ی ئەیلوولی ھەمان ساڵ جێبەجێکرا، ئەنجام لە پڕۆژەکە دابینکردنی پاراستن و یارمەتی بوو بۆ ژنە ئاوارەکان. پڕۆژەکە یارمەتی ٦٠ ژنی دا کە لە خوێندن بەردەوام بن و ٧٥٠ ژنی دیکەش ڕاھێنان و ھۆشیارکردنەوەیان وەرگرت لەبارەی توندوتیژی ڕەگەزی؛ کۆمەڵەی نیوە بە نیوەی نێوان ژنان و پیاوان دانرا کە پشتگیریان کرا لە دانان و جێبەجێکردنی چالاکی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە ١٬٥٠٠ کەس بە ناڕاستەوخۆ سوودیان لێ بینی. وەکو بەشێک لە پڕۆژەی «ژنان دەتوانن»، ڕاسان پشتگیری و یارمەتیی دەروونی و یاسایی بۆ ٢٠٠ ژن دابین کرد و ١٬٢٠٠ ژن کەرەستەی پاکژی سەرەتاییان بۆ دابین کرا، و ٥٠ سیمیناری ھۆشیارکردنەوەی پیاوان سازکرا بۆ پەرەپێدان بە ھۆشیاری پیاوان لەبارەی پەیوەندیی تەندروست و یەکسانی ڕەگەزی.

لە ١ی ئازاری ٢٠١٧دا، ڕاسان پڕۆژەی «١٣٢٥» ی ڕاگەیاند، کە تێیدا ٤٠٠ کەیسیان وەرگرت و پشتگیری ڕاستەوخۆیان لێ کرا و ٨٠ سیمیناری ھۆشیارکردنەوە بۆ ١٠٠٠ ژن کرا، بە ھیوای ئەوەی زانیاری زیاتریان ھەبێت لە چۆنییەتی بەدەستھێنانی پاراستن و یارمەتی لە کاتی پێویست دا. لە ٢٠١٩ ڕاسان زنجیرەیەک سیمیناری بۆ ٢٥٠ ژن ئەنجام دا کە لە چەمچەماڵ و کەلار و کەمپی عەربەت و خەبات بەڕێوەچوون.

ئۆڵ ئاوت

ڕێکخراوەی ڕاسان: مێژوو, سەرچاوەکان, بەستەرە دەرەکییەکان 
یەکێک لە وێنەکانی ڕاسان کە شێوێنرابوو و دواتر لەلایەن ڕێکخراوەکە چاککراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧ ڕاسان ھەستا بە چالاکییەکی وێنە کێشان لە دیوارە گشتییەکان لە شاری سلێمانی، کە یەکەم دەربڕینی ئاشکرایان بوو بۆ پشتگیریکردن لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە. پرۆژەکە بە پشتگیری ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتی بوو کە لەلایەن ئۆڵ ئاوتەوە جێبەجێکرا. ھەندێک لە وێنەکان کە پشتگیری ھاوڕەگەزخوازانیان دەکرد بە بۆیەی ڕەش شێوێنران، بەڵام ڕاسان لە وەڵامدا دووبارە وێنەکانی نەخشاندەوە. ھەرچەندە ڕێگەیان پێ نەدرا کە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان وێنەکان بکێشن، ئەویش لە ترسی کاردانەوەی گشتگیری خەڵک بە تایبەتی ھەڵگرانی بیر و ئایینی جیاواز کە بە توندی لە دژی پرسەکەن، بەڵام ڕاسان توانی لەسەر دیواری چەند دواناوەندییەک وێنەکان بکێشن و پەیامەکە بگەیەنن بە خەڵکی شارەکە. ھەندێک لە وێنەکان لەسەر دیواری زانکۆ ئەمریکییەکە نەخشێندران. ھەرچەندە وێنەکان لەسەر شەقامە گشتییە سەرەکییەکان نەبوون، بەڵام کاردانەوەی توندیان لێکەوتەوە بەرامبەر ڕاسان بۆ پشتگیریکردنی ئەو پرسە. بەپێی وتەی کارمەندانی ڕاسان، چەندین جار ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و بێڕێزیکردن بوونەتەوە و تەنانەت گەیشتووە بەوەی نامەی ھەڕەشەیان پێ بگات و چەند کارمەندێک ھێرشیان کراوەتە سەر لە شوێنی گشتی دا. پڕۆژەکە لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کۆتایی ھات.

گیڤ ئەی دام

لە ٢٠١٨ دا، ڕاسان لەلایەن ڕێکخراوی «گیڤ ئەی دام» پشتگیریی ماددی دەکرا بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لەوەی کە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە چییە و ئەو ئاستەنگانە چین کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. یەکێک لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی پڕۆژەکە ئەوەبوو کە پلانێکی کارکردن دابڕێژرێت لەسەر ئەو پێویستیانەی کە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە ھەیانە لە ناوچەکە؛ یەکێکی دیکە لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان دۆزینەوە و دروستکردنی چەمکی نوێ بوو بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕێزمانی کوردی لەو ڕووەوە. بەپێی وتەکانی گیڤ ئەی دام ئامانجێکی دیکەی پڕۆژەکە دۆزینەوەی پشتگیری لە ناو پێشڕەوە ئایینییەکان و پۆلیس و یاسادانەران لە ھەرێمەکە و عێراق بوو بە گشتی.

٢٠١٨–ئێستا

جێگری بەڕێوەبەری پێشووی ڕاسان، کادۆ، باسی لە کاری ڕێکخراوەکەیان و ئەو ڕێیەی ئەوان لێوەی ھەوڵی شکاندنی پرسە ڕێپێنەدراوەکانی ناو کۆمەڵگەیان داوە، ئەویش بە تێگەیاندنی و ھۆشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگە و یارمەتیدانی ژنان و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە کێشەکانیان کرد بۆ ئێس-بی-ئێس. کادۆ بە ئێس-بی-ئێسی ڕاگەیاند کە ھەرچەندە چەند ڕێکخراوێکی کەم ھەن لە ناوچەکە کە کار بۆ پرسی ھاوڕەگەزخوازان دەکەن لە ھەرێمەکە دا، بەڵام ڕاسان تاکە ڕێکخراوی چالاکە لە ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراق، کە ھەوڵ دەدات پشتگیریی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بکات بە دابینکردنی ڕاوێژکردن و یارمەتی یاسایی و تەندروستی و داڵدەدانی ئەو کەسانەی کە پێویستیانە. «ئێمە خزمەتگوزاری یارمەتیدانی حاڵەتەکانمان ھەیە، کە کەسانی ھاوڕەگەزخواز دەتوانن سەردانی ڕێکخراوەکەمان بکەن یان لە ڕێگەی ڕێکاری جیاوازی وەکو تەلەفون یاخود فەیسبووک و تویتەر یان ئیمەیڵ داواکاری یارمەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی پێشکەش بکەن و ڕاسانیش بۆیان دابین دەکات.» بە بێ لەبەرچاوگرتنی گرفتە ئابووری و سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕاسان بەردەوامبووە لە چالاکی و پشتگیرییەکانی. بەپێی وتەکانی کادۆ, ئەگەر پشتگیری زیاتریان ھەبووایە، چالاکییەکانیان بۆ ناوچەکانی تری ھەرێمەکە بەرفراوان دەکرد و لە ناویشیان دا شاری فرەنەتەوەی کەرکووک، بۆ ئەوەی بە زۆرترین کەسانی ھاوڕەگەزخواز بگەن و یارمەتیان پێشکەش بکەن.

ماوەی کۆڤید ١٩

کۆمەڵەی دژە-گۆڕانکاری و میلیشیا ئاینییە بەلاڕێدا براوەکان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین بۆ سەر ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە جیھاندا و بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا، کە بە دەگمەن وڵاتی تێدایە یاسای پاراستنی ھاوڕەگەزخوازانی تێدا بێت، و بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ بووە ھۆی ھەڵکشانی وتاری دژی ھاوڕەگەزخوازان لەلایەن پێشڕەوە ئایینییەکانەوە کە ئەوەش ھێندەی تر بووەتە ھۆی زیادبوونی مەترسی لەسەر ژیانی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە ھێزی میلیشیای گەورەی تێدایە کە ھەڵگری بیروڕای توندڕەون وەکوو شیعەکانی عێراق کە بە چەندین تاوانی نامرۆڤانە لە دژی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە تۆمەتبارکراون.

لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ دا لە ١٧ی ئایاردا، کونسوڵخانەی بەریتانی و کەنەدی و یەکێتیی ئەورووپا ئاڵای شانازییان ھەڵکرد لە بنکە سەرەکییەکانیان لە بەغداد، ئەوەش کاردانەوەیەکی نەرێنیی گەورەی لێکەوتەوە، کە بووە ھۆی زۆرلێکردنی کونسوڵخانەی گشتی یەکێتی ئەورووپا کە پۆستەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە بڵاوکردنەوەی. لە کاتێک دا موقتەدا سەدر پێشتر داوای وەستاندنی توندوتیژی کردبوو لە دژی ھاوڕەگەزخوازان، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕاسان، ئەو یەکێک بوو لە سەرەکیترین و کاریگەرترین ئەو کەسانەی کە بوونە ھۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی ڕقلیبوونەوە لە دژی ھاوڕەگەزخوازان، و ھاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی سێکسی و جووتبوونی ناوەکی (خێزانی) چواند.

«موقتەدا سەدر بە ڕوونی ھەوڵی کۆکردنەوەی خەڵک دەدات بۆ دژایەتیکردنی ھاوڕەگەزخوازان [چونکە وا دەزانێت ھاوڕەگەزخوازی بڵاو دەبێتەوە ئەگەر وانەکات]، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە خەڵک توندوتیژتر ببن و ھێرش بکەنە سەر کەسانی ھاوڕەگەزخواز و ھەوڵی دۆزینەوە و کوشتنیان بدرێت. بەڵام ئەمە تەنیا ھەوڵ نەبووە بۆ دەستپێکردن بەم کردەوە ڕقامێزانە؛ لە ڕاپۆرتێکی ھەواڵی پەخشکراو دا لەسەر کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی حکوومی گرتە ڤیدیۆیی خەڵکانێک پەخش کراوە کە بەسەر ئاڵای شانازیدا دەڕۆن و دەڵێن کە کەسانی ھاوڕەگەزخواز ئاسایی نین و ھاوڕەگەزخوازی جۆرێکە لە نەخۆشیی سێکسی.» –ڕاسان.

بەپێی ڕاسان، لە کاتی بڵاوکردنەوەی تویتەکانی موقتەدا سەدر تاوەکوو کاتی نووسینی ئەو ڕاپۆرتەیان، ژمارەیەک گەنج کوژراون بە بیانووی ئەوەی ھاوڕەگەزخواز بوون. ڕێکخراوەکە دەرکەوتنی جۆرێکی دیکەی جیھادی ڕاگەیاند کە بە «جیھادی ئەلکترۆنی» ناو دەبرێت، کە تێیدا کەسانی توندڕەوی ئایینی خۆیان وەکوو ھاوڕەگەزخواز نیشان دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە بەڕاستی ھاوڕەگەزخوازن، بۆ ئەوەی شوێنەکانیان ئاشکرا بکەن و ھێرش بکرێتە سەریان بۆ کوشتن و ئازاردانیان. ئەم موجاھیدە ئەلکترۆنییانە لە بەرنامەی ژوانکردنی ھاوڕەگەزخوازانی وەکوو گرایندردا و ئەو کەسانەی کە لە گرووپی داکۆکیکارانی مافەکانی ھاوڕەگەزخوازاندان دەگەڕێن و نامەیان بۆ دەنێرن بۆ ئەوەی بە فێڵ ناسنامەی ڕاستیان پێ دەربخەن بۆ دۆزینەوەیان. دوای ئەم زنجیرە ڕووداوانە، ڕێکخراوەکە بە توندی کەوتە ڕەخنەگرتن لە یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیان تاکوو بێدەنگیان بۆ خەڵک دەربخەن لە ئاست ئەو تاوانانە، ڕاسان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەوان بێدەنگیان ھەڵبژاردووە تاوەکوو خۆیان لە کاردانەوە بپارێزن، و بە «چاکەکاری ھەلپەرست» ناساندیانن. ڕێکخراوەکە بە ھەمان شێوە جەنگێکی میدیایی لە دژی حکوومەتی عێراقی بەرپاکرد لەسەر بێدەنگی و بێ ھەڵوێستیان و ڕەخنەشیان لە موقتەدا سەدر گرت بۆ ھەڵستاندنی ڕقی خەڵک لە دژی ھاوڕەگەزخوازان. لە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، ڕاسان ڕایگەیاند: «وەکوو ھەموو کات، سیاسەتمەدارانی عێراقی بەردەوامن لە فریودانی خەڵکی بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارییەتییەکانیان. مایەی سەرسووڕمان و شەرمەزارییە کە کەسایەتییەکی وەکوو موقتەدا سەدر بێئاگابێت لەوەی کە ڕوودەدات و تاوانی ھەموو کێشەکان بخاتە ملی کۆمەڵەیەکی بچووکی بێ دەسەڵاتی کۆمەڵگە و بە سەرچاوەی کۆڤید-١٩ ناویان ببات.»

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان

Tags:

ڕێکخراوەی ڕاسان مێژووڕێکخراوەی ڕاسان سەرچاوەکانڕێکخراوەی ڕاسان بەستەرە دەرەکییەکانڕێکخراوەی ڕاسانباشووری کوردستانتوندوتیژی خێزانیتۆڕی کۆمەڵایەتیمافەکانی مرۆڤمافەکانی ژنانپارێزگای سلێمانیڕێکخراوەی ناحکوومیکۆمەڵەی پەلکەزێڕینەھاوڕەگەزخوازیھونەر

🔥 Trending searches on Wiki Soranî / کوردی:

فیزیکڕژێمی بەعسشۆڕشی فەڕەنسازمانی پاڵەویناکۆکیی تورکیا و پەکەکەوزەی خۆریمیرنشینی بەدلیسقەڵای مەریوانڕەوشتکیشوەرڕەمزی نافیعمافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستانسەروانەبەز گۆرانسووتەمەنیحاجی قادری کۆییپارێزگای ھەولێرئامەدپیسبوونی ژینگەیەکەکانی دژەتیرۆرتیۆرمی پیتاگۆرسفارابیشەڕی چاڵدێرانبارانمەریوانوزەکۆمەڵەی نەتەوەکانپارێزگاکانی کوردستانعەبدوڵڵا ئۆجەلانگوێزکۆڕەکزستانگێلاسھایدرۆجینوەرزشھەڵسەنگاندنناوە پلازمە تۆڕئەڵمانیاپشیلەئێن ئاڕ تیمانگە کوردییەکانخۆرنۆکەندی سوێزسەرژمێریی دانیشتووانڕۆژژمێری کۆچیشەرەفخانی بەدلیسیسەردەشتعەبدولسەلام بارزانیئۆتیزمجەنگی ئوحودتۆماس ئێدیسۆنچەقەڵنەخۆشییەکانی مەمکپاندای کۆنگ فو ٤کۆڵەکەکانی ئیسلامپێشمەرگەنالیمایەسیریزەکەریا عەبدوڵڵاخەونی جاڵجاڵۆکەکاندەفزمانی فارسیسمۆرەماوسمافەکانی مرۆڤجگەرەڕەپبوونی کێرمزگەوتی گەورەی سلێمانیدیجلەشکانەوەی ڕووناکیڕەخنەی ئەدەبیورمێپۆرن ھابیانەی وەرزشی بابانعەلی کوڕی ئەبووتاڵیبکارۆموگناتیسی🡆 More