پێنجوێن شارێکی باشووری کوردستانە کە خاوەنی مێژوویەکی کۆن و سرووشتێک دەوڵەمەندە.
زۆر نزیکی سنووری ئێران و عێراقە و پەیوەندیە نزیکی ھەیە بە خاڵی سنووریی باشماخ و خەڵکی مەریوانەوە.
پێنجوێن Penjwen | |
---|---|
وڵات | کوردستان عێراق |
پارێزگا | سلێمانی |
قەزا | قەزای پێنجوێن |
ناحیە | ناحیەی پێنجوێن(ناوەند) |
بەرزایی | ١٬٢٧٠ مەتر (٤٬١٧٠ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان | |
• سەرجەم | نزیکەی ٢٠،٠٠٠ کەس |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | سوننی شافعی |
مێژووی دروستبوونی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی شانزەھەم واتە زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە ئەم شارە ئاوەدانی تێدایە. بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە بۆ ناوچەکە کراوە دەرکەوتووە کە پاشماوە دێرینەکانی قەڵاکانی قزڵجە، کچێ و وێنە لە ناوچەی پێنجوێن دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی دووھەم و ھەزارەی یەکەمی پێش زایین، بەڵام پێکھاتەی زەوی و خاکی ناوچەی پێنجوێن مێژووی دروستبوونەکەی زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی جیۆلۆجی یەکەم واتە «ئەرکی» و بۆ ٤٠٠٠ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا و بەم پێیەش بە یەکێک لەکۆنترین یاخود دێرینترین ناوچەکانی کوردستان و عێراقیش دادەنرێت.
ناوچەی پێنجوێن لەو کاتە کە قەڵاکانی کچێ و قزڵجە تێدا دروستکراوە، لەژێر حوکمی لۆلۆییەکاندا بووە، ھەرچەندە تاکو ئێستا سەرچاوەیەکی مێژوویی ڕاست و دروست نەکەوتۆتە دەست کە لە دیرۆکی ناوچەی پێنجوێن بدوێت بەڵام کۆنترین ئاماژەبۆکردن لەم ڕوەوە، ڕێکەوتننامەی ئاماسیەی ساڵی ١٥٥٥ی زایینە لەنێوان ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوییەکان کە لەو ڕێکەوتننامەدا ھاتووە کە ناوچەکە وەک ناوچەیەکی بێلایەن ماوەتەوە. نەوشیروان مستەفا لە کتێبی میرایەتی بابان لەنێوان ڕۆم و عەجەمدا، نووسیویەتی:
مانەوەی ناوچەکە بەبێلایەنی بووە بە ھاندەرێک بۆ حکومڕانانی ئەردەڵان دەست بەسەرناوچەی پێنجوێندا بگرن. حکومڕانی ناوچەی پێنجوێن چەند جارێک لەنێوان دەسەڵاتدارانی عوسمانی، سەفەوی، بابان و ئەردەڵان دەستاودەستی کردووە و پاش بڕانەوەی حکومی بابانەکانیش، تا ساڵی ١٩١٥ لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانیەکاندا بووە.
پێنجوێن سەرەتا گوندێک بووە سەربە ناوچەی قزڵجە، ناحیەی قزڵجەش سەربە 'قەزای گوڵعەنبەر بووە کە دەکاتە خورماڵی ئێستا و ئەم ڕاستیەش لە چەندین نووسراو و بەڵگەی خەڵکی پێنجوێندا کە تا ئێستاش ھەندێکیان لای خۆیان پاراستوویانە و تایبەتە بەموڵکیەتی زەوی و زارەکانیانەوە پارێزراوە و ماوەتەوە؛ دواتر و لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی عێراقدا بەھۆی ھەڵکەوتوویی پێنجوێن و پێشکەوتوویی دانیشتوانەکەی لەسەرجەم بوارەکاندا، پێنجوێن کراوەتە ناحیە و چەند دەم و دەزگایەکی حکومی تێدا دانرا و بینایان بۆ دروستکرا و خەڵکی ناوچەکەش بۆ ڕایکردنی کاروبارە حکومییەکان ڕوویان تێدەکرد. پێنجوێن بەم شێوەیە مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٥٩ ئیتر بە ھۆی فراوانبوونی ناوچەکە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن کرایە قەزایەکی سەربەخۆ کە پێشتر وەکوو ناحیە سەربە قەزای ھەڵەبجە بوو.
سەبارەت بەوەی ناوی پێنجوێن یا خود وشەی پێنجوێن لە چییەوە ھاتووە زۆر ڕاو بۆ چوونی جیاواز ھەیە. محەمەد ئەمین زەکی بەگ وای لێکداوەتەوە کە پێنجوێن لە کاتی خۆرھەڵاتن تا ئاوابوونی، پێنج وێنەی تیا بەدی دەکرێت. حوسێن حوزنی موکریانی ھەمان بۆچونی ھەیە لەسەر ناوی پێنجوێن؛ ھەروەھا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵی کە پێنجوێن لەبنچینەدا پێنج دێ بووە کە ئاسەوار و شوێنەواری ھەر پێنج دێیەکە ماون و چەند کەسایەتیەکی بەتەمەنی پێنجوێن دڵنیان لەوەی کەئەم بۆچونە زیاتر لەڕاستیەوە نزیکە و ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستاش ئاسەواری ئەو گوندانە یان ناوچانە ماوەتەوە. بۆچونێکیش ھەیە کە گوایە پێنجوێن، چەند کەسێک ئاوەدانیان کردۆتەوە کە لە شاری پێنجەنی ئەفغانستانەوە ھاتوونەتە ناوچەکە و ھەر بەناوی شارەکەی خۆیانەوە لە ئەفغانستان ناویییان ناوە.
چەن ڕایەکی تریش پێیان وایە کە ناوی پێنجوێن لە پێنج جووەوە ھاتوە واتە پێنج جولەکە ئاوەدانیان کردۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەیەک ماڵی جولەکە لەم شارەدا ھەبوون و وەک ھەر ماڵێکی تری موسڵمان ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر بردووە و ھەندێکیشیان پێکەوە لەگەڵ موسڵمانەکاندا کار و کاسپییان کردوە. بۆچونێکی تر ھەیە لەسەر ناو نانی پێنجوێن، کە پێدەچێت ئەمەیان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیک بێت، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئەسکەندەری مەقدوونی پاش سەرکەوتنی لە شەڕی کۆگەمێل لە ساڵی ٣٣١ی پێش زایین لە نزیکی ھەولێر لە بەرامبەر سوپای دارای سێیەمی ئەخمینی مەفرەزەیەکی پێنج لە شاری ئارابخا (کەرکووکی ئەمڕۆ) ناردە بەری ڕۆژھەڵات، بۆ ناوچەی میدیا (موکریانی ئەمڕۆ)، بۆ چاودێری و پاکسازی ھەمەدان و داگیری بکات. بەو پێیەی سەردەمانێک پایتەختی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ماد بووە و مەفرەزەکە لە شاری مەریوان ڕێگایان گرتەبەر، بەم پێیەش پێ دەچێت وشەی پێنجوێن لە «پانج» یۆنانیەوە ھاتبێت؛ واتە پێنج یۆنانی کە ئەو سنوورەیان بەرەو ئەکباتان بڕی. و ڕەنگە دەیان بۆچونی تریش ھەبێت لەسەر وشەی پێنجوێن و ناوەکەی.
ئەم ناوچەیە لە کۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە و دەشتی کشتوکاڵی ئاودار پێکھاتوە و پردی کەولۆز سنووری نێوان قەزای پێنجوێن و سەید سادقە و لە گوندی تەڕاتەوەنەوە دەست پێدەکات و بە گوندی میشیاوی سەر سنوور کۆتایی دێت و دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی ڕۆژھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥،٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی و ٩٦ کیلۆمەتر باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، و ١٣١٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و تێکڕای باران لە ساڵدا ٩٠٠ میلیمەترە. ڕووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کیلۆمەتری چوارگۆش کە بەم شێوەیە دابەش بوە.
واتە پێنجوێن لەڕووی کار گێڕییەوە پێکدێت لە قەزایەک و دوو ناحیە و نزیکەی ١٥٠ گوند کە لە ئێستادا چەند گوندێک چۆڵبوون یان بەرەو چۆڵبونی یەکجارەکی دەڕۆن. پێنجوێن ناوچەیەکی سنوورییە و ١٥١ کیلۆمەتر سنووری بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەیە، دووری نێوان ناحیەی ناڵپارێز و پێنجوێن ١٩ کیلۆمەترە و دووری نێوان پێنجوێن و ناحیەی گەرمکیش ١٢ کیلۆمەترە. ناوچەی پێنجوێن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆری ڕوەکی سرووشتی تێدایە و خاوەنی دارستانێکی زۆرە، ھەروەھا چەندین شاخ و لوتکەی بەرزیشی تێدایە. لەوانە زنجیرەچیای سریستان کە بەرزییەکانیان دەگاتە ٢٥٥٧ مەتر و بەرزترین لوتکەی ناوچەکەش شاخی سورکێوە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٥٦٤ مەتر و ھەر دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی سریستان، کە ھاوسنووری ئێرانە. پێنجوێن سنووری ھەیە بە شارەکانی بانە و مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھاوسنووری ھەردوو قەزای شارباژێر و سەید سادقیشە کە دوو قەزایتری وەک پێنجوێنن سەربە پارێزگای سلێمانین.
لە کتێبی سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان دا سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن نووسراوە:
پێنجوێن ٣٥٥٠ کەس دانیشتوانیەتی و لەو ڕێژەیەش ٣٠٠٠ کەسی کوردە و ٥٠٠ کەسیشی جوولەکەیە و ٥٠ کەسی مەسێحیشی تێدایە.
کە ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ناوچەی پێنجوێن جگە لە کورد، جوولەکە و مەسێحی شی تێدایە. ھەرچەندە مێجرسۆن باس لە بوونی کلدانیش دەکات لە ناوچەکەدا، بەڵام ھیچ سەرچاوەیەکیتر ڕاستیی ئەم قسەیەی نەسەلماندووە. ھەروەھا لە کتێبی گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان، ساڵی ١٨٢٠ کلۆد یۆس جیمس ڕیچ، باس لەوە دەکات کە کاتێک ھاتۆتە ناوچەکە و پێنجوێن ژمارەیەک جوولەکەی تێدایە کە زۆرینەیان سەرقاڵی کاری بازرگانین. ڕیچ ماوەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و گوندی ئەحمەد کلوانی کردۆتە شوێنی پشوودان و حەوانەوەی خۆی؛ دەڵێ تەنھا لە ناو پێنجوێندا جوولەکە نەبووە بەڵکو لە گوندەکانی سنوورەکەشدا جوولەکەی زۆری تێدا بوە و گوندی بێستانی سنووری پێجوێن بە نمونە دێنێتەوە و دەڵێ کە لەو گوندەدا ٤٠ماڵ دەژییان؛ لە چل ماڵە ٢٥ ماڵیان خەڵکەکەی موسڵمان بوون و ١٥ ماڵەکەی تریشیان جوولەکەبوون.
بەپێی ھەندێ سەرچاوەی ناڕەسمی ژمارەی دانیشتوانی پێنجوێن لەکاتی شەڕی یەکەمی جیھانیدا کە ھێشتا نەکرابوە ناحیە، بەڵام نیمچە شارۆچکەیەکی پێکدەھێنا، ١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠ کەس دەبوون. بەھۆی ئەنجامنەدان و دەستنەکەوتنی داتایەکی تەواو لەسەر ڕێژە و ژمارەی دانیشتوان لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا تەنھا و تەنھا دەتوانرێت پشت بە ئاماری ساڵی ١٩٧٧ ببەسترێت کە دەتوانرێت بەڕاسترین ئامار ناوببرێت؛ کەبەپێی ئەو ئامار و سەرژمێرییە سنووری قەزای پێنجوێن بەم شێوەیەیە:
بەھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران لەساڵی ١٩٨٠دا ناوچەی پێنجوێن بوە یەکێک لە ناوچە شەڕگەکان و چۆڵکرا، بەو ھۆشەوە ناوچەکە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ بێبەش بوە و نەتوانراوە ئامارێکی ڕاستر لەوەی ساڵی ١٩٧٧ دەست بکەوێت. بەپێی سەرژمێری و ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٤دا ژمارەی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن بریتیە لە ٤٤٥٠٦ کەس و ژمارەی خێزانەکانیشی ٨٥٢٧ خێزانە. ھەروەھا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی ٢٠٠٥دا بریتیە لە ٤٣٠٧١کەس.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن تیمی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرھێنانی سلێمانی (بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکان) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧دا ژمارەی دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن بریتیە لە ٣٨٢٧١ کەس کە لە ٦٣٧٨ خێزان پێکھاتوە و بەپێی ئەم ئامارەش ژمارەی دانیشتوانی سنووری قەزای پێنجوێن بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ ڕووی لە کەمی کردووە کە ھۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆڵبوونی بەشێکی زۆری گوندەکانی سنوورەکە بە ھۆی کەمی ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییەوە بووە. ئەوەی پێویستە بوترێت لە ئێستادا بەپێی دوایین ئامار لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ژمارەی دانیشتوانی مەڵبەندی قەزای پێنجوێن پێک ھاتووە لە ٥٣٩٤ خێزان و ٢٤٢٧٠ ھاووڵاتی.
پێنجوێن ناوچەیەکە کەدەتوانرێت لەڕووی ئابوورییەوە سودێکی ئێجگار زۆری لێوەربگیرێت و ببێتە پاڵپشتێکی بەھێزی حکومەت و ناوچەکەش. لەو ڕوەوە کە بە داخەوە تا ھەنووکەش نەتوانراوە کەمترین سوود لەو ھەموو سامانە سرووشتی و کانزاییانە وەربگیرێت کە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە، چەند لایەنێکی گرنگی ئابووری ناوچەکە کە نەتوانراوە سوودییان لێوەربگیرێت ئەمانەن:
ماڵپەڕی پێنجوێن [١]
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article پێنجوێن, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.