ژینا ئەمینی یان بە ناوی پێناسەیی مەھسا ئەمینی (بە فارسی: مهسا امینی) (٢٢ی تەممووزی ٢٠٠٠ لە سەقز – ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران) ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان کەوتە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆچی دواییی کرد.
مردنی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی ئێرانی لێکەوتەوە کە بەرھەمەکەی لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو بە شۆڕشی ژینا. ھەروەھا لە ئەنجامی کوژرانی ژینا ئەمینیدا بزووتنەوەی جیھانی ژن، ژیان، ئازادیی سەری ھەڵدا. ئەو و بزووتنەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردران بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
ژینا ئەمینی | |
---|---|
مەھسا ئەمینی | |
لەدایکبوون | |
مەرگ | ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ | (٢٢ ساڵ ژیاوە)
شوێنی حەوانەوە | گۆرستانی ئایچی سەقز |
ناسراوە بە | ئەشکەنجەدان و مردنی مێشک لەلایەن دەورییەی ڕێنوێنی، پۆلیسی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران |
ژینا ئەمینی لە ٢٢ی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا لەدایک بووە. ئەو وێڕای بنەماڵەکەی بۆ سەیران چووبوو بۆ پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران و لەورە ھاتبوون بۆ شاری تاران تا سەردانی خزم و کەسوکاریان لەو شارەدا بکەن. لە نزیکەی سەعاتی ٦ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەمە لە ١٣ی ئەیلوول لە نزیکی وێستگەی مترەوی شەھید حەقانی لە دووسایدی شەھید حەقانی لە شاری تاران لە حاڵێکدا کە لەگەڵ براکەی بوو، لەلایەن ھێزە ئینتیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی حیجاب دەستبەسەر کرا. دوای دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن کیارەش ئەمینیی برای، بەوە دەوترێت کە خوشکەکەی بۆ تێپەڕاندنی کلاسەکانی زۆرەملێ بۆ ئاگادارکردنەوە گواستراوە بۆ گرتنخانەی شەقامی ڤۆزەرای تاران و لانیزۆر تا سەعاتێکی دیکە ئازاد دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئامادەبووان و بینەرانی ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ژینا ئەمینی لە لێکخۆی ھێزە ئینتیزامییەکان ژێری ئەشکەنجە و لێدان کەوتووە.
بنەماڵەی ئەمینی ڕایان گەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی کچەکەیان ئاڵۆزی قەوماوە و بەرپرسەکانی ئینتیزامی لە براکەشیان داوە. خاڵی ژینا ئەمینی وتی: «براکەی مەھسا (ژینا) لەوێدا بووە و کاتێک ویستویەتی لە بەرامبەریان بەرگری بکات و نەھێڵێت، گازی فرمێسکڕێژییان لێوەشاندووە».
ژینا ئەمینی، دوو سەعات دوای دەستبەسەربوون و گواستران بۆ بنکەی پۆلیسی ئاسایشی ئاکاریی تاران لە شەقامی ڤۆزەرا، چووەتە کۆماوە و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی کەسرای تاران بەستەری کراوە. دوای ئەوەی کە بنەماڵەی ئەمینی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، پزێشکەکان دەڵێن کچەکەیان تووشی جەڵتەی مێشک و دڵ بووە و ئیتر ھۆشیاریی نەماوە.
کاتێک کیارەشی براکەی لەبەردەم گرتنخانەکە بووە، بە چاوی بینیویەتی کە ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن لە گرتنخانە چووەتە دەرەوە. لە پرسگەکە ھۆکارەکەی دەپرسێت و پێی دەوترێت کە شتێکی وا نییە و یەکێک لە سەربازەکانی خۆمان بووە کە بریندار بووە. دوای نیو کاتژمێر، کیارەش بە نیشاندانی وێنەی ژینا بە چەند ژنێک، کە لە گرتنخانەکە ئازاد بوونەتەوە، حاڵی دەبێت کە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە ھەڵگری جەستەی نیوەگیانی خوشکی خۆی بووە. موژگان ئەمینیی دایکی ژینا ئەمینی، کەمێک بەر لە بڵاوبوونەوەی ھەواڵی کۆچی دواییی ئەو گوتبوو کە پزیشکەکان خەریکی دیالیزکردنی ژینایەن و ڕای گەیاندبوو کە کچەکەی بە تەواوی ئازا و لەشساغ بووە. ژینا ئەمینی سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەربوون و کەوتنە کۆماوە، لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کۆچی دواییی کرد. کۆچی دواییی ژینا لەلایەن بنەماڵەکەی پشتڕاست کراوەتەوە.
بەرەبەیانیی ١٧ی ئەیلوول، تەرمی ژینا گواسترایەوە بۆ سەقز بە مەبەستی بە خاک سپاردن بردرا بۆ گۆرستانی ئایچی. کاربەدەستانی ئێران ویسیان زووتر بەخاکی بسپێرن بەبێ ئامادەبوونی خەڵک، بەڵام خێزانەکەی ڕێگریان لێکردن و نەیانھێشت تا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە. ھەروەھا بۆ ئەوەی خەڵک زۆر کۆنەبنەوە، ڕێگاکانی دەرەوەی شاری سەقز داخران. لە کاتی بەخاکسپاردنی، خەڵک دروشمیان دژی حکوومەتی ئێران دەوتەوە، وەک «مردن بۆ دیکتاتۆر» و «کوشتن لەسەر ڕووسەری تاکەی بکەین بوربەسەری».
ناوخۆیی
سیاسەتوانان
ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، ھاشتاگی «#مھسا_امینی» و "#MahsaAmini" لە دوای مردنی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن جار بەکارھێنراوە. لە شارەکانی وەک لەندەن و ئۆتاوا و پاریس و ڤییەنا گۆڕەپان و شەقام و پارک ھەیە کە بە ناوی ئەوەوە ناونراون.
لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ھێزە ئەمنییەکان لە تاران و شارەکانی دیکەی وەک سەقز شوێنی لەدایکبوونی ژینا ئەمینی جێگیرکران، چونکە ساڵێک بەسەر مردنی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت. باوکی لە کاتی دەرچوونی لە ماڵ لە ڕۆژاوای شاری سەقز دەستبەسەرکرا و دوای ئەوەی ئاگادارکرایەوە کە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە ئەنجام نەدات، ئازاد کرا. ھەروەھا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە زیادبوونی بوونی ھێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی دیکەدا کرد لە ھەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ھەر جۆرە نائارامییەک. ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات ڕۆژی ھەینی لە برۆکسل خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و چاوەڕوان دەکرا جگە لە کەنەدا و ئەمریکا لە شوێنەکانی دیکەی ئەورووپا خۆپیشاندانی زیاتریش بەڕێوەبچێت. ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و شانشینی یەکگرتوو بە جیا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و قەوارەی ئێرانی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەمینی ڕاگەیاند.
لە ئەمریکا یاسای مەھسا ئەمینی بۆ لێپرسینەوە لە مافەکانی مرۆڤ و ئاسایش (MAHSA Act) بۆ یەکەمجار لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، پێشکەش بە ١١٧ھەمین کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا. مەبەستی دانانی سزا بەسەر سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. پڕۆژە یاساکە بە HR 589 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و بە S.2626 بۆ ئەنجومەنی پیران لە ١١٨ھەمین کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا پێشکەشکرایەوە.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە ساڵی ٢٠٢٣یان بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. سەرۆک ڕۆبێرتا مێتسۆلا ڕای گەیاند:
١٦ی ئەیلوول ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ژیان مەھسا ئەمینی تێپەڕی. پەرلەمانی ئەورووپا لەگەڵ ئەو کەسە بوێرانەیە کە ھەمیشە شەڕی یەکسانی، شکۆ و ئازادی دەکەن لە ئێران. ئێمە، لەگەڵ ئەوانەین کە تەنانەت لە زیندانیش درووشمی ژن، ژیان، ئازادی زیندوو دەێڵنەوە. بەدەستنیشانکردنیان بە براوەی خەڵاتی ساخارۆڤی ٢٠٢٣ بۆ ئازادیی بیرکردنەوە، ئێمە یادیان دەکەین و ھەمیشە لەگەڵ ئەوانەین کە زۆرترین خەباتیان بۆ ئازادی کرد.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ژینا ئەمینی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ژینا ئەمینی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.