عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا ناسراو بە عەزیز گەردی (١٩٤٧ لە بەحرکە، ھەولێر – ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە ھەولێر) نووسەر و وەرگێڕێکی کورد بوو.
عەزیز گەردی زۆر شاکاری جیھانی بۆ سەر زمانی کوردی ناوەندی وەرگێڕاوە. گەردی دەرچووی بەشی زمانی فەڕەنسی بوو لە زانکۆی بەغدا، دواتر لە ساڵانی ١٩٩٤ و ١٩٩٩ بڕواننامەکانی ماستەر و دکتۆرای بەدەست ھێنا.
عەزیز گەردی | |
---|---|
لەدایکبوون | عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا ١٩٤٧ بەحرکە، ھەولێر |
مردن | ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ھەولێر | (٧٤–٧٥ ساڵ ژیاوە)
پیشە | نووسەر و وەرگێڕ |
زمان | کوردیی ناوەندی |
نەتەوە | کورد |
عەزیز گەردی جگە لە فەڕەنسی ئەوا زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی لەگەڵ دیالێکتە جیاوازەکانی کوردی زانیوە. ئەو کۆمەڵێک شاکاری ئەدەبیی جیھانی وەرگێڕاوە لەوانە داغستانی من، کۆمێدیای یەزدانی، بەرھەمەکانی تۆلستۆی و ئۆریانا فالاچی وەرگێڕاوە.
ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، عەزیز گەردی لە شاری ھەولێر بەھۆی سستبوونی گورچیلە کۆچی دواییی کرد.
عەزیز گەردی لە ساڵی ١٩٤٧ لە بەحرکەی سەر بە پارێزگای ھەولێر لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی ھەر لە بەحرکە تەواو کردووە. ئەو بڕوانامانەی کە لە ژیانیدا بەدەستیھێناون بریتین لە: بەکالۆریۆس لە بەشی زمانی فەڕەنسی زانکۆی مووسڵ، ماستەر لە ئەدەبی کوردی لە ساڵی ١٩٩٤ و دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی لە ساڵی ١٩٩٩. بڕوانامەی دکتۆرای دووەمی لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی کۆیە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەدەستھێناوە.
عەزیز گەردی گرێیەکی شیرپەنجە لە گورچیلەیدا ھەبوو، بەو ھۆیەوە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدراوە و دواتر دۆخی تەندروستی باش بووەتەوە. بەھۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە، عەزیز گەردی چووەتە دەرەوەی وڵات، لەوێ دوای چارەسەر یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ دەردەھێنن و دوای گەڕانەوەی بۆ ھەولێر بە چەند ڕۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی تووشی ئازار دەبێت. لە سەرەتای ئەم مانگە بەھۆی سستبوونی گورچیلەکانی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەتی ژین لە شاری ھەولێر کراوە. گەردی لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی تایبەتی ژین کۆچی دواییی کرد.
كۆمەڵێک لە ھونەرمەندان، نووسەران و ڕۆشنبیران بە دەربڕینی بەیاننامەیەک داوایان لە نێێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردی تا کتێبخانەکەى عەزیز گەردى لە مۆزەخانەیەکى نیشتیمانی بپارێزرێت.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عەزیز گەردی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.