مەلا مستەفا کوڕی مەلا ڕەسووڵ ناسراو بە عاسی (لەدایکبووی ١٨٨٥ مردووی ١٩٧٥، کۆیە) یەکێکە لە شاعیرانی کلاسیکی کورد، ئەندام بووە لە یەکێتی نووسەرانی کورد و کۆمەڵی ھونەر و ئەدەبی کوردی.
خاوەنی چەندین نووسین و وەرگێڕانە بە ھەردووک زمانی کوردی و فارسی.
ناوی مەلا مستەفا کوڕی مەلا ڕەسووڵ کوڕی مەلا ئەبوبەکر کوڕی مەلا عەباس کوڕی مەلا محەممەد کوڕی مەلا عوسمان کوڕی مەلا ئەحمەد لە ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی خەرابە سەر بە شاری کۆیە لە دایک بووە. عاسی بە کەسێکی قسە خۆش و نوکتەبێژ و دەم بە خەندە بووە، و پەیوەندی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆی ھەبووە وەک قانیع، بێخود، عەونی، سافی، و ئاژگەیی.
دەرسی لەلای باوکی مەلا ڕەسووڵ خوێندووە پاشان چووە بۆ کۆیە و دەرسی لەلای مەلا گەورە و لە سەرگەڵو لەلای مەلا ئەحمەد، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کۆیە، لە مزگەوتی قامیش دەرسی لەلای مەلا ئەحمەد بێڵاوەیی خوێندووە، ماوەیەکیش بۆ دەرس خوێندن سەردانی سلێمانی و بیارەی کردووە. ھەرچەند نەزانراوە عاسی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتبێت بەڵام لە چەند شوێنێک مەلایەتی کردووە وەک گوندەکانی خەرابە، کانی کوردە، کانی بی، شیواشۆک، تەلان، قەمچۆغە، بانەگوڵان، بۆگد، و شاری کۆیە.
عاسی لەگەڵ مەلایەتی دوکانداریشی کردووە، ھەروەھا چالاکانە بەشداری جموجۆڵی ئەدەبی شاری کۆیەی کردووە و ئەندام بووە لە کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی لقی کۆیە و یەکێتی نووسەرانی کورد لقی ھەولێر.
فرسەتە ئەی کورد دەخیلە قەت نەکەن بکشێنەوە
ئینتیقامی دین و نامووس زوو بە زوو بستێننەوە
بەو خودایەی لامەکانە بێ خودا ھیچ ناکرێ
ببنە حیزبوڵڵا عەزیزم قەت لەیەک مەپسێنەوە
پشتیوانتان گەر خودا بێ کێ ھەیە خۆی ڕاگرێ
خوا لە قورئان وەعدی داوە ئایەتە بخوێننەوە
ئیشراکی و مارکسی بۆ دینی ئیسلام ئاگرن
بۆ خودا تێکۆشە ئەی کورد ھەردوولا بکوژێننەوە
ئەو کەسەی فەتوای کە داوە پیاو و ژن تێکەڵ ببن
دیارە بێناموسە بۆخۆی زووچنە بیشکێننەوە
ژاری وەی بابی نیفاقە جەرگی کوردی واڕزاند
زوو بە بەردی یەکگرتیتان مێشکی ئەو بپژێننەوە
سەیری تاریخ و کتێب کەن ھەر نیفاقە کوردی کوشت
(عاسی) جارگی پڕ برینە چیتری مەکولێننەوە.
لە ٢٣ ی ئەیلوولی ١٩٧٥ لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شەھیدان بەخاک سپێردراوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عاسی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.