لە لۆژیکدا، ھەڵھێنجان یەکێ لە شێوازەکانی بەکاربردنی ئەقڵ بۆ ئاکامگری و بەڵگەھێنانەوەیە کە تێیدا ئەگەر پێشەکییەکان دروست بن ئاکامی دەستکەوتوو بێشک دروستە.
بەڵگەیەک کە بە ھەڵھێنجان دروست ببێ یا حوکمێک کە بە ھەڵھێنجان دەست بکەوێ، بڕاوە و جێگەی باوەڕ و متمانەیە، بە مەرجێک کە ھاتنی ئاکام لە شوێن پێشەکییەکاندا بەپێی یاسا و ڕێساکانی لۆژیک بووبێ. واتە ئەگەر پێشەکییەکان ڕاست بن مەحاڵە ئاکام ھەڵە بێ. بۆ وێنە، لە «گشت ئینسانێک فانییە» و «سوقراتیش ئینسانێکە» -ەوە گەیشتن بە «سوقراتیش فانییە» ھەڵھێنجانێکی جێی باوەڕە.
پتر، ھەڵھێنجان (یا فۆرمێکی تایبەتی کە قیاس -ی پێ دەوترێ) لە بەرامبەر ئیستیقراوە دادەنرێت. بە پێچەوانەی ئیستیقرا، لە ھەڵھێنجاندا ئاوەزان لە تێکڕایییەوە بەرەو تاکە.
ھەڵھێنجان، کە ھەڵێنجان -یش دەنووسرێ و لە کەڵھوڕیدا ئەڵونجانن -ی پێ دەوترێ، بە مانای «ئاو لە بیر ھەڵکێشان» -ە. ھاوڕیشەی «آهنجیدن» و «آهیختن» -ی فارسییە. وشە عەرەبییەکەش، استنباط، ھەر ئەو مانای «ئاودەرکێشان» -ەی ھەیە. deduction -یش کە لە بنەڕەتدا لاتینییە واتە «دەرھێنان» و «دەرکێشان» و «لێگرتن».
بەڵگەھێنانەوەی ھەڵھێنجانی بەوە ھەڵدەسەنگێندرێ کە ئاخۆ بەڵگەکە بەبڕستە (valid) یان نا، ھەروەھا ساغە (sound) یان ناساغە. بەڵگە بەبڕستە (یان بەدەسەڵاتە، یان زۆردارە، یان ڕەوایە) ئەگەر پێشەکییەکان لە گەرەنتیکردنی ئاکامەکەدا سەرکەوتوو بن، یانی ئاکامەکە بەپێی پێشەکییەکان ڕەوا و بەجێ بێ و ئەقڵ بیبڕێ. ئەگەر پێشەکییەکان ڕاستیش بن، ئەو کات دەڵێن بەڵگەکە ساغیشە. ھەموو بەڵگەھێنانەوەیەکی ھەڵھێنجانی یان بەبڕستە یان بێبڕستە، و یان ساغە یان ناساغە، حاڵەتی ناوەڕاستی نییە، وەک ئەوەی بڵێی تا ڕادەیەک بەبڕستە.
بۆ نموونە، ئەم ھەڵھێنجانە دەیبڕێ (بەبڕستە)، بەڵام ساغ نییە:
ئێستا ھەتاوە، ھەر کات ھەتاو بێ کەس چەتر لەگەڵ خۆی ناھێنێ، کەوایە، ئێستا کەس چەتری پێ نییە.
ئەمە ساغ نییە، چونکە پێشەکیی دووەم، «ھەر کات ھەتاو بێ کەس چەتر لەگەڵ خۆی ناھێنێ»، ڕاست نییە، کەس ھەیە لە کاتی ھەتاویشدا چەتری پێیە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەڵھێنجان تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ھەڵھێنجان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.