ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ ڕووسیا ھەڵمەتەکانی بۆ داگیرکردنی ئوکراینا لە ئەنجامی پەرەسەندنەکانی شەڕی نێوانیان کە لە ساڵی ٢٠١٤ سەری هەڵدابوو دەستپێکرد.دەیان هەزارکەس لە هەردوو لا کوژراون،هێزەکانی ڕووسیا بە بەرپرسیاری کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و دیلە سەربازییەکانی ئوکراینا و ئەشکەنجەدانیان دادەنرێن.تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ نزیکەی ٨ ملیۆن ئۆکراینی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ئوکراینا بوون هەروەها زیاتر لە ٨.٢ ملیۆن تا مانگی ئایاری ٢٠٢٣ لە وڵاتەکەیان ئاوارە بوون و گەورەترین قەیرانی پەنابەرانیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەورووپا دروستكرد.

ماوەی چەند مانگێک پێش لەشکرکێشییەکە، سەربازانی ڕووسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکران،لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار پلانی هێرشکردنەکەیان ڕەتکردەوە. ڤلادیمیر پوتین "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت"ی ڕاگەیاند بۆ پشتگیریکردن لە کۆمارە جیابووەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە، ئیدیعای کرد ئامانجەکە " داماڵینی سەربازی " و " بێنازیکردنی" حکومەتی ئوکراینایە.هەروەها ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئوکرانیا لەلایەن نیونازییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و کەمینەی نەتەوەیی ڕووسییان گۆشەگیر کردووە.لە خولەکەکانی دواتر، ھێرشی ئاسمانی و مووشەکبارانکردن بە درێژایی بەرەی باکوور لە بێلاڕووسەوە بەرەو کیێڤ و بەرەی باکووری ڕۆژهەڵات بەرەو خارکیڤ و بەرەی باشوور لە کریماوە و بەرەی باشووری ڕۆژهەڵات لە دۆنباسەوە دەستیپێکرد. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی یاسای حکوومەت نیزامی دەرکرد و فەرمانی کۆکردنەوەی گشتی دەرکرد.

سەربازانی ڕووسیا تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢ لە بەرەی باکوور پاشەکشەیان کرد. لە بەرەی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات، ڕووسیا لە مانگی ئازاردا خێرسۆنی گرت و لە مانگی ئایاردا دوای گەمارۆدانێکی دژوار ماریۆپۆلی داگیرکرد . لە مانگی نیساندا ڕووسیا شەڕێکی نوێی لە دۆنباس دەستپێکرد. هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان، لەنێویاندا تۆری وزەی کارەبا. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ئۆکرانیا هێرشی بەرپەرچدانەوەی لە باشوور و ڕۆژهەڵات دەستپێکرد. لە تشرینی دووەمدا ئۆکرانیا بەشێک لە ئۆبلاستی خێرسۆنی کۆنترۆڵکردەوە . لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣، ڕووسیا نزیکەی ٢٠٠ هەزار سەربازی بۆ هێرشێکی نوێ لە دۆنباس کۆکردەوە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئۆکرانیا هێرشێکی دژە هێرشی لە باشووری ڕۆژهەڵات دەستپێکرد.

ئەم لەشکرکێشییە بەرەوڕووی ئیدانەکردنی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بووەوە. کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ES-11/1 ی دەرکرد کە لەشکرکێشییەکەی ئیدانە دەکات و داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ڕووسیا دەکات. دادگای دادی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ڕوسیا کرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرێت و ئەنجومەنی ئەوروپا ڕوسیای دەرکرد.

بەهۆی ئەم لەشکرکێشییەوە لە زۆرێک لە ولاتانی جیهان خۆپیشاندانی فراوان کرا و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.لە ناوخۆی ڕووسیاش بەهەمان شێوە خۆپیشاندان ئەنجامدرا و بە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و زیادبوونی سانسۆری میدیاکان سەرکوتکران. زیاتر لە هەزار کۆمپانیا لە وەڵامی ئەو لەشکرکێشییەدا ڕووسیا و بێلاڕوسیان بەجێهێشت . دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەگەری تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و ڕفاندنی منداڵان و کۆمەڵکوژی لە کاتی داگیرکارییەکەدا کردەوە و لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتین دەرکرد.

پاشخان

دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ چەندین ناوچەی ئەم وڵاتە سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاند، لەو ماوەدا ڕووسیا و ئوکراینا بەردەوام بوون لە درێژەدان بە دروستکردنی پەیوەندییەکانیان. ساڵی ١٩٩٤ ئوکراینا ڕازی بوو دەستبەردای جبەخانەی ناوکییەکانی بێت بۆ ڕووسیا، ڕێککەوتنامەی بۆدابێست واژوو بکات، لەبەرامبەر ئەوەی ڕووسیا و ئەمریکا و بەریتانیا گەرەنتی پاراستنی ئوکراینا و ڕێگریکردن لە ھەر ھێرشێک کە ببێتە ھۆی ئەوەی مەترسی بخاتە سەر خاکی ئوکراینا. دوای پێنج ساڵ لە واژووکردنی ڕێککەوتنامەی بۆدابێست، ڕووسیا یەکێک بوو لە واژووکەرانی پەیماننامەی ئاسایشی ئەورووپا کە لە ئەستەمبۆڵ ١٩٩٩ بەڕێوەچوو. لە یەکێک لە خاڵەکانی پەیماننامەکە ھاتبوو مافی سروشتی ھەر وڵاتێکە کە ئازادە لە ھەڵبژاردن و گۆرینی شێوازی ڕێکارە ئەمنییەکانی خۆی. لەگەڵ ئەوەی ئوکراینا لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆی سیاسی و سنووری خۆی ڕاگەیاند، بەڵام ئەمە بۆ سەرکردایەتی ڕووسیا ئەو ناوچەیە بە گۆڕەپانی دەسڕۆیی سەیرکردووە، تەنانەت ساڵی ٢٠٠٨ ڤلادمیر پوتین بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەندام بوونی ئوکراینا لە ناتۆ ڕاگەیاند. چەندین وڵاتی پێشووی بلۆکی ڕۆژهەڵات پەیوەندییان بە ناتۆوە کرد، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە وەک قەیرانی دەستووری ڕووسیا لە ساڵی ١٩٩٣ ، شەڕی ئەبخازیا (١٩٩٢-١٩٩٣) و جەنگی یەکەمی چیچان (١٩٩٤-١٩٩٦). سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەندامانی ناتۆ لە ساڵی ١٩٩٠ بەڵێنیان داوە کە ڕێگە نەدەن هیچ وڵاتێکی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەشداری بکەن، ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە. لە لوتکەی بوخارێستی ساڵی ٢٠٠٨ دا، ئۆکرانیا و گورجستان هەوڵیاندا بچنە ناو ناتۆ. وەڵامی ئەندامانی ناتۆ دابەش بوو، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا نیگەران بوون لە دژایەتیکردنی ڕووسیا. ناتۆ ڕەتیکردەوە ئەندامێتی ئۆکرانیا و گورجستان وەربگرێت، بەڵام جاپ دی هوپ شێفەر بەیاننامەیەکیشی بڵاوکردەوە و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی هەردوو وڵات ڕۆژێک ببنە ئەندامی ناتۆ. پوتین بە توندی دژی داوای ئەندامێتی ناتۆ بوو و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆڤ وتی ڕووسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕێگریکردن لە وەرگرتنیان.

پاش ھەوڵە بەردەوامەکانی ئوکراینا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ سەرۆکی ڕووسیا ستراتیژی داگیرکردنی ئەو وڵاتەی داڕشت بە بیانووی ئەوەی گەلی ئۆکرانی و ڕووسی یەک نەتەوەن و بەھۆی ڕووداوەکانی یەکێتی سۆڤیەت لەیەکتری جیاکراونەتەوە. ھەروەھا بەبیانووی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ڕووسیا، دژایەتی خۆی بۆ ئەندامییەتی ئوکراینا لە ناتۆ ڕاگەیاند.

نائارامییەکانی ئۆکرانیا، چالاکییەکانی ڕووسیا لە کریمیا و دۆنباس

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سەرۆکی ئۆکرانیا لەناکاو واژۆکردنی ڕێککەوتنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانی ئۆکرانیای هەڵوەشاندەوە و لەبری ئەوە پەیوەندی نزیکتری لەگەڵ یەکێتی ئابووری ئۆراسیا بە سەرۆکایەتی ڕووسیا هەڵبژارد. ڕووسیا لەم کارە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە کە بە یۆرۆمایدان ناسراوە، کە گەیشتە لوتکە بە لابردنی یانۆکۆڤیچ لە شوباتی ٢٠١٤ و دواتر نائارامییەکانی لایەنگری ڕووسیا لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا. سەربازانی ڕووسیا بەبێ نیشانە پێگە و ژێرخانی ستراتیژییان لە خاکی ئۆکرانیا لە کریمە کۆنترۆڵ کرد، و دەستیان بەسەر پەرلەمانی کریمەدا گرت . لە مانگی ئازاردا ڕووسیا ڕیفراندۆمێکی مشتومڕاوی ڕێکخست و کریمیای گرتەوە . دواتر سەرهەڵدانی شەڕ لە دۆنباس هات کە لە نیسانی ٢٠١٤ دەستی پێکرد کاتێک جوداخوازە چەکدارەکان کە لەلایەن ڕووسیا پشتیوانی دەکرێن دەستیان بەسەر بیناکانی حکومەتی ئۆکرانیادا گرت و کۆماری گەلی سەربەخۆی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوهانسکیان ڕاگەیاند. سەربازانی ڕووسیا لەو ململانێیەدا بەشدار بوون. ڕێککەوتننامەکانی مینسک کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ و شوباتی ٢٠١٥ واژۆ کران، هەوڵێک بوو بۆ وەستاندنی شەڕەکان، بەڵام ئاگربەستەکان چەندین جار شکستی هێنا. ناکۆکییەک لەسەر ڕۆڵی ڕووسیا سەریهەڵدا: ئەندامانی نۆرماندی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئوکرانیا مینسکیان وەک ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بینی، لەکاتێکدا ڕووسیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئۆکرانیا پێویستە ڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ دوو کۆماری جیابووەوە بکات. لە ساڵی ٢٠٢١ پوتین پێشنیارەکانی زێلێنسکی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئاستی باڵا ڕەتکردەوە، حکومەتی ڕوسیاش پشتگیری لە بابەتێکی دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ڕووسیایە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆکرانیا بێمانایە.

لکاندنی کریمیا بووە هۆی شەپۆلێکی نوێی ناسیۆنالیزمی ڕووسیا، کە بەشێکی زۆری بزووتنەوەی نیوئیمپریالیزمی ڕووسیا ئاواتەخوازی لکاندنی زیاتری زەوی ئۆکرانیا بوون بۆ دروستکردنی نۆڤۆرۆسیا (ڕووسیای نوێ). لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١ پوتین وتارێکی بە ناوی " لەسەر یەکێتیی مێژوویی ڕووس و ئۆکراینیەکان " بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان " یەک گەلن ". لە بنیاتنانی ئەو لەشکرکێشییەدا، پوتین ئیدیعای کرد کە ئۆکرانیا لەلایەن بەلشەفییەکانی ڕووسیاوە دروستکراوە و "هەرگیز نەریتی دەوڵەتبوونی ڕاستەقینەی نەبووە". چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردایەتی ڕووسیا ڕوانگەیەکی شێواوی بۆ ئۆکرانیای مۆدێرن هەیە

پێشەکی

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا 
دەزگا ھەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ھەڵسەنگاندنێکیان بۆ جووڵەی ھێزە ڕووسییەکان کردووە.

لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ٢٠٢١، ڕووسیا دەستی بە بنیاتنانی بنکەی سەربازی گەورەی کرد لە نزیک سنووری ڕووسیا و ئۆکرانیا. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا شوباتی ٢٠٢٢، بنکەکان زیاتر فراوان کران لە نزیک سنووری ڕووسیا و بێلاڕوس. ئەندامانی حکومەتی ڕووسیا چەندین جار ڕەتیانکردەوە کە پلانیان هەبێت بۆ داگیرکردن یان هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا؛ لەوانە دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی حکومەت لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوە لە ١٩ی ژانویەی ٢٠٢٢، ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمریکا لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢، و باڵیۆزی ڕووسیا لە چیک ئەلێکساندەر زمیڤسکی لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢.

نیکۆلای پاتروشێڤ سەرۆکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پوتین, کە بە دژە ڕۆژئاوا ناسراوە و ڕایگەیاند کە ڕۆژئاوا لە ململانێیەکی ڕانەگەیەندراودایە لەگەڵ ڕووسیا. ستراتیژی نوێکراوی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە کە ڕەنگە ڕووسیا "شێوازی زۆرەملێ" بەکاربهێنێت بۆ "پووچەڵکردنەوە یان ڕێگریکردن لەو کردەوانەی کە هەڕەشە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ڕووسیا دەکەن". ڕووسیا داوای کرد کە ناتۆ پەیماننامەیەک واژۆ بکات کە ڕێگری بکات لە ئۆکرانیا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات ، هەروەها داوای کرد هێزە فرەنەتەوەییەکان لە وڵاتانی ئەندامی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ناتۆ دووربخرێنەوە. ڕووسیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی دیارینەکراوی کرد ئەگەر ناتۆ "هێڵێکی دووژمنکارانە" پەیڕەو بکات. ئەم داواکاریانە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک شتێکی نادروست سەیر دەکران؛ دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بە هۆکاری ئەمنییەوە بە ئارەزووی خۆیان پەیوەندییان بە ناتۆوە کردبوو پەیماننامەیەک بۆ ڕێگریکردن لە پەیوەستبوونی ئۆکرانیا پێچەوانەی سیاسەتی " دەرگای کراوە "ی ناتۆ دەبێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی بێ جۆش و خرۆشی ناتۆ بۆ داواکارییەکانی ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندام . ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە وەڵامدا وتی "ڕووسیا مافی ئەوەی نییە گۆڕەپانی دەسڕۆیی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دراوسێکانی بدات". سیاسەتی فەرمی ناتۆ ئەوەیە کە ناتۆ بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەدا ناگەڕێت.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتس ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەردووکیان لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ هەوڵیان دا بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ. ماکرۆن چاوی بە پوتین کەوت بەڵام نەیتوانی قەناعەتی پێبکات کە هێرش نەکات و نەچێتە پێشەوە. شۆڵتس هۆشداری دایە پوتین لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا سزای قورس دەسەپێندرێت. هەروەها داوای لە زێلێنسکی کرد واز لە خواستەکانی پەیوەستبوون بە ناتۆ بهێنێت و دۆخی بێلایەنی ڕابگەیەنێت؛ بەڵام زێلێنسکی وتی ناتوانرێت متمانە بە پوتین بکرێت .

ڕاگەیاندنی لەشکرکێشی

وتاری پوتین لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢.پاش چەند خولەکێک لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆتین، ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی کیێڤ، خارکیڤ، ھەرێمەکانی دۆنباس دەستی پێکرد

لە ٢١ی شوباتدا پوتین وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە ناوچەکانی ئۆکرانیا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە وەک دەوڵەتی سەربەخۆ ناساندووە: کۆماری گەلی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوهانسک. ڕۆژی دواتر ڕووسیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وەک "ئاشتیپارێز" دەنێرێتە ناو خاکەکان، لە کاتێکدا ئەنجومەنی ڕووسیا ڕێگەی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دەرەوەی وڵات دا.

کەمێک پێش کاتژمێر ٠٥:٠٠ ی بەیانی بە کاتی ئوکراینا (٠٢:٠٠) و کاتژمێر (٠٦:٠٠ بەکاتی مۆسکۆ) ڕۆژی ٢٤ی شوبات، پوتین وتارێکی دیکەی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە ڕووسیا "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە "پاراستنی گەلی دۆنباس" بووە، لە کۆمارە جیابووەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە. بەشێوەیەکی ناڕاست بانگەشەی ئەوەی کرد کە "ڕووبەڕووی ستەم و جینۆساید بوونەتەوە کە لەلایەن ڕژێمی کیێڤەوە ئەنجامدراوە". هەروەها پوتین بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکومەتی ئۆکرانیا نیو نازییە و لە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاوادا، ئۆکرانیا پەرە بە چەکی ئەتۆمی دەدات و ناتۆ ژێرخانی سەربازی لە ئۆکرانیا بۆ هەڕەشەکردن لە ڕووسیا دروست دەکات. وتی ڕووسیا داوای "داماڵینی سەربازی و بێنازیکردن"ی ئۆکرانیا دەکات. لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا ھیچ پلانێک بۆ زیانگەیاندن بە خەڵکی ئوکراینا دانەنراوە.ھەروەھا داوای لە سەربازانی ئوکراینا کرد کە لە سەرسنورەکان بکشێنەوە و چەک دابنێن بەو شێوەیە پارێزراو دەبن.دواتر ڕاپۆرتێکی گوماناوی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا (FSB) دزەپێکرا و تیایدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە دەزگای هەواڵگری ئاگاداری پلانی پوتین نەبووە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

داگیرکاری

ڕۆژی ٢٤ی شوبات،پاش چەند خولەکێک لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆتین، ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکاجی کیێڤ، خارکیڤ، ھەرێمەکانی دۆنباس دەستی پێکرد لە سنووری ڕۆژھەڵاتی ئوکراینا. بەرپرسانی ئۆکرانی ئاماژەیان بەوەدا کە سوپای ڕووسیا لە ئۆدیسا و ماریۆپۆل دابەزیون و بە مووشەکی کروز و مووشەکی بالستیک ھێرشیان کردووەتە سەر کۆگاکانی سەربارزی و فڕۆکەخانە لە کیێڤ و خارکیڤ و دنیپرۆ و تەقاندوویانەتەوە.بەڵام لە دواتر سوپای ئوکراینا ڕاپۆرتی نیشتنەوەی سوپای ڕووسیا لە ئۆدیسای ڕەت کردەوە، لە کاتژمێر ٦:٤٨ خولەکی بەیانی لەناوچەی نێوان ڕووسیا و ئوکراینا و بیلاڕووس ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوپای ڕووسیا چوونە ناو ئوکراینا.بەوتەی ئانتۆن ھێراشینکۆی وەزیری دەرەوەی ئوکراینا، پاش کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی بەیانی (کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەکاتی جیھانی) سوپای ڕووسیا ناوچەیەکی نزیک شاری خارکیڤ داگیرکرد، پاشان بەرەو شارەکانی ماریۆپۆل و ئۆدیسا پێشڕەویان کرد. کاتژمێر ٠٧:٤٠ خولەکی بی بی سی لە زاری سەرچاوەکانی ترەوە ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ڕووسیاش لە ڕێگەی بیلاڕووسەوە دەچنە ناو ئەو وڵاتەوە. لە پاشان ھێزی پاسەوانی سنووری ئۆکرانین ڕاپۆرتی ھێرشکردنە سەر سەر پێگەکانی لوھانسک، سومی، خارکیڤ، چەرنێھێڤ و گیتۆمیر و ھەروەھا دوورگەکانی کریمیای بڵاوکردەوە و بەرپەرچیان داوەتەوە، لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕای گەیاند ھیچ بەرگرییەک لەلایەن سوپای ئوکراینا نەبووە، وەزارەتی ناوخۆی ئوکراینا بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی ڕووسیا چوونەتە ناو گوندەکانی ھۆڕۆدییشچە و میلۆڤ لە لوھانسیکان. ناوەندی پەیوەندی ستراتیژی ئوکرانی ڕای گەیاند کە سوپای ئوکراینا لە ھێرشێکدا توانیان ناوچەی شاشاستیان لە نزیک لوھانسک گرتووەتەوە، نزیکەی ٥٠ کوژراوی ڕووسیای لێکەوتووەتەوە. دوای ئەوەی بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەکارکەوت، ماڵپەری وەزارەتی بەرگری ئوکراینا بەردەست بووە و، لەوێدا ڕاگەیەندرا کە پێنج فڕۆکە و ھەلیکۆپتەرێکی ڕووسیایان لە لوھانسک خستووەتە خوارەوە. ئۆتۆمبێلە ڕووسییەکان بە هێمای سەربازیی (پیتی Z ) نیشانە کرابوون، کە پێدەچێت ڕێوشوێنێک بێت بۆ ڕێگریکردن لە تەقەکردن لە خۆیان.

کاتێک لەشکرکێشییەکە دەستیپێکرد، زێلێنسکی یاسای سەربازی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند. هەر ئەو ئێوارەیە فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەوانەی توانای ھەڵگرتنی چەکیان ھەیە لە نێوان ١٨ بۆ ٦٠ ساڵدا، بەجێهێشتنی وڵاتیان قەدەغە کرد. بەپێی زانیارییەکان بەکرێگیراوانی گروپی ڤاگنەر و هێزەکانی چیچان چەندین هەوڵیان داوە بۆ تیرۆرکردنی زێلێنسکی . حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ئەم هەوڵانە پووچەڵکراونەتەوە لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووبەڕووی خۆڕاگرییەکی توندی ئوکرانیا بوو وەوە. لە کیێڤ، ڕووسیا نەیتوانی شارەکە بگرێت، چونکە هێرشەکانی لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شار لە کاتی شەڕەکانی ئیرپین و هۆستۆمێل و بوچا بەرپەرچدرانەوە. سوپای ڕووسیا هەوڵیدا پایتەخت گەمارۆ بدات، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا بەرپەرچیان دانەوە. ئۆکرانیا چەکی ڕۆژئاوایی بە شێوەیەکی فراوان بەکارهێنا، لەوانە مووشەکی دژە تانکی جاڤلین و موشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەر ، کە هێڵەکانی ڕووسیای تەنکتر کرد و هێرشەکەی وەستاند. بەرگری لە پایتەختی ئۆکرانیا لە ژێر فەرمانی جەنەڕاڵ ئۆلیکساند سیرسکی بوو.

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا 
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەگەڵ ئەندامانی سوپای ئۆکرانیا لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

سوپای ڕووسیا لە بەرەی ڕۆژئاوا لە دەوری شارە سەرەکییەکانی چێرنیھێڤس ئۆبلاست، سومی و خارکیڤ تاکتیکی گەمارۆدانی گرتەبەر، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی توند و پاشەکشەی لۆجستییەوە نەیتوانی دەستیان بەسەردا بگرێت. لە بەرەی باشووریشدا هێزەکانی ڕووسیا لە ٢ی ئازاردا شاری گەورەی خێرسۆنیان گرت. لە میکۆلایڤ ئۆبلاست تا ڤۆزنێسنسک پێشڕەوییان کرد بەڵام لە باشووری میکۆلایڤ دوورخرانەوە. لە ٢٥ی ئازاردا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەمی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" لە ئۆکرانیا "بە گشتی تەواو بووە"، کە هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە. "قۆناغی یەکەم"ی لەشکرکێشییەکە لە چوار بەرەدا ئەنجامدرا تا ٧ی نیسان، سەربازانی ڕووسیا کە لە ناوچەی سەربازی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە بۆ بەرەی باکوور جێگیرکرابوون، لە هێرشی کیێڤ پاشەکشەیان کرد لە ٢٦ی نیساندا نوێنەرانی ئەمریکا و ٤٠ وڵاتی هاوپەیمان لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە و تاوتوێی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ دابینکردنی پاڵپشتی ئابووری و پێداویستییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا. دوابەدوای وتاری ڕۆژی سەرکەوتنی پوتین لە سەرەتای مانگی ئایاردا، ئەڤریل هاینز، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، نابێت چاوەڕوانی چارەسەری کورتخایەن بۆ ئەو لەشکرکێشییە بکرێت.

پشتبەستنی ئۆکرانیا بە ئامێرە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا، کاریگەریی کارکردنی سنووردار کرد، چونکە بەشێک لە وڵاتانی دابینکەر ترسیان لەوە هەبوو ئوکرانیا کەرەستەی دروستکراوی ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت لە ئامانجەکانی ناو ڕووسیا. شارەزایانی سەربازی لەسەر داهاتووی ململانێکان ناکۆک بوون؛ هەندێک پێشنیاریان کرد کە ئۆکرانیا پێویستە هەوڵ بۆ ئاشتی بدات، لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیانوابوو کە ئۆکرانیا دەتوانێت بەرگری بکات بەهۆی زیانەکانی ڕووسیا.

تا ٣٠ی ئایار، جیاوازی نێوان تۆپھاوێژەکانی ڕووسیا و ئوکرانیا دیار بوو. لە وەڵامی ئاماژەدان بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە تۆپھاوێژی پێشکەوتوو بۆ ئوکرانیا دابین دەکرێت، پوتین ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا بەرەی داگیرکارییەکەی فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی شارە نوێیەکانی ئۆکرانیا بگرێتەوە .لە ٦ی حوزەیران فەرمانی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر کیێڤ دا. لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ڤادیم سکیبیتسکی، جێگری بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئوکرانیا، لە کاتی هەڵمەتی سیڤێرۆدۆنێتسکدا ڕایگەیاند کە هێڵی پێشەوە ئەو شوێنەیە کە داهاتووی لەشکرکێشییەکە یەکلایی دەکرێتەوە: "ئێستا شەڕەکە شەڕی تۆپهاوێژەکانە، ئێمەش لەو ڕووەوە شکاوین." . ئێستا هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە [ڕۆژئاوا] چیمان پێدەبەخشێت. یەک تۆپهاوێژی ئوکراینا لە بەرامبەر ١٠ بۆ ١٥ تۆپهاوێژی ڕووسیایە. هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانمان نزیکەی ١٠%ی ئەو شتانەیان پێبەخشیوین کە هەیانە." لە ٢٩ی حوزەیران، ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی دا کە بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەڤریل هاینز، لە نوێکردنەوەی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئەمریکا بۆ لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لەشکرکێشییەکە "بۆ ماوەیەکی درێژخایەن" بەردەوام دەبێت. هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا ڕەقتر دەبێتەوە." لە ٥ی تەمموزدا، بی بی سی بڵاویکردەوە کە بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیاوە زیانێکی دارایی زۆر بە ئابووری ئۆکرانیا گەیشتووە و و ڕایگەیاندووە: "ئۆکراینا پێویستی بە ٧٥٠ ملیار دۆلارە بۆ پلانی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە".

لەشکرکێشی سەرەتایی بۆ ئۆکرانیا (٢٤ی شوبات – ٧ی نیسان)

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا 
نەخشەی ئەنیمەیشنی داگیرکاری ڕووسیا لە ٢٤ی شوبات تا ٧ی نیسانی ٢٠٢٢

لەشکرکێشییەکە لە ٢٤ی شوبات، لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە دەستیپێکرد بەرەی بێلاڕوس بەئامانجی گرتنی کیێڤ، بەرەی باکووری ڕۆژهەڵاتیش دژی شاری خارکیڤ. بەرەیەکیش لە باشووری ڕۆژهەڵات،بەرەیەکیش لە کریمە و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دژی لوهانسک و دۆنێتسک.

کیێڤ و بەرەی باکوور

هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ گرتنی کیێڤ کە یەکیک لە ئامانجە سەرەکییەکانی لەشکرکێشییەکە بوو بە چڕی دەستیپێکرد، بە مەبەستی گەمارۆدانی کیێڤ لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات هێرشی کردە سەر خارکیڤ، چێرنیێڤ، سومی، میکۆلایەڤ.

ڕووسیا هەوڵیدا بە خێرایی دەست بەسەر کیێڤدا بگرێت، هێزێکی تایبەتی ڕووسیا بەناوی سپێتسناز بە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و پێشڕەوییەکی خێرای میکانیکی لە باکوورەوە دزە دەکاتە ناو شارەکەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆک زێلێنسکی کرد و ئامادەییان نیشاندا ئەگەر سوپای ڕووسیا هەوڵی ڕفاندن یان کوشتنی بدات بیگوازنەوە شوێنێکی پارێزراو، زێلێنسکی لە وەڵامی داواکارییەکەدا وتی "شەڕەکە لێرەدایە؛ پێویستم بە تەقەمەنییە نەک سواربوون". سەرچاوەکان پشتراستی ئەو وەڵامەیان نەکردەوە لەگەڵ ئەوەش پەیامنێر گلێن کیسلەر ڕایگەیاند، لە "یەک سەرچاوەوە هاتووە، بەڵام لە ڕووکەشدا پێدەچێت سەرچاوەیەکی باش بێت". هێزەکانی ڕووسیا کە لە بێلاڕووسەوە پێشڕەوییان دەکرد بۆ سەر کیێڤ، چێرنۆبیل و پریپیانیان کۆنترۆڵکرد. هێزی ئاسمانی ڕووسیا هەوڵیاندا دەست بەسەر دوو فڕۆکەخانەی سەرەکی لە نزیک کیێڤدا بگرن،بۆ ئەو مەبەستە هێرشی ئاسمانییان کردە سەر فڕۆکەخانەی ئەنتۆنۆڤ ، و بنکەی هێزی ئاسمانی ڤاسیلکیڤ لە ٢٦ی شوبات.

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا 
فڕۆکەی ئانتۆنۆڤۆ ئان ٢٢٥کە گەورەترین فڕۆکەیە کە تا ئێستا دروستکراوە، لە کاتی شەڕی فڕۆکەخانەی ئەنتۆنۆڤدا لەناوچوو.

تا سەرەتای مانگی ئازار، پێشڕەوییەکانی ڕووسیا بە درێژایی ڕۆژئاوای دنیپرۆ بەهۆی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا سنووردار بوون. تا ٥ی ئازار، کاروانێکی گەورەی ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانی ڕووسیا, بەپێی زانیارییەکان ٦٤ کیلۆمەتر (٤٠ mi) درێژ بوو، پێشڕەوییەکی کەمیان بەرەو کیێڤ بەدەستهێنابوو. دامەزراوەی بیرگەی ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤێس (RUSI) کە بنکەکەی لە لەندەنە، پێشکەوتنەکانی ڕووسیای لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە بە دۆخی "وەستان" هەڵسەنگاند. پێشکەوتنەکان لە چێرنیهیڤەوە تا ڕادەیەکی زۆر وەستان کاتێک گەمارۆی شارەکەیاندا. هێزەکانی ڕووسیا لە باکووری ڕۆژئاواوە بەردەوام بوون لە پێشڕەویکردن بۆ سەر کیێڤ، تا ٥ی ئازار بوچا و هۆستۆمێل و ڤۆرزێلیان داگیرکرد، هەرچەندە ئیرپین تا ٩ی ئازار لە بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە. لە ١٦ی ئازاردا هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیان بە بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا كرد. هێزەکانی ڕووسیا کە نەیانتوانی سەرکەوتنێکی خێرا لە کیێڤ بەدەست بهێنن، ستراتیژی خۆیان گۆڕی بۆ بۆردومان و گەمارۆدانی ناوچەکان.

لە ٢٥ی ئازاردا،هێزەکانی ئوکرانیا چەندین شارۆچکەیان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کیێڤ کۆنترۆلکردەوە، لەنێویاندا ماکاریڤ . سەربازانی ڕووسیا لە ناوچەی بوچا لە کۆتایی مانگی ئازاردا بەرەو باکوور پاشەکشەیان کرد. هێزەکانی ئۆکرانیا لە ١ی نیساندا چوونەتە ناو شارەکەوە. ئۆکرانیا ڕایگەیاند، تەواوی ناوچەی دەوروبەری کیێڤیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، لەنێویاندا ئیرپین، بوچا و هۆستۆمێل و بەڵگەی تاوانەکانی جەنگیيان لە بوچا ئاشکراکردووە. لە ٦ی نیساندا، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، کشانەوەی سەربازەکان ڕووسیا لە ناوچەی کیێڤەوە، پێویستە وەک فراوانکردنی پلانەکانی پوتین بۆ ئۆکرانیا لێکبدرێتەوە، بۆ دووبارە بەهێزکردنەوە و پڕچەککردنی هێزەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا . بەگشتی کیێڤ جگە لە بۆردوومان هێرشی نەکراوەتەوە سەر. یەکێک لە هێرشە بۆردوومانییەکان لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی نیساندا سەردانی کیێڤی دەکرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ زێلێنسکی سەبارەت بە ڕزگاربووانی گەمارۆدانی ماریۆپۆل. لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک کوژرا و چەند کەسێکیش بریندار بوون

بەرەی باکووری ڕۆژهەڵات

هێزەکانی ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتدا پێشڕەوییان کرد بۆ ناوچەی چێرنیھێڤس .ڕۆژی دواتر هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر شاری کۆنۆتۆپ و کۆنتڕۆڵیان کرد. هەر هەمان ڕۆژ لە پێشڕەوییەکی جیاواز بۆ سەر ناوچەی سومی هێرشی کردە سەر سومی ئۆبلاست کە تەنها ٣٥ کیلۆمەتر لە سنووری ڕووسیا و ئوکرانیا دوورە.هێزە پێشڕەوەکان لە شەڕی شارەکاندا گیریان خوارد و هێزەکانی ئۆکرانیا بە سەرکەوتوویی شارەکەیان کۆنتڕۆلکردبوو و بانگەشەی ئەوەیانکرد کە زیاتر لە ١٠٠ زرێپۆشی ڕووسی لەناوبراون و دەیان سەربازیش دەستگیرکراون. هەروەها هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر ئۆختیرکا و کۆنتڕۆڵیان کرد.

لە ٤ی ئازاردا، فرێدریک کاگان لە نوسینێکدا ئاماژەی بەوەداوە لەکاتێکدا بەرەی سومی "باشترین و مەترسیدارترین ڕێگای پێشکەوتنی ڕووسیایە لەسەر کیێڤ"، و بەڵام بۆی دەرکەوت کە دا کە هۆکاری جوگرافی پشتیوانی پێشکەوتنی تەکنیکی بووە بۆ هێزەکانی ڕووسیا چونکە زەوییەکەی"تەختە و ژمارەی دانیشتوانی کەمە، پێگەیەکی لاوازی بەرگری هەیە". هێزەکانی ڕووسیا لە ٤ی ئازاردا گەیشتنە شاری برۆڤاری کە یەکێکە لە ناوچەکانی دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی کیێڤ پنتاگۆن لە ٦ی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە سوپای ڕووسیا چێرنیھێڤس ئۆبلاستی بەجێهێشتووە، بەڵام لە سومی ئۆبلاست هێشتا شەڕ بەردەوامە. لە ٧ی نیسان، پارێزگاری سومی ئۆبلاست ڕایگەیاند کە سەربازانی ڕووسیا کشاونەتەوە، بەڵام تەقەمەنی و بۆمبی چێندراویان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە.

بەرەی باشوور

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا 
تانکێکی جۆری BMP-3ی ڕووسی لە نزیک ماریۆپۆل، ٧ی ئازاری ٢٠٢٢ تێکشکا.

لە ٢٤ی شوباتدا هێزەکانی ڕووسیا کەناڵی باکووری کریمەیان کۆنترۆڵکرد. سەربازەکان تەقەمەنییان بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی ئەو بەنداوەی کە ئاوی ڕووبارەکەی گلدابووەوە، ئەمەش ڕێگەی بە کریمیا دا ئاو لە ڕووباری دنیێپێر وەربگرێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بڕاوە لە ٢٦ی شوباتدا گەمارۆدانی ماریۆپۆل دەستیپێکرد کاتێک هێرشەکە ڕۆیشت بەرەو ڕۆژهەڵات و دۆنباسەوە کرد کە لە ژێر دەستی جوداخوازەکاندا بوو. لە ڕێگادا هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو شاری بێردیانسک و کۆنتڕۆڵیان کرد . لە ١ی ئازاردا هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر شاری مێلیتۆپۆل و ناوچەکانی دەوروبەری. لە ٢٥ی شوباتدا یەکەکانی ڕووسیا لە دەچنە سەر ماریۆپۆل و بەڵام لە نزیک پاڤلۆپیل شکستیان هێنا. یەکەی ٢٢ی سوپای ڕووسیا لە ٢٦ی شوبات لە وێستگەی کارەبای ئەتۆمی زاپۆریژژیا نزیک بووەوە و گەمارۆی ئینێرهۆداریان دا بۆ ئەوەی خۆی کۆنترۆڵ بگرێتە دەست. بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرکەوتنەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ڕایگەیاند کە ئامێرە سەرەکییەکان زیانیان پێنەگەیشتووە. سەرەڕای ئاگرکەوتنەوەکان، کارگەکە هیچ دزەیەکی تیشکی تۆمار نەکردووە. سێیەم کۆمەڵەی هێرشبەری ڕووسی لە کریماوە بەرەو باکووری ڕۆژئاوا ڕۆیشتن و کۆنتڕۆڵی سەرجەم ئەو پردانەی سەر ڕووباری دنیێپێر كرد. لە ٢ی ئازاردا سەربازانی ڕووسیا لە شەڕێکدا لە خێرسۆن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؛ ئەمە یەکەم شاری گەورە بوو کە لە داگیرکارییەکەدا کەوتە دەست هێزەکانی ڕووسیا. سەربازانی ڕووسیا لەسەر میکۆلایڤ جوڵەیان کرد و دوای دوو ڕۆژ هێرشیان کردە سەری . لە لایەن هێزەکانی ئۆکراینەوە بەرپەرچدرانەوە. لە ٢ی ئازاردا، هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیان بە هێرشی پێچەوانە کرد بۆ سەر هۆرلیڤکا.

دوای هێرشە مووشەکییەکان لە ١٤ی ئازاردا لە شاری ماریپۆل، حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. تا ١٨ی ئازار، ماریوپۆل بە تەواوی گەمارۆدرا و شەڕ گەیشتە ناوەندی شارەکە، ئەمەش بووە هۆی ئاستەنگ بۆ هەوڵەکان بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی. لە ٢٠ی ئازاردا قوتابخانەیەکی هونەری کە نزیکەی ٤٠٠ کەسی وەک پەناگە بەکاریان هێنابوو، بەهۆی بۆردوومانی ڕووسیاوە وێرانکرا. ڕووسەکان داوای تەسلیمبوونیان کرد و ئوکراینییەکانیش ڕەتیانکردەوە. لە ٢٤ی ئازاردا هێزەکانی ڕووسیا چوونە ناو ناوەڕاستی شاری ماریوپۆل. لە ٢٧ی ئازاردا، ئۆلها ستیفانیشینا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوکرانیا ڕایگەیاند کە "لە سەدا ٨٥ی تەواوی شارۆچکەکە وێران بووە".

بەرەی ڕۆژهەڵات

ئەمانەش ببینە

تێبینییەکان

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان

Tags:

ھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا پاشخانھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا پێشەکیھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا ڕاگەیاندنی لەشکرکێشیھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا داگیرکاریھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا ئەمانەش ببینەھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا تێبینییەکانھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا سەرچاوەکانھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا بەستەرە دەرەکییەکانھێرشی ڕووسیا بۆ ئوکراینا

🔥 Trending searches on Wiki Soranî / کوردی:

ڕەوشتکیبۆردی کۆمپیوتەرشەرەفخانی بەدلیسیزمانئیلینۆیمالیک کوڕی ئەنەسشیزۆفرێنیاسەڵاحەددینی ئەییووبیجەنگی جیھانیی دووەمچوار پێشەواکەی سوننەئەحمەد کوڕی حەنبەلسەددام حوسێنترسکۆندۆمسەنا بەرزنجیترشی ئەمینیفەڕەنسائایینشۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانکوردستانی سوورپەردەکانی مێشکجاک نیکڵسنپێڕستی پایتەختەکانمایتۆکۆندریاکەلووی دووپشکشەڕی براکوژیکەنەداسینگاپووربۆسنیا و ھەرزەگۆڤیناچینمحەممەدی چوارەمنەخۆشیی سەدەفپەرەسەندنی بەردەوامڕەگەزپەرستیئەندەلوسئارین مەسروور بارزانیتەفسیری نامیویکیمیدیا کۆمنزدادپەروەریمێژووی مرۆڤایەتیئەسکەندەری مەزنپەرلەمانی کوردستانلۆژیکقوباد تاڵەبانیڕۆژژمێری ئێرانیچیای کیلیمانجارۆتۆپی پێشەرەفنامەشەنیانەی تۆپی پێی ڕیال مەدریدبەستنەوەی ھێڵی ڕەنووسییبەکتریادڵدارئیسحاقڕەخنەی ئەدەبیقەزای کۆیەگونئەشق و خەیاڵڤایرۆسی کۆمپیوتەرنێجیریاھەردی سەلامیمیرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانخاکەلێوەشێخ مەحموودی حەفیدئانتارکتیکاپۆل سێزانکیمیاویکیپیدیای کوردیئیلۆن مەسکڕەپبوونی کێرجێژنی ڕەمەزانعەبدوڵڵا پەشێونیل🡆 More